پارتیی‌و نەوت، مەسعودو سەدر، بافڵ‌و تورکیا!

شه‌ریف عەلی
  2023-04-06     1456

لە ڕۆژنامەنوس و نوسەرانی کورد، تا پەرلەمانتارانی ئێستا و پێشوی کورد لە پەرلەمانی عێراق، هەر هەمویان لە دەیان بابەت و چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی جەخت لە گرنگی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەلایەن بەغداوە دەکەنەوە. پەرلەمانتاری بەغدای سەر بە یەکگرتو هەیە بە ئاشکرا لە بەرنامەی تەلەفزیۆن دا دەڵێت: ''من هەشت مانگ پێش ئێستا وتومە عێراق دەتوانێت لە ڕێگای دادگای بەغداوە دەسەلاتی فرۆشتنی نەوت لە دەستی هەرێم دەربێنێت. کە هەرێم نەوت بە دوانزە دۆلار کەمتر لە بازاڕی جیهانیی دەفرۆشێت، ئیتر بۆچی هەرێم نەوت بفرۆشێت و ئەو مافەی هەبێت. با عێراق نەوتی هەرێم بفرۆشێت، چونکە عێراق بە گرانتر دەیفرۆشێت!".


هەرچەندە ئەو دەربڕینانە ڕێگاپیشاندانە بە حکومەتی عێراق و شەرعییەتدانە بە 'بە عێراقیی کردنی نەوتی نیشتیمانی کورد!'. بەڵام سەرەتا پێویستە بۆ خوێنەران ڕونی بکەمەوە کە گرنگی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە، تەنیا [لە ڕوی ماددی و پارە] نییە. 

چونکە هەر قەوارەیەکی سیاسیی، گەر دەوڵەتیش نەبێ، کۆنفیدراڵ، یان هەرێمێكی فیدراڵ بێ، گەر مافی دەرهێنان، فرۆشتن، هەناردەکردنی نەوت و گازی سروشتی لە خاکەکەیدا هەبێ، ئەم سودە هەمیشەییانەی پێ دەگەیەنێت:-
یەکەم: لە ڕوی دبلۆماسییەوە دەبێتە ناوەندێکی کراوەی دبلۆماسیی لە ئاستی نێودەوڵەتیی داو، دەوڵەتان بایەخێکی گرنگ بە گرێدانی پەیوەندی سیاسیی لەگەڵ دا دەدەن و، دەوڵەتان و کۆمپانیا ئابوریی و بازرگانییە زەبەلاحەکان بەردەوام هەوڵ دەدەن پەیوەندی هەمەلایەنەی لەگەڵ داببەستن. لە دبلۆماسییەت دا، [نەوت و گازی سروشتی]ی جێگایەکی یەکجار گرنگ و کاریگەی هەیە. بۆ نمونە، هەر کاتێك توێژینەوە لەسەر دبلۆماسییەتی بەریتانیی بکەیت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا، دەبێت بەشی سەرەکی ئارگیومێنتی توێژینەوەکەت لەسەر کاریگەرییە هەمیشەییەکانی [نەوت] بێت لەسەر دبلۆماسییەتی بەریتانیی، هێندە نەوت بایەخی هەیە لە دبلۆماسییەتی بەریتانیی بەرانبەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و، بێگومان لە دبلۆماسییەتی دەوڵەتانی تری زلهێزییش دا.
دووەم: لە ڕوی سیاسییەوە، ئەو هەرێمەی مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و گازی سروشتی خۆی هەبێت، دەوڵەتانی جیهان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆی 'ڕانەگەیەنراو' لێی دەڕوانن. چونکە دەوڵەتان ڕاستەوخۆ مامەڵەی سیاسیی لەگەڵ دەکەن.
سێیەم: لە ڕوی ئابورییەوە، ئەو هەرێمەی مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتەکەی هەبێت، ئەگەر بە شێوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە داهاتی نەوتەکە بەسەر پرۆژە نیشتیمانییەکان و هاوڵاتییەکانی دابەش بکات، سودێکی [بێ هاوتا]ی ستراتیژیی و هەمیشەیی لەسەر بوژاندنەوەی گشت سێكتەرەکانی هەرێمەکە دەبێ و، دەوڵەتانیش بە هۆی نەوتەکەیەوە ئامادەن چەندین پرۆژەی وەبەرهێنانی ستراتیژی لە خاكەکەیدا ئەنجام بدەن.
واتە: لە ڕوەکانی سیاسیی_دبلۆماسیی و ئابورییەوە هەرێمی کوردستان کە نەوتی دەفرۆشت: 'دەوڵەتێکی ڕانەگەیەنراو' بو لە دەوڵەتی دەستکردی عێراقی ڕاگەیەنراو دا. بەڵام ڕێگاکردن لەوەی هەرێمی کوردستان نەوت و گازی سروشتی خۆی بفرۆشێ، پرۆژەیەکی ستراتیژی هەمەلایەنەی حکومەتی ناوەندی عێراق و دەوڵەتی ئێرانە بۆ بچوکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسیی، دبلۆماسیی و ئابوریی هەرێمەکە، بە ئامانجی کۆتوبەند بەندکردنی دەسەڵاتی هەرێمەکە لە ستراتیژدا. بۆیەشە تورکیاش تا ئەندازەیەک لەم مەسەلەیەدا بێ دەنگە، چونکە ئەویش پێی خۆشە ئەم قەوارەیە نەبێتە ترافیکی دبلۆماسیی جیهانیی. تەنانەت با ئەم پرسە زیانی ئابوری لە خۆشی بدات. بۆشی هەیە عێراق و ئێران بەنهێنیی لە سێکتەری بازرگانی تردا قەرەبوی ئەو زیانە ئابورییەی بەر تورکیا دەکەوێت، بە تورکیا ببەخشنەوە!

