رۆڵی جاش  لە ئەنفالدا

عەلی مەحمود
  2023-04-13     635

ئۆپەراسیۆنی  ئەنفال بە بەشداری  سوپای عێراق و  هێزە تایبەتەكان و  ئەمن و ئیستخباران و .... بە هاوكاری زیاتر لە  366 فەوجی جاش و دەیان مەفرەزە خاسەی جاشی كورد ئەنجامدران. هاشم سوڵتان لە وتەیەكی بەرگریدا لە پرۆسەی دادگایی ئەنفالدا ژمارەی جاشەكانی بە 250000 كەس دیاریكردووە.

 لەسەرجەم ئۆپەراسیۆنەكاندا دیدەرەكان شایەدی ئەوە دەدەن, جاشەكان لە هەموو ئۆپەراسیۆنەكان پێش سوپا كەوتوونە, زۆرینەی خەڵكەكە بە چاوساغی و درۆی ئەوان دەستگیركراون, بە پێی بەڵگەنامەكان هیچ فەوج و مەفرەزەی تایبەتی جاش نییە, بەشداری چەند پرۆسەیەكی ئەنفالیان نەكردبێت, لە ماوەی ئەنفالدا بەشدار نەبوبێت, یاخود هاوكات لە گەڵ بەشداری لەو كات و شوێنەدا ئەركیان پێ نەسپێردرابێت.

 

بۆچی جاشەكان هەموو تاوانباری بەشداری ئەنفالن؟

لە رێكەوتی 8-9-1987 بە نووسراوی ژمارە 5731ی بیرۆی باكووری پارتی بەعسی عەرەبی سۆسیالستی, بڕیار درا تەنها 50%ی پێكهاتەی فەوجە خەفیفەكان لە بارەگا جێگیرەكانیان و رەبایەكان بمێننەوە, ئەوی دی بەكار بهێنرێن بۆ پەلاماری گوندە قەدەغەكراوەكان, بۆ ئەوەی پەلاماری پێشمەرگەو دانیشتووانە سڤیلەكەی بدەن, لە هێرشەكاندا پێش سوپا كەوتن, بەشداریان كرد لە پەلاماری هاووڵاتیانی سڤیلی لادێ نشین, خانووی هاووڵاتیانیان روخاند, مزگەوت و قوتابخانەو نەخۆشخانەیان وێران كرد, لە تاڵانیش دەستیان نەپاراست, بڕیاری 4008یش لەو بارەوە ئازادیانی كرد لە تاڵانكردن. واتا بەردەوام چارەكی كۆی ژمارەی فەوجە خەفیفەكان  لە ماوەی ئەو 364 رۆژەدا لە ئەركدا بوون لە پانتایی جوگرافیای كوردستان, وێڕای چارەكێكی زیاتری دیكەیان بەردەوام لە بارەگاو رەبایەكاندا پارێزگاری حكومەتیان دەكرد و رێگاگانیان دەپاراست و بۆسەیان دادەنایەوە لەسەر رێگاكان بۆ پێشمەرگەو هاووڵاتیان, دەیان و سەدان تاوانی جەرگبڕیان لەو بۆسانە ئەنجامدا. لە تەواوی پرۆسەی ئەنفالەكان و قۆڵەكانیەوە, سەرەتا جاشەكان چونەتە گوندەكان و هەڵەت و شیو دۆڵ و ناو ئەشكەوتەكان و سەر چیاكان دواتر سوپا, بەمەش دەردەكەوێت تەواوی فەوجە جاشەكان لە پرۆسەی ئەنفالدا لانی كەم چەندین جار بەشدارییان كردووە لە تاوانەكەو هاوپشكن لە تاواندا تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی جینۆساید, ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال نووسرابێت  یان  نا.

تەنانەت مندالانیان چەكدار دەكرد بۆ موچەكانیان, لەو ئاستەدا ژمارەیەكی زۆریشیانیان بە كوشتدا, ئەمەش  تاوانێكی دیكەیانە لە پاڵ تاوانی بەشداری لە تاوانی جینۆسایدی ئەنفال.

