Stereotype جەوهەری کەلتوری کوردی

نەبەز ئەحمەد
  2023-04-08     552

Stereotype  لە پێناسەی سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی بریتیە لە بیروباوەڕو بۆچۆنی گشتێنراو لەلایەن گڕوپێک لەخەڵک یان باوەڕی گشتی کۆمەڵگا لەسەر دیاردەیەک، ڕەفتارێک، شێوەیەک لە ژیانی کۆمەڵایەتی، بەبێ فاکت و بنەمایەکی زانستی، بریتیە لە پێشبینیەکی چاوەڕوانکرا و گەرەنتی بەبێ کەمترین لایەنی گومانکردن لەم باوەڕە کڵێشەییە. وەرگێڕانە کوردیەکەیstereotype بەنزیکەیی دەبێت بە پێشداوەریەکی کڵێشەییانە، بەڵام ئەم پێشداوەریە بەتەنیا بۆچونێکی کاتی و شەخسی نیە بەڵکو فۆڕمێکی هۆشی و بیرکردنەوەیە، کە کەسەکان و کۆمەڵگاکان لەڕێگەیانەوە تێگەیشتنی خۆیان بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی بەرهەم دێنن.

 ئەخلاقیاتی ئاینی یەکێکە لە نمونە بەرچاوەکانی stereotype بەڵام لەدەرەوەی جیهانبینی ئاینیش ئەم فۆڕمە دونیابینیە بونی هەیە، بۆنمونە بەدۆگمابونی زانست ڕاستەوخۆ دەبێتە بەرهەم هێنانی دونیابینیەکی پێشداوەری کڵێشەییانە و دورکەوتنەوە لە پڕەنسیپی زانستی کە لەسەر بنەمای ئۆبجێکتڤێتی، تاقی کاری، کراوەی و توانای دوبارەکردنەوە وەستاوە. لەکایەیی فکریشدا stereotype روکارەکانی ئەوکاتە دەردەکەون کاتێ فکرەیەک یان تیۆرەیەک هەوڵی گەنگەشەکردنی تەواوی کایەکانی ژیان دەدات بەشێوەیەکی گشتگیرانە و دواجار لەدۆگمابون و ئایدۆلۆژیبوندا دەگیرسێتەوە، وەک تیۆرەی مارکسزیزم و فرۆیدزم لە هەندێک زەمەنی جیاجیادا توشی بون.

بەکورتیەکەی stereotype ئەگەرێکی مەترسیداری ناوەکی زانست و تەواوی فۆڕمەکانی بیرکردنەوەیە کە بەردەوام مەترسی ئەوەی لەگەڵدایە کە گشت فۆڕمی کایەکە بگرێتەوە و چیتر گومان و تاقیکاری نەبن بە بەشێکی جەوهەری لەنێویدا. بەڵام لەدەرەوەی کایەکانی زانست و فکردا ئەوەی پێی دەڵێن common sense بیروباوەڕی باو بریتیە لە stereotype لەفۆڕمە ڕون و ئاشکراکەیدا.

ستراتیژیەتی کارکردی stereotype بەرهەم هێنانی فۆڕمێکی هۆشیاریە کە بەئاسانی بگشتێنرێت و حوکم و بەهاکانی ڕون و ئاشکرابن، واتا سادەکردنەوەی دونیا و کۆمەڵگا بەسەر  ڕەش و سپیدا. یەکێک لەخاسیەتەکانی stereotype  ئەوەیە کە هەردو دیوی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی هەیە و هەردو شێوەکەشی بەقەد یەک کاریگەرن و بەهەمان ستراتیژ و پێکهاتە کاردەکەن و هەردوکیشیان خزمەت بەیەک دەرەنجام دەکەن کە بریتیە لە بەرهەم هێنانی هۆشیاریەکی ساختە، بۆنمونە لەفۆڕمە نێگەتیڤەکەیدا لای بەشیکی زۆری ئەو کۆمەڵگا سەردەستانەی کە کورد لەگەڵیان دەژیت ئەو باوەڕە باوە کە کورد نەتەوەیەکی دواکەوت و خیانەتکارن، لە بەرامبەردا لەفۆڕمە پۆزەتیڤەکەدا، بەشی زۆری میلەتی کورد ئەمە پەسەند دەکەن کە کورد نەتەوەیەکی ئازاو خەباتکارو سەرڕاستە، وەک دیاریشە هەردوو دەستەواژە دوو ڕوی یەک دراون.   