گوتاری دژ بە فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە لە کوردستان دا، دوو بەشە:-
بەشی یەکەم: پەرلەمانتارانی پێشوی باکگراوند ئیخوانین، لەگەل ئەو پەرلەمانتارانەی ئێستای یەکگرتو و کۆمەڵ. واتە: ئەوانە لە بەرەی گەل نین و، لە بەرەی بەرژەوەندی گروپەکانیانن.
بەشی دووەم: ئەوانەی لەگەڵ ئەم بڕیارەی دادگاکەی پاریسن، كەسانی ڕۆژنامەنوس و نوسەری نەتەوەیی پاکژن. بەڵام لە ڕقی ئەوەی زۆربەی داهاتی نەوت دەدزرا و، کوڕی بەرپرسەکانی گروپەکانی کورد بونەتە فیرعەون بەسەر میللەتەوەو، بە نایاسایی لە پەرلەمانە کارتۆنییەکەی هەرێم دا پەرلەمانتار بۆی هەیە بە موچەی قەبەوە بە تەمەنی گەنجیی، خۆی خانەنشین بکاو، كوڕی بەرپرسەکانی پارتیی و یەکێتیی بونەتە خاوەنی ملیاران دۆلار و، دەیان کۆمپانیای بازرگانیی، کۆمپانیای سکیوریتی، زانکۆی تایبەت، بانک، نەخۆشخانەی تایبەت، بەنزینخانە و فڕۆکەیان هەیە. ئیتر ئەو نوسەرە پاكژانەش بە گونجاوی دەزانن کە هەرێم دەسەڵاتی فرۆشتنی نەوتی نەبێت. تەنانەت شڕەخۆریی بەسەر بودجەی میللەتەوە گروپە بچوکەکانیشی سیخناخ بە گەندەڵیی کردوە. ئاخر ئەگەر داهاتی نەوت بەشی گروپە بچوکەکانیشی لێ نادرێ: چۆن گروپی عەلی باپیر بە چەند پەرلەمانتارێکی کەمەوە چەندین نەخۆشخانەی تایبەتیان لە شاروشارۆچكەکانی هەرێـم هەیە! گروپی حسک و کوڕی هەر بەرپرسەی گروپەکانی تر کە هێزی چەکداریان هەیە، پارەی مانگانەی چەکدارەکانی ئەو گروپانە، ئەگەر لەسەر داهاتی نەوتی هەرێم نەبوە و نییە، لە کوێیان بو!؟
بۆیە ژمارەیەکی بەرچاو لە نوسەر و خەڵكی کوردستان لەگەڵ بڕیارەکەی دادگاکەی پاریس دابون. چونکە ئێستا زەمەنی دەورانی پێشو نییە کە یەكێتیی و گروپەکانی تر لە پێناو بەرژەوەندی تاقمەکانیان ببنە پاسدار و، کورد بە شەڕی مێژوویی سەدان ساڵەی فارس و عەرەب بگلێنن و، پێش پاسداران بکەون و، بەوهۆیەشەوە ئەنفالی گەرمیان و کیمیاباران بەسەر هەڵەبجەدا بێنن و، دواتریش لە ڕادیۆ دا بە قیڕە قیڕی دوان لە فەرهاد سەنگاوییەکانیان، بەشێكی میللەت فریو بدەن و، بە نەتەوەپەروەریی بە خەڵكی کوردستانی بفرۆشنەوە.
بەڵام ئێستا لە داخی بە 'فیرعەونبون'ی کوڕی بەرپرسەکانی ئەم گروپانە، بەشێكی بەرچاوی خەڵك وا بیر دەکەنەوە کە دەسەلاتی ئەم گروپانە نەمێنێ، ئیتر هەرچی دەبێ، با ببێ! دەسەڵاتی ئەم گروپانە بە شێوازێكە ڕەسەنزادەیی و نەریتی پیرۆزی کوردەواریی، لای بەشێك لە تاکەکانی نەتەوەی مەزنی کوردی ڕەگەز زاگرۆسیی، شۆردۆتەوە. لە هەمو دامودەزگاکان دا زاڵمبون و ستەمکاریی ئەم گروپە کوردییانە بەدی دەکرێ. مامۆستای زانکۆی قبوڵ خاس هەیە، بچوكترین سودی بۆ نەتەوەی کورد نەبوەو هەرگیزیش نایبێت، كەچی کراونەتە پڕۆفیسۆر و یاریدەدەری پڕۆفیسۆر و خانوی سیی دەفتەری وەردەگرن و، هەشیانە ژنەکانیشیان زەوی هەشت دەفتەرییان لە سلێمانی وەرگرتوە. کەچی مامۆستای تر هەیە دە هێندەی قبوڵ خاسەکان توێژینەوەو کتێب و بابەتی هەیە، بەڵام لە هەمو مافێك بێبەشکراوە، چونکە پیاوی بەرپرسە شڕەخۆرەکان، نییە.

