یەكێتی و پارتی كامیان زیاتر سزای زۆنی سەوز دەدەن

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2023-03-19     561

بەشی دووەم:

 

لە بەشی یەكەمی ئەم باسەمدا بە كورتی باسی ئەوەم كرد  كە یەكێتی و پارتی بەردەوام كێشەیان هەیە . باسی هۆكاری دروستبونی كێشەكانیشمان كرد .  یەكێتی دەڵێت: پارتی سزای زونی سەوز دەدات و بەشە بودجەی زونی سەوز نانێرن و هیچ پارەیەكیش نییە بۆ ئەنجامدانی خزمەت گوزاری . پارتیش نایشارێتەوە بە ئاشكرا دەڵێت: ئیمەو یەكێتی پێشتر لەسەر ئەوە ڕێك كەوتوین كە لەسەدا 57 داهاتی گشتی بۆ زونی زەرد بێت و لە سەدا  43 بۆ زونی سەوز و ئەگەر ئەو پارەیە بەشی نەكرد ، هەرزونە لە داهاتی خۆی كورت هێنانەكە پڕبكاتەوە خۆی بەرپرسیارە.

كەواتە بە پێی ڕێكەوتنەكە بێت كە یەكێتی خۆی پێی ڕازی بوبێت هیچ حەقی گلەییان لە پارتی نیە.  پارتیش بەردەوام یەكێتی بەوە تۆمەتبار دەكات بەشێكی زۆری داهاتی گومرگەكان بۆ خۆی دەبات و ناچێتە خەزێنەی هاوڵاتیانەوە بۆیە داهاتەكە بەشی موچە ناكات .  لە بەشی یەكەمی ئەم باسەشدا باسی ئەوەم كرد كە بەرهەم هێنانی كارەبا لە زونی سەوز زیاترە  وەكو لە زونی زەرد . ژمارەی بەكاربەرانی كارەباش لە زونی سەوز زیاترەو ڕوبەری زونی سەوزیش لە هەولێر زیاترە . بەڵام لە سەدا 46 ی كارەبا بۆ هەولێرەو لە سەدا 26 بۆ زونی سەوزە . لە هەولێر لە 24 سەعاتدا نزیكەی 14 سەعات كارەبا هەیە، بەلام لە سلێمانی 8 سەعات .

 پرسیار ئەوەیە بۆچی یەكێتی بەمە ڕازی بوەو چی لە پشتی ئەم مەتەڵەوەیە؟. ئەی ئەو هاتو هاوارەتان لە چی كە دەڵێن پارتی سزای زونی سەوز دەدات . ئەوە نییە كارەباكە لەبەردەستی خۆتاندایە . لێرەوە دەچمە سەر كروكی بەشی دووەمی باسەكەم. لەم ڕونكردنەوەی خوارەوەدا  لە چەند خاڵێكدا بە كورتی باسی ئەوە دەكەم كە یەكێتی خۆی ڕوبەڕوی بەرپرسیاریەتێكی زۆر گەورە دەبێتەوە و خۆشی بەشدارە لە سزادانی دانیشتوانی زونی سەوز ئەگەر ئەوە لە ئەنجامی نەزانین و بێ ئاگاییەوە بێت یان بە بەرنامە بێت یان لە ناچاریدا بێت . بەڵام پێش ئەوەی بچمە ناو كرۆكی باسەكەمەوە دەمەوێت ئاماژە بە ئەوە بدەم كە ڕێژەی گەندەڵی و بەتاڵان بردنی موڵكی گشتی و غەدركردن لە هاوڵاتیان لە زونی سەوز هەرچەندێك بێت ، گومانی تێدا نییە لە زونی زەرد لە دووو بەرامبەریش زیاترە . بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانەش  بە شاهیدی دۆست و نەیارانی پارتی هەموان ئەوە دەسەلمێنن و كۆكن لەسەر ئەوەی  كە ڕێگاو بانەكانی سنووری زەرد لەو پەڕی باشیدان و زۆرینەیان كراون بە دوو سایدو لەناو شاری هەولێر شەقامی 60 مەتری و 100 مەتری و 150 مەتری هەیە.

