ڕوخانى شارستانیتەکان لەدیدى تۆینبى

نیهاد عەزیز سەعید
  2023-05-24     284

تۆینبى یەکێکە لە مێژوونوسە ئینگلیزەکان، لە ساڵى (١٨٨٩ز) لە دایک بووە و لە ساڵى (١٩٧٦ز) مردووە، خاوەن چەندین بەرهەم و کتێبى مێژوویە. یەکێکە لە مێژوو نووسە هاوچەرخەکانى جیهان و لە شارستانیەتى کۆن و نوێی کۆڵیەوەتەوە. کاتێک لە شارستانیەکان دەکۆڵێتەوە هیچ شارستانێک بەسەر ئەوەی تر زاڵ ناکات، بەشێوەى مەیدانى هەوڵیداوە لێکۆڵینەوەکانى ئەنجام بدات. سەبارەت بە سەرهەڵدانى شارستانیەکان تۆینبى پشت بە تیۆرى (مەیدانى و وەڵامدانەوە) بەستووە. و هۆکارى نەتەوەى و جوگرافى لە سەرهەڵدانى شارستانیەکان دەرهێناوە. چونکە ئەگەر بێت سەیر بکەین زۆرێک لە مێژوونووسان دیاردە شارستانیەکان بە فاکتەرى نەتەوەى و جوگرافى دەبەستنەوە، جوگرافیایەک یاخود نەتەوەیەک بە تەنیا بە خاوەنى شارستانێک دەزانن، بەڵام تۆینبى خۆى لەمە پاراستووە.
ئەگەر بێت باسى ڕووخانى شارستانیەکان لە دیدى تۆینبى، کە لێکۆڵینەوەیی لە بیست و یەک شارستانى کردووە، تەنیا پێنج شارستانیەتى ماوەتەوە، بەم هۆکارانەى خوارەوەى دەبەستێتەوە:
یەکەم: لاوازى و کەم کورتى لە سەرکردە و فەیلەسوفەکان. کاتێک شارستانیەک سەرهەڵدەدا خاوەن چەندین داهینەرى سەرکەوتووە، کە خزمەت بە دەوروبەریان دەکەن، بەڵام کاتێک ئەو داهێنەرانە لە بیرۆکەى نوێی دەوەستن ڕاستەوخۆ ڕووبەرووى لە ناوچوونەوە دەبن، نمونە سەرۆکى وڵاتێک بەردەوام خزمەتى گەلەکەى دەکات، هەوڵدەدا وڵاتەکەى بەرەو پیشەوە ببات، بەڵام کاتێک نەى توانى خزمەت بکات، وڵاتەکە بەرەو لاوازى دەچێت، راستەوخۆ یان لەلایەن هیزێکى دەرەکى هێرشى دەکرێتە سەر دەڕووخێت، یان تووشى شۆڕش و پەلامارى ناوەخۆى دەبێتەوە بەرەوو ڕووخان دەچێت، نمونەى ئەوەمان زۆرە لە میژوودا، وەک ڕووخانى خەلافەتى عباسى لەسەر دەستى مەغۆلەکان، چونکە زۆر بەرەو لاوازى چووبوو، گەورەترین دیاردەى شارستانى پیشکەوتوى لە رۆژهەڵاتى ئیسلامى لە ناوبرد.

هۆکارى دووەم: هەموو شارستانیەک لە سەرەتاوە چۆن دامەزراوە، بەهەمان شێوە تۆوى رووخانى. لێرەدا تۆینبى پێ وایە سیاسیەکانن ولات بەرەو داگیرکارى و پێکهێنانى ئیمپراتۆریەت دەبەن، بۆ ئەوەى خۆیان لە تەنگەژەکان بپارێزن، دروست بوونى هەر ئیمپراتۆرێکیش ئەوە وڵاتەکە بەرەو جەنگ و ئاژاوە دەبات و کۆتا جاریش بەرەو ڕووخان دەڕوات، وەک ئیمپراتۆریەتى ئاشوورى و رۆمانى. بۆچوونى من وایە، کە توینبى مەبەستى ئەوەیە کە سیاسیەکان بۆ بەرژوەندى خۆیان و بۆ ئەوەى پارێزگارى لە خۆیان بکەن، شارستانیەکان بەرەو ئاژاوەگیرى دەبەن، هەر کاتێک ئیمپراتۆریەتێک دامەزرا ئەوە سنور و دەسەڵاتى زۆر فراوان دەبێت، زۆر جار نەتەوەى جیاواز و کەلتورى جیاوازى لە خۆ گرتوە، بۆیە ئیمپراتۆریەکە بەرەو لاوازى دەڕوات.

