درۆی چرووک

غازی حەسەن
  2023-04-10     550

بێگومان مەبەستم ئەوە نییە شڕۆڤەی گوتاری ئاشکرای لایەنە سیاسییەکان و ڕۆژنامە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و وتاری هەندێک وتارپێنووسی سیاسی بکەم، کە بەکردەوە هەڵفگری ڤایرۆسی درۆیەکی ڕاستەقینەن، یان درۆیەکی ڕاستن و  لەکردەوەدا بانەگشەی شەڕ و قووڵکردنەوەی کێسە ناوەخۆییەکانیان مەبەستە. درۆ داکۆکیکردن و درۆی هێرشکردنە سەر یەکتر پڕە لە گومان و شلۆقکردن و تڕۆبوون.

ئەگەر دۆری سیاسی گریمانەی شیاوبوونیش بەخۆی بدات، بەڵام هیچ گاڤێک سیاسەتی درۆ نابێتە کردەیەکی شیاو و گونجاو. لەم ڕۆژانە (تەقینەوەیەکی فڕۆکەخانەی سلێمانی)مان بینی. سەرەتا بەهەواڵی (پووش سووتان) دەستی پێکرد، دواتر گوترا (مەزلوم عەبدی) لە سلێمانی نەبووە، کەچی دواتر  (هەواڵە درۆیەکە) چرووکێکی خراپی کرد، هەم تفەنگچی و هەم ئەوانەی لەچاوەڕوانی نیشانە شکێنی بوون، شەرمەزار بوون. نازانم ئەم (درۆیە نەعەلەتییە بۆچی وەها چرووکی کرد).

تورکیا ڕایگەیاندن من ئەم کارەم کردووە، کەچی خەریک بوو شەڕ لەنێوان یەکێتی و پارتی دروست بێت. هەندێک قسەش کرا. وەلێ خوا خێری گۆڤاری (ئەلمۆنیتۆری ئەمەریکی) بنووسێت، زانیارییەکانی بەشێوەیەکی دیکە پێشکەشی خەڵک کرد.

تورکیا ڕاشکاوانە گوتی ئێمە بووین بەدرۆن ئەوانەمان کرد ئامانج کە لەسلێمانی خەریکی کۆبوونەوە بوون. یەکێتی گوتیان کەمینەیەکی نێو پارتی زانیاریی بە تورکیا داوە و (ئەلمۆنیتۆری ئەمەریکی)یش ڕایگەیاند "چەند سەرچاوەیەكی هەرێمی ئاگادار لەکاری هەواڵگریی قسەی بۆ كردووین ‌و پێشبینی دەکەن لەناو دژە تیرۆری سلێمانی لەدژی شێوازی توندی بافڵ تاڵەبانی زانیاریان بە توركیا دابێت، كە مەزڵوم عەبدی لە سلێمانییە".  ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە و هەموو شتەکانی هەڵگێڕایەوە. بۆ دەبێت فڕۆکەخانەی سلێمانی ببێتە ناوەندێکی پڕ گومان لە هاموشۆی نهێنی هەندێک لەوانەی ناتوانن بەئاشکرا جووڵە بکەن، یان بەکار بێت بۆ دروستکردنی گومان.

گرنگ ئەمەریکا ئاشکرای کرد سێ کەسی ئەوان لەنێو کاروانە بەئامانج گیراوەکە بووە، تورکیاش پێ ناچێت لەقازانجی بووبێت کەس بکوژێت و هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا بخاتە مەترسی و تەنگەژەوە.  (عەبدی) ڕوونکردنەوەیەکی دەرکردووە و گوتیەتی "هەموو ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی ئەو هێزە تێکۆشەرە دەکرێت بۆ شاردانەوەی چەواشەکردنی ڕاستییەکانن". واتە ئەوەی لەسەرەتا ویسترا بشاردرێتەوە، سەری نەگرت. ئەو بەدزی چۆتە سلێمانی. ئەمە دەبێت چ جۆرە کۆبوونەوەیەکی گرنگ بووبێت؟ دیار نییە. بۆ ئەنتەرنێت بۆ کۆبوونەوە بەکارنەهێنراوە و گیانی خۆیان خستۆتە مەترسییەوە.

پرسیار ئەوەیە بۆچی (عەبدی) لە کوردستانی سوریا کۆبوونەوەی ئەمنی ناکات و لە سلێمانی ئەو کۆبوونەوەیە دەکات، کۆبوونەوە لەگەڵ کێ دەکات؟ بۆچی ئەمەریکییەکان لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدارن؟. ئەوانەی ئەم زانیاریانەیان بە تورکیا داوە چ سوودێک لەم زیانگەیاندنە بە وەفدەکە وەردەگرن؟ ماوەیەکی کەم پێش ئێستا دوو کۆپتەر کەوتنە خوارەوە و ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنی پەیەدە گیانیان لەدەستدا، بۆچی؟. ئەوانیش هەر لەسلێمانییەوە فڕیبوون، ڕاستە؟ ئەمانە چ پەیوەندییەکی نهێنیان بەیەکەوە هەیە؟

