بەرھەم ساڵح‌و راگەیانراوەکەی، پێگەی ئەلمۆنیتۆرو بافڵ!

شه‌ریف عەلی
  2023-04-09     1561

سەبارەت بە ڕاگەیانراوەکەی بەرھەم ساڵح، من وەک قەڵەم بەدەستێکی کورد، دەمێکە بڕوای تەواوم بەوە ھەیە کە لە قۆناغی یەکەم دا باشرین بژاردە: کۆنفیدراڵییە بۆ کورد لە عێراق دا.

کاتێک ڕەخنەم لە پرۆژەکەی مام جەلال گرت، بە ناونیشانی: ''نەخێر بۆ پرۆژەکەی مام جەلال''، کە پۆستەکانی کەرکوک دابەش نەکرێ بە یەکسانیی لە نێوان عەرەب، تورکمان و کورد، پێم وابو: گرنگە مام جەلال ھەوڵی کۆنفیدراڵیی بۆ کورد بدات، نەک کەرکوک دابەش بکات، کە دەرەنجامی ئەو پۆست-دابەشکردنە تورکمان و عەرەب دژی کورد یەک دەگرن و، دەشبێتە بەڵگەیەکی مێژووی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کەرکوک!!

پێش ڕیفراندۆم کاتێک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نامەکەی ئاراستەی مەسعود بارزانیی کرد، بابەتەکەم ماوە کە پێموابو: ''لە سیاسەت دا لە نێوان سەد و سفر دا، نەوەد و نۆ ژمارەی تر ھەیە! لە نێوان ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لەلایەن کورد و، فیدراڵیی بۆ ھەرێم لەلایەن ئەمریکا-عێراق، مەسعود بارزانیی دەتوانێت دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا-عێراق بکات بە گەرەنتی پێدانی کۆنفیدراڵیی بۆ ناوچەکانی کورد لە عێراق دا!''.

گەر بتەوێ شیکاری سیاسیی و دبلۆماسیی بە لۆژیکانە بکەیت، نابێت ھەستی ڕق و خۆشەویستیت ھەبێت و، گوێ بەوە بدەیت کە وەسف دەکرێیت یان توانجت لێ دەدرێت. بەڵکو پێویستە دان بەو پرسانەدا بنێیت کە مەنتیقی تێدایە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان. پێموایە: ''ئەم ڕاگەیانراوەی بەرھەم ساڵح خاڵی مەنتیقی تێدایە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە عێراق دا، کە ئەویش شێوەی کۆنفیدراڵییە. بەڵام لە یەک خاڵ دا د.بەرھەم لە ڕاگەیانراوەکەی دا ھەڵەی کردوە، ئەویش داواکردنی کۆنفیدراڵییە بۆ ناوچەکانی شیعەکان و سونەکانیش. چونکە پرسی جیاکردنەوەی ھەرێم لە نێوان شیعەکان و سونەکانی عێراق زۆر قورسە و، وڵاتانی شیعە و سونە دەستێوەردانی تێدا دەکەن. بۆیە گرنگە کورد خۆی ھەوڵ بدات کە کۆنفیدراڵیی لە عێراق بە دەست بێنێت و، خۆی نەگلێنێتە چارەسەرکردنی پرسی شیعەکان و سونەکان کە دوژمنایەتیی نێوانیان ھەزاران ساڵەیەو بە کورد چارەسەر ناکرێت''.

واتە: مەنتیقییە داوای چارەسەرکردنی پرسی کورد لە عێراق بەشێوەی کۆنفیدراڵیی بکەیت. بەڵام نامەنتیقییە کە خواستی کۆنفیدراڵیی بۆ شیعەکان و سونەکانی عێراقیش بخوازیت. چونکە ئەو دوژمنایەتییەیان ھێندە خوێنین و مێژووییە، بە بێ جیاکردنەوەی شیعەکان و سونەکان لە یەکتر، تا ماوە عێراق ئارام ناگرێت. مەسەلەکە ئەوەیە جیاکردنەوەی شیعەکان و سونەکان لە یەکتر بە شێوەی کۆنفیدراڵیی لە ئێستادا لۆژیک نایبڕێت! ھەروەھا گلاندنی پرسی کورد بە کێشەی ھەزاران ساڵەی نێوان شیعەکان و سونەکان: ھەڵەیەکی ستراتیژییە!

