کوردو گەمەی دیموکراسی لە تورکیا

هاوڕێ جەمال
  2023-05-14     312

ئەتوانین بڵێیین دیمۆکراسی سیاسی لە سادەترین پێناسەیدا، بریتیە لە دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات.
ھەروەک ئەتوانین لە وەسفی دیمۆکراسیدا بڵێیین، باڵاترین سیستمە کە پێشکەوتنی ھزری مرۆڤایەتی پێی گەیشتبێ، واتە تا ئەم ساتە مێژووییە، مرۆڤایەتی سیستمێکی باشتری لە دیموکراسی تاقی نەکردۆتەوە، گەرنا ئەم سیستمەش وەک ھەر سیستمێکی تری حوکمڕانی ھەڵگری خەسڵەت و خاڵی نێگەتیڤ و خراپە، کە بۆ یەکێک بیەوێ سیتمەکە نابووتکا، لەسەرو بەری زیادە. بەڵام گرنگە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئێمەش باتەوە، گەر دیموکراسی وەلانێیین، پەنا بۆ چ سیستمێکی دیکە بەرین؟! لانی کەم لەم سیستمە گەر نەڵێیین باشتر بڵێیین خراپتر نەبێ.
رۆژی ٢٠٢٣/٥/١٤ گەلی تورکیا بە ھەموو پێکھاتە جیاوازەکانیەوە، لەناویشیاندا گەلی کورد، ١٣ ھەمین سەرۆکی خۆی ھەڵدەبژێرێ، لەگەڵ ٦٠٠ ئەندام بۆ پەرلەمانی تورکیا، لە دیارترین رکابەرەکان بۆ پۆستی سەرۆکی تورکیا، رەجەب تەیب ئاردۆگانی تەمەن ٦٩ ساڵ و کمال کلیچدار ئۆغلۆی تەمەن ٧٥ ساڵ، کە ئەوەی یەکەمیان نوێنەرایەتی (ھاوپەیمانی کۆماریی) دەسەڵات ئەکا، لەگەڵ پێنج لایەنی دیکە، و ئەوەی دوەمیشیان نوێنەرایەتی (ھاوپەیمانی گەل)ی ئۆپۆزسیۆن ئەکا کە لە شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن پێکھاتوون.
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، دیموکراسی بەواتای دەستاودەستکردنی دەسەڵات، گەر لە دەرەوەی ئەم پێناسەیە لەم ھەڵبژاردنە بڕوانین، واتە نەک ھەر خزمەتت بە دیدگای خۆت نەکردووە بۆ فەراھەمکردنی حوکمێکی رەشید لە کۆماری تورکیا، بەڵکو بەبێ ئەوەی بەخۆت بزانی خۆت لە پەنای ئایدیۆلۆژیایەکی توندڕەو مەڵاس داوە، جا ئەو ئایدیۆلۆژیایە ئایینی بێ یا نەتەوەیی.
دیارە ئەو قسانەی سەرەوەم روو لە ھەست و نەستی تاکی کوردە لە ھەر شوێنێکی ئەم گۆی زەوییە، بەو مانایەی کاتێک تۆی کورد ئەڵێی پێمخۆشە (وەک ئاماژەیەکی سۆزداری)، کە ئاردۆگان براوەی ھەڵبژاردن بێ، جگە لە پاڵنەرێکی ئایدیۆلۆژی ھیچ فاکتەرێکی تر شک نابەم بۆ ئەم پشتگیرییە، ئەمە لە کاتێکدا ئەردۆگان لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە سەرۆک وەزیرانی تورکیایەو لە ساڵی ٢٠١٤ شەوە سەرۆکی تورکیایە، واتە بیست ساڵە ئەم دەسەڵاتە لە چنگی تاکە کەسێکە، کە ئەمە لە ھیچ دەوڵەتێکی دونیا بوونی نیە، کە دیعایەی دیموکراسی بکا.
ھەربۆیە ئەوانەی پشتگیری ئەردۆگان ئەکەن، لە ژێر پەردەی دیموکراسی پشتگیری ئایدیۆلۆژیایەکی ئایینی و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی ئابوری ئەکەن (راستە ھاوپەیمانیەتیەکەی ئەردۆگان چەند حزبێکی نەتەوەییشی لەخۆ گرتووە، بەڵام رەھەندی ئایینی سیمای زەقی ئەم ھاوپەیمانێتیەیە و زیاتر ئەو حزبانە چاویان لە غەنیمەی ئابوریە)، نائومێدیەکی گەورەیە، حزب کە بەرھەمی گەشەی فکری سیاسی و ھزری دیموکراسیبێ، پشتگیری لە مانەوەی کەسێک بکا کە زیاتر لە بیست ساڵە لەسەر کورسی دەسەڵاتە.
با وا تێنەگەین ئەم نووسینە دەچێتە خانەی ھەمان ئەو کوردە تەسک بینانەی ھەر بایی ئەوەندە لە دیموکراسی گەیشتوون، کە پێیانوایە سیستمێک ئەوکاتە دیموکراسیە کە رەنگدانەوەی حەزو ویستی ئایدیۆلۆژیان بێ، بۆ تەواو کردنی وێنە نا ئایدیۆلۆژیەکەی خۆمان ئەڵێیین: لەولاشەوە رکابەرەکەی ئەردۆگانمان ھەیە، کەمال کلچدار ئۆغلۆ، کە نوێنەرایەتی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان ئەکا، ئەی چی بۆ تاکێکی کورد کە پشتگیری لە بردنەوەی ئەمیان بکا؟
بەھەمانشێوە ئەبێ پشتگیری کلچدار ئۆغلۆش لەوەوە سەرچاوەبگرێ کە مەبەست لێی پشت لە ئەرزدانی کەسێکە کە مەترسی بۆ سەر سیستمی دیموکراسی دروستکردووە، نەک ئەوەی چاوەڕوانی ئەوەی لێبکرێ بەدەرچوونی لەم ھەڵبژاردنەوە کردنەوەی درگای کۆشکی کۆماری ھەر لەوێ، کلیلی مافە نەتەوەییەکان بخاتە گیرفانی کوردەکانی باکور.
خۆ گەر ھاوکێشە مێژووییەکە بە پێچەوانەوە بوایە، واتە ئۆغلۆ بیست ساڵ لەسەر کورسی دەسەڵات بوایە، ئەوا کورد مەحکوم بوو بەوەی پشتگیری ئەردۆگان بکا.
ھەر بەمەش ئەیسەلمێنیین، کە ھزری سیاشی ئێمە ھزرێکە لەسەرو ھزری ئایدیۆلۆژی، ھزرێکە درێژکراوەی پرنسیپی دیموکراسی و فرەییە، نەک گرێدراوی توندڕەوی ئایینی و فاشیستی نەتەوەیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×