 


ئەبوبەکر کاروانیی و سیاسەتی پراگماتیکی پارتیی!

هاوڕێیەک ڤیدیۆیەکی دانابو کە تێی دا ئەبوبەکر کاروانیی دەڵێت: ''پارتیی پراگماتیکانە سیاسەت دەکات!".

ئەم بۆچونە ئەگەر بە 'رەهایی' وترابێ، ئەوا نادروستە! چونکە پارتیی بو کە پێش ڕیفراندۆم بە گوێی یەکێتیی کرد و، نێچیرڤانی نارد هەتا ڕێکەوتنی نەوتیی لەگەڵ روسیا ئیمزا بکات. کە ئەوە هۆکارێکی سەرەکی زەمینەخۆشکردن بو بۆ ئەوەی ئەمریکا و بەریتانیا دژ بە ڕیفراندۆم بوەستنەوەو، لەو ساتە هەستیارەدا سیاسەتی دبلۆماسییەتی نەوتی بەتەواوی ناپراگماتیکانە و نانەتەوەییانە گیرایەبەر! خوێنەران شاھیدن ئەوکات من یەکەم نوسەری کورد بوم لە بابەتێک دا مەترسییەکانی ئەو مەسەلەیەم شی کردەوە، کە بەو کارەی کە ئێران بە یەکێتیی وتبو و، یەکێتییش بە نێچیرڤانیان وتبو، ئیتر زەمینەی لە دەستدانی پشتیوانی خۆراوا بۆ ڕیفراندۆمەکە دێتە بون!

