لەبەردەم دژوارترین هەڵبژاردنی مێژوییدا، مەگەر تەنها موعجیزە فریای ئەردۆغان بکەوێت

د. صابر حەسەن رەسول
  2023-05-12     316

بەگشتی چاودێرانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەرلەمانیەکەی ئەمجارەی تورکیا چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەیە، هەربۆیە بە گرنگیەوە لەسەر ئاستی ناوخۆی و ناوچەیی و جیهانییەوە چاودێریی دەکرێت. لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، بەردەوام ئەردۆغان سەرکەوتنی گەورەی لە هەڵبژاردنەکاندا تۆمارکردووە، بەڵام هەڵبژاردنی ئەمجارە سەختترین ئەزموونە بۆ ئەردۆغان و پشبڕکێی لەگەڵ ڕکابەرە سەرەکیەکەیدا (کەمال کڵچدارئۆغڵۆ) ئەوەندە توندە و دەنگە چاوەڕوانکراوەکان ئەوە لەیەکترەوە نزیکن، کەس ناتوانێت گرەو لەسەر بردنەوەی یان یان شکستی لایەنێک بکات.

 

فشاری ناوخۆیی و دەرەکی

لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا، ئەردۆغان (بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور) لەبەردەم گەورەترین پیلانگێڕی ناوخۆیی و دەرەکیدایە. ئەمەش وایکردووە سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان ئەوەندە سەخت بێت مەگەر تەنها موعجیزە فریای بکەوێت. لە ناوخۆی تورکیادا شەش پارتی سەرەکی بەناوی مێزی شەشقۆڵی لە دەوری کەمال کڵچدارئۆغڵۆ (سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانی میللەت) کۆبوونەتەوە و ڕووبەڕووی ئەردۆغان وەستان و شەڕی کۆتاییهێنانی دەسەڵاتی ئەردۆغان دەکەن. لەلایەکی تریشەوە هەدەپە، کە لەژێر چەتری هاوپەیمانی پارتی چەپی سەوز بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات، بەبێ ڕێککەوتن و وەرگرتنی بەڵێن، دەنگەکانی خستووەتە خزمەت کەمال کڵچدارئۆغڵۆ. لەوبارەیەوە ئەردۆغان دەڵێ "مێزی شەشقۆڵی، هەروەک پێشتر باسمان دەکرد شەشقۆڵی نەبوو. ئیدی ئەوەی ژێر مێزەکەش هاتە سەر مێز و بوونە حەوت قۆڵی“ (١). حەوت لایەنە سەرەکیەکەی تورکیا، بە عەلمانی و ئیسلامی، بە ڕاست و چەپ، لەژێر چەتری هاوپەیمانی میللەت، بۆ ڕکابەری ئەردۆغان تواناکانیان یەکخستووە، کە تاکە شتێک کۆیان بکاتەوە دژایەتیانە بۆ دەسەڵات و ئەجێندای ئەردۆغان. لەلایەکی ترەوە و لەپشتی پەردەوە هەوڵەکانی لایەنی فوتحوڵڵا گولەنیش پاڵپشتیکاری ئۆپۆزسیۆنە بۆ شکستپێهێنانی ئەردۆغان. لە دواین پێشهاتدا، موحەرەم ئینجە، کە یەکێک بوو لە بەربژێرەکانی سەرۆکایەتی و پێشبینی دەکرا بەشێکی کەم لە دەنگەکانی جەهەپەی پەرت بکردایە، وەک خۆی وتی لە ژێر فشار و پلانی لایەکانی ئۆپۆزسیۆن و فەتحوڵڵا گولەندا، لە هەڵبژاردنەکان کشایەوە، دەرەنجامی ئەمەش بەهێزترکردنی ئۆپۆزسیۆنە لەبەرامبەر ئەردۆغاندا.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمریکا و بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپی و وڵاتانی عەرەبی بەشێکن لە پیلانگێری دژی ئەردۆغان و بە پاڵشتی سیاسی و دبلۆماسی یان دارایی کاردەکەن بۆ سەرخستنی ئۆپۆزسیۆن و خستنی ئەردۆغان. بەجۆرێک کە جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا لەگەڵ ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن لە ئەمریکا کۆبووەتەوە و پێی ڕاگەیاندوون هاوکاریان دەبێت تا شکستپێهێنانی دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان (٢)، ئەم جۆرە پاڵپشتیە ئاشکرایە لە ئەتەکێت و ئەخلاقیاتی کاری سیاسی و دبلۆماسیدا نامۆیە و جێگەی نابێتەوە.

