ترس و پڕۆگرامەکانی خوێندن 

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2023-04-15     365

   ترس، یان ترسان، هەستکردنە بە هۆی مەترسی یان هەڕەشەیەکی هەستپێکراوکە لەسەرمرۆڤ ڕوودەدات،  ئەمەش لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ئەرکەکانی لە ئەنجامیشدا گۆڕانکاری لە ڕەفتاردا دروست دەبێت، مرۆڤ تووشی دڵەڕاوکێ دەکات وبیرکردنەوەی ئاڵۆز دەکات. 
ئەم ترسەش لەئەنجامی تووش بوون بەڕوداوویان بیستن وبینین، کاریگەری خراپ جێدەهێڵێت. مەبەست لەڕووداوئەو کارەساتە ناخۆش وخەمهێنانەیە، کە تووشی کەسێک یان خێزانێک دێن، جارهەیە ڕووداوەکان گەورەترن بەسەرشاروووڵاتێکدا دێن، هەندێ لەڕووداوەکان سروشتین، وەک لافاوو بومەلەرزە وهەرەسی بەفر کەقوربانی لێدەکەوێتەوە.
بەڵام هەندێ ڕووداو هەن دەستکردن و مرۆڤەکان بە هۆ یان بێ هۆ دروستی دەکەن، ئەوانەی بێ هۆن و بەدەستی ئەنقەست نین جیاوازن لەوانەی کە بەبێ هۆدروست کراون.
نامەوێ پۆلێنی ڕووداوەکان بکەم، چونکە مەبەستەکەی من ئەوە نیە، بەڵکو خواستی من ئەوەیە هەرڕووداوێک کە هەیەو دیاریکراوە چ کاریگەریەک لەسەر دەروونی مناڵان جێدەهێڵێت؟
گەلی کورد بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنی نیشتمانەکەی(کوردستان)لەهەموو کات وسەردەمەکانی مێژوودا، ڕووبەڕووی شەڕوناخۆشی و وێران بوون و کوشتنی بەکۆمەڵ لەلایەن دوژمنەکانی بۆتەوە، لەم ململانێ و شەڕودوژمنکاریانەشدا، کارەسات و ڕووداووی ناخۆش هاتۆتە بەر دەم ئەم گەلە.
من لەگەڵ ئەوەدام مێژوو وەک خۆی بنوسرێتەوە، تا هەم وەک ئەرشیف بپارێزرێت وهەم بکرێتە وانەی مێژوو بۆ ژیان، بەڵام  پێویستە بەشێوازی زانستی وپسپۆڕی ئەوکارە بکرێت، نەک وەک ئەوەی ئێستا هەرکەسەو بە گوێرەی بیری تایبەت وزۆرجاریش بەمەبەست هەندێ لەوانەی خۆیان بەسیاسەتوان دەزانن، مێژووی خۆیان و شۆڕش وگەلێک دەکەنە قوربانی تەنها بۆناوی خۆیان.
لەلایەکی ترەوە ئەوڕووداوانە شۆڕبونەوە بۆ ناو کۆمەڵگە، لەمیدیاکان وپڕۆگرامی خوێندن ڕەنگدەدەنەوە، من لەگەڵ ئەوەدام نەوەکانی ئێستاوداهاتوو بەئاگابن لەمێژووی پڕمەرگەساتی نەتەوەکەیان، بەڵام ئەوەش پێویستی بەپلانی وورد هەیە، کەی وچۆن و لە کام شوێن و بۆ چ تەمەنێک و بەکام شێوازئاماژەیان پێبدرێت ؟ پێویستە ئەمانە بەباشی لێکبدرێنەوە.
