هەرگیز لە ئەقڵی هیچ کەسێک دانەبوو، کە بزانێ داهێنانی (سـفر) لە بیرکاریدا، لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین، چ گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکی بێسنوور لە میژووی شارسانییەتی مرۆڤدا بەدوای خۆیدا دەهێنێ. ئەمە بۆ داهێنانی (تیۆریی ڕێژەیی) و چەندان داهێنانی دیکەش هەر درووستە!
لەم سەردەمەشدا داهێنانی(زیرەکیی دەستکرد)، چەندانبار، نەک هەر سەرلەبەری شارستانییەت و بوون و ئایندەی مرۆڤایەتی، بە خێراییەکی چاوەڕوان نەکراو، وا دەگۆڕێ، بەڵکوو دێ تەواوی گەردوون و هەسارەش بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە!
بۆیە لەجێی خۆیەتی بپرسین:
زیرەکیی دەستکرد، چ داهێنانێک دادەهێنێ؟
بەها کۆمەڵایەتی و ئایینی و پەروەردەیی و ئەخلاقی و کەلتوورییەکانمان ئایندەیان چییە؟
ڕەووتی پەروەردە و فێرکردنی ئێمە – وەک کورد، لە (٢٠٢٣) و ئایندەدا، لە کوێی ئەو داهێنانە دایە؟
بۆ هاسانکاریی لە تێگەیشتنی بابەتەکە، خۆم بە دوور دەگرم لە گوتنەوەی زاراوە و چەمکی زانستییانە و تەکنەلۆژیانەیی پەیوەست بەو بابەتە، کە ڕەنگ بێ خوێنەر تووشی سەرئێشە بکات، چونکە پێناسەکانیان لە بواری پڕاکتیزەدا جوانتر خۆدەنوێنن. بەڵام هەر دەبێ ئاماژە بە دوو زاراوەی باو بکەین: زاراوەی(Intelligent) وە زاراوەی(Smart)، کە لە کوردیدا بۆ هەردووکیان زاراوەی (زیرەک) بەکاردێ. لێ ئەو دووانە جیاوازن. زاراوەی (Intelligent) ئاماژەیە بۆ باڵاترین پلەی زیرەکی کە دوو سەرچاوە لە خۆدەگرێ: ئەو بەهرە و توانست و کارامەییە خوداکردەیە کە لە ڕێی بۆماوەیی پێمان دەگات، لەگەڵ هەرچی زانیاری و زانست و مەعریفەیەک کە دەتوانرێت بە چەندان ڕێگا وەدەستی بێنین و فێریان بین. هەرچی زاراوەی (Smart)ە، هەر ئەو زانیاری و مەعرفییانە دەگرێتەوە کە فێریان دەبین. بە واتایەکی دیکە (Intelligent) پلەکەی باڵاترە لە (Smart). بۆیە زیرەکیی جۆری (Intelligent) توانای بیرکردنەوەی لۆژیکییانەی هەیە و گەر کەسێکی خاوەن زیرەکیی (Intelligent) دابمەزرێنین، ئەوا بۆ ئەوەنییە کە ئێمە ڕێنمای پێبدەین و داوای لێبکەین چیمان بۆ بکات، بەڵکوو، دەبێ بۆ ئەوە دایبمەزرێنین کە ئەو پێمان بڵێ ڕێنماییەکان چیین و چی بکەین و چۆن کارەکانمان ئەنجام بدەین. کەواتە زیرەکیی جۆری (Intelligent) سەرچاوەی داهێنانی زیرەکییە ـ زیرەکییەک کە پێشتر بوونی نەبووە. لە لای خەڵکی عەوام (زیرەکیی دەستکرد) بە (AS) وە بە (AI) ئاماژەیان پێدەکرێ، بەڵام زاراوە زانستییەکە(AI) کەیە.