 

دار کرمی لەخۆی نەبێت سەد ساڵە عومری

ئەوەی زیانی زیاتر لە دەنگەکانی ئەردۆغان داوە، ئەو سەرکردە و کەسایەتیە ئیسلامیانەن کە بەرەی ئیسلامی ئەردۆغانیان چۆڵ کردووە و چوونەتە پاڵ بەرەی عەلمانی کەمالیستی جەهەپەوە.

میڕاڵ ئاکشنەر، سەرۆکی پارتی خێر (ئیی)، کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدانی ئیسلامی، ئێستا بە نزیکەی لە %١٠ی دەنگەکانەوە دژی پارتی داد و گەشەپێدان وەستاوەتەوە. بەڵام ئاکشنەر کەمتر جێگەی گازندەیە، چونکە هەر زوو دوای دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان لە پارتەکە جیابووەتەوە. ئەوەی جێگەی گازندەیە هەریەک لە ئەحمەد داودئۆغڵۆ و عەلی باباجانن، کە دوو کەسایەتی ئیسلامی و ڕەمزی دیاری پارتی داد و گەشەپێدان بوون و هاوخەباتی ئیسلامی ئەردۆغان بوون. ئەحمەد داودئۆغڵۆ بە پشتیوانی ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان پۆستی سەرۆک وەزیرانی تورکیای وەرگرتوو و لە لوتکەی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا بوو. ئێستا هاوڕێ و پارتە کۆنەکەی جێهێشتووە و بووەتە بەشێک لە کارنامەی ڕووخاندنی دەسەڵاتی هاوڕێ کۆنەکەی و لەدەوری کەمال کڵچدارئۆغڵۆ کۆبووەتەوە. عەلی باباجانیش کە سەرکردەیەکی باڵای پارتی داد و گەشەپێدان بووە و ساڵانێکی زۆر لەلایەن ئەردۆغانەوە تەواوی سیاسەتی ئابووری تورکیای خرابووە بەردەست و پاشانیش کرا بە وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئومێد هەبوو بەهێزترین کاندید بێت بۆ جێگرتنەوەی ئەردۆغان، بەڵام ئێستا ئەویش لەبەرەی پیلانگێڕی و ڕکابەری هاوڕێ کۆنەکەیدایە و هەمووان خەریکی ڕووخاندنی عەرشی ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدانن کە خۆیان لە بناغەوە دایانمەزراندووە! ڕۆژانێک بەرزترین پۆستە باڵاکانی وڵاتیان پێدرابوو، ئێستا لەبەرامبەر چیدا سەنگەریان گواستەوە بۆ بەری کەمالیستەکان کە خاوەن ٨٠ ساڵ ستەمکارین دژی ئازادی و ئیسلامی و بەها ئیسلامیەکان؟ بێگومان لەبەرامبەر شتانێکی زۆر بچوکدا؛ بڕیار وایە لە ئەگەری بردنەوەی هەڵبژاردنەکان، کەمال کڵچدارئۆغڵۆ ببێتە سەرۆککۆماری تورکیا و سەرکردەی پێنچ لایەنەکەی تری هاوپەیمانیەتیەکە بکرێنە جێگری سەرۆک کۆمار. ئیتر پۆستێک بەسەر پێنچ سەرکردەدا دابەشکرابێت، چ بەهایەکی دەمێنێت! لەلایەکی ترەوە، پارتی سەعادەتی ئیسلامی کە میراتگری پارتی فەزیڵەتی ئیسلامیە و ئەویش میراتگری پارتی رەفاهی ئیسلامیە و ڕووبەڕووی زۆرترین ستەمکاری کەمالیستەکان بوونەتەوە، ئێستا دەست و پەنجەیان لەگەڵ نەرم دەکەن و پاڵپشتی کارنامەکەیان دەکەن دژی هاوخەباتە ئیسلامیە کۆنەکەیان (ئەردۆغان). لە بەرامبەر هەڵوێستی نەیارانەی سەرکردە ئیسلامیەکانی وەک ئەحمەد داودئۆغڵۆ و عەلی باباجان و تەمەل کەرەموڵڵائۆغڵۆ) و کۆبوونەوەیان لە دەوری عەلمانیە توندڕەوە کەمالیستەکان، ئەردۆغان دەڵێ "سەیرکەن کێ لەگەڵ کێ بە ڕێگادا دەڕوات! ئەوان لە کوێ بوون و ئێستا لە کوێن! سەیری حیکمەتی قەدەر بکەن. بۆیە گرنگ نیە لە ڕابردوودا چیت کردووە، گرنگە سەرەنجامت بە کوێ دەگات. ئەمە تاقیکردنەوەیە.“ (٣)