 خزمەت گوزاری تریش لە زونی زەرد باشترە و كارو كاسبیش لە هەولێر زیاترە وەك لە سلێمانی .  لە بەرامبەردا لە هەموو شاری سلێمانی شەقامی 60 مەتری زەمانی سەدام هەیە و ئێستاش قۆناغی پینەو پەڕۆشی تێپەڕاندوەو هەموی بۆتە تاسەو چاڵو چۆڵ و  قیرتاو كردنی دەوێت و بۆ ئەوەش پارەیان نییە. هەرچی ڕیگاوبانەكانی نێوان سلێمانی و كەلارو پێنجوێن و قەڵادزەو كۆیە بەرەو هەولێر بونە وێرانەو ڕێگای مەرگ . جگە لەوەی هیچ خزمەت گوزاریەك ئەنجام نادرێ و بێكاریش زۆرە. بەڕاستی زوربەی خەڵك دەڵێن كاتێك لە سلێمانیەوە دەچیتە هەولێر و زونی زەرد وادەزانی دەچیتە وڵاتێكی تر جیاوازیەكان ئەوەندە زۆرن كە بە ئاشكرا بەچاودەبینرێن .

یەكەم : یەكێتی ماوەیەكی زۆرە توشی كێشەی ناوخۆیی بۆتەوەو مەركەزیەتی بڕیاردانی تێدا نەماوە . ئەم كێشانە لە سەردەمی مامجەلالیشدا هەر هەبون  بەڵام ئەو بەكارامەیی خۆی زۆر لە كێشەكانی چارەسەر دەكرد. بەڵام دوای نەمانی مامجەلال دوای ئەو كۆنگرەیەی كە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بونە هاوسەرۆك و هەموو سەركردەكۆنەكانی یەكێتی پەڕاوێزخران لە مەركەزی بڕیارداندا ، یەكێتی وەكو یەكێتی جاران نەما .

لە ئێستادا بارودۆخی ناو یەكێتی بە جارێك تێك چوە . لاهوری شێخ جەنگی دوور خراوەتەوە . بەرپرسی دەزگای زانیاری لەسەر كارەكەی لابراوەو چۆتە هەولێر. زوربەی زۆری ئەو بەرپرسانەی لە لاهوری شێخ جەنگییەوە نزیك بون ، لەسەر كارلابراون و پەڕاوێز خراون . بە كورتی بە هۆی دروستبونی باڵ باڵێن و دەستەگەری و مەحسوبیەت و مەنسوبیتەوە ، زۆرینەی داهاتی زونی سەوز كە قوتی هاوڵاتیانە ، لەناو كارەكتەرەكانی  باڵەكان و و دەستەكاندا ون دەبێ  .

ئیدارەی گشتی كە چەندین كۆمپانیا لە خۆ دەگرێت و دەستی گرتوە بەسەر كۆی بازرگانی زونەكەداو داهاتێكی زۆری هەیە ، هەر ڕۆژە بەدەست كەسێكەوە بوەو داهاتەكەی وەكو خۆی كۆنەكراوەتەوە . خەڵك هەیە خاوەنی دینارێك نەبوە بەڵام كە چۆتە ئیدارەی گشتی بۆتە ملیۆنێر .هەندێك كاڵا هەیە كە لە مەرزەكانەوە دێتە ناوەوە ، هاوردەكردنی قۆرخ كراوە بۆ حیزب و كەسانی سەر بەحیزب و پارەی گومرگیش نادەن لە كاتی هاوردەكردنی .

هەموان دەزانن كە داهاتی گومرگ بە ئاشكرا بەشێكی بۆ حیزب دەڕواو دەروازەی تایبەتیان هەیە . دەیان ڕێگای تریان داناوە بۆ پارە كۆكردنەوەو سەرانە ساندن كە زوربەی بۆ بەرپرسانی حیزبییة . وەكو قەپان و سۆنەرو كوالیتی كۆنتڕۆڵ و تەعقیمی سەیارەی بار هەلگرواتە ئاو پێداكردنیان . ئەمە لە كاتی كۆڕۆنادا  دانرا بو ، هەرچەندە  كۆڕۆناش نەماوە. بەڵام ئەمە بەردەوامە چونكە داهاتێكی باشی بی سەر هێشەیە .

