پارتی و یەکێتی کێشە لەسەر قەڵەمڕەوی سیاسی، یان حکومەتی دیکۆر!

عەبدوڵا مەحمود
  2023-05-21     314

بەرواری ٨ ی ئەم مانگە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم! و جێگرەکەی دوای زیاتر لە شەش مانگ، کۆبونەوە. کۆبونەوەی نێوان سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، لەژێر گوشاری دەرەکی و بەتایبەتی ئەمریکادا بوو. 

حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دیکۆری بێدەسەڵاتی، دەسەڵاتی میلیشیایی و پارتی و یەکێتییە، کێشەکان و گرفتەکانی چ لەنێوان پارتی و یەكیتی یان لایەنەکانی تردا بن، هیچ لەو راستیە ناگوڕیت کە حکومەت بەهیچ پێوانەیەک مافی فەرمانڕەوایی هەریمی کورستانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نییەو لە ڕوانگەی خەڵکی کوردستانیشەوە حکومەت جگە لە دیکۆرێک و موچەخۆری حزبە باڵادەستەکان زیاتر شتێکی تر نییە. کیشەی نێوان پارتی و یەکێتیش لە ناو حكومەتێکی دیکۆر و بێ دەسەڵاتدا لەبەرامبەر بە هەژموونی حزبدا، تەنها گۆشەیەکە لە خستنە رووی روکەشی کێشە بناغەیەکان. کێشەی دەسەڵات و قەڵەمرەوی سیاسی لە ئاستی زۆنە دروستکراوەکانی حزبدا، کێشەی بناغەیی نێوان پارتی و یەکێتی و حزبەکانی تری هاوشێوەو هاوکردار و پەیامیانە.

پارتی و یەکێتی، کێشەیان لە حکومەتدا، بەهەند ناگرن، چونکە حکومەت خۆی لەخۆیدا بەهای نییە... بەڵام هەموو کێشەیەکی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر دۆخی سیاسی هەرێم و هاوڵاتیان دروست دەکات... هۆکاری بناغەیش بۆ ئەو دۆخە کە کیشەکانی پارتی ویەکێتی کیشە بۆهەرێم و هاوڵاتیان دروست دەکات ئەوەیە کە بەداخەوە قوتی خەڵکی کوردستان و موچەو خزمەتگوزارییەکان و  ئارامی سیاسی و دۆسیە پەیوەستەکانی تایبەت بە ئایندەی سیاسی کوردستانەوە، بە دەسەڵاتی پارتی و یەكێتیەوە گرێی خواردووە.

مانگرتنی جێگری سەرۆکی حکومەت لە حکومەتدا بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ، ریشەی لە حکومەتدا نەبوو، بەڵکو ریشەی لە ململانێی سیاسی و بریاری سیاسی نیوان پارتی و یەکێتیدایە. پارتی جومگە هەستیار و بڕیارە چارەنووسازەکانی دەسەڵاتی لەهەرێمدا لەدەستی خۆیدا قۆرغ کردووە، و مامەڵەی یەکیتی وەکو هێزێکی پەرتەوازە و بێ باڵانس و روولە بچوکبوونەوە دەکات. یەکێتی نیشتیمانی مامەڵەی پارتی لە بەرامبەر بەخۆیدا و تەنانەت هیزەکانی تری سیاسی لە کوردستان بە ناشایستە بەخۆی بە میژوو و رابردووەکەی!! دەزانێت. بەتایبەتیش کە تا ئێستا خاوەنی دەسەڵاتی زۆنێکە. یەکێتی بەهیچ کلۆجێک لە سۆنگەی هەڵبژاردنەکان و کورسیەکانی لە پەرلەماندا ئامادەنییە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و دەخوازێت وەکو فەرمانرەوای زۆنێک بەرخوردی لەگەڵ بکرێت. نەرمی پارتی و هیزە سیاسیەکانی تری سەر گۆرەپانی کوردستانیش لەگەڵ یەکیتی هیشتا رەنگدانەوەی ئەو واقعیەتەیە کە یەکێتی کورسی و هەبێت یان نا، دەنگ بهێنێت لە هەڵبژاردنەکان یان نا... هیزی یەکەم و بڕیار بەدەستی زۆنێکە... بەڵام ئەم واقعیەتە ئاوا نامێنێتەوە، هەروەکو چۆن سەرجەم دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بەم شێوەی ئیستای قابیلی مانەوە نییە و رەوتی ئاڵوگۆرەکان ئاییندەیەکی تر و دۆخێکی تایبەتی تر دەخاتە ڕوو. دۆخێک کە هەژموونی پارتی و یەکێتی لە ئاستی کوردستاندا لاواز تر دەکات و بریاری چارەنووسازی سیاسی و ئەمنی و حقوقی و ئابوری و پەیوەندیەکان و ...تاد، لەدەست دەردەهێنێت یان بەشیوەی رەمزی لە چەند گۆشەیەکدا لە قاڵبی دەدات. کێشەی پارتی و یەکێتی لە ئێستادا لەسەر ئەو ئایندە سیاسیەو ئەو رەوەندەیە کە دەستی پێکردووە.