 

پشكی جاش لە جێبەجێكردنی بڕیاری 4008  

لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا زۆربەی دەستكەوتەكان كە بەدەست دەهێنران لە سەروەت و سامان بۆ فەوجی جاشەكان و هێزەكانی حكومەتی عێراقی بوون بە پێی بڕیارەكە, هێزەكان عێراق بە تەواوی دەستكراوە كران بۆ فەرهودو تاڵانی, بە تایبەت فەوجەكانی جاش.

خاڵی حەوت لە بڕیاری 4008, جاشەكانی سەرپشك كرد لە تاڵانكردن" هەموو ئەو شتومەكانەی كەوا فەوجەكانی بەرگری نیشتمانی جەنگاوەرەكانیان دەستیان دەكەوێت بۆ خۆیان دەبێت, تەنها چەكە قورسەكان و چەكی پشتیوانی و چەكی مام ناوەندی نەبێت چەكە سوكەكان بۆ خۆیان دەبێت, ئێمەی لێ ئاگادار بكەنەوەو تەنها ژمارەكانیان تۆمار بكەن. پێویستە لەسەر فەرماندەی جحافلەكان چالاك بن و بۆ ئاگاداركردنەوەی هەموو موستەشارەكان و فەرماندەی سرییەكان و مەفرەزەكانیان, وە بە وردی ئێمە ئاگادار بكرێینەوە لە چالاكییەكانی فەوجەكانی بەرگری نیشتمانی".

 

لە  ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی یەك  70  فەوجی جاش  جگە لە مەفرەزە خاسەكان بەشداربوون, ئەنفالی دوو 77  فەوجی جاش, ئەنفالی سێ 70 فەوجی جاش, ئەنفالی چوار 55  فەوجی جاش,  ئەنفالی 5 و 6 و 7  چل و پێنج  فەوجی جاش  بەشدارییان كرد.

هەرچەندە  ئەنفالی 1  و دوو و  چوارو هەشت بە ئۆپەراسیۆنی سوپا ناوزەد  كراوە, سێ و پێنج و شەش و حەوت  بە ئۆپەراسیۆنی جاش و هێزە ناوچەییەكان , بەڵام لە ئەنفالی هەشتدا لانی كەم 163 فەوجی جاشی خەفیفە كۆی گشتی65,375جاش  بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەیان كردووە.

بە پێی بەڵگەنامەیەك بە واژۆی سەركردەی ئۆپەراسیۆن لیوا روكن یوسف محەمەد ئەلزەرب, فەرماندەی لەشكری پێنج لەجۆری (ئەو پەڕێ‌ نهێنی ‌و تایبەت) بە ژمارە (ح2  2422) لە (25 ك. 1. 1988) بۆ فەرماندەیی گشتی سوپای ناردووە, دیاریكردووە لەو شاڵاوە 13553 كەس دەستگیركراون, كە " 893 كەسیان تێكدەرن"پێشمەرگە", 737 كەسیان تێكدەری خۆ بەدەستەوە دەر, 1489 پیاو, 3373 ژن, 6964 منداڵ" بوونە. هاوكات لە راپۆرتەكە ستایشی رۆڵی فەوجە خەفیفەكانی كردووە كە لە هەموو قۆڵەكانەوە پێش كەرتەكانی سوپا كەوتوونە, بەشداری روخاندنی لادێكان و تاڵانیەكانیان كردووە.

جاشەكان سەرباری ئەوەی راستەوخۆ لە كردە سەربازییەكان پێش سوپا كەوتونە و بەهۆی شارەزایی و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیانەوە هۆكاری گرتنی زۆرینەی خەڵك بوونە, هاوكات لە رێگای ئەوانیشەوە خەڵكێكی زۆر تەسلیم بوونەتەوە كە زۆرینەیان پیاوی گەنج و زۆریان چەكدار بوونە, واتا لە كاتی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال و كاتی ئاساییدا رۆڵی خۆیان لە ئەنفالكردنی خەڵكدا  گێڕاوە.