  ئەگەر تەنها داهاتی ئەمانە كۆ بكرێتەوە هەموو شەقامەكانی پێ جوت ساید دەكرێ . یەكێتی ئەوەندەی دام و دەزگاو موچە خۆری بندیوار هەیە خەرجیەكانیان بەقەدەر خەرجی فەرمانبەرو دام و دەزگاكانی حكومەتە .

هەموو خەرجی ئەوانە دەكەوێتە سەرشانی هاوڵاتیانی كەم دەرامەت و كەم موچە لە كاتێكدا یەكێتی كەمی داهاتی هەیەو بەرپرسە لە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و موچەخۆرانی ئەم زونە ، دەبێ هەمیشە هەوڵ بدات داهات زۆر بكات و خەرجی كەم بكاتەوە. بەڵام ئێستا ئەمە پیچەوانیەوخەرجی زۆر دەكەن و لەولاشەوە خۆشیان داهات كەم دەكەنەوە .

سەرۆكی كوڕەواتیا كە ئەفرەتێك بوو بۆ ئەوەی وڵاتەكەی توشی قەرزداری نەبێت و ناچار نەبێت پارە قەرز بكات ، لە خۆیەوە دەستی كرد بە كەمكردنەوەی خەرجیەكان و هەنگاوی یەكەم تەیارەكەی سەرۆكایەتی كۆماری فرۆشت كە ئەو تەیارەیە تایبەتە بەسەرۆكی كۆمار .

 بەڵام سەیركەن لە كاتێكدا سەرانی یەكێتی بەردەوام هاوار دەكەن پارەمان نییەو پارتی سزاماندەدات ، لە دواكۆنگرەیاندا  124 ئەندامی سەركردایەتیان هەڵبژاردوە . ئەگەر هەریەكەیان بە موچەی خۆیان و خەرجی بەنزین و نەسریەیان  مانگانە تەنها 6 ملیۆن وەرگرن كە زۆرترە لەوە ، لە مانگێكدا دەكاتە نزیكەی 750 ملیۆن دینار .

 ئەگەر ئەم بڕە پارەیە دابەش بكەین بەسەر  خانە نشینانی خاوەن 250 هەزار دیناری موچەی ئەو 124 ئەندامەی سەركردایەتی بەشی موچەی  3 هەزار خانە نشین دەكات . ئەمە لە كاتێكدایە ئەم سەركردانە  یەكێكیان كاری نییە و تەنانەت یەكتریش باش ناناسن . لەو ڕۆژەشەوە كە هەڵبژێراون  یەك كۆبونەوەیان نەكردوە .  كەس پرسیان پێ ناكات و لەناو یەكێتیدا تەنها یەك كەس ئیشی هەیەو ئەوانیتر هەموو نان خۆرن .  كاتی خۆی تانەیان لەشاسوار دەداو پێیان دەگوت ئەوهەر خۆی خاوەنی حیزبەو كەسیتر خاوەن قسەو بڕیار نییە . ئێستاش یەكێتی ڕیك وەكو نەوەی نوێی لێ هاتوە و تەنها یەك كەس خاوەن بڕیارو خاوەن قسەیە . ئەگەر ئەم سەركردانە هەر وەكو ناو هەبن  با 24 سەركردەبن . یەكێتی خاوەنی چەندین كەناڵی تەلە فزیۆنییە  كە هەر یەكەیان خەرجییەكی زۆریان هەیە. ئەگەر بتەوێت خەرجی كەم بكەیتەوە ،  باشتر وایە دووكەناڵیان دابەخەی .   بە كورتی ئەو هەموو داهاتە كە بە ڕێگای جۆاو جۆر دەخورێت و خەرج دەكرێت و ون دەبێت لەناو ئەو جەنجاڵیەی ئیستای یەكێتیدا ، داهات و قوتی هاوڵاتیانەو  بە هۆی یەكێتی خۆیەوە ناگاتە دەستی هاوڵاتی وئەمە یەكەم هۆكارو فاكتەری كەمی داهاتی زونی سەوزە .