ئامادەیی بۆ ئەو رەوەندە روو لەپێشە، مەسەلەی سەرجەم بۆرژوازی کوردو حزبە سیاسیەکانیەتی. لە خانەوادەی بۆرژوازی کوردا، بەتایبەت پارتی و یەکێتی کە هێزی باڵادەست و دەسەڵات بەدەستی کوردستانن، پارتی ئامادەتر و بەنەخشەوە ئامادەکاری دەکات و دەیەوێت نەک تەنها لەگەڵ دۆخەکە خۆی بگونجێنی، بەڵکو دەیەوێت کاراکتەرێکی سەرەکی لە دۆخی داهاتوودا بێت، هەرچی یەکێتییە، هیزێکی نائامادە و بێ روئیایەو کیشەی سەرەکی یەکێتیش بەجیا لەنەبوونی پرۆژەی سیاسی دیاریکراوی روشن، کیشەی ناوخۆیی و لەبنەرەتیشدا کێشەی رابەرییە. بۆیە بۆ یەکێتی بەو دۆخەی ئێستایەوە ناتوانێت وەڵامدەرەوەی هیچ کام لەو پرس و مەسەلانە بێت کە لە ئارادان... لەنێو ئەو مەسەلانەدا پرسی هەڵبژاردنەکان لە کوردستان، مەسەلەیەکی بناغەییە بەتایبەتی دەتوانێت کاریگەری لەسەر پیگەی سیاسی هێزەکان چ لەگەڵ بەغداو چ لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و ناوخۆی کوردستان هەبێت... دیارە رۆشنە هەڵبژاردن لە دۆخی هەرێم و هەژموونی حزبی و لەسایەی نادیاری ئاییندەی سیاسی کوردستان و مافی فەرمانڕەوایی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و ئەو گرفتانەی پارتی و یەکێتی لەگەڵی بەرەو ڕوون، یەکجار قورس و رووبەڕووە لەگەڵ گرفتی زۆر بناغەیی، بەڵام بەو حاڵەشەوە بۆتە مەسەلەیەک کە خۆ لێ لادانی قورسە بەتایبەتی کە ئەمریکاو غەرب چاویان لەسەریەتی و گوشارەکانیان بەردەوامە.

پەناگیری و تۆرانی جیگری سەرۆکی حکومەت، مانۆرو گۆشارێکی سیاسی یەکێتی بوو، تا پارتی دۆخی یەکێتی لەبەرچاو بگرێت و نیشانی بدات پرۆسەی سیاسی هەرێم بەبێ بەشداری یەکێتی پەکی دەکەوێت... بەتایبەتی لە هەلومەرجێکدا کە هەڵبژاردنێک لەپێشە. بەشیک لە نەرمی نواندنی پارتی لەبەرامبەر بەیەکێتیدا ئەوە بوو کە پارتی سەرباری هەر رێگری و کۆسپێک هیشتا ئامادەترو بەنەخشەوە بۆ هەڵبژاردن ئامادەیە و بەبێ یەکێتیش هەڵبژاردن پەکی دەکەوێت... لەو نێوەدا پارتی ئامادەیە دەورەیەکی تریش نیوە ئاوانس بە یەکێتی ببەخشیت و مامەڵەی دەنگ و کورسی لەگەڵ یەکێتی نەکات و بەشداری سیاسی یەکێتی لەجێگایدا بەرەسمی بناسێت. ئەمەش خێرو سەدەقیەک نییە پارتی بیبەخشێت، بەڵکو ناچارییەکە. تا ئەوکاتەش یەکێتی بەتەنها خاوەن دەسەڵاتی زۆنی سەوز بێت پارتی ناچارە لەسەر ئاستی هەرێم، مامەڵەی تایبەت لەگەڵ یەکێتی بکات.