بە گوتەی زۆر لە زانا و بیرمەند و فەیلەسۆفانی سەردەم، ئەگەر ئێمە دڵخۆش بین کە ئیمڕۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی گەیشتووەتە تڕۆپکی پێشکەوتنێکی تەکنەلۆژیی و دیجیتەڵی باڵای پێشبینینەکراو، ئەوا بە هەلەداچووین، چونکە ئیمڕۆ لە جیهانێکی دینامیکی و پشێودا دەژین و ئایندەمان تەڵخ و نادیارە. داهێنانەکان سەرسوڕهێنەرن، بەڵام پتر بە ئارەستەی بازاڕ دا دەڕۆن و بەها مرۆییەکانیان تەواو وەلاوە ناوە. ئاخۆ داهێنانی زیرەکیی دەستکرد بۆ ئەوەنییە یارمەتیدەربێ بۆ فەراهەمکردنی ژیانێکی کوالەتی بەرزی پڕ لە ئاسوودەیی و سەرفیرازی بۆ مرۆڤ؟ بۆ ئەوەنییە ڕووبەڕووی نەخۆشییە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان ببینەوە و ئایندە جوانتر و خۆشترکەین؟ ئایە ئەو داهێنانە نوێیە لە کوێی داپەروەریی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و خزمەتگوزارییەکان دایە؟ بۆچی ڕێژەی نەخۆشی و پەتاکان و قەیرانی ئابووری و دابەشبوونی چینایەتی ...تاد لەهەڵكشان دانە؟ ئامانج لەو داهێنانە زامنکردنی ژیانێکی باشتر نییە، بە دروستتکردنی داهاتوویەکی زیرەکیی دەستکرد؟
دەبینین زاراوەی "زیرەک" لەم سەردەمەدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردێ، بۆ نموونە مۆبایلی زیرەک، ئۆتۆمبێلی زیرەک، دەمژمێری زیرەک، ماڵی زیرەک، ژێرخانی زیرەک، شاری زیرەک، تەنانەت وڵاتی زیرەک و هاوشێوەکانی. واتا دەستەواژەی “زیرەک” نوێنەرایەتیی چەمکی هیوا و ئاوات دەکات کە پەیوەستە بە ڕوانگەی مرۆڤەوە. دەوڵەتی زیرەک پەیوەستە بە مەرج و ژینگە و کەلتوور و سیستەمی بەهای کەسەکە. سەرەڕای ئەوەش، چەمکی گشتی داهاتوویەکی زیرەک، دەبێ بە مانای ژینگەیەکی ژیان بێت، کە زۆر باشتر بێ لە دۆخی ئێستا.
ئەوەی تاکو ئێستا، دەستکەوتە، هەر ئامێرە تازە باوەکانن کە زیرەکانە تەکنەلۆژیا و ئامرازەکان بەگەردەخەن و چاودێری دەکەن و کارەکانیان مەیسەر دەکەن. ئەگەر زیرەکیی دەستکرد نەتوانێ بەربەستەکانی بەردەم داهاتوو لە دابینکردنی پێداویستیی کۆمەڵایەتی و ستراتیژیی داهێنەرانەی خۆشییهێنەر بکات، ئەوا ئێمە لەبەردەم کارەساتی گەورە و مەترسیدار داین. لە پاڵ داهێنانی دەستکرد دەبێ داهێنانی درووستکردنی (بەها)کانیش، وەک ئامانجی مرۆڤایەتی لەبەرچاو بگیرێن.
ئێستا وەک چوون ئێمە شاهیدی لەناوچوونی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەکو کۆداک، وانگ کۆمپیوتەر، نۆکیا، بلاکبێری، کەی مارت، شارپ و چەندانی تر بووین. ئەوا دەبێ خۆمان ئامادە بکەین بۆ بە خاکسپاردینی دەیان کۆمپانیای گەورە گەورە کە بژێوی سەدان هەزار خیزانیان لە ئەستۆ دایە. ئێمڕۆ هەموومان شانازی بە (google search) ەوە دەکەین وەک دەزگایەکی فرە مەزنی زانیاریی هەمەچەشن، لەکاتێکدا وا (chatgpt search) بەڕێوەیە، کە بەرنامەکانی لەسەرووی خەیاڵی مرۆڤە و بەمزووانە جیهان داگیر دەکات.
یەکێک لە دیارترین خەسڵەتەکانی زیرەکیی دەستکرد، ئەنجامدانێ کاری ئاڵۆز و مەزن و وردە بە خێراییەکی لە ڕادەبەدەری سنوورشکێن کە دەگاتە خاڵی وەرچەرخان. ئەوجا ئەمە هەر سەرەتایە و ئایندە نادیارە. ترسەکە لەوەدایە، داهێنەری ئەو کۆمپانایانە، ئەوەندەی ئەوان بیر لە بازاڕ و قازانج دەکەنەوە نیو ئەوەندە بیر لە ژیان و ژینگە و مرۆڤ و بوونەوەرەکان ناکەنەوە. چەمکی “زیرەک” چەندین دیدگای جیاوازی هەیە، وەک چەمکی زیرەکبوون، چالاکانبوون، ئامانجداربوون، لە جێبەجێکردنی بیرۆکە داهێنەرەکان بۆ بەدەستهێنانی داهاتوویەکی خوازراو، کەواتە بژاردە و بژارکردنی ئەو چەمکانە بۆ مرۆڤایەتی گرنگن، هەرچەندە ئەوە لە دەست مرۆڤایەتییدا نییە، بەڵکوو لە دەست پەرژەوەندخواز و سەرمایەدارە زەبەلاحەکاندایە، کە دەیانەوێ ئیمە بە ڕۆبۆت بکەن و لە ژیر ریمۆتکۆنتڕۆڵی ئەوان دابین – کە تا ئێستا تاڕادەیەک سەرکەوتوون.
