به پشتبه‌ستن به ژماره‌یەکی زۆر له سه‌رچاوه و زانیاریی هه‌مه‌ڕه‌نگ و به هه‌وڵ و شه‌ونخونێکی سۆفیگه‌رانه، (ماتسێو وایت) سایتێكێ ده‌وڵه‌ماند و به سوودی به ناوی (ئه‌تڵه‌سی شه‌ڕوکوشتاری سـه‌ده‌ی بیست) په‌خشکردوه، که تایبه‌ته به‌و شه‌ڕ و کوشتار و جه‌نگ و قه‌سابخانه‌ی مروڤی سه‌ده‌ی بیست، بێره‌حمانه، ده‌رحه‌ق به براکانی خۆی به‌رپایکردووه و به نه‌زمی خوێنه سووره‌که‌ی- قابیل وهابیل- شمشێر و خه‌نجه‌ری خوی پێده‌مه‌زه‌ردکردووەته‌وه. ئه‌وزاته، هه‌رچی بۆیکرابێ وزه‌فه‌ری پێبردبێ، به‌و په‌ڕی حونه‌ره‌وه، ئه‌نجامی داوه، به‌ومه‌به‌سته‌ی ڵاپه‌ڕه ڕه‌ش و خوێناوییه‌کانی باب و باپیرانمان، به‌شه‌رمه‌زاریه‌وه به نێوچه‌وانی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تیدا هه‌ڵواسێ و به‌ڕووی دونیا دا بچریکێنێ، که دڕنده‌ی گۆشتخوری به‌ڕاستی ئێمه‌ی مرۆڤین.
نه‌خشه‌کێشی ئه‌و ماڵپه‌ڕه، نه‌ک هه‌ر ژماره و ئاماری کوژراو و قوربانییه‌کانی شه‌ڕوشوڕی ئه‌و سه‌دساڵه‌ی هه‌ر چوار جه‌مسه‌ری دونیای کۆکردووەته‌وه، به‌ڵکوو قوربانییه جێماوه‌کانی بومه‌له‌رزه و تۆف و لافاو و تۆسۆنامی و کڕکانه‌کانیشی به ئه‌رشیفکردووه. هێنده ورده‌کاری له پرۆژه‌که‌یدا کردووه ، تا شه‌ڕی خاچه‌کان و کۆمه‌نیزم وفوتبۆڵێنیشی فه‌رامۆش نه‌کردووه. به پێرستی ئه‌لفوبێی پیته‌کان، ڕووداوه‌کانی ڕیزبه‌ند کردووه و ئاماژه‌ی به‌و سه‌رچاوانه‌شداوه که خه‌به‌ره‌که‌ی لێ‌هه‌ڵێنجاون.
وا منیش، به ئه‌مانه‌ته‌وە، بۆ خوێنه‌ری کورد، ئه‌و ئامار و زانیارانه‌یی ئه‌م ماڵپەڕە ده‌نووسمه‌وه، ده‌رئه‌نجامێک ده‌خه‌مه ڕوو، هه‌رچه‌نده ئاسان نییه، تۆ بتوانی ئاماری کوژراوانی کورد، له‌و ئامارانه ده‌ربهاوێژیت، که تایبه‌تن به‌سه‌رجه‌م وڵاتانی وه‌ک عیراق و تورکیا وئێران. هه‌ر بۆ نموونه، ئه‌و به‌گوێره‌ی ئه‌م فره‌سه‌رچاوانه‌ی له‌به‌رده‌ستیدایه، ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی که به‌هۆی نه‌خۆشی وبرسییه‌تیی ئابلوقه جێهانییه‌که‌ی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی، به‌سه‌رعێراقدا سەپاندووبوویان، بە گیانلەدستدانی (350) هه‌زار که‌س دەخەمڵێنێ، بێگومان، ئه‌م ئاماره هاوڵاتی کوردیشیان، به‌ژن و منداڵ و پیاوه‌وه تێدایه، به‌ڵام هیچ ژماره‌ی تایبه‌ت به‌وان ده‌ستنیشان نه‌کراوه. یان که له باسێکی تردا، ئاماژه و ئاماری ئه‌و که‌سانه ده‌کا که سه‌ددام حوسێن له‌سێداره‌ی داون وبه (50) هه‌زار که‌س خه‌ملێنراوه ، تۆ نازانی چه‌ند هه‌زاریان کورد بوون. ئه‌مه‌ش واده‌کات که خوێنه‌ری کورد، وا هه‌ست بکا ، ئێمه‌ی کورد، نه‌ک هه‌ر به‌کوشتنمان غه‌درمان لێکراوه، به‌ڵکوو له ئاماری کوژراوه‌کانیشمان غه‌درمان لێده‌کرێ- له‌کۆتایی ئه‌م نووسینه‌م دێمه‌وه سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه - حه‌زده‌که‌م، به‌وە ده‌ست پێبه‌که‌م، که له ڕیزبه‌ندیی ناوی سه‌رکرده پیاوکوژ و ده‌ستبه‌خوێنه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند، له سه‌ده‌ی بیستدا، سه‌ددام حوسێن ژماره چوارده‌مینی به‌رکه‌وتووه و ناوی که‌مال ئه‌تاتورکیش، پله‌ی بیسته‌مینی، له ناو چل دیکتاتوره‌کانی ئه‌وسه‌ده‌یه، به به‌رۆکه‌وه کراو. بابه‌گه‌وره‌که‌یان هیتله‌ره که (34) ملیۆن که‌سی به کوشتداوه و ستالین (20) ملیۆن و ماویش (10) ملیۆنێک نه‌فسی له‌چاڵناوه.