بەجیا لە ماهیەتی هەڵبژاردن و رۆڵی لە گۆرانکارییدا، کە رۆشنە هەڵبژاردن ناتوانێت ببێتە سەرچاوەی گۆرانکاری. ئەوە بۆ خەڵکی کوردستان ئەزموونکراوە کە هەڵبژاردنەکان رێگایەیک بۆ ئاڵوگۆرو باشترکردنی ژیان و گوزەران و تەنانەت دەستاو دەست پیکردنی دەسەڵات نییە... بەڵام بۆتە مۆد و ڕێگایەک بۆ ئابدەیتی ساختەی هێزەکان و وەرگرنەوەی رەوایەتی لەپێشدا براوەی دەسەڵاتی پشت بەستو بەچەک و دزینی قوتی هاوڵاتیان و خۆبەستنەوە بە بلۆکە جیهانی و هەرێمایەتیەکانی... لەو نێوەدا گرفتی بناغەیی مەسەلەی بەشداری نەکردنی خەڵک و بایکۆتی جەماوەرییە... ناتەبایی و درێژەکیشانی ململانێی پارتی و یەکێتی شەری میدیایی و خستنەڕووی کارنامەی یەکتری، هێندەی تر گورز لە گەمەی هەڵبژاردنەکەیان دەدات و پرسی بایکۆت و تۆرانی جەماوەری زۆرتر دەکات، بۆیە ئەگەر ململانێی پارتی و یەکێتی بەشێک و تایبەتمەندییەک و تەنانەت پێداویستیەک بێت بۆ پارتی و یەکێتی بۆ راگرتنی هیزەکانیان و جەماوەرەکەیان، بەڵام ناچارن لە هەندێک دۆخی تایبەت و لەژێر گوشاردا، ململانێکانیان خاو بکەنەوە و ئاستی گرژییەکانیان بێنە خوارەوە، رێکەوتنی ئەمجارەی پارتی و یەکێتی، لە بنەرەتدا رەنگدانەوەی ئەو دۆخە ناچارییە و ئەو دۆخە داسەپاوەیە. کاریگەری و گوشار و مل کەچی پارتی و یەکێتی بۆ داواو راسپاردەکانی دنیای دەرەوە بەتایبەتی بۆ غەرب و ئەمریکا، ئەو راستیەی لای خەڵکی کوردستان جێگیر کردووە، کە پارتی و یەکێتی نەک بە وێنەی دوو هیزی سیاسی هەرێم بەڵکو وەکو داشی دامەو نۆکەر پیشەی راسپێردراوی غەرب و ئەمریکا مامەڵە دەکەن و وەکو هەمیشە مانەوە و ئابدەیتی خۆیان بە خۆبەستنەوە بە ئەمریکا و غەرب و وڵاتانی ناوچەکەوە گرێداوە. ریکەوتنی ئەمجارەش تەمەنی کورت و تا کاتی هەڵبژاردنەکان یان کەمێک دوای هەڵبژاردنەکان زیاتر بڕ ناکات و لەوەش زیاتر هۆکاری ڕیکەوتنی پارتی و یەکێتی دوور و نزیک پەیوەندی بە وەڵامدانەوە بە کیشە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەری پرسە هەڵواسراو کیشەکانیان لەگەڵ بەغدا نییە، بەڵکو بۆ زەمانەتی دریژەدانە بەدەسەڵاتدارێتیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا. جەنگی واقعی و کیشەی سەرەکی لە نێوان چینی کریکار و جەماوەری بەش مەینەت لەلایەک و دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد لەلایەکی ترەوەیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×