كەواتە نەبونی موچە لە كاتی خۆیداو كەمی خزمەت گوزاری هۆكارەكەی یەكێتی خۆیەتی وئەمەش جۆرێكە لە سزادان بەڵام بە ناڕاستەوخۆ . ئەگەر یەكێتی بە نیازی ئەوەیە وەكو هێزێكی سیاسی و شەریكی دەسەڵات بمێنێتەوەو كێبڕكی لەگەڵ پارتی بكات ، دەبێ هەوڵ بدات هاوڵاتیانی زونی سەوز ڕازی بكات و بیانكاتە لایەنگری خۆی . بەڵام بەم بارودۆخەی ئێستای ناو یەكێتی و بەم سیاسەتەی ئێستای دەتوانێت ئەوە بكات ؟. دەبێ خۆیان وەڵامی ئەم پرسارە بدەنەوە .  .

دووەم: لە سەردەمی دوو ئیدارەییدا زونی سەوز گەشەیەكی ئابوری و جوڵەیەكی بازرگانی باشی بە خۆیەوە بینی و كارو كاسبی  لەم زونە زۆر لە برەودا بوو . زوربەی خەڵك لە ئێران و شوێنە دوورەكانی تری هەرێم و بەغداوە دەهاتن بۆ كاركردن . مامەلەكردن بە كڕێن و فرۆشتنی زەوی  زۆر لە برەودا بوو . بەو هۆیەوە لە بازگەی عەربەتەوە تا تاسڵوجە هەزاران دۆنم زەوی ئیفڕاز كرا. زۆری ئەو زەویانە بۆكەسانی تایبەت  ئیفراز دەكران .

 واتە لەبە ئەوە نەبوو كە دانیشتوانی شار زۆر بون و شاریش پێویستی بە فراوانبونە . بەڵكو بە بەرنامەو شەریكایەتی ئەم و ئەو لەگەڵ هەندێك لەبەرپرسان زەوی دەكڕاو ئیفڕاز دەكراو یەكسەر دەفرشرا چەندیش لە ناوەندی شارەوە دوور بوایە . خەڵكێكی زۆر بە نیازی ئەوەی قازانج بكەن  هەرچی پارەیان هەبوە داویانە بە زەوی . دوای ئەوەی هەردوو ئیدارەكە بونەوە بە یەك خواست لەسەر كڕین و فرۆشتنی زەوی كەم بۆوە . یەكێك لە هۆكارەكانیش ئەوەیە كە زۆرینەی هەرەزۆری ئەو زەویانە تا ئێستاش خزمەت گوزاریان بۆ نەگەیەنراوەو بەو هۆیەوە خانوی تێدا ناكرێت و ئەگەر كار وەكو ئێستا بڕوات شوێن هەیە بە 20 ساڵی تریش خزمەت گوزاری ناگاتی .

لە ئەنجامدا  نرخی زەوی نیواو دابەزی و هاوڵاتیان توشی زیانی زۆر بون . هەموشتان دەزانن كە لە ساڵی ڕابوردودا  بە هەزاران دۆنم زەوی بێ ئاگاداری شارەوانی  هەر بە هەوایی خەت خەت كراو بەناوی دژە تیرۆرو شەهیدانی شەڕی داعشەوە لە لایەن بەرپرسانی باڵای یەكێتی خۆیانەوە دابەشكراو فرۆشرا . بە هۆی ئەمەشەوە  ئەوەندەی تر نرخی زویە بە تاپۆكان  هاتەخوارەوە . ئەگەر كاتی خۆی زەوییەكی بە تاپۆ 10 دەفتەری كردبێت ، دوای نرخەكەی هاتە خوارەوە بۆ كەمتر لە 5 دەفتەر .

