لەکۆمەڵگای مەدەنییەوە بەرەو دیوەخان: چۆن کۆمەڵگای کوردیی پەرتئەکرێ

نەوزاد جەمال
  2023-05-19     472

ئەم ناونیشانەکە بانگەشەی ئەوەناکات کۆمەڵگای پاش-راپەڕین، بە پێناسە باوەکە یان ئەوەی لە کۆمەڵگا خۆرئاواییەکاندایە، کۆمەڵگایەکی مەدەنی پەرەسەندوو بووە. بەڵکو ئاماژەیە بەوەی چۆن پاش-راپەڕین حزب وەک "رێکخراوەیەکی مۆدێرن" و دیاردەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نوێ دزەیکردە نێو کایە جیاوازەکانەوە. هەر لە دامودەزگاکانەوە تا خێڵ و تیرە و مزگەوت و خانەقا و تەکێ و بنەماڵەکانەوە، حزب جڵەوەی گرتەدەست.

بەڵام، دواتر چی روویدا: کۆلۆنیزەکردنی-داگیرکردنی- حزب لەلایەن کاراکتەرە نەریتییە پێشمۆدێرنەکانەوە. ئیدی، دیوێکی پێچەوانەی ئەو پرۆسەیەی دەریخست کە چۆن حزب و رێکخراوە ناحکومی و تەنانەت دامودەزگا فەرمییەکانیش هەر لە قوتابخانە و نەخۆشخانەو زانکۆ و ومیدیاکانەوە تا پەرلەمان و حکومەت، پڕبوون لە کاراکتەرە نەرییتییەکان.

دەکرێ بکەرەکۆمەڵایەتیەکان یان هێزەکۆمەڵایەتیەکان کە لە فۆرمی خێڵ و تیرە و بنەماڵەیدان، بەدوگمەی کۆنترۆڵی دەسەڵاتی سایسی دابنرێن. ئەمە ئامرازێکی کۆنباوە کە ساڵ بەساڵ لای ئێمە تازەئەکرێتەوە و فوو بەو گەرووە بەسەرچووەدا دەکرێتەوە. لە کۆنەوە، هەر لە ساسانی تا خەلیفە و سوڵتان و ئینگلیز و واوەترەوە، بکەرە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سەرەکخێل و رابەری ئایینی وەک دەستکەلا و ئامرازی کۆنترۆڵکردنی کۆی کۆمەڵگاکە بەکارهێنراوە.

 لەبەرئەوەی کۆمەڵگا پێشمۆدێرنەکان، شێوازێکی رێکخراوەیی نافەرمیان هەیە و خێڵ و تیرە و هۆز وەک یەکە، رێکخستنێکی کۆمەڵایەتین. بەڵام، دواتر ئەم فۆرمە کۆمەڵایەتیانە لەسەردەمی دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرندا، دەبنە ئەلتەرناتیڤی دامەزراوەفەرمییەکان، دیوەخانی خێڵ دەبیتە جیگرەوەی دادگا. دەبنە ئامرازی کۆکردنەوەی دەنگ لەهەڵبژاردن وەک ئێستا کە دەبینین.

 گرفتی ئەم دابەشبوونە کۆمەڵایەتییە زۆرە؛ وەک چەوسانەوەی تاکەکانی خۆیان لە ژن و خەڵکانی هزرکراوە کە قبوڵناکرێن و دەخرێنە ژێرباری سانسۆرۆ و کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتییەوە ناهێڵرێ ئەندامەکانی لەدەرەوەی بازنەکە ئازادانە بیربکەنەوە. هەر بۆنموونە، ئەوە روونە کە چۆن حکومەتی ئێراق چەکدارکردنی تیرە و هۆزەکان وەک ئامرازی پەلکێشکردنیان بەرەو ماکینەی جەنگ بەکارهێناوە و دووسەرە مەبەستی خۆی پێیکا: بەکوشتدانیان و شەڕی بەوەکالەتپێکردن.

گرفتێکیتری ئەم دیوەخانسازیی خێڵایەتی و ئایینزاییە لەوەدایە کە کۆمەڵگای ئێمە، دەخاتە بەردەم جۆرێکیتر لە چینایەتی کۆمەڵایەتیی کە پڕە لە نایەکسانی و بێدادی و پێشکلکردنی یاساکان و بنکۆڵکردنی دامەزراوەکان لە ژێرەوەڕا. هەڵبەت، بەدیاریکراوی نازانم چەند دیوەخانی سەرەکخێل و شێخزادە و بنەماڵەزادە لە هەرێمدا هەن و چەندە مووچەی فەرمی بەلیستی حزبەکان وەردەگرن، بەڵام ئەوە روونە کە رۆژبەرۆژ برەویان پێدەدرێن. لە هەواڵەکاندا بەردەوام کەسێتی و فیگەری نەبیستراو پشتبەستبوو بەدرەختی خێزانی زەقدەکرێتەوە، ڤیستڤیال و چالاکی کولتورییان بۆ سازدەکرێن.