ھەروەھا ھەر پارتیی بو کە پێش ڕیفراندۆم لە ڕێی هێمن هەورامییەوە ڕایدەگەیاند: ''گەر تورکیا و ئێران یەک بست بێنە پێشەوە، شۆڕش دەخەینە ناویاناوەو دەوڵەتەکانیان دابەش دەکەین!''. ئەو گوتارانە گوتاری حەماسیی سەر شاخ بون، نەک گوتاری حوکمەتداریی و پراگماتیکی سیاسیی. لەکاتێکدا سیاسەتی پراگماتیک ئەوەبو کە لەوکاتەدا [هەرگیز] ئەو وتارانە نەدرێت. چونکە ئەو وتارانە بەو مانایە بو: فەرمو ئێران و تورکیا پێکەوە بە ئاگا بێنەوە و، یەکبگرن لە دژی ئەو ڕیفراندۆمەی کە ئەنجامی دەدەین!

ئەکرێ پارتیی لە هەندێک پرس دا سیاسەتی پراگماتیکی هەبێت. بەڵام مەسەلەکە لە پراگماتیکیی سیاسەتی پارتیی دا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو پەیوەستە بە دوو پرسی سەرەکییەوە:-
یەکەم: جیۆپۆلەتیکی پارتیی وەک یەکێك لە کارتە کاریگەرەکان!

بەوپێیەی تەنیا دەروازە کە عێراق بیبەستێتەوە بە تورکیاوە، دەبێت لە هەرێمەوە بێت و، لە هەرێمیشەوە لە زۆنی پارتییەوە بێت. بۆیە جیۆپۆلەتیکی پارتیی لە هەرێم و عێراق دا: گرنگییەکی ستراتیژی زیندوی پێ دەبەخشێ. دوو خاڵی جیۆپۆلەتیکی لە عێراق دا زۆر گرنگن، یەکەمیان: بەسرە و، دووەمیان دهۆک ڕووەو تورکیا. ئەمە وا دەکات پارتیی، هەم ئێستا و هەم داهاتوش بتوانێ هەندێ [ئەم سەروئەوسەر!!] بە کەیسی هەناردەی نەوت و شتی تریشەوە بکاو، تەسلیمی هەمو خواستێکی عێراق بە ئاسانیی نەبێ! بە مەرجێ ئێران، تورکیا، سوریا و عێراق لە داهاتودا ڕێك نەکەون بۆ گەمارۆی داڕوخێنەر بۆ سەر هەرێم. تەنانەت لەو حاڵەتەش دا هەرێم کارتی تری هەیە!
دووەم: لە ڕێکەوتنی یەکێتییەوە لە ساڵی ١٩٨٦ لەگەڵ ئێران، تا ئێستاشی لەگەڵ بێت، زیاتر و زیاتر یەکێتیی بچوکتر و بێسەروبەرەتر کردوە. لە بەرانبەردا، بەرەی ئیقلیمی پارتیی بەهێزترن، هەر تەنیا تورکیا نییە، بەڵکو سعودییە، ئیسرائیل و هیترە!!

 


سەرهەڵدانەوەی شڕەخۆریی-نەوتیی!

یەکێک لە مەترسییەکان ئەوەیە: بۆی هەیە یەکێك لە هەنگاوەکانی داهاتوی ئێران-عێراق ئەوەبێت کە لە ڕێگەی یەکێك لەم گروپانەوە نەوت و گاز بە قاچاخ بفرۆشرێ، بۆ ئەوەی بیانو بدەنە دەست ڕژێمی بەغدا کە هەنگاوی تر دژی هەرێم بگرێتەبەر و پابەندی ڕێکەوتن نەبێت! ئایا لە ئەگەرێكی وادا، پارتیی بەتەواوی دەسەڵاتی خۆی لە یەکێتیی جیادەکاتەوە بۆ ئەوەی توش نەکرێ، ئەوەش ئەگەرێكی ترە!

کورتوپوخت، چۆن هەرێم چەندین کارتی بە دەستەوەیە، ئاواش ئێران-عێراق ئەگەری هەیە چەندین پیلانی تری کاریگەر بگرنەبەر کە هەرێم دابەشتر بکا! بەو مانایەی هیچ ڕێکەوتنێک لەگەڵ عێراق گەرەنتی [ستراتیژی] نییە! مەبەستم کاتیی نییە، بەڵکو مەبەستم گەرەنتی ستراتیژییە!


مەسعود و سەدر!

