مامۆستاکەو خوێندکارەکە بیانین و  خوێندنگەکەش تایبەتە بەڵام.....

هێمن ئەحمەد
  2023-04-20     525

یەکەم: دەبێت ڕاگەیاندنەکان و کەناڵەکان و سەردێڕی سایتە هەواڵیەکان بە شێوەیەکی تەواو و بەرپرسانە پەخشی ئەم جۆرە ڕوداو و تاوانانە بکەن. 
دوەم: لە هەمو جیهاندا هاوشێوەی ئەم تاوانانە ڕودەدەن. هەرچەند ئەوەی ڕویداوە بەهیچ جۆرێک پاساوی نیە و تاوانێکی ئاشکرا و ڕونی دەستدرێژی سێکسیە و هەتا بڵێی قێزەون و دڕندانەیە.
سێیەم: ئەمە یەکەم جار نیە لە خوێندنگە تایبەتەکاندا کێشە و تاوانی جۆربەجۆر ڕودەدەن. بەڵام هەندێک جار بەخت یاوەریان بوە و زو بابەتەکە پەردەپۆش کراوە لەناو چوارچێوەی خوێندنگەکەدا.
چوارەم: خەم ساردی بەرپرسانی پەروەردە و خۆشەویست کردن و پیرۆزکردنی ئەم جۆرە لەخوێندن لای خەڵک زۆر کاریگەری هەبوە لەسەر کۆمەڵگە. هەندێک جار دەبینین منداڵەکە زمانی کوردی باش نازانێت بەڵام دوو زمانی بیانی باش قسە دەکات.
پێنجەم: کەسانێک خوێندنی منداڵەکانیان لەم شوێنانە بە شانازی و پلەی بەرزی کۆمەڵایەتی دەزانن. لایان وایە گەر منداڵەکەیان ناردە خوێندنگەی تایبەت ئەوا؛ مندڵاکەیان زۆر بە دیسپلین، ئاست بەرز، پێگەیشتو و ڕەفتار دروست دەردەچێت، چونکە خاوەنی سیستمی خوێندن و مامۆستای بیانین. بەڵام ئەم بۆچونەش ڕاست نیە.
شەشەم: بەرپرسیارێتی ئەم بابەتە دەکرێت بخرێتە ئەستۆی دوو لایەن ئەوانیش؛ وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی خوێندنگەکە و  پاشان دایک وباوکی خوێندکار. چونکە ڕێگەدان و هاوکاری و کارئاسانی خوێندنی تایبەت لەلایەن وەزارەتەوە بوە و پاشانیش کەم و کورتی لە چاودێری خوێندکار و درەنگ بە دەنگەوەهاتن و وروژاندنی ڕوداوەکە لەلایەن دایک و باوکی خوێندکارەکەوە بوە.
حەوتەم: دەکرێت یاسا سزایەکی توندی ئیدارە و مامۆستای تاوانبار بدات و بەتوندیش لە دایک و باوکی خوێندکار بپرسێتەوە چونکە لایەنی بەرپرس و پشتگوێخەری خوێندکارەکە بون.
هەشتەم: ئەم ڕوداوانە و هاوشێوەی دەکرێت پەند و وانەیەک بن بۆ دایک و باوکی خوێندکار و کۆمەڵگە بەگشتی و هەرگیز وەها بیر نەکەنەوە خوێندنگەی تایبەت ئەو بەهەشتە ئارامەیە کە مندڵەکەی ئەوان لەسایەیدا هەست بەخۆشیەکانی و سەرکەوتنەکانی دەکات. دەبێت ئیتر کەسانێکیش لەوە نیگەران نەبن کە توانای ئەوەیان نیە منداڵەکانیان بنێرنە ئەو جۆرە خوێندنگانە چونکە تا ئێستاش، مامۆستایانی خوێدنگە گشتیەکان کەسانی بەتوانا و دڵسۆز و ئاست بەرزیان تێدایە، سەرەڕای ناهەمواری بارو دۆخی ژیانیان و پێنەدانی مافەکانیان.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×