قسەكانی عەبادی و پەیامەكەی تاڵەبانی

عیماد عه‌لی
  2023-04-02     446

دیاریكردنی كاتی قسەكردن لەسەر هەر بابەتێكی رابردوو و هێنانە ئارای هەڵوێست و بۆچونی هەر كەس و لایەنێك لەمەر هەر مەسەلەیەكی سیاسی بێت یان سەربازی، زۆر شتی لێ دەخوێنرێتەوە، بەڵام سەركردایەتی كورد بە هۆی ئەو ناكۆكیە نێوخۆیانەوە، تەنانەت لە بینینی ئەم ئامانجە روون و ئاشكرایانە بەرچاوی ئەوەندە لێڵە بەرپێیی خۆیشی نابینێت، لەم كاتە زۆر هەستیارەدا ساویلكەیەكیش دەزانێت  بارە سیاسیەكەمان رەفتار و گوفتاری دروست و وردی لەرادەبەدەری ئەوێت، كەچی ئەوان  بە راستەوخۆ یارمەتیدەری هێنانەدی ئامانجە ژەهراویەكانی ئەوانن و زیاتر دەلاقە دەخەنە نێو نێوخۆی خۆمان و گیروگرفت و زیانی گشنی زۆرتر بە پرسە سەرەكیەكە دەگەیەنن و ئەم گەلە بێ خاوەنە توشی چەرمەسەری زیاتر دەكەن. ئەگینا تۆیەكی پرٍ لە قین و بوغز، كێ ناچاری كردووی لەم كاتەدا باسی 16ی ئۆكتۆبەر  و هەلًوێستی لایەنەكانی بكەی ، نە رۆژی یادی كردەوەكەیە و نە هیچ قازانجێكی هەیە بۆ عیراق و نە لەم كاتەدا كە عیراق و هەرێمی كوردستانیش ئاوسی هەزار كێشە و گیروگرفتن، ئەم قسە شەرٍئامێزانە چارەسەری هیچ ناكات و هیچ پێویست نیە، ئەگەر لە ژێرەوە مەبەستت ئاشوب و هەولًَی لێكترازانی زیاتری ماڵی كورد نەبێت و لە رەفتار و لێدوان و هەڵوێست لەمەر هەرێم ژەهر برٍێژیت و رۆَڵی سیاسی لە نێوان خۆتاندا دابەش دەكەن و هەر جارەو یەكێكتان جوڵەی ئامانجدار دەكات و هەڵوێستی بوغزاوی مەبەستدار دەردەبرٍن. 
لە لایەكی ترەوە تۆیەك لایەنێكی كورد و كاریگەر لەسەر ساحەی سیاسی كوردستان هیچ خوێندنەوەیەكت بۆ لێدوان و ئامانح و مەبەست و هەلًَوێستی بەرامبەرەكەت نەبێت و زیانەكانی نەخوێنیتەوە، بەڵكو تۆ بە خۆت یارمەتیدەر بیت بۆ زیاتر كاریگەربونی نەرێنیانەی لەسەر پەیوەندیە نێوخۆیەكانی خۆمان بە دەربرٍینی قسەی بێ ناوەرٍۆك. تۆ بێیت لەم كاتەدا پەیامێك بڵاوبكەیتەوە سوتەمەنی زیاتر بخاتە سەر ئاگرەكە، بۆیە هەڵوێَستی جەنابت لە پەیوەندی هەرێم و عیراق و نزیكبونەوەت لەگەڵ براگەورە لە كردەوەكانتەوە دەردەكەون و پێویست ناكات تۆ لەم كاتەدا لە كاتی بڵاوبونەوەی قسەكانی عەبادیدا بێیت و ئەو پەیامە بۆ براگەورەیی ناوەندی عیراق بڵاوبكەیتەوە و وا خۆت پیشان بدەیت كە عیراقیەكی عەیار بیست و چواریت و خەڵًكی ناوەرٍاست و باشووری عیراق برا گەورەن و تۆش شێخی دەربار و ئەو برایانە هیچ زیانێكیان بۆ هەرێم نەبووە و هەلًوێستی هەر هەموویان برایانە و كورددۆستانە و شەریفانە بووە. بە تێرٍامانێك لە بیرو بۆچون و هەڵًوێست و رەفتاری  ئەمانە،  بۆت دەردەكەوێت ئەم كوردە بێنازە توشی چی بووە و نازانرێت چۆن رزگاری لەم نەزانانە دەبێت. 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×