یەکێک لەو پایە سیاسیی-دینییەی کە ئێران و [بەرەی ئێران لە عێراق] زۆر لێی دەترسن: سەدرە! بەریتانیاش گرنگی پێ دەدات!! ئەوەی لە ئێستادا حکومەتی بەغدا دێتەپێشەوە لەگەڵ هەرێم، هۆکارە سەرەکییەکەی ئەوەیە: هێندە پارتیی لە خۆیان زویر نەکەن کە بچێتەوە لەگەڵ سەدر و سونەکان یەکبگرنەوە. چونکە وەک وتم: سەدر و سونەکان پشتیوانی دەرەکییان بەهێزە و سەدر لە ناوخۆش دا شەقامیی-گیانفیدایی لەگەڵە! بۆیە دەکرێ مەسعود بە نھێنیی و نانھێنیی بەردەوام لینکی لەگەڵ سەدر نەپچڕێنێت. چونکە مەترسی سەدر لەسەر بەرەی ئێران نەبوایە، ئەستەم بو ئێران [حکومەتی عێراق] هێندە نەرم بێت لەگەڵ پارتیی.

دوو هۆکار وا دەکات بەرەی ئێران لە عێراق لە ساڵی پارەوە هەستیارانەتر و گوێلێگیراوتر لەگەڵ پارتیی مامەڵە بکەن:- 

یەکەم: بونی سەدری نەیاریان.  

دووەم: جیۆپۆلەتیکی پارتیی و، دەست هەڵنەگرتنی تورکیا لە ویلایەتی موسڵ!
 

چارەسەری ئەم دۆخە چییە!

وەک ساڵی پار نوسیومەو بابەتەکەم لە 'ئاوێنە' ماوە. باشترین چارەسەر: ڕاپەڕینی جەماوەرییە. چونکە ھیواخوازبون بەوەی داگیرکەران ئاسودە و خۆشگوزەرانت بکەن: خۆکوژیی و خۆکەرکردنە! چونکە شتی وا لە سیاسەت دا مەحاڵە! وەک لەو بابەتەدا ڕونم کردۆتەوە: ناتوانرێ پارتیی و یەکێتیی پێکەوە بڕوخێنرێ، چونکە جیۆپۆلەتیک و فۆرمی دەسەڵاتیان جیاوازە. لۆژیک ئەوەیە سەرەتا لاوازەکەیان کە یەکێتییە بڕوخێنرێت لە ڕێگەی ڕاپەڕینی جەماوەرییەوە. 

بایکۆتی دەنگدانیش زۆر گرنگە. چونکە بەوە ئەو پەیامە بە جیهان دەدرێت کە جەماوەری کوردستان [شەرعییەت] بە دەسەلاتی ئەم گروپانە نادەن. وڵاتانی زلهێز دەزانن کە لە باشوری کورستان سێ دەسەلات هەیە:-

حەشد لە کەرکوک-شنگال-خانەقین. پارتیی لە هەولێر-دهۆک. یەکێتیی لە سلێمانی-هەڵەبجە-گەرمیان و پشدەر.
هەر خۆپیشاندانێک لە ژێر دەسەڵاتی پارتیی کە ڕەخنە لە یەکێتیی بگرن: ئەوا ئاڕاستەی دەزگای پاراستنە!

هەر خۆپیشاندانێکیش لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی کە ڕەخنە لە پارتیی بگرن: ئەوا ئاڕاستەی دەزگای زانیارییە!
چونکە ئەو دوو هێزە بەتەواوی لە هەمو ڕویەکەوە دەسەڵات و ئابورییان جیاوازە! کاتێک خۆپیشاندان لە پێنجوێن و دەربەندیخان دەکرێ: گرنگە خەڵکی ئەو ناوچانە نامە بۆ کنسوڵی وڵاتان بنێرن کە پشتیوانی لە دەسەڵاتی یەکێتیی نەکەن، چونکە دەسەڵاتێکی چەوسێنەر و خۆسەپێنن! بەھەمان شێوەش بۆ خۆپیشاندەرانی ژێر دەسەڵاتی پارتیی دژی پارتیی!

