بڕواکردن بەشەڕی ڕاگەیاندنی پارتیی - یەکێتیی: گەمژەییە!

شه‌ریف عەلی
  2023-04-08     634

سەرەتا پێویستە ڕونی بکەمەوە، بۆچی پارتیی و یەکێتیی لەم ساتەدا پڕوپاگەندە لە دژی یەکتر دەکەن!

 

چونکە ھەڵبژاردن لە پێشە. بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان فریوبدەنەوە. چونکە بەشداری نەکردنی خەڵکی کوردستان لە ھەڵبژاردنەکان شەرعیەتی دەسەڵاتی ئەم گروپانە ناھێڵێت. ھەربۆیەشە لە ئێستاوە دەستیان داوەتەوە بە سیناریۆ دروستکردن و شەڕی ڕاگەیاندن  لە دژی یەکتر!

 

مەبەستەکانی پارتیی چین!؟

 

یەکەم: پارتیی دەزانێ کە یەکێتیی لەوپەڕی دۆخی خراپیی دایەو، گروپی لاھوری دەرکردوە. بۆیە دەیەوێت ھەڵبژاردن بکرێت. چونکە نزیک بە دوو ساڵ ھەڵبژاردن دواخراوە. ئەوەش بە مانای نەمانی شەرعیەتی نێودەوڵەتییە بۆ دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتیی. 

 

دووەم: پارتیی ڕێکەوتنی کردوە لەگەڵ بەغدا. پێیوایە لەم چەند مانگە تا ھەڵبژاردن دەکرێ، موچە دەدرێ بە خەڵکی کوردستان. ئەوەش دەکاتە دەستکەوتی خۆی بۆ ھەڵبژاردن.

 

سێیەم: پارتیی دەیەوێت ھاوسەنگی حوکمڕانیی لە کوردستان بگۆڕێت. لە بری یەکێتیی، لەگەڵ ھێزێکی تر حکومەت پێک بێنێت دوای ھەڵبژاردنەکان.

 

مەبەستەکانی یەکێتیی چین!؟

 

یەکەم: یەکێتیی خۆشی دەزانێ دۆخی لەوپەڕی خراپیی دایەو، پارتیی دەیەوێت ئەوە بقۆزێتەوە. بۆیە یەکێتیی لەگەڵ ھەڵبژاردن نییە. یەکێتیی دەیەوێت پیشانی پارتیی بدات کە ئەگەر لە ھەڵبژاردنیش دەنگ نەھێنێت، یاخود پارتیی بەشداری بە یەکێتیی نەکات لە حکومەتی داھاتو، ئەوا یەکێتیی بە زەبری ھێز ھەرێمی سلێمانیی کۆنترۆڵ دەکات و تەسلیمی ئەنجامی ھەڵبژاردنی ناکات و، بەرەی ئێران ''ئێران، ھێزە شیعییەکانی عێراق، کۆمەڵ و پەکەکە'' پشتیوانی یەکێتیی دەکەن. چونکە بەرەی ئێران نە لە عێراق، نە لە سوریا، نە لە لوبنان و، تەنانەت نە لە ناو خودی ئێرانیش بڕوایان بە ھەڵبژاردن نییە. بەڵکو بڕوایان بە سەپاندنی ھێزە.

 

دووەم: یەکێتیی نایەوێت ڕێکەوتنی پارتیی لەگەڵ بەغدا ببێتە دەستکەوت بۆ پارتیی. بۆیە بە پشتیوانی ئێران دەیەوێت لەمپەر بۆ ئەو ڕێکەوتنە دروست بکات. لە بەرانبەریش دا ئێران وەک پاداشت، پشتیوانی لە مانەوەی دەسەڵاتی یەکێتیی دەکات لە ھەرێمی سلێمانیی.

 

سێیەم: ھەرچەندە ئەمریکییەکان لە کوردستان لەگەل ھەڵبژاردن دان. ئەوەش تەنیا لەبەر ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان وەک ھاوپەیمانی ئەمریکا لە ئاستی نێودەوڵەتیی دا شەرعیەتی بمێنێت. بەڵام لەگەل ئەوەش دا ئەمریکا نایەوێت پەیەدە و یەکێتیی لە دەست بدات و، بە تەواوی ئەو دوو ھێزە بڕۆنە باوەشی ئێرانەوە. چونکە پەیەدە لە خۆراوای کوردستان ھێزێکی سەر بە ئەمریکان. پەیەدە خزمەت بە دوو ئامانجی ئەمریکا ئەکات لە خۆراوای کوردستان. ئەلف: بۆ ئەوەی سوریا لاواز بکات لە بەرانبەر ئیسرائیل دا. با: بۆ ئەوەی ئەمریکا بە ئارامیی لەو ناوچەیەی سوریا بمێننەوە بۆ دژایەتیی ڕوسیا. واتە: ئەمریکا لە ناوچەکە بەرژەوەندی خۆی لەلا گرنگە.

