بۆچی ئەم هەرێمە داناڕمێت؟

چیا عەباس
  2023-03-28     843

کوردێکی دڵسۆز لە هەر سوچێکی دنیادا بێت گریانی دێت کاتێک دەبیستێت یاخود دەخوێنێتەوە بەشێک لە هاونەتەوەکانی دوا روداوەکان لە کوردستان و ناوچەکە بە سەرەتای دارمانی هەرێمە تاقانەکەی کوردستان دەزانن.
هەر چەندە بەشێکی بەرچاوی ئەم چاوەروانیە لە ئەزمونە شكسخواردوەکانی کورد لە مێژوی کوردستانی گەورە سەرچاوەی کردوە و بەشێکی تریش لە زەمینەی فکری و سیاسیەوە، بەڵام پێموایە ئەم دو لێکدانەوەیە زۆر زەمینە و فاکتەری تریان بەهەند وەرنەگرتوە کە چاوەروانیەکانیان زۆر لاواز دەکەن.
فاکتەری هەستیاری یەکەم جیۆپۆلیتیکی کوردستانە، کوردستان بەشێکی گەورەی ناوچەیەکی ستراتیژی هەستیاری دنیایە، پارچەکانی کوردستان نیشتمانێکی بەیەکەوە بەستراو و گرێدراون، کوردستان بێئەندازە دەوڵەمەندە لە سامانە سروشتیەکان، وەک نەوت، گاز، ئاو، کشتوکاڵ و ...تاد. هاوکاتیش ناکرێت کۆی گشتی ژمارەی کورد لەو ناوچە هەستیارە پشگوێ بخرێت، تایبەت کورد دەیان ساڵە ناسراوە بە جەنگاوەری خاوەن ئەزمون لە جوگرافیایەکی شاخاوی چروپر.
لەم سەردەمەدا کە ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە لە روی سیاسی و ئابوریەوە لە دۆخێکی خراپ و ئاڵۆزدا دەگوزەرێن، تایبەت عێراق و ئێران و سوریا و کوردیش بەشێکە لە ئاڵۆزیەکە و هۆکارەکانیشی.
ئێستا هێزی گەورەی دەرەکی لە ناوچەکە ئەمریکایە، چەندین بنکەی سەربازی، هەواڵگری، دەریایی و ئابوری هەیە. لە باشوری کوردستانیش هێزێکی بریاردەری گەورەیە.
بەگشتی کوردستان پانتاییەکی جوگرافیە کە لە ململانێکانی ئێستای زلهێزەکانی دنیادا بۆ دارشتنەوەی نەخشەی سیاسی دنیا دەتوانێ رۆڵیکی زۆر گرنگ و هەستیاری لە ناوچەکەدا هەبێت، ئەمە سەرەرای تەم و مژاوی و غیابی دیدگایەکی کوردی هاوبەش بۆ ئەو دارشتنەوەیە. بە کورتی کورد لەو پرۆسەیەدا لە روی سیاسیەوە وەک بێلایەن رەفتار دەکات، بەڵام لە ناخیدا مەیلی بۆ رۆژئاوا هەیە،
فاکتەری گرنگی دوەم ئەوەیە کە هەرێم و حوکمرانیەکەی کیانێکی نەتەوەییە بۆ سەرجەم کورد سەرەرای هەڵە و خۆپەرستی و نادادی بەرپرسە سیاسی و فەرمانرەواییەکان. دەستدان لەم کیانە نەتەوەییە بەمەبەستی دارمانی تاوانێکی گەورەیە کە هیچ لە هێزە دەسەڵاتدارەکانی دنیا و ناوچەکە لە ئاکامەکانی قورتار نابن. ئەمە بەو مانایە نایەت ئەو هێزانە خوازیاری جۆرێکی تر لە حوکمرانی و سەرکردە لەم هەرێمە بچوکەدا نەبن.
فاکتەرێکی گرنگی تر ئەوەیە کە زۆرینەی زۆری کورد لە باشور سوننەن، لە گەڵیشیدا لیبراڵن و توندرەو نین، بۆیە کورد دەتوانێت رۆڵیکی گرنگ لە ئاراستەکانی  کێشەکانی نێوان شیعە و سوننە لە ناوچەکە ببینێت، بۆ رۆژائاوا ئەم کارتە گرنگە شایستەی پاراستن و راگرتنیەتی بەهەر جۆرێک لە جۆرەکان بێت. ئەزمونی بەدەنگەوە هاتنی ئەمریکا و رۆژئاوا لەلایەک و ئێران لەلاکەی ترەوە لە شەرکردنی داعش و رۆڵیان لە روداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر گرنگی ئەو کارتە دەسەلمێنن.
بە هەڵسەنگاندنی ئەم فاکتەرانە ئەم هەرێمە دانارمێت، پێدەچێت ئەوەی ئەمریکا و دۆستەکانی خوازیارن چاککردنی ( نەک گۆرینی) شێوازی سیستەمی حوکمرانیە کە پێگە و کاریگەری کورد بۆ ئەمریکا و رۆژاوا بەهێزتر دەکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×