گرنگیشە لاھور و شاسوار و گۆڕان ڕێکەوتنێک بکەن کە مەرج نییە تەنیا بۆ دەنگدان و ھەڵبژاردن بێت. بەڵکو دەتوانن دژایەتیی یەکتر نەکەن و لە یەکتر نزیکببنەوە وەک بەرەیەکی دژە دەسەڵات. ڕاستە ئەم تاقمانەش بە گەندەڵی بێوێنەوە گلاون. بەڵام لە سیاسەت دا گرنگە نوزەیەک ھەر لە زەمینەکەدا ھەبێت تا زەمینەی ڕاپەڕینی جەماوەریی.

یەکێتیی ھەڵەیەکی ستراتیژی کرد کە لە کابینەکەی پارتیی تۆراوە. چونکە ئەوە خزمەت بەو ستراتیژەی پارتیی دەکات کە دەیەوێت بۆ ھەڵبژاردنی داھاتو لەگەڵ ھێزێکی تر حکومەت پێکبێنن و، بە یاسایی یەکێتیی بکەنە دەرەوەی حوکمەتداریی. ئەکرێ مەسرور غیرەتی کارێکی وای ھەبێت. بەتایبەت کە مەسرور گوێی بە ئێران نەداو نەیھێشت کۆمەڵ لە کابینەکەی بەشدار بن. چونکە ئەگەر کۆمەڵ بەشداری کابینەکەی ببونایە، ئێستا ئێران کۆمەڵیشی وەک یەکێتیی دەبردە دەرەوەی کابینەکە و، کابینەکە بەتەواوی دەبوە کارتۆنیی. بەڵام ئەوەتا ئێران ناتوانێ کابینەکەی مەسرور بڕوخێنێ!
بۆ لاھور و شاسوار و گۆڕان گرنگە کە لە ئیسلامییەکان نزیک نەبنەوە. چونکە جەماوەر دژی گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانە! جارێک کوردناسێکی [ئینگلیز] باسی ئەوەی بۆ کردم کە ھۆکارێکی سەرەکی شکستی نەوشیروان نزیکبونەوەی بوە لە ئیسلامییە سیاسییەکان، بەو پێیەی ئیسلامییە سیاسییەکانی کوردستان بەشێکن لە سیاسەتی ئێران!! هەرچەندە عەلی باپیر ویستی یارییەک بکات و وشەی [ئیسلامیی] لە تاقمەکەی بکاتەوەو، هەنگاو بەرەو هەواڵگری بەریتانیی بنێت. بەڵام بەریتانیا کە زانی هەم سەر بە ئێرانە و، هەمیش پێگەیەکی ئەوتۆی جەماوەریی نییە، گوێی پێ نەدا! ئایا داهاتو چی دەبێت: ئەوە مەسەلەیەکی ترە!


بافڵ و تورکیا!

وتارەکەی بافڵ: ''کوردستان یان نەمان!''، گوتاری مەلا مستەفای شۆڕشی ئەیلول بو! چۆن بافڵ ئەو تێرمەی بەکارهێنا، ئایا نەیزانی ئەوە گوتاری مەلا مستەفایە: جێی پرسیار بو!

یەکێتیی لەلایەک شانزەی ئۆکتۆبەر دەکا، زوڵم لە کەسانی نەتەوەیی دەکات، شەست و پێنج هەزار زەوی سلێمانیی دەفرۆشێ و، مستەفا سەلیمییەکان تەسلیم دەکاتەوە. لەلایەکی تریش پشتیوانی لە باکوری کوردستان دەکات!