بەڵام من لەگەل ئەو خاڵەی ڕاگەیانراوەکەی بەرھەم ساڵحم کە کورد پێویستە بۆ کۆنفیدراڵیی تێبکۆشێت و، عەرەبەکان ڕازی بکات کە ئەو سیستەمە تەنیا ڕێگا چارەی لۆژیکی ئێستای کێشەکانی نێوان باشوری کوردستان و دەوڵەتی ناوەندی عێراقە.
ـ
پێگەی ئەلمۆنیتۆر و بافڵ!

لای ھەموان ڕونە کە پێگەی ئەلمۆنیتێر بڵاوی کردۆتەوە کە لە ناو یەکێتییەوە زانیاری بە تورکیا دراوە لەسەر مەزڵوم عەبدی!

کەیسی کەوتنەخوارەوە یان خستنەخوارەوەی دوو ھەلی کۆپتەرەکەش لە یەک کات دا، لۆژیک نایبڕێت کە کەوتنەخوارەوەی سروشتی بو بێت!!

زۆر ڕوداوی تر نیشانەی پرسیاری گەورە لەسەر دامودەزگا ئەمنییەکانی یەکێتیی دادەنێت.



لە ڕوی مێژووییشەوە، کاتێک ساڵی پار لەم بابەتەی ئاوێنەدا:

https://www.awene.com/detail?article=52365&fbclid=IwAR2YvzKzLYQJ86DYTUQKLvHCs2lmjV0kBA1yRV3TB6-5U7JaoykSmRdlzqs 



دەقاودەقی چەند بەڵگەنامەیەکی نھێنیی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیام لە بابەتەکە بڵاوکردەوە. بە ڕونی بۆ خوێنەر دەسەلمێت کاتێک یەکێتیی پارەی لە بەعس وەرگرتوە کە مەفرەزەیەکی یەکێتیی ئینگلیزە ئەندازیارەکانی پرۆژەیەکی مەدەنیی لە دەشتی ھەولێر، بڕفێنن. خێرا لە ناو سەرکردایەتی یەکێتییەوە زانیاری ورد بە ھەواڵگری بەریتانیی دراوە کە مام جەلال و ڕژێمی عێراق ڕێکەوتنێکی وا نھێنییان کردوە. ھەربۆیەشە دبلۆماتکارانی بەریتانیی ھەم نیشانەی پرسیاریان لەسەر یەکێتیی داناوەو بە 'باندی مافیایی' ناویان ھێناون. ھەمیش بانگێشتی وەزیری دەرەوەی عێراقی ئەو سەردەمەیان بۆ باڵوێزخانەی بەریتانیا لە عێراق لەسەر ئەو پرسە کردوە.

کورتوپوخت: مەسەلەی سیخوڕیی لە نێوان سەرکردەکانی گروپە کوردییەکان بۆ ھێزەکانی دەرەوەی خۆیان ھەیەو ھەبوە. بەڵام لە ناو یەکێتیی ئەوە 'حاڵەت' نەبوە، بەڵکو 'دیاردەیەکی ئاشکرا' بوە کە سەرکردەکانی یەکێتیی بەسەر یەکترەوە، تەنانەت بەسەر مام جەلالیشەوە، ئەو کارەیان کردوە!

بافڵ جلی سەربازیی و عەسکەری دەپۆشێت. ئەمەش لە ڕوی دبلۆماسیی و، پەیامی دبلۆماسییەوە، بەو مانایەیە: ھەم لە حاڵەتی 'شەڕ' دایەو، ھەمیش سەرۆکایەتیی نیزامێکی تۆکمەی سەربازیی-ھەواڵگریی دەکات.