 

ئەردۆغان و هەڵوەستەیەک لەسەر هەڵەکانی

سەرەڕای پیلانگێڕیە ناوخۆیی و دەرکیەکان بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان، کەسێکی تریش هەیە  دەبێت بدرێتە بەر نەشتەری ڕەخنە، ئەویش خودی ئەردۆغان خۆیەتی. پێویستە ئەردۆغان خۆشی بچێتە بەردەم ئاوێنە و لە خۆی بپرسێت، چی وای لە هاوخەباتە ئیسلامیەکانی کردووە نەک هەر دەوری چۆڵ بکەن، بەڵکو ببنە نەیاریشی و هەوڵی خستنی بدەن؟! لە خۆی بپرسێت چی وای لەو ئیسلامیانە کردووە دوای ٨٠ ساڵ ئەزموونی ستەمکاری عەلمانیە توندڕەوە کەمالیستەکان، ئێستا لەگەڵیان هاوسەنگەربن؟! دەبێت ئەردۆغان لە خۆی بپرسێت، ئەوە چی وای لە کورد کردووە سەرەڕای ٨٠ ساڵ ئەزموونی ستەمکاری عەلمانیە توندڕەوە کەمالیستەکان دژ بە کورد، ئێستا بەشێکی زۆر لە کورد بێ بەرامبەر و بێ بەڵێن وەرگرتن و بێ ڕێککەوتن، دەنگەکانیان بخەنە سەبەتەکەی کەمال کڵچدار ئۆغڵۆوە؟! ئەردۆغان کە بە تاکڕەو ناوزەند دەکرێت، حەقە لە بەردەم ئاوێنەدا لەخۆی بپرسێت چۆن سەرکردەیەکی بەهێز و کارابووە بەڵام نەیتوانیووە سەرکردیەک بۆ دوای خۆی پەروەردە بکات. هەموو ئەوانەی کە دەکرا جێگرەوەی بن (لە عەبدوڵڵا گوڵ و ئەحمەد داودئۆغڵۆ و عەلی باباجان) هەموویان بە دڵی شکاو و بە بیماری ڕەوتەکەی ئەردۆغانیان جێهێشتووە. وێنای بکە، لەبری درێژکردنەوەی دەسەڵاتی خۆی، ئەگەر ئەردۆغان سەرکردەیەکی بەهێزی وەک جێگرەوەی خۆی پەروەردەبکردایە، سەروەریەکی گەورەی بۆ خۆی تۆماردەکرد و ڕەوتەکەشی لە هەڵبژاردنەکاندا ڕووبەڕووی ئەم ئاستەنگیە نەدەبووەوە.

لە کۆتایی دەکرێ بڵێین، لەبەردەم دژوارترین و سەختترین هەڵبژاردنی مێژوویی تورکیادا، مەگەر تەنها موعجیزە فریای ئەردۆغان بکەوێت، ئەگەرنا سەرکەوتنی مەحاڵە. خۆ ئەگەر بەخت یاوەری بوو و سەرکەوتنی بەدەستهێنا، یەکەم کەس خۆیەتی کە دەبێت لێپرسینەوەی بکات و بەخۆداچوونەوە بکات و سیاسەت و ئەجێندای بەرامبەر کورد و ئیسلامیەکان و تەواوی کۆمەڵگەی تورکی بگۆڕێت.

 

سەرچاوەکان:

١) https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/turkey/19042023

٢) youtube.com/watch?v=IcaYyFn7D_I

٣) https://www.facebook.com/watch/?v=643436190938117

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×