جاری واش رێك  كەوتووە لە پرۆسەی ئەنفالدا جاشەكان رۆڵی پۆزەتیفیان گێڕاوە وەك لە ئامریەی سەربازگەی تەق تەق بە هاوكاری جاشەكان هەندێكیان ئازاد كراون لە چەمچەماڵ و دوزیش جاشەكان هەندێكی دیكەیان ئازاد كردووە, تاك و تەرا لێرەو لەوێش  جاشەكان ژن و منداڵیان لە زۆر  جێگا بەهۆی خزمایەتیەوە بەرداوە .

 

دادگایی  كردن

لە پرۆسەی دادگاییەكەی دۆسییەی ئەنفال حەوت تۆمەتبار وەك تۆمەتباری سەرەكی دادگاییكران, وە 42 تۆمەتباریش لە هەنگاوی یەكەمدا دیاریكرابوون بۆ دادگاییكردن لێ ئامادە نەبوون وەك لە دوو نامەی دادگای باڵای تاوانەكاندا ناویان هاتووە " بە پێی نووسراوی ف2  1445 رێكەوتی 18-12-2005 ی دادگای باڵای تاوانەكان, بڕیاری گرتن بۆ 24 كەس دەرچوو, كە بریتی بوون لە" نزار خەزرەجی, یونس ئەلدرب, ئەیاد خەلیل زەكی 89-اللوائ الركن (ایاد خلیل زكی) قائد ق ق جح /د و /, رەمزی مەحمود 92-اللوائ الركن (رمزی محمود عبداللە) قائد فق مش /33, سەعید مەحمود باریكە, قاسم دڕەیی  216-قاسم رشید درەیی , معتەسەم بەرزنجی, یاسین رەئوف, تەحسین شاوەیس, قاسم ئاغای كۆیە, بایز عەبدالڕەحمان, عەلی ئەحمەد رەشید, نیعمە فارس 86-الفریق الركن (نعمە فارس حسین) معاون رئیس اركان الجیش للتدریب

 , حەمید شەعبان, نەجم عەبدوڵا دوری, عیسمەت سابیر 94-اللوائ الركن (عصمت صابر عمر) قائد فق /4 ,عەدنان جەباری 179-سعید عدنان جباری, جیهان موسا, رەفعەت گلی  شمال رفعت كلی امر سریە , عوسمان شێخ سەعید, شێرزاد ساڵەح, تۆفیق جەبار قارەمان  159-توفیق جبار قارمان

, حوسێن شێخ سەعید, حەسیب حەمە ئینجە".  

هەروەها "لە رێكەوتی 21-12-2005, بە پێی نوسراوی دادگای باڵای تاوانەكان  ژمارە ف2  1474, داوای ناوی سیانی و ناونیشانی 18 تاوانبار دەكات  كە بریتین لە" سەعید مەحمود باریكە, عەدنان جەباری, شێخ رەئوف, شێخ جەعفەر 164-جعفر عبدالكریم البرزنجی محافز السلیمانیە, شێخ رەمەزان, قاسم دڕەیی, جیهان موسا, معتەسەم بەرزنجی, رەفعەت گلی, یاسین رەئوف, غەسان شێخ سەعید, تەحسین شاوەیس 409-تحسین شاویس سعید , شێرزاد ساڵەح, قاسم ئاغای كۆیە  115-المستشار (قاسم فارس تاهر مصتفی اغا) ف د و /, تۆفیق جەبار قارەمان, بایز عەبدالڕەحمان, حوسێن شێخ سەعید, عەلی ئەحمەد رەشید, حوسێن حەمە ئینجە".

