شار: هەولێر وەک نموونە

ئەحمەدی مەلا
  2023-05-04     551

ئەو جیاوازییەی کە لە نێوان شار و گونددا هەیە، هەمان ئەو جیاوازییەیە کە پێش شەست ساڵ هەستم پێکرد کە ماڵمان لە گوندەوە بۆ شار گوازرایەوە. گوند بچووک و شار گەورە.
بەم حیسابە، هەولێر هەموو رۆژێ گەورەتر دەبێ، هەرجارێک گەڕابێتمەوە،  هەستم کردووە کە سەنتەری شار، واتە شارە کۆنەکە زیاتر دوور دەکەوێتەوە، بە جۆرێک سەنتەرایەتی خۆی لەدەست دەدا و دەبێ بە پەراوێز. پەرواێزێکی تێکەڵوپێکەڵ، تێکچڕژاو، داماڵراو لە جوانییەکانی، تەنانەت کەمێک داتاشراو.
ئەمە وای کردووە کە هەولێر نە یەک سیمای هەبێت، نە یەک ریتم، نە یەک پێوەری ئابووری، نە یەک خێرایی، نە یەک زار و زمان، نە یەک ئاڕاستە. ئەگەر گەورەبوون ئاسایی بێت، کەچی بەڕێوەبردنەکەی ئاسایی نییە، واتە ئەم دووە بە دوو ریتم گەشە دەکەن، وەک ئەوەی زیندەوەرێک کێشی زیاد بکات بەڵام، خاوەن هەمان فەزا نەبێت بۆ جولانەوە، بۆ گەشەکردن، بۆ هەناسەدان.
لە نێو ئەم جەنجاڵییەدا مرۆڤ ناچار دەبێت لە ناو ماشیندا بێت تاکو فێڵ لەو خێراییە بکات کە سروشتیی نییە، خێراییەکی بەرهەمهێنەر نییە، خێراییەکی سروشتی شار و مێترۆپۆلە جیهانییەکان نییە کە خێرایی بەرامبەر بە سوود و قازانج دەوەستێت، لە هەولێر خێرایی شکستهێنەرە، سیخناخە بە هەوای ناساغ...راکردنێکی بێ بەرهەمە.
ئەم گەورەبوونە بە کەڵەکەبوونی شت دەچێت، شت لە پاڵ شت، لە تەنیشت شت، لە سەرووی شت، شارێکی بێ پانتایی، شارێک بە بێ سەوزایی پێویست، ئەگەر هەشبێت، هەڵەشەییانە، بە بێ سەروبەریی سەوز بوونە. جادەکان توندوتیژن، وەک بڵێی هەڵگەڕابێتنەوە دژ بە بوونەوەرەکان، ماشینەکان دژ بە ماشینەکان هەڵگەڕاونەتەوە. هەموو دژ بە پیادەڕەو...
دەرەوە بە شەڕێکی بێ ناو دەکات، هەموو دەرچوونێک شەڕێکە ئەوەی هەڵیگرساندووە دیار نییە، ئەگەر ورد بیتەوە، دەڵێی ئەمە شەڕێکی لیبرالییە کە قازانج دواجار سەری سەرمایە دەخوات.
شار بە بێ رێکخستن دەبێت بە قەفەزێکی گەورە، هەر لە رێکخستنی گەڕەک و کۆڵانەکانەوە تا رێکخستین پانتایی سەوزایی تا دەگاتە شوێنی راگرتنی ئەو هەموو ماشینەی کە وەک ڤایرۆس لە ناو هەناوی شارەکەدا دەگەڕێن. 
مرۆڤ بە لەشێکی بێ جولە دەکات کە ناو قەفەزدا بگەڕێت، ناتوانێت بە پێ دوو هەنگاو بنێت. چونکە، شوێنی پیادەڕە قرتێندراوە، کۆی شۆستەکان ئاماژە بۆ کۆی ئەو پاشاگەردانییە دەکەن کە بەرامبەر بە پیادەڕەو زەق بوونەتەوە. شۆستە موڵکی گشتییە، واتە دەبێ لە ژێر رۆشنایی پلانی شارەوانییدا دروست بکرێت، بەرزی ستاندار، جۆری ئەو ماددەیەی کە پێی دروست دەکرێت، نەک ببێ بە زەقی شێواوی دوکاندار و خاوەن ماڵ. شۆستە بیچمی ئەو گوندەیە کە بە هەڕەمەکی گەشە دەکات...
شار کە گەورە دەبێ، دەبێ ئامێرەکانی گواستنەوە لەگەڵ ئەم گەورە بوونەدا گەشە بکەن ( میترۆ، پاسی ناوشار، تراموەی...)
دواجار گەشەسەندنی هەڕەمەکی  گرفتی زۆری بە دواوە دێ، شارەکە کەرت دەکات بەسەر بەشی جیاجیادا، وەک زۆربەی شارەکانی جیهانی سێیەم( باشووری جیهان)بەسەر بەرژەوەندیی، چین و توێژی ناکۆک، هەڵتۆقانی شار لە ناو شارد، شاری جڵەوترازاو دواجار دەبن بە هێلانەی توندوتێژیی و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان...
کاتێک شار هەناسە نادات، مرۆڤ هەست دەکات دادەکەوێت...شار دەبێ بەو ماڵەی کە مرۆڤ ناتوانێت هەناسەی تیا بدات...
هەولێر ئەگەر وا بڕوا دەبێ بەو قەفەزەی کە دڵمان بە گەورە بوونی خۆش دەکات، بەڵام...
چۆن رۆح بکرێتەوە بەری سەنتەر؟
دەشێ ئەو بازاڕ و دوکانە دێرینانەی دەوری قەڵایان داوە ببن بە شوێنگەلێکی دیکە ئەگەر ئەو ناوچەیە بکرێنە پیادەڕەو، قەڵا ببێ بە شوێنێکی زیندوو، واتە هەم ببێ بە شوێنێ کەلتووری، هۆڵی سینەما، مۆزەخانەیەکی دانسقە، هۆڵی ئاهەنگ و شانۆ...
تا دێت مەچکۆ دەبێ بە قاوەخانەیەکی ئاسایی، بەیانیان گۆرانی ئومکەلسوومی تیا لێدەدرێ، هێمنی تیا نییە...
پێشنیازەکان زۆرن، بەڵام مرۆڤی بێ گوێ زۆر بووە!!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×