"دەرگاکان دامەخەن،دنیا لە پەنجەرەوە دەمانبینێ ..!"*

بەشدار عوسمان
  2023-03-24     443

لەماوەی ( دوو ) رۆژدا، ( سێ ) ڕاپۆرت لەسەر شێوازی حکومڕانی لە کوردستان بڵاوکرایەوە، هەریەکەیان بەجیا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ و گۆڤاری فۆرن پۆڵەس،جارێکیتر خەتیان بەسەر هەندێک دێردا هێنا، جارێکیتر فەشەلی حکومڕانانی ئێستای کوردستان جەختلێدەکەنەوە. لێرەدا چەند سەرەقەڵەمێک لەو ڕاپۆرتانە وەکو خۆی دەنوسینەوە، نەک لەبەر ئەوەی ئومێدێکمان بەلایەنی ئامادەکاری راپۆرتەکان هەبێت، ئەوەش باش دەزانین هەموو ئەو بێ سەروبەری و دزی و فەرهوود و داکوتانی رەگی ستەمکاری لەناو ئەو سیستەمە لەماوەی سێ دەیەی رابردوو بەبەرچاوی ئەوان و بەپشتیوانی راستەوخۆی وڵاتانی زلهێز، کە ئیستا ئەو زانیاریانە بەگوێێ دنیادا دەدەن، کراوە و دەکرێت. رۆڵی ئەوان و کۆمپانیاکانیان لە هەڵتەکاندنی سێکتەری تەندورستی و پەروەردە و قەزا و دادگاکان و دورستکردنی هێزی میلیشیای،لەخێزانە حکومرانەکان زیاتر نەبێت کەمتر نیە.

بەکارهێنانی دادگاکان بۆ تۆڵەکردنەوە لە کەسانی ناڕازی بەم دەسەڵاتە و سزادانیان، بێکاریی گەنجان و لاوان و نەبوونی هیچ دەروازەیەکی باشتر، نایەکسانی ئابوری و کۆکردنەوەی سەروەت و سامان لەدەستی دەستەبژێرێکی حکومڕان و مسۆگەرنەبوونی ژەمی بەیانی بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگا ،نەبوونی خزمەتگوزاری و بوونی دزی و گەندەڵی لەدامودەزگاکان، دەستبەسەراگرتنی دەسەڵات و حکومڕانی و خۆسەپاندنیان و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد، بەحزبیکردن و بەتایبەتکردنی دامودەزگا سەربازی ئەمنیەکان و بەکارهێنانیان بۆ پاراستنی خێڵ و خێزان، کوشتنی ژنان و وورد و خاشکردنی ئیحساس و مافە سەرەتاییەکانی ژنان و کچان.... دەیان رستەیتر لەم سێ راپۆرتەدا هاتووە و لەئاکامدا، نائومێدبوونی خەڵکی بەداواهاتووە بەتایبەت گەنجان(کچان و کوڕان ) بەوهۆیانەشەوە گەنجان بەهەر هۆیەک بۆیان بگونجێت کۆچدەکەن،وەکو لەراپۆرتەکاندا هاتووە .

ئەو زانیارییانە لە بەیاننامە و ڕاپۆرت نێودەوڵەتیەکان لەسەر حکومڕانانی هەرێمی کوردستان، زانیاری نوێ و تازە نیە و دەیان ساڵە چالاکوانان و نووسەران و رۆژنامەنووسان و خەڵکانی ناڕازی، ووتویانە و نووسیویانە.

جارێکیتر دەمانەوێت بڵێین: ئەو گەنج و رۆژنامەنووسانەی گووڵلەنرا بەدەم و سینگ و سەریانەوە، لەوپەڕی خەمخۆرییانەوە بۆ دوارۆژی گەنجەکان هەر ئەوەندەیان نووسی، هەموو ئەو چالاکوانە سیاسی و مەدەنیانەی دادگا و دەسەڵاتی قەزائیان کردە ماشەی دەستیان بۆ سزادانیان،لەپەرۆشیان بۆ مەترسی بەردەوامی ئەو ستەمکارییە،هەر ئەوەندەیان ووت، ئەو گەنجە ناڕازییانەی شاربەدەر و وڵات بەدەرکران،لە دڵسۆزییان بۆ خراپ بەکارهێنان و مامەڵەی ناتەندورستی خاک و خۆڵ و هەوای ئەو وڵاتە،هەر ئەوەندە نارەزاییان دەربڕی و نەیانهێشت لەنزیکی کەسوکاریان ژیان بکەن .
ئێستا رەنگە باشتر تێگەیشتبن، چ تاوانێکی گەورەتان بەرامبەر ئەو کۆمەڵگایە کردووە، خەڵکی کوردستان لەسای سەری ئێوە چەندە کارەسات و رۆژەرەشی چەشت، چارەنووسی زیاتر لە پێنج ملیۆن مرۆڤی دڵپڕ لەهیوا بەهەڵواسراوی و نادیاریتان جێهێشت .
لەهەمووشی مەهزەلەتر وەڵامی دەسەڵاتدارانە بەم راپۆرتانە، جارێکیتر ئەو کەس و رێکخراوانە بە ( دوژمن ) وەسفدەکات و زانیارییەکان بەناراست ناودەبات ! بێئاگا لەوەی لەسای سەری بێ شکۆیی ئەو دەسەڵاتە،دەزگای سیخوڕی و هەواڵگری هەموو دنیا بە مۆزەنبیق و تاجیکستانیشەوە لەم چوار شارە، تەراتێن دەکەن و هەموو جوڵە و چالاکی و زانیارییەکانیان، پێش دەزگا ئەمنیەکانی ئەو هەرێمە، بەدەستدەگات .


(* ناونیشانەکە، لە ووتارێکی رۆژنامەنووسی تیرۆرکراو سەردەشت عوسمان وەرگیراوە)

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×