 

چوارەم: بۆ ئەوەی یەکێتیی ڕێگربێت لەوەی کە پارتیی ھاوسەنگی حوکمڕانیی لە کوردستان بگۆڕێت، یەکێتیی ھەڵدەستێت چەند سیناریۆیەک دەخولقێنێ کە سۆزی [ھەرێمی سلێمانیی] بەلای خۆیدا ڕابکێشێت بۆ ھەڵبژاردنەکان. یەکێک لەو سیناریۆیانە ھێنانی پەیەدە و پەکەکەیە بۆ سلێمانیی. بۆ ئەوەی خۆی وەک ھێزێکی نەتەوەیی نیشان بدات و، خەڵکانێکی سادە فریوبدات.

 

ئەوانەی زەرەر دەکەن کێن؟

 

یەکەم: خەڵکی کوردستان بەگشتیی و، ھەرێمی سلێمانیی بەتایبەتی.

 

دووەم: ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بەگشتیی، جگە لە کۆمەڵ کە ئێران-یەکێتیی قەرەبوی بۆ دەکەنەوە. نەوەی نوێ زەرەرمەندی سەرەکی دەبێت، چونکە یەکێتیی دەیەوێت ھەرچۆنی کردوە ھەم نەوەی نوێ نەبێتە ھێزی دووەم و، ھەمیش لاھور و گۆڕان دەنگ نەھێنن لە ھەڵبژاردنەکان، بۆ ئەوەی پارتیی وەک بە دیلی یەکێتیی، حکومەت لەگەڵ یەکێک لەو گروپانە پێک نەھێنێت. بۆیە یەکێتیی تا ھەڵبژاردنەکان ھەندێ سیناریۆی تریش دەکات، کە ھەم بەشێکی خەڵک فریو بداتەوەو، ھەمیش خۆی وەک ھێزێکی دیفاکتۆی [ھەرێمی سلێمانیی] نیشان بدات کە دەرەنجامی ھەڵبژاردن ھەرچییەک بێت: ئەو حساب بۆ ھێز دەکات!

 

لە کۆتاییدا، ھەر کەسێک لە ھەرێمی کوردستان بڕوا بەوە بکات کە یەکێتیی و پارتیی ھێزی نەتەوەیین، ئەوا ھێندە ساویلکەیە کە بڕوا بەوە دەکات کە:-

 

پارتیی بە ھێنانی پاسداران لە دەورانی قیادە موەقەتە، سی و یەکی ئاب، ھێنانی ھێزەکانی تورکیا، تەسلیمکردنەوەی ئەندامانی ھێزەکانی باکوری کوردستان بە داگیرکەر، ھەزاران قبوڵخاسی زانکۆکان و، بە فیرعەونبونی کوڕی بەرپرسەکانی پارتیی: ھەموی لە خزمەت کورددا بوە.

 

ھەروەھا ھێندە کاڵفامیشە کە بڕوا بەوەش دەکات، کە:-

 

یەکێتیی بە ئەنجام دانی [پاشخان!]ی شەست و شەش، پارە وەرگرتن لە ڕژێمی بەعس بۆ لێدان لە حیزبی شیوعیی لە سەرەتای ھەشتاکان، ڕفاندنی کرێکار و ئەندازیارانی بیانیی لە پرۆژەکانی کوردستان لە ساڵانی ھەشتاکان بۆ وەرگرتنی سەرانە لە حکومەتەکانیان، بون بە بەشێک لە ھێزەکانی پاسداران بە پێی ڕێکەوتنی ساڵی ١٩٨٦ ی نێوان یەکێتیی و ئێران کە ئەنجام کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجەو ئەنفالی گەرمیانی لێکەوتەوە، ھێنانی پاسداران لە نەوەدەکان، تەسلیمکردنەوەی ئەندامانی ھێزەکانی باکور و خۆرھەڵاتی کوردستان بە داگیرکەران، ھەزاران قبوڵخاسی زانکۆکان، شانزەی ئۆکتۆبەر، بە فیرعەونبونی کوڕی بەرپرسەکانی یەکێتیی و، تاڵانکردنی شەست و پێنج ھەزار زەوی سلێمانیی، ھەر ھەموی لە خزمەت دۆزی کورددا بوە!

 

ئەگەر ململانێی پارتیی و یەکێتیی تۆزقاڵێک ڕاستی تێدایە، با پارتیی فەرمانی فەسڵکردن بۆ قوباد و وەزیرەکانی یەکێتیی دەربکات چونکە دەمێکە دەوام ناکەن. با یەکێتیی مەقەڕەکانی پارتیی لە ناوچەکانی ھەرێمی خۆی دا بخات. ململانێی پارتیی و یەکێتیی تەنیا لەسەر دەسەڵات و پارەیە، نەک لەسەر نەتەوە و نیشتیمان. یەکێتیی لەگەڵ ھەڵبژاردن نییە، چونکە لاواز بوە و، نایەوێت نەوەی نوێ یان گروپی لاھور جێی بگرێتەوە.

 

یەکێتیی ھەزاران تاوان دەکات و باسی نەتەوەییش دەکات! ساڵی پار بو کە چوار سەد و پەنجا مامۆستای زانکۆی سلێمانیی دایە بەر شەق و، ھەزاران کاری کوشت و بڕو، زوڵمی تر کە لە ژماردن نایە!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×