ڕوونتروڕاشکاوانە تربڵێم، لەناوپڕۆگرامەکانی خوێندن بەشێوازی دوور لە ڕەچاوکردنی حاڵەتی دەروونی و تەمەن، ئەوڕووداوو کارەساتانە خزێنراونەتە ناو پڕۆگرامەکانی خوێندن کە دەبنە هۆکاری ترس ودڵەڕاوکێ لای مناڵان، لەوانەیە بڵێن ئەی چۆن باسی مێژووی نەتەوەکەمان نەکرێت؟ من ناڵێم باس نەکرێت و نەوەکان شارەزانەکرێن، بەڵام وەک لەسەرەوە ئاماژەم بۆکرد، چۆن وکەی وبە چ شێوازێک باسبکرێت، ئەوە گرنگە، پۆلێنکردنی بابەتەکان و چۆنێتی ناساندنی بۆ قۆناغەکانی خوێندن پێویستە هەڵوێستەی لەسەربکرێت ئینجا دابنرێن، ئەویش بەپێی تەمەن و توانای وەرگرتنی بابەتەکە ودروست نەکردنی کاریگری نەرێنی لەسەر دەروونی مناڵان، وابێت کە ترس وبیم ودڵەراوکێ جێنەهێڵێ لەسەرمناڵان، لەسەر ئەمە(سۆفۆکلێس)هونەرمەند وشانۆنامەنووس ونوسەردەپرسێت ودەڵێ:(بۆچی مرۆڤ هەست بە ترس دەکات بەڵکو بە ڕێکەوت و هیچی تر هەنگاوەکانی ڕێبەرایەتی نەکات؟) ئەمە ووڵامەکەی ئاسانە لەکاتێکدا ئاماژەی بە ڕیبەرایەتی نەکردنی هەنگاوەکان کردوە.
بێگوومان ترس وا دەکات نەتوانین هەنگاوبنێین، نیشاندان ودەرخستنی ئەو ڕووداوانەی ترس دروست دەکەن پێویستە بخرێنە ناو پڕۆگرامی پۆلەکانی سەرووبازنەی دوو، واتە لەپۆلەکانی حەوت بۆنۆو بەرەوسەرتر، ناکرێ لەپۆلی چوارەمی بنەڕەتی باسی ئەنفال و کیمیاباران بکرێت و مناڵان تووشی ترس وشۆک ببن، هەمیشە ترس خەون وخولیا لەناو دەبات و مرۆڤ ڕادەگرێت.
نوسەری گەورە وڕۆماننووس(پاولۆکۆیلۆ)دەڵێ:( تەنها یەک شت هەیە کە خەون وخولیا مەحاڵ دەکات، ئەویش ترسە).
لەناودنیای ڕۆشنبیری ئێمەشدا چەندین ڕاوبیروبۆچوون هەن ئەوە دەسەلمێنن، ئێمەش لەڕەوتی تێگەیشتن وناساندن ئاراستەکان لە نەتەوەکانی تر کەمترنین، نمونەشمان زۆرە، هەروەک نوسەری ناوداری کورد (عەبدول واحید نوری)لە نوسینی پەخشانێکدا دەڵێ:(خەریک بووبنوسم ترس باشنیە، بەڵام باش بوو زوو دەستم گرتەوەوزانیم دەردی ئێمە نەترسانەو ترسان نیە).
خەون و ویست وخولیاکانمان بەمەبەستی ئەوەیە نەوەکانی داهاتوو بەباشی ئاراستە بکەین و لەڕێگەی دوورکەوتنەوە لەو فۆبیا ترسێنەرانەی مناڵان ئیرادەوتوانستەکانیان دەچەپێنرێن وئامانج ناپێکن.
داواکارم لەوەزارەتی پەروەردە ولیژنەی تایبەت بە گۆڕین وپێداچوونەوە بەپڕۆگرامەکانی خوێندن، ئاوڕلەوبابەتانە بدەنەوە کە دەبنە هۆکاری دروستکردنی ترس لەسەر دەروونی مناڵان وبیانبدەن و ڕەچاوی بارودۆخی ئیستای دنیای شارستانی بکەن، چونکە کارکردن لەسەردروستکردنی کەسێتی تاک لە مناڵیەوە سەرچاوە دەگرێت، تا کۆمەڵگەیەکی بوێروخاوەن ئیرادە ودوور لەترس بونیادبنرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×