چۆن کتێب ترس و دڵەڕاوکێ دەڕەوێنێتەوە؟

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2023-04-24     373

مرۆڤێک دووچاری دڵەڕاوکێ و ترس دەبێت کە دەروونی لاوازە، زانیاری کەمە، جووڵەی سنووردارە و ناخوێنێتەوە. مرۆڤ کاتێک لە ناخی خۆی تێگەیشت، خۆی دەناسێت و دەروونی بەهێز دەبێت. ئەوی نانووسێت، جا یەک دێڕیش بێت، هەرگیز خۆی ناناسێت. مرۆڤی دەروون بەهێز دەتوانێت هاوکاری ئەوانیتر بکات، مرۆڤێک خۆی دەروونی لاواز بێت توانای هاوکاری سنووردارە.

من بۆئەوەی دەروونم بەهێز بکەم، وەرزش دەکەم، 
تا بەڕێکوپێکی بیر بکەمەوە، ئەندێشە دەکەم،
بۆئەوەی لە دەوروبەرم و لە گێتی تێبگەم، دەخوێنمەوە،
ناسینی ناخی خۆیشم، کاتێک پێی دەگەم، کە پێنووس دەخەمە سەر لێنووس و خەیاڵەکانم دەنووسمەوە،
پێش ئەوەی هاوکاری کەسانی تر بکەم، هاوکاری خۆم دەکەم،
دواتر و لە هەموویان گرنگتر، تا بە خێرایی فێر بم، خۆم وتەنی، جەو وەردەگرم.

مرۆڤ بەپێی کات و شوێن و بارودۆخ، جەو وەرنەگرێت، هەرچی بکات، وەکوو ئەوە وایە هیچی نەکردبێت. ژیان بۆئەوەیە کە چێژی لێ ببینیت.

کتێب بخوێننەوە، چێژەکەی ئێجگار زۆرە، من ناتوانم بۆتانی باس بکەم. دەبێت خۆتان هەستی پێ بکەن.
گەر نەخوێنیتەوە، وەکوو ئەوە وایە مۆڵەتی شۆفێری وەربگریت و هەرگیز ئوتومبێل نەئاژوویت. خەسارکردنی خوێندەوارییەکەتە. هەزاران مرۆڤ لە مێژوودا خەباتیان بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری کردووە.
با قسەکانم لەگەڵ ناونیشانەکەدا یەک بگرنەوە، بە زانست و زانیاری ترس و دڵەڕاوکێ دەڕەوێتەوە. زانست و زانیاریش لە کتێبەکانەوە وەردەگیرێن. کتێب خۆی ناخوێنێتەوە، ئێمە دەبێت بیانخوێنینەوە.

ڕۆژی جیهانی کتێب، هاوڕێیەکی ڕاستەقینەی ژیان، لە کتێبدۆستان پیرۆزبێت.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×