یەکێتیی دێت کورسی بۆ تورکمان و ڕەیان کلدانی لە پەرلەمانی کوردستان جێ دەکاتەوە. ڕاستە بەهۆی ململانێی خێڵەکییانەی لەگەل پارتیی وا دەکات. بەڵام بەوە ڕاستەوخۆ خزمەت بە تورکیا و ئێران دەکات! بەوە بۆ ئایندە دەیسەلمێنێت کە لە سلێمانیی دا [تورکمان] هەیە. وەک چۆن کاتی خۆی یەکەم خوێندکاری زانکۆی سلێمانیی بوم کە لە ڕۆژنامەی ئاوێنە بابەتێکم نوسی: ''نەخێر بۆ پرۆژەکەی مام جەلال". ئەوکات مام جەلال لەسەر گۆڕی خومەینیی و ئەتاتورک گەڕایەوەو، پرۆژەی دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوکی ڕاگەیاند. منیش لەو بابەتەم دا ڕونم کردەوە کە ئەو پرۆژەیە دەبێتە [بەڵگەیەکی مێژوویی] لە دژی [کوردستانی بونی کەرکوک]، کە بۆ هەمیشە عەرەبەکان و تورکمانەکان هەریەکەیان داوای پشکی لە سەدا سیی و دووی پۆستەکانی کەرکوک بکەن. ئاوهاش ئەمەی یەکێتیی دەیکات و پەرلەمانتاری تورکمان و مەسیحی لەسەر پارێزگای سلێمانیی زیاد دەکات، دیسانەوە دەبێتەوە بە بەڵگەیەکی مێژوویی کە تورکمان لە سلیمانیی هەیە. ئەمەش هەم بۆ ڕازیکردنی تورکیا و، هەمیش بۆ ململانێی بەردەوامیی خێڵەکیانەیانە لەگەل گروپی پارتیی دا.

من دەزانم یەکێتیی دەڕۆن لەگەڵ تورکیا کۆدەبنەوە و دەڵێن: ''ئەوە لەبەر خاتری سیاسەتی ئێوە پەرلەمانتارێکی تورکمان بۆ هەرێمی سلێمانیی زیاد دەکەین". سەیر ئەوەیە: پارتییش بە تورکیا بڵێت: "ئەو پەرلەمانتارە تورکمانەی یەکێتیی بۆ هەرێمی سلێمانیی زیاد دەکات، خزمەت بە سیاسەتی شیعەگەرایی ئێران دەکات لە ناوچەکەدا!". کەوابو، ئەوەی تێیدا دەبێتە سوتماک هەم هەرێمی سلێمانیی و، هەمیش بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی مەزنی کوردی ڕەگەز زاگرۆسییە.

سەیرتر لەوانەش ئەوەیە: پەکەکە دەبو پشتی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی لە هەرێمی سلێمانی بگرتبایە. کەچی وەک تاقمێکی سەر بە بەرەی ئێران، بوەتە بەشێک لە یەکێتیی و، جەمیل بایک لە دەنگدانی پێشو فەتوای دا کە دەنگ بە یەکێتیی بدرێت. بە خۆشحاڵییەوە خەڵکی هەرێم حسابیان بۆ فەتواکەی نەکرد!

پەکەکە لە بری ئەوەی شۆڕشگێڕانە بیر بکاتەوە و دژایەتی بەرەی گەل لە هەرێم نەکات. بەڵام لە ڕووە سیاسییەکەیەوە، بۆ ئەو ئەگەرەش دەچم کە ڕێکەوتنێک لە نێوان پەکەکە و یەکێتیی هەبێت بۆ ئەوەی هەر کاتێک ڕاپەڕینی جەماوەریی دژی یەکێتیی هاتەکایەوە، ئەوا تاقمی پەکەکە دژی جەماوەر بوەستنەوە. ئەگەر وابێ: هەروەک چۆن گوندپارێزەکانی باکور [جاشەکانی باکور] ڕۆڵی کۆنترا-گەریلا دەبینن، ئەوا پەکەکەش لە هەرێمی سلێمانیی ڕۆڵی کۆنترا-بەرەی گەل دەگێڕن!

بۆ من وەک نوسەرێکی نەتەوەیی بێلایەن، هەرچۆن وتار بنوسم و چاوپێکەوتن بکەم تەنیا خۆم لێی بەرپرسیارم. بەڵام مەسەلەکە بۆ بافڵ وا نییە. چونکە ئەو سەرۆکی هەرێمی سلێمانییە. هەندێکجاریش خۆی وەک [کیم جۆنگ ئوون] یش دەردەخات! کەچی توانای کۆنترۆڵکردنی بەرپرس و کوڕی بەرپرسەکانی گروپەکەی خۆی نییە کە چی بەسەر هەرێمی دەسەڵاتی بافڵ دەهێنن!

مەبەستمە بڵێم: ئەگەر سیاسەت و دبلۆماسییەت بکەم، وەک بافڵ ناکەم و، وەک ئەویش لێدوان نادەم. چونکە ئەو بەرپرسی یەکەمی هەمو ڕوداوێکە کە بەسەر هەرێمی سلێمانیی دا بێت. کردار و لیدوانەکانی بەرانبەر تورکیا دەکرا دبلۆماسییانەتر و سیاسییانەتر بایە! بۆ ئەوەی خەڵکی [هەرێمی سلێمانیی] باجەکەی نەدەن.