(م. وایت) له‌و به‌نده‌ی ناوی کورد و کوردستان هاتووه، نووسیویه‌تی: له ساڵی (1925- 1928) له ڕاپه‌رینێکدا له تورکیا، وه‌ک (دێیڤید ماکدۆنێڵ) له کتێبی " مێژووی نۆی کوردان" ئاماژه‌یپێداوه، (15) هه‌زار کورد کوژراون و (200) هه‌زار په‌نابه‌ر و ئاواریش له‌وان، به هیلاکچوون). (دان سمیث)یش پێیوایه (250) هه‌زار کورد له‌و ڕاپه‌رێنه‌دا به‌ده‌ستی جندرمه‌ی تورکانه‌وه کوژراون.
له ساڵی (1933) به قسه‌ی (ئیکهارت)، یه‌ک هه‌زار کریستانی کورد کوژراون. له ساڵی (1961 - 1966) له کوردستانی باشووردا، بەدەستی ڕژێمەکانی بەغدا، ده هه‌زار کورد کوژراون. له (1968 - 1970) دوو هه‌زار و له ساڵی (1974 - 1975)یش سێ هه‌زار کورد بوون بە قوربانی. ئه‌م ئامارانه هی ڕێکخراوی تێکهه‌ڵچوونی جیهاندییه که به (ا &ج) ناسراوە، له ساڵی (1979-1981) له کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات، رژێمی ئیسلامی ئێران، ده هه‌زار کوردی قه‌تلوعام کردوه، سه‌رچاوه‌که کتێبی " مێژووی نۆی کوردان"ی (دێیڤید ماکدۆنێڵ)ه. به‌گوێره‌ی په‌یمانگه‌ی تۆژینه‌وه‌ی ساڵانه‌ی ئاشتیی جیهان – که باره‌گاکه‌ی له‌ستۆکهۆلمه-، له سالێ (1979 - 1981)، ئێران (17) هه‌زار کوردی کوشتووه.
گۆڤاری(جه‌نگ) که ساڵانه ده‌رده‌چێ. له‌ژماره چواریدا، ئاماری کورده کوژراوه‌کانی ئێرانی له ساڵی (1980 - ١٩٩٠) به (50) هه‌زار قوربانی مه‌زنده کردوه.
ئاماری جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی عێراق و ئێران ، تا ئیمڕۆش به‌فه‌رمی لە لایەن هیچ کام لەو دوو وڵاتە ڕانگه‌ێندراوه .ئاژانسی (ئه‌سوشێتت پرێس) ژماره‌ی یه‌ک ملیۆن قوربانی بۆ ئێران و (400) هه‌زاریشی بۆ عیراق مه‌زه‌نده‌کردوه، خودی ڕژێمی ئێران، بە نافەرمی، ژماره‌ی ئه‌رته‌ش و سڤیلی کوژراوی خۆی به (135) هه‌زار له‌قه‌ڵه‌مداوه ، به‌ڵام ده‌زگا سه‌ربازییه‌کانی ڕۆژاوا پێیانوایه، ئاماری کوژراوه‌کانی ئێران چه‌ندان جار به‌رامبه‌ری ئه‌م ژماره‌یه. هه‌موومان ده‌زانین که به هه‌زاران ڕۆڵه و ژن و منداڵی کورد له نیوان دوو به‌رداشی ئه‌و جه‌نگه نه‌گریسه‌دا، به بێ سووچ وقه‌باحه‌ت، بوون بە سووتووی ئەو شەڕە؛ به‌ڵام هیچ ئامارێکی ئه‌وان دیارنییه.