لە ڕواڵەتدا، دروستکردنی داهاتوویەکی زیرەک، زۆر بەرفراوانترە لە تەنها زیرەکیی داهاتوو کە خەڵک خۆیان بۆ سیناریۆ ئەگەرییەکانی داهاتوو ئامادە دەکەن، بۆ ئەوەی باشتر بتوانن ڕووبەڕووی تەحەددیەکانی داهاتوو ببنەوە. هەوڵەکان بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی زیرەک پێویستی بە بیرۆکەی داهێنەرانە هەیە بۆ بەکارهێنانی پەیوەندیی دیجیتاڵی لە هەموو شوێنێک، هەستەوەرە زیرەکەکان، زیرەکیی دەستکرد، ئینتەرنێتی شتەکان، دەستڕاگەیشتن بە هەموو زانیارییە مرۆییەکان، و کارگێڕی بۆ خۆشکردن و خاراندنی دەرفەتەکان بۆ باشترین کوالیتی ژیان. لێ، ڕیزبەندیی تەحەددا کۆمەڵایەتی و ئایینی و پەروەردەیی و کەلتووریەکانیش دوورودرێژن. ململانێیەکی نوێ بەڕێوەیە، کە پێشتر شارستانیەت و مرۆڤایەتی پێ ئاشنا نەبووە یان هەر نەیاندیوەـ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەقڵێک کە لە دەرەوەی کەللـەسەری مرۆڤە، مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆبۆت و ریموتکۆنترۆڵ و دوگمەکان، کە ڕەنگبێ بچووکترین هەڵەی تەکنیکی کۆی زەوی و ژیان و ژینگە بخاتە بەر مەترسییەکی یەکجار مەزن، دەیانجار مەزنتر لە پەتای کۆڤید-١٩ کە بینیمان چۆن جیهانی خستە زەلزەلە.
تەحەددایە کۆمەڵایەتییەکان زۆرن: هەڵكشانی ڕێژەی بێکاری؛ درێژبوونەوەی کاتی بێ ئیشی و دەستبەتاڵی، زیادبوونی ڕێژەی تاوان، تێکچوونی بارودۆخی ژینگەیی، سەرهەڵدانی دەرد و پەتا و نەخۆشیی کە پێشتر لە مێژوودا نەبوون؛ دابەشبوونی کۆمەڵگاکانی جیهان بەسەر دوو چین یان دوو جیهانی لێکدوور: جیهانی زیرەکیی دەستکرد و جیهانی چەقیوی نیۆ تڕادسیۆنە داخراوە پاشکەتووەکان!
شارستانیەتیی ئایندەی نزیک، شارستانیەتیی (کۆد)ە، کە هیچ کەس، وەک تاک یان کۆمەڵگا، ناتوانێ خۆی لێبدزێتەوە، ئەوا ئەگەر نەبێ بە کۆیلەیی ئەو (کۆد)انەش. هێج شتێک، هیچ کونج و گۆشەیەک لە ژیانی (تۆ)دا نامینی شاراو بێت، تەنانەت، دەزانن لە چ دەمژمێرێکدا دەخویت و کەی ڕادەبێ و لەو کوێ ساتەکانت بەسەر دەبی، بەبێ ئەوەی تۆ پێبزانیت. تەنانەت دەتوانن بە ئاسانی چاودێری و بەڕێوەبردنی سیستەمی ئاڵۆز بکەن. هەرچەندە ئێمە ناتوانین نکۆڵی لەو هەموو کارە جوان و ورد و مرۆڤدۆست و ژینگەدۆستانە بکەین کە زیرەکیی دەستکرد پێشکەشمانی دەکات، کە لە ژوومار نایەن.
گەورەتین تەحددای کە ئیمڕۆ، لەم بوارەدا، ڕووبەرووی ئێمە بۆتەوە، تەنیا لە مەترسییەکانی زیرەکیی دەستکرددا نییە، بەڵکو لە شکستیی ئێمەیە دایە - تا ئێستا - لە دۆزینەوەی بناغە فیکرییەکانی جیهانی بۆ ڕێگریکردن و چارەسەرکردنی ئەو (كێشانەی) زیرەکیی دەستکرد بەدوای خۆیدا دەهێنێ:
چیمان پێدەکرێ و چیمان لەدەست دێ، ئەگەر زیرەکیی دەستکرد، دەسەڵاتی هزری و بیرمەندی خۆی بەسەر هزر و بیرمەندی مرۆڤدا سەپاند و ئێمە بووین بە پاڵە و سەپانی بەردەستی ئەو؟
چیمان لەدەست دێ، ئەگەر خوانەخواستە، زیرەکیی دەستکرد، گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراوی لە کەش و هەوا و ژینگەدا کرد؟
چ ڕوودەدا ئەگەر زیرەکی دەستکرد (بوونەوەری نەبوو) خەلق بکات کە پێشتر نەبوون، جا هەر بوونەوەر و زیندەروەرێک بێ.