هەڵبەتە  لەدەرەنجامی باڵابونی هۆشیاری stereotype لەکۆمەڵگا جیاوازەکان، بەدرێژای مێژو کارەساتی گەورەی بەدوای خۆیدا هیناوە، بەڵام ئێرە شوینی ئاماژەدان نیە بە سەرجەم ئەم کارەساتە مرۆییانە، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بەکورتی ئەوە بڵێن کە لە مێژوی مۆدێرن نمونەی قڕکردنی جولەکەکان و نەتەوەی کورد و دەیان نەتەوەی تر و کۆڵۆنیاڵیزم و ڕقی جیهانی ئیسلامی بۆ خۆرئاواو کارەساتی 11 سێپتێمبەر و چەندان نمونەی تر لە کارکردی ڕاستەوخۆی stereotype سەریان هەڵداوە.

لە دوای جەنگی جیهانی دوەمەوە لە جیهانی خۆرئاوا stereotype بو بە هەڕەشەیەکی زۆر جدی لەسەر ئەم شارستانیەتە، لەم کاتە بەدواوە هەر یەکە لە زانستەکانی کۆمەڵناسی و دەروناسی زۆر بەچڕی لێکۆڵینەوە دەکەن لەسەر ئەم دیاردەیەو بەسەدان هەزار توێژینەوەی جیاجیا ئەنجام دراوە و دەیان تیۆرەی زانستی گەشەی پێدراو، Gordon Allport سایکۆلۆژستی ئەمەریکی لە تیۆرەی گریمانەی پەیوەندیکردن بەم دەرەنجامە دەگات کە لەیەک دابڕان و نەبونی پەیوەندیەکی تەندروست لەنێوان تاکەکان یان کۆمەڵگاکان هۆکاری سەرەکیە لە گەشەکردنی stereotype. لەلایەکیترەوە هەریەک لە Tajfel  and  Turner کە دوو سایکۆلۆژستی کۆمەڵایەتی بەریتانین و تیۆرەی شوناسنامەی کۆمەڵایەتیان پەرەپێدا و ئەوەیان ڕون کردەوە کەوا تاکەکان بۆ بەدەست هێنانی شوناسنامەیان ناچارن خۆیان بخەنە پاڵ گڕوپ و کۆمەڵەکان لەسەر بنەمای (ڕەگەز، نەتەوە، نەژاد، بیروباوەڕ)و لەم ڕێگایەشەوە بێگانەبون و جیاوازی خۆیان لەگەڵ ئەندامانی دەرەوەی گڕوپەکەیان گەورەتردەکەن و لەدەرەنجامیشدا stereotype دەبێتە تاکە فۆڕمی ناچارانەی بیرکردنەوە، ئەم دوو سایکۆلۆژستە لە تیۆرەکەیان ڕونی دەکەنەوە کەچۆن stereotype  دەبێتە شاڕێگەی دەستخستنی ناسنامەی کۆمەڵایەتی و خودشوناس.

یەکێکیتر لە سایکۆلۆژستە دیارەکان کە کارەکانی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەریان هەبو لە ڕونکردنەوەی ئەوەی کە چۆن stereotype لە ئاگایی تاکەکان فۆرمەڵە دەبێت، سایکۆلۆژستی سوێسڕی Jean Piaget بو کە لە تیۆرەکەی خۆیدا cognitive development کە لەبنەڕەتدا تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە گەشەکردنی سیستماتیکی توانای تێگەیشتنی مناڵ لە قۆناغەجیاوازەکاندا، ئەوەی ئاشکرا کرد کە مناڵ لەگەڵ گەورەبونیدا بەچوار قۆناغی جیاواز لە تێگەیشتن و فێربون ڕەت دەبێ، پیاژێت ئەوەی ئاشکراکرد کە گەشەکردنی هۆشیاری لە قۆناغەکانی مناڵیدا تەنیا بریتی نیە لە بەدەست هێنانی زانیاری، بەڵکو مناڵ لەگەڵ ئەمەشدا گەشە بەجۆرێک لە مۆدێلی دەرونی دەدات تا لەجیهانی دەوروبەری خۆی تێبگات. لەقۆناغی دووەمی گەشەکردنی خۆی کە ساڵەکانی 2-7  دەگرێتەوە، هۆشیاری و بیرکردنەوەی مناڵ تەواو لەژێر هەژمونی egocentrism کاردەکات و ناتوانێت بیروڕای ئەوانیتر لەبەرچاوبگرێت و بەم جۆرە بەناچاری ئەم فۆڕمە تێگەیشتنە لەبەرچاودەگرێت کە بەتەواوی لەژێر هەژمونی egocentrism دایە و شتەکان بەسەر جۆرە سادەکراوەکاندا دابەشدەکات، پیاژێت باوەڕی وایە کە ئیتر لێرە بەدواوە stereotype لەهۆشی ئینسانەکان چەکەرەدەکات و دەبێت بە فۆڕمێکی ئاسانی هۆشیاری.