ئێستاش كەسێك ئەرزێكی بە فۆڕم كڕیوە بە یەك  دەفتەرو خانوی لەسەر دروست دەكات بێ دەرهێنانی ئیجازەی خانو، ناچار نییە بە 3 دەفتەریش ئەرزی بە تاپۆ بكڕێت كە هیچ خزمەت گوزارییەكی نییە .خوێنەری بەڕێز ئێستا سەرنج بدەن و  بزانن ئەم بەرپرسانەی حكومەت كە لە هەمان كاتدا بەرپرسی حیزبیشن، چ كارەساتێكیان بەسەر هاوڵاتیاندا هێناوەو چۆن خەڵكیان مایە پوچ كردوە .

بە هۆی ئەوەی خزمەت گوزاری بۆ ئەو زەویانە نەگەیەنراوە  خاوەنی موڵك موڵكەكەی بۆ نافرۆشرێت و توشی زیانی گەورە بوە .

 هەرچی نوسینگەی كڕین و فرۆشتنی زەوی هەیە كاریان نەماوەو بێ ئیش و كار دانیشتون و زوبەشیان هەر دوكانەكانیشیان داخستوە چونكە لە لایەك دەبێ كرێ بدەن و لە لایەك زەریبە بە حكومەت . هەمووئەوكەسانەی كا كارەكانیان پەیوەندی بە دروستكردنی خانوبەرەوە هەیە واتە : وەستای دیوار ،گەجكاری ، تەختە بەست ، كارەبا دانان ، ئاوبەستن ، كاشی دانان . گەج فرۆش، چیمەنتۆفرۆش ، ئەو شۆفێرانەی مەوادی خانوكردن دەگوێزنەوە ، ئەو دوكانانەی كەل و پەلی وردەی بینا دەفرۆشن ، مەوادی دیكۆر و وەستای دیكۆرو چەندین كاریتر بە تەواوی  نەماون و بەدەگمەن ئەگەر كەسێك خانو بكات .

ئێستا كە حكومەت بەناوی وەبەر هێنانەوە  زەوی دەداتە ئەم و ئەو بە خۆڕایی و دەیكەنە شۆقەو بە پارەیەكی زۆر دەیفرۆشنەوە ، ئەوەش هۆكارێكی ترە بۆ ئەوەی زەوی بەتاپۆ نرخی نەمێنێت و كەم كەسیش خانوو دروست بكات .  باشە دەپرسم هیچ دوژمنێك ئەمە بەرامبەر بە میللەتی خۆی دەكات و ئەو هەموو خەڵكە بێ كارو كاسبی بكات و ئەو هەموو زیانانەیان پی بگەیەنێت . باشە ئەگەر ئەمە سزادانی هاوڵاتیان نەبێت ، سزادان چییة ؟. لەوە خرابتر هەر كوشتنە .

لە لایەكی تریشەوە ئەمە زیانێكی زۆر گەورەی لە حكومەت داوە چونكە ئەگەر خزمەت گوزاری بۆ ئەو زەویە ئیفڕازكراوانە ببرێت و خەڵك خانوی تێدا بكات ئەوكات خاوەن ماڵ دەبێ بە چەندین  ڕێگا پارە  بەحكومەت بدات هەر لە فەرمانگەی تاپۆوە تا دەگاتە فەرمانگەی باج و ئاوو كارەبا كە ئەوەش دەبێتەدەسكەوت و داهاتێكی گەورە بۆ حكومەت . كەواتە حكومەت لەم ڕێگایەشەوە خۆی بۆتە هۆكاری كەمبونەوەی داهاتەكانی و ڵێرەشەوە جارێكیتر موچە خۆران لە كاتی خۆیدا موچەیان پی نادرێت . كەواتە ئەمەشیان جۆرێكی ترە لە سزادان و یەكێتی لێی بەرپرسیارە . لە بەشی داهاتومدا بە درێژی باسی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی دەكەم . پێك هاتەی ئەنجومەنی شارەوانی و ئەركی ئەنجومەنی شارەوانی لایەنی ئەرێنی و نەرێنی ئەنجومەنەكە لە چ ئاستێكدایە .

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×