پرسیارەکە بۆ بافڵ ئەوەیە: ئایا خۆی سیقە و متمانەی بە دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتیی ھەیە کە ھێندە 'پەروەردە' کرابن کە 'ھەواڵنێر: سیخوڕ'یان لە ئاستی باڵا تێدا نییە!؟

ئەی ئەگەر خودی ئەو سیخوڕانە سەری خودی بافڵ، یا کەسە نزیکەکانی ئەویان دانا!؟ یاخود ئەی ئەگەر ئەو سیخوڕانە سلێمانییان غەرقی گەمارۆ و داڕوخان بە تەواوی کرد!

چۆن دەبێ ''سەرۆک!!'' جلی سەربازیی و عەسکەری بپۆشێ، کەچی نیزامی حوکمەکەی لە ڕوی ئەمن و ئاسایشەوە ھێندە پەرتەوازە و سیخوڕ ی، تێدا بێت!

ئەگەر بافڵ بڕوای بەم نوسینەو، بەڵگەنامە نھێنییەکانی بەریتانیا و، پێگەی ئەلمۆنیتۆر نییە، ئەوا داھاتو زیاتر ئەسەلمێ کە چ ڕاڤەیەکی سیاسیی تەندروست و دەقیق بوە!

خۆ ئەگەر بافڵ بڕوای بەم نوسینەو، بەڵگەنامە نھێنییەکانی بەریتانیا و، پێگەی ئەلمۆنیتۆر ھەبێ، کە وایە سیخوڕ لە ناو سەرکردایەتی یەکێتیی و دەزگا ئەمنییەکانی ھەیە. ئەی چۆن دەبێ 'سەرۆک!!' جلی سەربازیی و عەسکەری بپۆشێ و، ھێندە کەسی باڵا لە نیزامەکەی دابێت کە بۆ دەزگا ھەواڵگرییەکانی ناوچەکە ئیش بکەن. تەنانەت ئەگەر کەسانی باڵای ناو دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتیی ئیش بۆ دەزگای ھەواڵگری پارتییش بکەن، ئەوە بەو مانایەیە کە پارتیی کۆنترۆڵی یەکێتیی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی کردوە. کەوابو بافڵ کەی و چۆن دەتوانێت ڕادیکاڵانە ئەو پرسە ترسناکە چارەسەر بکات!

خۆ ئەگەر ڕێگای سێیەم بێ و، یەکێتیی خۆی بە کەسێکی باڵای وتبێت: ''ئەو زانیارییە بدە بە ھەواڵگری تورکیا بۆ ئەوەی پەیوەندی یەکێتیی-تورکیا چاکببێتەوە، ئەوا ئیتر قسە نامێنێتەوە بۆ وتن!!''.

دوایین ئەگەریش، تەنانەت بۆ ئەو ئەگەرە 'ئەستەمە'ش دەچم کە دەزگای ئیتلاعات بە ھاتنەکەی مەزڵوم عەبدی زانیبێت و، لە ئاڕاستەیەکەوە بە ھەواڵگری تورکیای دابێت، بۆ ئەوەی نێوانی گروپە کوردییەکان بە تەواویی تێک بدات و، بە تەواوی وا بکات کە تورکیا گەمارۆ بخاتەسەر سلێمانیی، بۆ ئەوەی کاربەدەستانی سلێمانیی بە تەواوی خۆیان بدەنە دەست ئێران!

بە ھەر حاڵ، گرنگە لە شیکاری سیاسیی دا بە مەنتیق ڕاستگۆیانە ئەگەرەکان بۆ سیاسییەکان بخەیتە پێش چاو! دواڕۆژیش دەیسەلمێنێ ھەڵسەنگاندنە لۆژیکییەکان، ھی کێ بون و کامانە بون!


ـ
شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×