Jean Piaget لە تیۆرەکەیدا ئەوەش ڕون دەکاتەوە کە چۆن stereotype دەتوانێت پارێزگاری لەمانەوەی خۆی بکات لە هۆشی مرۆڤی پێگەیشتودا، ئەو لەڕێگای چەمکی mental schemas لەوەی کۆڵیەوە هۆشی مرۆڤ چۆن زانیاریەکان پاشکەوتدەکات و ئەم سیستەمە بۆ ئاسانکاری پڕۆسەکە چ ستراتیژێک دەگرێتە بەر. Mental schema بریتین لە پێکهاتەی هۆشەکی کە لە سیستەمی عەقڵی مرۆڤ گەشە دەکەن و زانیاریەکان پۆلێن دەکەن بۆ ئاسان کردنی تێگەیشتن لە دونیا و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان. بۆنمونە مرۆڤ کاتێک فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبێل دەبێت ئەم شارەزای و تێگەیشتنە لە مێشکی کەسەکە بەشێوەی سکێما هەڵدەگیرێت، کەسەکە پێویستی بەوە نیە هەمو ڕۆژێک بیری خۆی بێنێتەو چۆن شۆفێری بکات بەڵکو کارەکە دەبێتە کردەیەکی خۆبەخۆی و ئۆتۆماتیکی بەبێ بیرکردنەوە و بەم هۆیەش کەسەکە دەتوانێت کارێکی تریش ئەنجامبدات و شتێکی نوێتریش فێر ببێ. بەم شێوەیە مرۆڤەکان زانیاریەکان لەشێوەی سکێماکان ڕیزبەندی دەکەن بۆ ئاسان ڕایکردنی ژیانی ڕۆژانە و ئەم جۆرە پۆلێنکردنەش تەواوی باوەڕ و نۆڕم و بەهاکان و تێگەیشتنی کەسەکە دەگرێتەوە. بەم جۆرە schemas دەبن بەشاڕێگەی تێگەیشتنی ئێمە لەدونیا و بەبێ ئەمان ئاسان نیە بتوانین لەدەوروبەرمان تێبگەین. سکێماکان جگە لەو خزمەتە باشەی کە پێشکەشی مرۆڤی دەکەن لەوەی توانای ئەوەی پێدەبەخشن بتوانێت بونەوەرێکی فرە شارەزا و توانای جیاجیا هەبێت، لەهەمان کاتیشا بەرهەم هێنەری stereotype یشن، بەوەی کە زانیاریەکان دەبن بە کۆمەڵێک سکێمای کڵێشەیی و پێویست بەوە نیە هەمیشە نوێ بکرێنەوە یان بخرێنە ژێر گومانەوە چونکئ بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کاردەکەن، بۆنمونە کاتێک مرۆڤێک لەنێو گڕوپ و کۆمەڵەیەکی دیاریکراودایە، نۆڕم و بەهاکانی ئەم گڕوپە چیتر شتێک نین هەمو ڕۆژ لەسەرەتاوە لێیان بگات و بیریان لێ بکاتەوە، بەڵکو دەبن بە سکێمایەکی ئۆتۆماتیکی و لەسەر ئەم بنەمایە دونیای دەرەوەی گڕوپەکەی پێ دەخوێنێتەوە.     

 هەڵبەتە لیستی ئەو تیۆریسن و توێژەرانەی کە کارەکانیان دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو لەسەر  stereotype لەم وتارە جێگای نابێتەوە، بەڵام خوێنەر دەتوانێت جگە لەم ناوانەی سەرەوە سەیری کارەکانی هەریەک لە Walter Lippmann، Susan Fiske، Claude Steele، Patricia Devine بکات کە کۆمەڵێک بەرهەمی زۆر کاریگەریان لەسەر stereotype بەرهەم هێناوە و تا ئێستاش دەخوێنرێنەوە و کاریان لەسەر دەکرێت.  