له ساڵی (1985 - 1995) به گوێره‌ی ڕۆژنامه‌ی (واشنتۆن پۆست)، ده‌وڵه‌تی تورکیا (15) هه‌زار کوردی ئه‌و وڵاته‌ی کوشتووه. به‌ڵام ( ئه‌سوشێتت پرێس ) بۆ ساڵای ( 1984 - 1999) باسی کوژرانی (37) هه‌زار کورد ده‌کا، که تورکیا قه‌تلوعامی کردوون. بەگوێرەی سه‌نته‌ری پاراستنی زانیاری، ژماره‌ی کورده کوژراوه‌کانی عێراق، له ساڵانی ( 1961 - 1997) به (120) هه‌زار که‌س ده‌خه‌مڵێنی.
ژماره‌ی قوربانییانی کوردی باشوور، له ساڵانی هه‌شتاکان و نه‌وه‌ته‌کانی سه‌ده‌ی بیستدا، له (ئه‌تڵه‌سی شه‌ڕ و کوشتاری سه‌ده‌ی بیست ) به (300) هه‌زار که‌س خه‌مڵێندراوه. هه‌رچه‌نده (دێیڤید ماکدۆنێڵ) له کتێبی " مێژووی نۆی کوردان" ژماره‌ی (150 - 200) هه‌زار کوژراوی باسکردوه که ته‌نیا له ساڵی (1988) دا له شاڵاوه‌کانی نه‌نفال دا بێسه‌ر و شوێن کراون. باسی چوار هه‌زار کوژراو و حه‌وت هه‌زار زامداری شاری هه‌ڵه‌بجه‌شی کردووه که له (1988) دا به‌چه‌کی ژه‌هراوی له‌لایه‌ن ڕژێمی عیراقه‌وه بۆرده‌مانکران. به‌ڵام بۆ هه‌مان مێژوو ئه‌مه‌ریکا که (857) کارتۆن به‌ڵگه‌نامه و شوناسنامه‌ی له لایه، ژماره‌ی ( 70 - 150) هه‌زار کوردی کوژراوی له‌لای خۆی تۆمارکردووه. له کاتێکدا گۆڤاری ساڵانه‌ی (جه‌نگ) که له ئه‌وروپا ده‌رده‌چێ، به ته‌نیا بۆ ساڵانی ( 1983 - 1987) ئاماژه به (300) هه‌زار کوردی کوژراو ده‌کات له عێراقدا.
بۆ شه‌ڕی که‌نداوی دوو (1990 - 1991) گۆڤاری (ئه‌م سه‌رده‌مه) ی ئه‌وروپا، باسی (200) هه‌زار قوربانی عێراقی ده‌کا، هه‌میسان، ژماره‌ی کورده به‌رکه‌وتووه‌کانی ئه‌و جه‌نگه ئاماژه‌ی پێنه‌دراوه. به گوێره‌ی (ئه‌تڵه‌سی شه‌ڕو کوشتاری سه‌ده‌ی بیست) ،بۆ کوژراوانی سڤیلی شه‌ڕی که‌نداوی سێ (٢٠٠٣)، تاکو مانگی نیسانی (2010)، ژماره‌ی (104) هه‌زار و (595) که‌س به فەرمی له‌عێراق تۆمارکراوه. گومانی تێدانییه. که له نێوان ئه‌م قوربانییانه ژماره‌یەکێ نه‌زانراو کوردیشی تێدایه.