وەک وتم: گەر سیاسەت و دبلۆماسییەت بکەم، بەم شێوازە بێلایەنییەم ئازاد نیم، تاوەکو بابەتەکە هەرچۆنم بوێت، بینوسم. چونکە [لە ئەگەرێکی وادا] دەبێت هەمیشە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکەم و زۆنەکەم لە بەرچاو بگرم! بۆچی خەڵکێکی کەم ئەندام، نەخۆش و پەککەوتە لە سلێمانییەوە بەو ڕێگا سەختەدا، بڕۆن بۆ فرۆکەخانەی هەولێر بۆ نەخۆشخانەکانی تورکیا. بۆچی بەهۆی لێدوانێکی توند و کاروکردەوەی ترەوە، سلێمانیی لە ڕوی ئابورییەوە باجەکەی بدات!

ڕونە کە تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا داگیرکەر و دڕندەن. بەلام مرۆڤ بۆیە سیاسەت و دبلۆماسییەت دەکات، بۆ ئەوەی بزانێ چۆن وەها ڕەفتار بکات کە داگیرکەران هەنگاو و وتارەکانی نەقۆزنەوە و، ڕۆڵەکانی نەتەوەکەی ئاسودە بکات!
ئەوەی سەرەوە پوختەی شیکاری سیاسیی-دبلۆماسییم بو لەسەر بافڵ و تورکیا!
بەڵام، لە ڕووە نەتەوەییەکەوە، بەھۆی چەتەیی و شڕەخۆری ئەم گروپە کوردییانەوە: ھەندێک لە لاوەکانمان وا دەزانن داگیرکەران لەم گروپانە باشترن! لەکاتێکدا، بێگومانم کە یەکێتیی هێزێکی نەتەوەیی-کوردی نییە و، بەسەر تاکەکانی نەتەوەکەمانەوە خۆسەپێن و زاڵمە. بەڵام هەرگیز پشتی هیچ کوردێک، با ئەو کوردە [بافڵ]یش بێت، لە بەرانبەر داگیرکەر بەرنادەم! تورک یەکێکن لە داگیرکەرانی خاکی کوردستان و، دێرینی مێژووی شوناس و کلتوری کوردەواریی نەتەوەی مەزنی کوردی ڕەگەز زاگرۆسیی [نا-ئاریایی]: هەر داگیرکەران ڕادەماڵێ! کورد دەتوانێ بە شاخەکانەوە سەدان ساڵ بژی و، گەمارۆی داگیرکەران بپڕوکێنێ! گریانم بۆ عاقیبەتی نەوەی داگیرکەران دێ!

 

شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرایە لەدبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
بەهۆی جلە كوردییەكانییەوە، سەرۆكی یانەی دهۆك لە ئامەد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەستگیركرا
مەلا بەختیار: مەترسی هەرە گەورە ئەوەیە كە یەكێتی و پارتی لەناو دەوڵەتانی ئیقلیمیدا سەرەتاتكێیانە
دوای شەش مانگ لە كوژرانی، سزای لەسێدارەدان بۆ ژن و برایەكی كارمەندێكی ئاسایشی بەردەڕەش دەرچو
مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران دوادەکەوێت
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا یاسای ژینا (مەهسا)ی پەسەندکرد
رۆژهه‌ڵاتی كوردستان؛ وانەبێژێکی دیکەی زمانی کوردی 11 ساڵ زیندانی ده‌كرێت
مه‌ریوان قه‌ره‌نی‌: ناكرێ رێككه‌وتنه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق له‌باره‌ی مووچه‌ بكرێته‌ قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێك لایه‌ن
پلاسخارت لە "گەندەڵی لەناو فەرمانبەرەکانیدا" خۆی دەرباز دەکات؛ داوای لێکۆڵینەوە ده‌كرێت
کۆمسیۆن ژمارەی بنکەو ناوەندەکانی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرد
سێ سەربازی توركیا لە مەتینا كوژران
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×