بەهۆی ئەم کاریگەریە خێراو مەترسیدارەی stereotype لەسەر هۆشیاری مرۆڤەکان، لێکەوتەکانی پەل بۆ تەواوی بوارەکانی ژیان دەهاوێژێت، لە پەیوەندی ئاسایی نێوان دوو مرۆڤ تادەگات بە کایە ئالۆزو هەستیارەکانی کۆمەڵگا، وەک دامودەزگا زانستی و دەوڵەتیەکان، بەم هۆیەشەوە کۆمەڵگا خۆرئاواییە دێمۆکراسیەکان وزەو توانایەکی یەکجار زۆریان بۆ بەرەنگاربونەوەی تەرخانکردوە، هەر لەداڕشتنی یاسای جۆراوجۆر بۆ بەرگەگرتن لە گشتاندنی پێشداوەریە کڵێشەییەکان و نوێکردنەوە و پێداچونەوەی بەردەوامی لێکۆڵینەوە زانستیەکان و بەرزکردنەوەی تواناو ئاستی سستمی خوێندن، ئامادەی میدیا لە بەرەنگاربونەوەی ئەم پێشداوەریانە، دەرفەتدان بەسەرجەم پێکهاتە و باگراوندە جیاوازەکان بۆ بەژداریکردن و نوێنەرایەتی کردنی خۆیان لەبوارەکانی ژیان.

تا ئێرە بەشێوەیەکی گشتی ڕونە کەوا stereotype چیە و چۆن کاردەکات، بەم شێوەیەش هەنگاویکی باش نزیک دەبینەوە لە چیەتی ڕۆڵی stereotype لە کارکردی ئەخلاقیاتی کۆمەڵگای کوردی. ڕون و ئاشکرای ئەم فاکتەی کە ئەم کۆمەڵگایە جەوهەری سەرەکی لەسەر ئەخلاقیاتی خێڵەکی و دینی بونیات نراوە و بیروباوەڕی باو common sense ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە داڕشتن و بەرهەم هێنانی نۆڕم و بەهاکان، بۆیە ئەم فاکتە هاوکاردەبێت بۆ بینینی ئەم تۆڕە پەیوەندیە کە stereotype بە جەوهەری ئەخلاقیاتی کوردیەوە دەبەستێتەوە.

جەوهەری سەرەکی کارکردی ئەخلاقیاتی ئاینی و خێڵەکی لەکایەی سۆسیۆلۆژیدا بریتیە لە پاڕاستن و هێشتنەوەی نۆڕم و بەهاکان وەک خۆی لەکۆمەڵگادا و بەرەنگاربونەوەی هەر گۆڕانکاریەک کە تێپەڕبونی کات لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت بۆ نێو کۆمەڵگا. لە لۆجیکی ئەم ئەخلاقیاتە نۆڕم و بەهاکان کۆمەڵێک دونیابینی کۆمەڵایەتی نین کە گۆڕانکاری لە پێکهاتەو فۆڕمەکانی کۆمەڵگا و پەیوەندیە مرۆییەکان ناچار بەگۆڕانکاریان بکات، واتا بونێکی تەکنیکاریان نیە بەڵکو بونێکی ئۆرگانی و سەربەخۆیان هەیە، بەم شێوەیەش نۆڕم و بەهاکان بۆ بونی خۆیان قەرزارباری ئینسانەکان نین، بەڵکو بونی خۆیان لەخودی خۆیانەوە دێت، بۆیە کۆمەڵگاکان خاوەن مافی دەسکاری کردنیان نین بەڵکو تەنها پێویستە دەساودەستیان بکەن لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر وەک خۆی بەبێ زیاد و کەم کردن.

