ڕۆژنامەنووسی و بەرپرسیاریەتی

محەمەد ئەحمەد شەمێرانی
  2023-04-26     277

یەکێک لەو دیاردە دزێ و نەشازانەی کە لە ئەمڕۆدا یەخەی کۆمەڵگای ئێمەی گرتووە لە باشووری کوردستان، زۆری و بۆری ئەو هەموو ڕۆژنامەنووس و بەناونوسەر و ڕۆشنبیرە بێ موراڵ و هیچ لە بارانەبوو جنێو فرۆشەیە کە ڕوبەرێکی زۆری سۆشیاڵ میدیایان داگیر کردوەو بە ئارەزووی خۆیان و بەبێ هیچ فلتەر و سانسۆرێک لەسەریان چییان بوێت و حەزیان لەچی بێت ئەیڵێن و ئەی نووسن، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی هیچ ئەخلاقیات و ئیتیکێکی ڕۆژنامەگەری بکەن، حساب بۆ هیچ بەهایەکی کۆمەڵایەتی و ئاینی ناکەن و ئەوەی بەلایانەوە گرنگ نەبێت بەرژەوەی گەل و نیشتیمانەکەیانە.
ئەمە لە کاتێکدا ڕۆژنامەنووسیی، سەرەڕای ئەوەی ئەرکێکی پیرۆز و قورسە و بەرپرسیاریەتێکی گەورەیە و پێویستە لەسەر کەسی ڕۆژنامەنووس بە ئەمانەتەوە دەست بداتە پێنووس و هەمیشە نوکی پێنووسەکەی بە ئاڕاستەی سوودی گشتی هەڵسوڕێنێ و بیکاتە ئامرازێک بۆ ڕاستکرنەوەی خواریەکانی کۆمەڵگا و چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی کێشەکانیان و قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەیی و خۆشەویستی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا.
ئەوەی ئەمڕۆ ئەبینرێت تەواو پێچەوانەیە، ڕێژەێکی زۆری ڕۆژنامەنووسان ڕێز له سومعەی خۆیان و پیشەکەیان ناگرن، تەنها چاویان لە بڕی ئەو مینحە و شاباشانەیە کە لە بەرامبەر نوسینەکانیان پێیان ئەدرێت.
چەند نەریتێکی ناشیرینە نووکی پێنووس تەنها خزمەت بە ئایدۆلۆژیایەک یان حیزبێک یان کەسێکی دیاریکراو بکات و دەسکەوتی مادی بکاتە ئامانجی سەرەکی نووسینەکانی و نووسینەکانی ببێتە پاسەوانی کورسیەک کە خیانەت و ستەم و گەندەڵی بەرهەم بهێنێ و بۆ ساتێکیش نەتوانێ بیانکاتە فاکتەرێک بۆ خزمەتی گەل و نەتەوەکەی.
نوسەر ئەبێت لەوە حاڵی بێت، نوسین، تەنها ڕیزکردنی کۆمەڵێ ووشەی جوان و بریقەدار نیە کە بە ئەدەبیاتێکی بەرز و زمانێکی سادە و پاراو نووسرا بێت، بەڵکو نووسین کۆمەڵێ بەهای بەرزی ئەخلاقیە و تەعبیر لە ویژدان و قەناعەتی نووسەر دەکات، نووسین بۆ لێدانی ئەم و ئەو نیە و بۆ چەلەحانێ وشەڕە دەنووک و خۆ دەرخستن نیە، هەروەک چۆن بۆ پیاهەڵدان و بەرگری کردن لە ئەم و ئەو نیە، بەڵکو بۆ بەرگری کردنە لەشکۆی مرۆڤ و دەرخستنی ڕاستیەکان وەک خۆی، بۆیە گرنگە ئامانجەکانی دروست و لەپێناو خەڵکدابن و ڕەچاوی بەها باڵاکانی کۆمەڵگا بکەن و ڕێز لە پیرۆزیەکانی بگرن.
ڕۆمانوسی گەورەی کورد (بەختیار عەلی) چەند جوان وێنای ئەو دیمەنە ئەنەخشێنێ و ئەڵێ:
(لەسەعات شەشی ئێوارەوە لەهەموو شوێنێکی ئەم ووڵاتەدا بەڕەسمی جنێودان دەست پێ دەکات لە (یانەکاندا، لە ماڵەکاندا، لە بارەگاکاندا، لە مزگەوتەکاندا، لە فەیسبووک، لە تویتەر......) ئیتر بەپێی شوێن، هەرچەند کەسێک کۆ دەبنەوەو جێگایەک دەگرن و جنێو بە: (حیزبێک یان بەرپرسێک یان بەژنێک یان بە گۆرانیبیژێک ،ئەکتەرێک ، نووسەرێک دەدەن...) ئەگەر هیچیشیان دەست نەکەوت جنێو بەیەک دەدەن، لە سەعات شەشەوە تادرەنگ دادێ مەملەکەتەکە بەو جۆرە دەڕوات بەڕێوە.
بەیانی هەموو گێژ هەڵدەسین و هەمان شت دووبارە دەکەینەوە.
ئەگەر دووسەد ساڵی تر مێژوو نوسێک بپرسێت ئەرێ لەسەرەتای قەڕنی بیست و یەکدا کوردی باشور چیان کرد؟
وەڵامەکەی ئەوەیە جنێویان دا.
تەقریبەن پانزە ساڵ زیاترە خەڵکی ئێرە بەس جنێو دەدەن، وا‌ دەزانم درێژترین ماوەی جنێودانە لەمێژووی بەشەریەتدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×