تورکیا ئەمە بە هۆکارێکی شەرعی و سیاسی و ئەمنی دەزانێت سزای سلێمانی بدات، گەشتی فڕۆکە ڕابگرێت و بە درۆن هێرش بکات و پیشتریش چەندین کادری پەکەکەی لەنێو سلێمانی و لە سنووری پارێزگاکە کردۆتە ئامانج، بۆچی هیچ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی یاسایی و ڕۆژنامەنووسی  و ئاشکراکردنی زانیارییەکان ناکرێت؟

گریمانەی ئەوە دەکرێت ئەمە تەنیا ئاگادارکردنەوەیەکی توندی تورکیا بێت دژی دەسەڵاتدارانی بەکردەوەی سلێمانی و یەکێتی، هیچ بەدوور نازانرێت ئەمە سەرەتای قۆناغێکی سەخت بێت و کردەوە وکاردانەیەو دیکەشی بەدوادا بێت، چونکە تورکیا پێی وایە پەکەکە کۆنترۆلی زۆربەی سلێمانی کردووە. ئەرێ کەس ناپرسێت بارەگای میتی تورکی لە سلێمانی ئەرکی چییە و ڕۆلی لەم کردەوانە چییە؟.  هەرچەندە یەکێتی بەفەرمی بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە ئەمە سەرەتایەکی بەهێزە بۆ پەیداکردنەوەی گیانی نەتەوەیی و کوردایەتی لەنێو خودی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا و هێرشەکان دەقۆزنەوە و لەپێناو بەهێزکردنەوەی خۆیان بەکاری دەهێنن، لەکردەوەدا من ئەمە وەکو دەرمانێکی ئێکسپایەر دەبینم ، نەک دەرمانێکی سروستی کاریگەر بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی نێو یەکێتی. پەکەکە لەجیاتی پاڵپشتی یەکێتی  بۆ ئەوەی ئیدارەیەکی بێ کێشە و کۆسپ لەزۆنی خۆیاندا بکەن، ڕاشكاوانە و مەردانە ئیستغلالی هەموو شتێک دەکەن بۆ بنکۆڵکردنی دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم و ئینجا پێگەی جەماوەری خودی یەکێتی.  من وێنەی (ئاپۆ) پتر لەوێنەی (مام جەلال)  دەبینم، کۆبوونەوە بەجۆشتر بۆ پاڵپشتی پەکەکە پتر لە پاڵپشتی یەکێتی لەنێو سلێمانی دەبینم و بەکردەوە پەکەکە وەکو حاکمێکی سێبەر لەم ناوچەیەدا هەڵسوکەوت دەکات و مل بۆ هیچ یاسا و ڕێسایەکی فەرمی نە حکوومەت و نە یەکێتیش نادات، کەس باسی ئەوە ناکات بۆچی و چۆن کادرەکانی پەکەکە لەلایەن تورکیا دەکرێنە ئامانج و هۆکار و ئەنجامدەرانی کێن؟

لەبەرانبەر ئەوانەدا (بەهرۆز گەلالی) کە ئاماژەی بە باڵادەستی پەکەکە لە ناوچەی سلێمانی دەکات داوای کردووە "یەکێتی و تورکیا پێکەوە گفتوگۆ بکەن" ئەم بۆچوونە ڕەنگە دەماری ملی هەندێک لە تووندڕەوەکانی زۆنی یەکێتی هەڵبستێنێت، بەڵام بەلای منیشەوە گفتوگۆ رێگەیەکی گونجاوە. ئەمەریکایش بەفەرمی بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوە دەکات. تورکیا بەمە ناوەستێت، بەهاری کەشێکی لەبارە بۆ جووڵەی پتر هێرش. من بڕوام وایە درۆی سیاسی ئەگەر کردەیەکی نیمچە ڕەواو و شیاویش بێت، بەڵام سیاسەتی درۆ ئاکامێکی مەترسیداری دەبێت. پەکەکە هیچ لایەنێکی سیاسی کورد وەکو کۆیلە و پاشکۆش لە کوردستانی تورکیا قبووڵ ناکات، لە کوردستانی عیراقدا لایەنەکان بە پاشڤەڕ و دواکوتوو و گەندەڵ و بۆرژوازیی و نۆکەر وەسف دەکات، کەچی یەکێتی و هەندێک لایەنیش پێیان وایە دەتوانن وزەی کوردایەتی و خۆزیندووکردنەوە لەرێگەی هاوسۆزی لەگەڵ پەکەکە پەیدا بکەنەوە، لەگاڤێکدا ئەمە بانگەشەیەکی کورتبینانە. یەکێتی و پارتی و لایەنە کوردییەکان لەنێو ماڵ و جوگرافیای شەرعی و هەقیقی خۆیان بەهێز و خاوەن وزەن و پێش گفتوگۆ لەگەڵ دراوسێکان پێویستە خۆیان گفتوگۆیەکی هەقیقی بەرهەمدار بکەن و کارتی سووتاو لەپێناو هەڵبژاردن بەکارنەهێنن، هەروەسا خەیاڵاندنی واقیعی سیاسی و بانگەشە بۆ شتێک، کە کتوموت لەهیچ دەچێت، نەکە واقیعێکی زڕی سیاسی پووچ!.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×