گەر بەهەڵە سواری شەمەندەفەرێک بویت، هەوڵ بدە لەیەکەم شوێنی وەستان دابەزیت!

هێمن ئەحمەد
  2023-04-18     374

وتەیەکی باوی بیانی هەیە دەڵێت؛ "گەر بەهەڵە سواری شەمەندەفەرێک بویت، هەوڵ بدە لەیەکەم شوێنی وەستان دابەزیت! چونکە هەتا مەودای گەشتەکەت دور و درێژتر بێت، تێچوی گەڕانەوەت زیاتر دەبێت"
گەر دەسەڵاتدارانی هەرێم گوێڕایەڵی دۆستەکانیان لە ئەوروپاو ئەمریکا و کەسایەتیە دڵسۆز و نیشتیمانیە ناوخۆییەکان بونایە و بە وردی هەڵسەنگاندیان بکردایە بۆ دۆخ و ژینگە و شوێنی جوگرافی و توانای هەرێم لە زۆر لایەنەوە، بەرژەوەندی وڵات و هاونیشتیمانیان بخستایەت پێش بەرژەوەنیە تایبەتەکانی خۆیان، یان گەر هیچ نەبوایە بواری ئەوەیان لەپێش بو کە زوتر لە هەڵەکانیان پەشیمان بونایەتەوە، نەک ناچار بکرێن دەستبەرداری مەرام و ئامانجەکانیان بن لەڕێگەی دادگا و فشاری نێودەوڵەتی و سەپاندنی ڕێکاری یاسایی حکومەتی ناوەند. ئەوا هەرگیز تێچوی هەڵەکانیان بەم شێوەیەی ئێستا قەبە و بەرچاو نەدەبو. هەموان ئاگادارین تێچوی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و پەیوەندیە حیزبی تایبەتەکان لەگەڵ وڵاتان چی لێ وەبەرهات. لەو هەڵانەش گەورەتر ڕاگەیاندنی بەناو ئابوری سەربەخۆ و ڕێکەوتنی پەنجا ساڵە لەگەڵ ئەو وڵاتەی هەرگیز چاوی بە بونی نەتەوەیەک هەڵنایات بە ناوی کورد. سەرەڕای ئەمانەش، گەندەڵی و تاڵانی و ڕێگە گرتن لەیەکگرتنەوەی هێزی چەکدار بۆ دامەزراندنی سوپایەکی بەهێز و نیشتیمانی. دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان، قۆرخکردنی هەمو جومگەکانی کەرتی دەوڵەتی و تایبەت، پاشەکشەکردنی ئازادی، گرتن و ترساندنی ڕۆژنامە نوس و چالاکەوانی مەدەنی، قەدەغەکردنی ڕێپێوانی ئازادانە، زەوتکردنی مافی هاوڵاتیان و موچەخۆران و دابەزینی ئاستی خزمتگوزاری بۆ خاڵی سفر و زیادکردنی باج و خەڕاج لەسەر هاوڵاتی و کارخانەکان و دروستکردنی پشێوی و قەیرانی یەک لەدوا یەک. هەمو ئەم بابەتانە بونەتە هۆی دڕدۆنگ کردنی هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەکان و ئەمریکا. لەلایەکی تریشەوە بۆتە هۆی بێ هیواکردنی هاوڵاتیان و متمانە نەمانیان بە حکومەت و دامەزراوەکانی هەرێم و دەسەڵاتداران. 
کەواتە لە ئێستادا دابەزین  لە شەمەندەفەرە هەڵەکە باشترە هەرچەندە درەنگە و تێچوی خۆی هەیە، بەڵام گەر ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێم هەست بە هەڵەکانیان نەکەن و ڕێگە ڕاستەکەی گەشتەکەیان نەدۆزنەوە و بەردەوام بن لە ئەنجامدانی هەمو ئەو شتانەی کە بە ڕاستیان زانیوە، ئەوا تێچوی گەشتە هەڵەکەیان لەسەر کەڵەکە دەبێت و هەتا دێت قورستر و گەورەتر دەبێت.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×