دیارە، مەبەست و ئامانجم ئەوە نییە بڵیم خێل و تیرە و بنەماڵە خراپن یان باش، بەڵکو چۆن دەبێتە پەیژەیەکی بەرژەوەندیخوازی سیاسیی و پۆلێنبەندییەکی کۆمەڵایەتی کە دواتر چەوسانەوە و پەرتەوازەیی دەخاتەوە. لێرەوە، پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی ئەم فۆرمە کۆنباوە لە کۆنترۆڵکردن و ئاڕاستەکردن هەتابێت برەوی پێئەدرێت؟

خێڵ لە چوارچێوەی خوێن و خزمایەتی یان ناوەچەگەرییدا رەنگدەداتەوە و لەوێشيوە ئینتما و ناسنامەی پێناسەئەکات. 'کوردبوون' بەپێکهێنەرێکی لاوەکی خۆی دەزانی، نەکئەوەی کە خۆی بە بەشێکی کوردبوونەکە بزانێ. هێڵی جیاکەرەوەی خۆی لەگەڵ خیڵی "بەڕانی"دا لەسەر ئەوە بنەمایەیە: لەسەر خوێنبەربوونی لووتی ئەندامێکی جەنگێکی کوشندە بەرپادەکات. بەڵام؛ ئەگەر نیشتمانەکەش داگیرکبرێ نەک هەر کێشەی نییە، بەڵکو بەدەرفەتی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی سەرەکخێڵ دەقۆزێتەوە.

دەمارگیری خێڵ و تیرە و بنەماڵە و ناوچەگەریی، ئەو دوگمە مەترسیدارەیە کە لە مێژەوە 'شەرەفخانی بەدلیسی' و بەتایبەتر 'ئەحمەدی خانی' بەدەردێکی نەپساوی کورد دانراوە. چونکە، رێگری لەیەکگرتن و دامەزرانی دەسەڵاتێکی خۆیی سەربەخۆ دەکات. بەرژەوەندی بنەماڵە و خێڵ و هۆز و تیرەکان، بەرژەوەندییە گشتییە نیشتمانییەکە قووتدەدەن.

گرفتەکە لەوەدایە؛ ئەو پۆلینبەندییە ئاساییە کە بۆ سروشتی کۆمەڵایەتی کورد دەگەڕێتەوە، دەبێتە میکانیزمێکی دروستکراو و ئاڕاستەکراو و پەرتکردنی کۆمەڵگای لێدەکەوێتەوە. ئیتر ئەوە هەر ئەویتر(رژیمەکانی وەک تورک، عەرەب، فارس) نییە کە کۆمەڵگای ئێمە لە پێناو کۆنترۆڵکردن و لاوازکردنیدا پەرتدەکات. سەرکردە "سیاسییەکانمانن" کە هەمان ئامراز و پلانی پەرتکەو زاڵبەیان قۆستۆتەوە.

 وەکچۆن هەمیشە لەمێژوودا کۆنترۆڵکردنی مرۆڤی کورد بەڕێی ئاغا، شێخ و مەلاو و سەرەکخێڵ و کاراکتەر کۆمەڵایەتییەکانەوە وەک ئەشراف و پیاوماقوڵ و ریشپیان پێدەوترێن روویداوە. بۆیە، پەنابردنەبەر ئەم بکەرە کۆمەڵایەتیانە، نەک هەر کۆمەڵگای ئێمە لە پێشکەوتن و پەرەسەندن و کرانەوە دووردەخاتەوە، بەڵکو دەیکات بەکۆمەڵگەیەکی ناسەقامگیر و دژیەک لەخۆیدا. دابەشکردنی چینایەتی ئەریستۆکرات(ئاغازادە، شێخزادە و خێڵزادە) کە پێگەی دەسەڵات لە حکومەت و ناوەندەکانی بڕیاردا داگیردەکەن و مسکێن- خەڵکی هەژار و خوارەوەی کۆمەڵگاش وەک پێکار و ئامراز بەکاردەهێنرین.

ئەوە راستە کە سروشتی هەموو هێز و دەسەڵاتێکە کە چاوبڕینە کۆنترۆڵکردن و پاوانکردنی هێز، بەڵام پەنابردنەبەر ئەم جۆرە کۆنترۆڵکردنە لەریی دیوەخانسازییەوە، بەڵگەیەکی زەقە، کە چیرۆکەکانی حزبەدەسەڵاتدارەکان وەک هێلکەیەکی نەجوقاویان لێهاتووە. دەستمایەی فەرهەنگی و کولتوریی و نیشتمانیان ئەوەندە نییە کە بتوانن کۆمەڵگا و توێژ و چینەکانی پێ ئاڕاستەکەن.

لێرەوە، بێهودەیی، پووچی و گەندەڵیی و نائومێدیی ئەمڕۆ خەسڵەتێکی زەقی سیاسەتە لەم هەرێمەدا، دەرئەنجامێکی سروشتی ئەم دۆخەیە. ئەو کاراکتەر و فیگەر و بیچمانەی لە میدیاکاندا ریکلامیان بۆ دەکری، ئەگەرچی لە بەرژەوەندی ئەجێندای حزبەکان و سەرکردەکانیانە، رۆژگارێک لێیان هەڵدەگەڕێنەوە؛ چونکە، پێوەریان بازنەی خێڵە.

سازکردنی دیوەخان و بڕینەوەی دیوەخانانە و سەماوەرگەرمکردن، چەکدارکردن و بایەخپێدان و دامەزراندنی نەوەکانیان، رێگەیەکە بۆ ئەوەی ئێمە نەک هەر لە کۆمەڵگا بخرێین، بەڵکو نەشبین بە "نەتەوە" و نیشتمان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×