ئەنجامی ئه‌م بابه‌ته، له‌چه‌ند خاڵێکدا خه‌ستده‌که‌مه‌وه: ،(م. وایت) به درێژی، کۆسپ و ته‌گه‌ره و که‌موکوڕیه‌کانی به‌رهه‌مه‌که‌ی بێ شه‌رم و شکۆ خستۆته به‌ر دیدی خوێنه‌ر و ددانی به‌و ڕاستییه داناوه، که کۆکردنه‌وی ئاماری شه‌ڕ و شۆڕ و مه‌رگه‌سات و مردنی سه‌د ساڵی ڕابردووی هه‌ر هه‌موو دونیا، هه‌میشه ناته‌واو ده‌رده‌چێ و زێده‌ڕه‌ۆی یان داشکاندنی تێده‌که‌وێ. جا گه‌ر کورد گله‌یی و گازنده‌ی ئه‌وه‌ی هه‌بێ، که له ئاماری قڕکردن وله ناوچونیش، غه‌دری لێده‌کرێ، ئه‌وه حه‌قی خۆیه‌تی، هۆکاری ئه‌م نوقسانییه‌ش له‌وه‌دایه که ئه‌م ده‌وڵه‌ت و ڕژێمانه‌ی له سه‌ده‌ی بیستەمدا حوکمی کوردانیان کردووه، نه‌ک ئاماژه‌یان به ژماره‌ی کوژراو و مردووه‌کانی کوردەکان نه‌کردووه، به‌ڵکوو ددانیان به بوونی زیندووه‌کانیشیان نه‌هێناوه. جارێک به ناوی نه‌ته‌وه و ڕه‌گه‌زی تره‌وە ناویان بردوون و جارێک هه‌ر هاووڵاتی خۆشیان دانه‌نا‌ون. سه‌رباری ئه‌مه‌یش، تاکۆ هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، نه میدیایەکی چاڵاک و سه‌ربه‌خۆ هه‌بووه، نه ڕێکخراو و داموده‌زگای مه‌ده‌نیی کارگێر، تا ڕووداوه‌کان، بێ فرتوفێل، به‌ئه‌رشیف بکه‌ن. ده‌نا، گۆمانی تێدانییه ، که له (15) ملیۆن قوربانییه‌کانی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهان وسه‌فه‌ربه‌لگ و له (55) ملیۆن کوژراو و بێسه‌روشوێنه‌کانی شه‌ڕی دووه‌می جیهان وله (300) ملیۆن که‌سه‌که‌ی نه‌خۆشی سوڕێژه قڕی کردن ، ژماره‌یەک کوردی ، که‌م تا زۆر، تێدایه. له هیچ شوێنێک ئاماره‌کان ، ئاماژه به‌و کوردانه ناده‌ن، که له شه‌ڕه‌کانی ناوخۆدا کوژراون، کورد- کورد یان کورد- جاش و چه‌ته وچریک. ئه‌مه‌یش، چونکه ئاغاکانی شه‌ڕی ناوەخۆ ، پێیان شووره‌یی بووه باسی ئه‌و جۆره ئامارانه بکه‌ن.
هه‌رچۆنێ بێ، ئه‌و ژماره به‌هه‌زارانه‌ی، له ئاماره‌کاندا، ئیشاره‌تی بۆ کراوه، بۆ ئێمه‌مانانی کورد، زۆر هه‌ڵده‌گرێ، له کاتێکدا که حه‌شیمه‌تی هه‌موو جیهان له‌ساڵی (١٩٠٠)، ته‌نها یه‌ک بلیۆن و (650) ملیۆن کەس بووه و له ساڵی(1950) دوو بلیۆن و (521) ملیۆن کەس بووه. کۆی ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق تا ساڵی (1970) له نۆ ملیۆنیک که‌س تێپه‌ری نه‌کردووه، ته‌نانه‌ت له ساڵی (1988) دا – ساڵی قڕانی کوردان- حه‌شیمه‌تی عێراق له‌خوار (17) ملیۆن که‌س بووه، که له (١٩% تا ٢٠% )ی کورد بووه. بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستگۆیی خۆمان بۆ نه‌وی ئیمڕۆ و میژوو بسه‌لمێنین، له‌م ساته دره‌نگتر نییه، پێویسته کورد بۆخۆی، بێ لارکرده‌وه‌ی ته‌رازوه‌که و به ئه‌مانه‌ته‌وه ئاماری کوژراو و بێسه‌روشوێنکراوه‌کانی خۆی به‌ئه‌رشیف بکات و چیتر ده‌ست بۆ بیێگانه پاننه‌کاته‌وه بۆ قیچه زانیاریێکی سه‌قه‌ت و مه‌قه‌ت.
ناکرێ، ئێمه، ده‌ستله‌ئه‌ژنۆ دانیشین و بڵێین ئه‌وه کاری حکوومه‌ته. خۆشه‌به‌ختانه، ئێمرۆ خاوه‌نی(٣٥) زانکۆین لە کوردستانی باشووردا، له وڵاتانی ڕۆژئاوا، زانکۆ یه‌کسانه به کارگه و بنکه‌ی پیشه‌سازییه گه‌وره‌کان، ڕۆژانه، مامۆستا و خۆێندکاره‌کانی ئه‌وان، به ڕێژه‌ی (13) به‌رائه‌ی داهێنانی تازه تۆمارده‌که‌ن، زۆربەی داهێنانە نوێیەکان که ده‌که‌ونه بازاڕه‌وه ، له‌تاقیگه‌کانی زانکۆکه‌ندا له‌دایک ده‌بن. ئه‌وه ئه‌رکی مامۆستا و خۆێندکاره زانکۆییه‌کانی کورده، که ده‌بێ فه‌رامۆشی نه‌که‌ن. زۆر به‌ئاسانی ده‌توانن، زانستییانه و له‌سه‌ر به‌نه‌مای واقیعێکی دروست و به‌ڵگه‌دار، ئاماره‌کانی شه‌ست تا حه‌فتا ساڵی ڕابردووی کوردستان به ئه‌رشیف بکه‌ن ، چونکه، شایه‌تحاڵه‌کانی ڕووداوه‌کان ئێستاش هێندێکیان له‌ژیاندا ماون و زۆر له ئه‌رشیفخانه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا، ئێستا، بۆ توێژه‌ر و خوێندکار و پسپۆرانی ئه‌م جۆره کاره، ده‌رگاکانیان واڵا کردووه. تادره‌نگتر، خۆمان له‌م پرۆژه‌یه بئاخافتێنین، کاره‌که‌مان قورسترده‌بێ.
