ئەنفال.. جینۆسایدی نەتەوەیەکی بێ یاداوەری

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2023-04-14     556

ئەنفال عەڵقەی کۆتایی ستراتیژێکی داڕێژراوی دەسەڵاتدارانی عێراق بوو بۆ دەستکاریکردنی پەیوەندی سروشتیی مرۆڤی کورد بە شوێن و خاك و کەلتور و مێژوو و داھاتووی خۆیەوە، ھەروەھا ھەڵتەکاندنی ژێرخانی کۆمەڵگەی کورد و بزوتنەوە نەتەوەییەکەی و نائومێدکردنیان لە ئاییندەی خۆیان و ئەگەری دووبارە سەربەرز کردنەوەیان.

واتە ئامانج لێی زەبرێکی ستراتیژی و سەرکوتی ھەمەلایەنە بوو لە پێناو خۆ بە دەستەوەدان و بەچۆکداھێنانێکی ھەمەلایەنە.

مەبەستیش زەبرلێدانێکی مێژوویی کۆی کۆمەڵگەی کوردی باشور بوو لەڕێی کۆمەڵکوژییەکی تێکەڵ بە سووکایەتی پێکردنی قوڵی بەشێکییەوە. کەچی بەداخەوە سەرەڕای گەورەیی ئەم کارەساتەو بە ئامانجگرتنی کۆی کوردی باشوور و ناسیۆنالیزمەکەی، بەھۆی کەرت و پەرتی یاداوەری دەستەجەمعی کورد و کاڵ و کرچی ناسیۆنالیزمەکەی و ڕەگە قوڵەکانی یەکتر بەنەفرەتکردن و شەڕی ناوخۆ، ھەرگیز وەك خۆی و بەو شێوەی پێویستە نەمانتووانی لەم ئاستەدا بیکەین بە بەشێكی بنەڕەتی و ئاراستەپێدەر لە ھووشیاری و یاداوەریماند!

ھەربۆیە، بە سەرنجدان لە واقیعە نەخوازراوەکەمان و جۆری مامەڵەمان لەگەڵ ئەنفال، وەك کەرەسەیەکی بەرین و گەورەی خۆبیناکردنەوەو سەرچاوەیەکی قوڵ و ڕەسەنی ڕەوایەتیپێدان و پاساودەری مافی چارەنووس، تا ڕاددەیەکی زۆر لەبیرکردنەوەماندا وەك تاوان دژ بە بەشێکی بێبەشی گەلی باشور مایەوەو نەگۆڕا بە شاڵاوی ھەمەلایەنەی جینۆسایدکردنی گەلێك! ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، خۆمان لە ئاستی: یاداوەری، ھەستپێکردن، ئامادەکردنەوە، تەوزیف کردن و ڕاچڵەکین، دانمان بەوەدا نەناوە ئەنفال ناوە بۆ شاڵاوی جینۆسایدکردنی گەلی باشور وەك گەل!!

بەداخەوە، ئەنفال بە ھەموو ئەو گەورەیی و مەرگەسات و ڕەنج و وەحشیگەرییەی لەگەڵ خۆیدا ھەڵیگرتووە، تاکو ئێستاش توانای ڕاچڵەکاندنی ئێمەی نەبووەو مامەڵەمان لەگەڵیدا لە مامەڵەیەکی نمایشی تێناپەڕێت! کارەساتێکی ھاوبەشی لەم ئاستەشدا نەیتوانی یاداوەری بە ناکۆکی ناوخۆ پەرتکراومان کۆکاتەوەو ھووشیاریمان بە خۆمان و مێژوو بەرامبەرەکان و ئێستاو ئاییندەمان بەجۆرێك بیناو نوێ بکاتەوە، توانای وێناکردنمان بۆ گەلی باشور و کورد وەك نەتەوە، بگەیەنێتە ئاستی خەیاڵدانێکی نەتەوەیی ھاوبەش و زیندوو و ئاسەوار دیار!

ئەمەش خۆی لەخۆیدا ڕەھەندێکی تر دەخاتە سەر مەرگەساتەکە، بمانەوێ و نەشمانەوێت بە جۆرێ لە جۆرەکان بە بێڕێزیش بەرامبەر ئەفالکراوەکان و خوێن و ڕەنج و ئازار و فرمێسکی ئەوان و قەوارەی کارەساتەکەو کەس و کاریشییان لەقەڵەم دەدرێت.