-نزار خەزرەجی, كە بە وتەی خۆی راستەوخۆ فەرماندەیی ئەنفالەكانی 1 , 2, 4 , 8ی كردووە ناوی لە لیستەكەدا نییە, وە 25 كەس لە كۆی 42 كەسە داواكراوەكە ناویان لە لیستی تۆمەتباران نییە كە 21  یان كوردن و راستەوخۆش كەسوكاری قوربانیان لەمانەو زۆری دیكە سكاڵایان لە دژیان  تۆماركردووە, كاتی خۆی پێش دادگای باڵای تاوانەكان لیستەكەیانم بڵاو كردەوە.

 

زۆرینەی تاوانبارانی ئەنفال كوردن

لیستی 423 كەسەكەی تۆمەتبارانی دووەمی ئەنفال بە تایبەت كوردە جاشەكان لە سەر بنچینەی ئەو بەڵگەنامانەی دەست كەوتن لە بەشداریان لە پرۆسەكە نموونە 163یان لە ئەنفالی 8, 77یان لە ئەنفالی یەك و دوو كە نیشانەی ئازایەتیان وەرگرت, وە هەندێك بڕیاری دیكەی وەرگرتنی نیشانەی ئازایەتی دیاریكراون, وەك بینیمان 21 كەس كە راستەوخۆ كەسوكاری قوربانیان سكاڵایان لەسەریان تۆمار كردووە, ناویان لە لیستەكە هەر نییە, سەرباری زۆر ناوی دیكە سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە, بەڵام دواتر بە هۆكاری نەزانراو ناویان نەچۆتە لیستەكەوە.

وە كەسانێكی زۆریش هەن لە میانی پرۆسەی ئەنفالدا تاوانی قێزەونیان ئەنجامداوە كەچی بەهۆی نەبوونی هۆشیارییەوە كەسوكاری قوربانیان سكاڵایان لە دژیان تۆمار نەكردووە.

ئەگەر كوردەكان  تەنها ئەو 258 كەسە بن لە كۆی لیستە 423 كەسییەكە ئەوا 60,9%ی تۆمەتباران دیاریدەكەن, كە زۆری دیكە لە لیستەكەدا هەن, وێرای لیستە 21 كەسییە داواكراوییەكەی خولی یەكەم و ئەوانەی سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە لە لایەن قوربانیانەوە نەخرانە هیچ لیستێكەوەو ئەوانەشی سكاڵایان لە دژیان هەر تۆمار نەكرا.

كەواتە ئەگەر ئەنفال بڕیارەكەی لە لایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشەوە درابێت , ئەوا جێبەجێكارەكەی بەشێوەی گشتی جاشی  كوردن, ئێستا هەموو لە سزا  نەك رزگاریان بووە, بگرە كەوتوونەتە بەر پاداشتی دەسەڵاتی كوردی.

 

بۆچی  دادگایی ناكرێن؟

بە بەهانەی  لێبوردنی گشتی بەرەی كوردستانییەوە تۆمەتبارانی ئەنفال هەموو لە سزاو لێپرسینەوەو بەرپرسیارێتی رزگاریان بووە, لێبوردن ئەوانەشی گرتەوەوە تا دوای 2003 لە بەغدا بوون, لە كاتێك تاوانی ئەوان گلانە بە تاوانی جینۆسایدو تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی, لێبوردن ئەو جۆرە تاوانانە ناگرێتەوە, گوایە رێگا دراوە لە رێگای مافە كەسییەكانەوە قوربانیان سكاڵا تۆمار بكەن, بەڵام ئەمە راست نییە هەموو دەزگاكانی حكومەت لە بەردەم سكاڵای كەسوكاری قوربانیان داخراوە, بە فەرمی سكاڵامان لە داواكاری گشتی رەتكراوەتەوە, دەسەڵاتی باڵای كوردستان فەرمانیان داوە ئەم كەیسە نەجوڵێنرێت, هیچ  سكاڵایەك لە دژی تاوانبارانی ئەنفال نەجوڵێنرێت. 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×