ج دەقەومێ ئەگەر سیاسییەکی گەمژە، کۆدی نهێنیی ئەو زیرەکییەی بکەوێت و دەست و هەموو جیهان بکاتە بارمتەی خۆی - هەمیشە هیلتەر و مۆسۆلۆنی و سەددام و هاوشێوەکانیان حزووریان هەیە.
ئەدی چارەنووسی بەها کۆمەڵایەتی و ئایینی و ئەخلاقی و کەلتوورییەکان چیان بەسەر دێ؟
خاڵیێکی گرینگ کە هی ئەوەنییە بیشارینەوە، سیستم و ڕژێمی سەرمایەداریی (ڕۆژاوا) ئێستا بەجددی کار لەسەر بە لیبڕاڵکردنی تاک دەکات. تا ئەو ڕادەیە کە مرۆڤێک درووستبکات هیچ پابەند نەبێ بە حکوومەتەکانەوە و دەبێ خۆیان خۆیان بژێنن ـ بەڵام لەژێر چاودێری ئەواندا بن. بۆیە ژمارەی ئەو فەیلەسوف و بیرمەند و ئەدیب و هونەرمەند وحەکیمانە کەم نین لە جێهاندا کە بەرداوم هاواردەکەن: " تکایە پڕۆژەکانی زیرەکیی دەستکرد بوەستێن و ڕاگرن!". پەرەسەند و کەڵەکە بوونی کێشە و قەیرانەکان کە بەردەوام لە هەڵكشاندان، گەیشتوونەتە ئەو ڕادەیە، کە ترس هەیە، چیدی ئەقڵی مرۆڤ دەروەستیان نەێت و پێیان چارە نەکرێن. ئەمە زۆر مەترسیدارە، کۆرگەلینە!
جا، سەرەڕای لایەنە گەش و جوان و پڕ بایەخاکانی زیرەکیی دەستکرد، دەبێ باسی ڕووێکی دیکەشی بکەین کە قوڕەکەی زۆر خەستتر کردوەوەتەوە، بۆ کۆمەڵکای مەمانان و هاوشێوەکانمان. کاتێک دەبینین، کە ئەم کۆمەڵگایانە، دروورونزیک فڕیان بەسەر ئەو گۆڕانکارییە مەزنانەی جیهانەوە نییە کە ئێستا ڕوودەدات. ئاخر بەڕاستی جیگەی پرسیارە، کە چلۆن زانکۆیەک دەتوانێ، هەنگاوێک بنێ، گەر هەنگاوێکی شەرمنانەش بێ، بەرەو ئەو داهێنانە نوێیانە، کاتێک ڕیزبەندیی ئەو زانکۆیە، لەسەر ئاستی زانکۆکانی جیهاندا، لە پلەی دوای (٦٠٠٠) هەزار دابێ! چلۆن، بتوانین باسی زیرەکیی دەستکرد بکەین ئەگەر، ژمارەیەکی بەرچاوی مامۆستاکانمان، لە پلە بەرزەکانیشدا - لەگەڵ ڕیزم بۆیان، تاکو ئێستا ئیمێلکی کەسی یان پیشەیی خۆیان نەبێ. لە کوێ دونیادا بووە، مامۆستای زانکۆ بچێتە لای هەرزەیەکیی خاوەن دوکانی فۆتۆکۆپی، بۆ مەیسەرکردنی کارەکانی؟!
کزەم لەجەرگەوە دێ، کە دەبینم، نێوان ئاستی خوێندن و پەروەردە و پلانی هەرێمەکەم ئاسمان و ڕێسمان، دوورە لە پێشکەوتن و گۆڕانکارییە مەزنەکانی لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ئەنجامدەدرێن. ئەوەی زامەکەی قوولتر کردەوە، تا ئەم چرکەساتە، هیچ ترووسکایەک دیارنییە، کە بەتەمای گۆڕانکاری بن. باڵەخانەی بەرز و جوان و دیکۆری گرانبەهای زانکۆکان، پێوەری پێشکەوتنی ئاستی زانستیی نین.
جاک دێریدای فەیلەسوف (Jacques Derrida) جوانی گوتوە:"هەر ڕووداوێک لەم سەردەمەدا، دەرگا بەڕووی ڕووداوەکانی دیکەی داهاتوودا دەکاتەوە، کە ناتوانین پێشبینی بکەین."