بەداخەوە یاداوەری ئێمە تاکو ئێستاش لەوە بچووکتر و بریندارتر و گرژتربووە، کارەساتێکی گەورەی وەکو جینۆسایدی ئەنفالی تێدا جێگە ببێتەوە، چونکە بۆ ئەوەی توانایەکی لەو جۆرەمان ھەبێت، دەبێت توانای لەبیربردنەوەی ناکۆکی و شەڕی ناوخۆمان لە مێژوودا ھەبێت، وەك پێشمەرجێکی بەنەتەوەبوون و بەدیھاتنی ھەستکردن بە ناسنامەو ئامانجی ھاوبەش، کە دیارە ھێشتا زۆرمان ماوە پێی بگەین، چونکە ئەو ھووشیارییە مێژووییەی بەپلەی یەکەم تاکو ئێستاش لەناوخۆدا ڕەفتاری سیاسیمان ئاراستە دەکات و خەیاڵدانمان پێکدەھێنێت، مێژووی شەڕەکانمانە دژ بەیەکتر، نەك جەنگی وجوودی ئەوانەی ئەنفالییان کردین دژ بە ھەموومان و کۆی بوونە نەتەوەییەکەمان.

ڕەھەندێکی بەسوێی ئەم قەیرانە فیکری و دەروونییەشمان لەوێدایە، کاتێك ناتوانیین وێنای گەل لەخۆمان نیشان بدەین و لە چوارچێوەشدا ئەنفالکراوە شەھیدەکانمان وەك قوربانیانی نەتەوەو پڕۆژەیەکی نەتەوەیی شکۆدار ئامادە بکەینەوە، بەجۆرێك لەجۆرەکان دەستکاری ناسنامەی ئەوانیش دەکەین و وەك قوربانیی بێ قەزییە نیشانیان دەدەین، ئامانجێ کە بەعس ویستی لەڕێی بەشداریپێکردنی جاش و چەکداری کورد لە شاڵاوەکاندا بیھێنێتە دی و ئێمەش بۆی تەواو دەکەین.

دنیایەك ڕێز و گەورەیی بۆ یادی شەھیدە ئەنفالەکانمان.. ئەوانەی تەنھاو تەنھا لەسۆنگەی کوردبوون و ژیان لە سەرزەمینێکدا کە بەعس ژیانی تیا قەدەغەکردبوو کردبووی بە مەرگەستان و مەڵبەندی تاعونی ڕەش، قڕکران. ئەوانەی لە ڕیزی بێناز و جەزرەبە چێشتووترین مرۆڤەکانی ئەم دنیایەبوون، دوعا خوازین سەربەرزترینی ئەو دنیا بن و لەوێش بەچاوی خۆیان سەرشۆڕی جەللاد و بکوژەکانیان ببینن، پێش چوونە بەھەشت، لە بەھەشتی ھەستکردن بە دادپەروەری ڕەھا، چێژ وەربگرن و پاداشتی ڕەنج و ستەملێچوویی خۆیان بەتەواوی وەربگرن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەلایەک بە بە دەستڕێژی گوللە کوژرا
وه‌زیری پێشمه‌رگه‌: پڕۆسه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌ركه‌وتویی كۆتایی هات
دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی لالەزار دواخرا؛ پارێزەران باس لە «سیناریۆ و گوشار» لەسەر تۆمەتباران دەکەن
پێشڕەویی حوسییەکان بەرەو شاری موخا؛ هاوکێشەی سەربازی لە دەوروبەری بابولمەندەب دەگۆڕێت
پەرلەمانتارێک: وەزیری دارایی واژۆی لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرد
هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی بۆ مه‌سرور بارزانی: مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم له‌ بودجه‌دا پارێزراو ده‌بن
دادگای سلێمانی ئەمڕۆ وتەی لاهور شێخ جەنگی و پێنج دەستگیرکراوی دۆسیەی لالەزار وەردەگرێت
لە کەلار؛ منداڵێکی دوو ساڵان لەناو تەشتێک ئاودا خنکا
ئیسرائیل بە هەزارو ١٠٠ تەن تەقەمەنی تونێلەکانی "عەلی تاهیر"ی وێران کرد
حکومەتی هەرێم بەپێی سەرژمێریی نوێ داوای 14.1%ـی بودجەی عێراق دەکات؛ "مەبەستمان بودجەی گشتگیرە نەک تەنها مووچە"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×