پڕۆگرام و نەخشەی ئه‌م جۆره پڕۆژه‌یه، ئه‌وه ده‌خوازێت که گشتگێری و هه‌ماهه‌نگیی له تێکرای ئاماره‌کاندا ئه‌نجام بدرێ. واته ڕووماڵی میژووی کوردستانی گه‌وره بگرێته ئه‌ستۆ. له‌م دوادوایه‌دا، چه‌ند حیزبێکی کوردستانی خه‌رێکی به‌ئه‌رشیف کردنی ئه‌و ئه‌ندام و لایه‌نگر و هه‌وادارانه‌ی خۆیان بوون که کوژراون، به‌ڵام کاره‌که‌یان زۆر لۆکه‌ڵ و قه‌واره بچوکه. ته‌نانه‌ت، نووەرێکی حزبیی، له‌ئه‌رشیفه‌کایدا، وشه‌ی - شه‌هیدی- ته‌نها دابووه پێش ناوی کوژراوه‌کانی خۆی و کورده کوژراوه‌کانی تری هه‌روا به‌ڕووتی ناو هێنابوو – هه‌رچه‌ند دواتر کاره‌که‌ی پاکنووسکرد- له جێگای خۆیه‌تی، که بڵێم، زۆرن ئه‌و کاره خزمه‌تگوزاریانه‌ی، که له توانا و ئیمکانیه‌تی که‌رتی تایبه‌ته و خزمه‌تێکی مه‌زن و له‌بن نه‌هاتوو پێشکه‌ش به گه‌ل و نه‌ته‌وه ده‌کا. بۆ نموونه، کاسبکارێکی وێنه‌گر ده‌توانێ هه‌رچی ڕه‌سم و وێنه و نه‌خشه و شتی له‌م بابه‌ته‌ی کوردستان که هه‌یه، له‌لای خۆی بۆ بپاریزێ؛ هه‌ر نوسخه‌ێک کە وه‌ردە گرێ، کۆیبکاته‌وه و- وه‌ک وڵاتانی ڕۆژئاوا- مافی ( کۆپیڕایت) وەرگرێت و ده‌توانی هه‌م کاسبێکی باشی پێوه‌بکات، هه‌م ئه‌رشیفێکی بایه‌خداری کوردیش بپارێزێ. له شاری له‌نده‌ن، وه‌ک نموونه، که ئه‌ندازیارێک یان پسپۆڕێک پێویستی به وێنه‌یەکی مێژووی پردێک یان کڵێسا‌یەک دەبێ، ده‌بێ بچێ، به‌پاره‌ێکی باش کۆپێکی له‌لای ئه‌و فۆتۆگرافه‌ره بکڕێ که نوسخه‌ی ئه‌سڵی هه‌یه. که‌سیش مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی نییه. سا کاتی ئه‌وه هاتووە، کورده‌کان قۆڵی لێهه‌ڵماڵن وئه‌م بوارانه به‌سه‌ربکه‌نه‌وه.
تیبینی: تاکو ئیمڕۆ (٢٠٢٣)، حکوومەتی عێراقی هیچ ئامارێکی فەرمی نەخستووەتە بەر چاوان کە (لە ساڵی ١٩٦١ەوە تاوەکو ساڵی ١٩٩١)، لە کوردستاندا، ژمارەی سەربازە کوژراو و زامدار و یەخسیر و بێسەروشوێنەکانی خۆی چەندە! هەرەک هیچ ئامارێک نییە لە ژمارەی جاش و هاوپەیمانەکانی ڕژێمەکانی بەغدا، لە کوژراو و زامدار و یەخسیر و بێسەروشوێنەکان. کە بێگومان ژمارەیکی بەرچاو لەوان کوردن!
سەرچاوە:
http://necrometrics.com/all20c.htm