بەدەستهێنانەوەی متمانە

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2023-04-25     349

گشت سیستەمێکی سیاسی ھەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندی جەوھەری و زاتیە لە ھەناوی خۆیدا. 
سیستەمە سیاسیەکان لە ناواخنی خۆیاندا لە چەند مۆدێلێکی سیاسی پێک دێن. 
ھەرکام لەم مۆدێلە سیاسیانە خاوەنی دوو رەھەندن:
- روانگەی سیستەم: ئەوکۆمەڵە پرەنسیپ و چەمک و ئایدێۆلۆژیا و دەستەواژە و مەفاھیمانە دەگرێتەوە، کۆی سیستەمەکە وەک یەکەیەک و مۆدێلێکی ئایدیۆلۆژی یەکانگیر پێکدەھێنن.

- روانگەی بکەر: روانگەی تایبەتی و پێشینەی سیاسی و عەقلیەت و بۆچون و ھزری و روناکبیری ئەو کاراکتەر و بکەرە سیاسیانە لە خۆ دەگرێ، لە رێگەی مۆدێلی سیاسیەوە ھەوڵی ئیدارەدان و بەرێوەبردنی ( حوکمرانی)کۆمەڵگاوە دەدەن.

زانستی کۆمیۆنیکەیشن و تیۆری ھێرمێنیوتێک (زانستی شرۆڤە، رەگەزێکی بنەڕەتی زانستی کۆمیۆنیکەیشنە) پێمان دەڵێن ھەرجۆرە کێماسی و  بێتوانایی و ناکارامەیی  لە بواری کۆمیۆنیکەیشن و ئاڵوگۆری زانیاری و گەیاندن و لێدوان و ناردنی پەیام بە کۆمەڵ، بواری ھەڵە تێگەیشتن، تێنەگەیشتن، چەواشەکاری، بەلارێدابردن و ھەڵەتێگەیاندن بەھێز دەکات و دۆخێکی ئاڵۆزی بێ متمانەیی و بێ بروایی لە نێوان ئۆرگانەکانی حکومەت لە لایەک و ئەندامانی کۆمەڵ لە لایەکی دیکەوە دێنێتە کایەوە. 

لەم حاڵەتدا جەماوەر لە دۆڵێک و حکومەت لە دۆڵێکی تردان و ھەرکامەیان بە ئاوازێکی جیا دەخوێنن و بڕواومتمانە دەگاتە خوارترین پلە و دۆخێکی ناھەمواری پڕ لە کێشەو پشێوی و دڕدۆنگی و ئاڵۆزی و بێ متمانەیی، باڵی خۆی بەسەر کۆی گشتی کۆمەڵگادا دەکێشێ و کێرڤی نارەزایەتی و نیگەرانیەکان بەرز دەبێتەوە.

بونیادنانەوەی متمانەی دۆڕاو و لەدەستچوش، کاتو ھێزو وزەیەکی لە رادەبەدەری گەرەکەو زیاتر بە کردار و ھەوڵە جددیەکانەوە بەندە، تا ئاخاوتن و  دروشم و گفت و بەڵێنەکانەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×