لەدەرەنجامی ئەم کارکردەدا، دامودەزگا کۆمەڵایەتیەکان و سیستمی کۆمەڵایەتی ئەرکی سەرەکیان دەبێت بە پاڵفتەکردن و دەرکردن و قەدەغەکردنی هەر جۆرە دونیابینیەکیتر و هەر جۆرێکیتری نۆڕم و بەها و ڕەفتارێکی جیاوازتر لەنێو کۆمەڵگادا، بۆ ئەمەش stereotype  دەبێت بەو تاکە ئامرازەی کە دەتوانرێت لەڕێگەیەوە ئەم ئامانجە بەدی بهێنرێت و داینامیکی هێز و دەزگای کۆمەڵایەتی وەک خۆی بهێڵرێتەوە. لەکۆمەڵگای کوردی ستراتیژیەتی کۆنتڕۆلکردنی کۆمەڵایەتی لەسەر هەمان هێل کاردەکات کە لەسەرەوە ڕونمان کردەوە، لە نمونەی پاراستن و هێشتنەوەی هایرارکیەتی کۆمەڵایەتی، ژنان و کەمینەکان شوێن پێگەو پێناسەیان بەجۆرێکی کۆنکرێتی چەسپیوە، بەجۆرێک تەواوی گفتوگۆکان دواجار یەک چاوەڕوانی بەرهەم دەهێننەوە کە ئەم گڕوپانە کۆمەڵێک ڕۆل و نۆڕمیان بۆ دەستنیشان کراوە و ماناکانیان تەنها لەپابەندبون بەمانەوە بەرهەم دێنن. یەکێکیتر لەنمونەکان بریتیە لە جیاکردنەوە و بێگانە نیشاندانی هەرچی زیاتری ئەوانەیە کە لادەدەن لە نۆڕم و بەهاکانی ئەخلاقیاتی گشتی و بەرتەسکردنەوەی تەواوی دەرفەتی کۆمەڵایەتی لەبەردەمیان، بۆنمونە هونەرمەندێک یان نوسەرێک یان نمایشکارێک کە ناچێتەوە نێو هەمان سوڕ، ڕاستەوخۆ دەخرێتە لیستی سەر بەئەخلاقیاتی بێگانە و کۆپی کار، بەم جۆرەش ئەم کەسانە چیتر بەشێک نین لە دەستەواژەی ئێمە بەڵکو سەر بە ئەوانن. لەجەمسەری دونیابینی ئاینیش رەنگە پێویستی بەمە نەبێت ئەمە ڕون بکەینەوە کە ئاین سیستمێکی هۆشیاریەو چەقەکەی بەڕەهای لەسەر stereotype وەستاوەو تەواوی وزە و توانای خۆی لەم ستایلی بیرکردنەوەیە وەردەگرێت، ئاین بەڕەهای ناسنامەی مرۆڤ لەسەر بنەمای بیروباوەڕەکەی دیاریدەکات و نۆڕم و ڕۆلەکانیش هەرلەسەر ئەم بنەمایە دەستنیشان دەکرێن، ئەوانەی دەکەونە دەرەوەی ئەم بازنەیە پەراوێز دەخرێن و لەڕێگای سیستمیstereotype  پیناسەدەکرێن و دواجاریش حوکمی دەمارگیرانەو جیاکاری بەرامبەریان دەردەکرێت.

بەم شێوەیە هاوسەرگیری هەمیشەیی نێوان خێڵ و ئاین لە کۆمەڵگەی کوردی ئەخڵاقیاتێکی ئاوێتەیی دروست کردوە کە stereotype ناوە ڕاستەقینەکەیەتی. ئەم ئەخلاقیاتە هەرگیز پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی هۆشیارانە نیە بەڵکو تەنها کۆمەڵێک حوکمی پێشوەختەو ئامادەکراو تەواوی سیستمی کارکردنی بەڕێوەدەبات. مرۆڤەکان لەنێو ئەم سیستەمە کۆمەڵێک بونەوەری ڕۆبۆتین کە هۆشیاری ئینسانیان لێ زەوتکراوە و لەشوێنی ئەمەدا چەپکێک لە نۆڕم و بەهای ئامادەکراویان پێدراوە کە تیادا ژیان بەتەواوی بەسەر ئێمە و ئەوان، ڕەش و سپی دابەشکراوە. دەرچون و جیابونەوە لەم ئەخلاقیاتە ئەگەرێک نیە بتوانرێت بەبێ پاشخانی زانستی پێشبینی ژیانی لێ بکرێت، گوشارەکانی ئەخلاقیاتی stereotype بەجۆرێکن کە بچوکترین ئەگەری جیاوازی لە هەنگاوە یەکەمەکانی لەنێودەبات. بۆیە هەر هەنگاویک بۆ تێگەیشتن لە ئەخلاقیاتی کوردی پێویستە بەجۆرێک لەجۆرەکان خوێندنەوەیەکی جدی بێت بۆ کارکردی stereotype وەک جەوهەری ئەم ئەخلاقیاتە، بەبێ بەرەنگاربونەوەی ئەم سیستەمە هۆشیاریە ئەستەمە بتوانرێت لەدونیایی ئێمە هەنگاوی جدی بنرێت بەرەو هۆشیاریەکی نوێ کە هەنگاوێک لە پێشداوەریە کلێشەییەکان دور بێت و هەنگاوێکیش بەرەو دونیابینیەکی زانستیانە نزیک ببینەوە.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×