هۆکارى سێیەم لایەنى روحى و ئاینییە، کە هەموو شارستانێک پێویستە گرنگى بە لایەنى روحى و ئاینى بدات، هەر کاتێک ئەم دوو لایەنە یەکی نەگرتەوە، ئەو شارستانیییە بەرەو ڕووخان دەچێت، نمونە ئەگەر سەیرى ئیمپراتۆریەتى رۆمانى (بێزەنتى) بکەین، پیاوانى ئاینى نەیان دەتوانى خزمەت بە پەیڕەوانى خۆیان بکەن هەمیشە خەڵکەکەیان دەچەوساندنەوە، وایکرد ئەوروپا بەسەردەمێکى تاریک بڕوات، دواجار وایکرد خەڵک پشت لە ئاین بکات تاوەکو بتوانن خۆیان لەم تاریکیە ڕزگار بکەن.

هۆکارى چوارەم: بەشێک لە شارستانیەکان هەوڵدەدن سود لە ڕابردوو و داهاتوو وەربگرن، تاوەکو بتوانن درێژە بە شارستانیەتى خۆیان بدەن، بەڵام هەر کاتێک سود لەم دوولایەنە وەرنەگیرا ئەو شارستانیەتە ڕوو لە ڕووخان دەکات.

دەرئەنجام :
1_ یەکێک لەهۆکارەکانی هەرەس هێنانی شارستانیەت ..؟ ئەوەیە کە هێزی پاشپشتی کەمە چ لەلایەنی (سەربازی یان ئابوری یان نەبوونی کەسایەتی لێهاتوو لە لایەنی سیاسی ..هتد , ئەمانە دەبنە هۆکارێک بۆ بێ هێزی کە شارستانیەت بەرەو لاوازی و رووخان دەبات ئەمەش دەبێتە هۆی هەرەس هێنانی کۆمەلگا .
2_ تۆینبی وەکو یەکێک لەمێژوونوسە سەرکەوتووەکان ، لێکۆلینەوەی لە مێژووی شارستانیەتەکانی کۆن و نوێیەکان کردووە ، بەبێ لایەنی هەلسەنگاندنی بۆ شارستانیەتەکان کردووە ، بەبێ ئەوەی شاریتانیەتی رۆژئاوا بە باشتر بزانێت .
3_ تۆینبی پێی وایە کە لەتبوونی ستوونی دەبێتە هۆی هەرەس هێنانی شارستانیەت ، کەمەبەستی ئەو تەنگەژە و گرفتەنایە کە کۆمەلگا بەخۆیەوە دەبینێت ، کە کۆتایەکەی دەبێتە هۆی هەلوەشانەوەی شارستانیەت و کۆمەلگا ، لەتبوونی ستوونی بە نمونە وەک (شارستانیەتی هیلینی ).
4_ تۆینبی هەولیداوە لە بۆچوونەکانی ئەوە بخاتە روو کە ژینگە کاریگەری لە سەرهەلدان و رووخانی میللەتان هەیە ، هەر یەکێک لەم میللەتانەی جیهان شێوازی شارستانیەتی تایبەت بەخۆی هەیە .
5_ کە کۆمەلگە هەرەس دەهێنێت کۆمەلگایەک دورست دەبێت بە ئاسانی جیا دەکرێتەوە لە کۆمەلگە پێشکەوتووەکان و سەرکەوتووەکان ، کاتێک کەمینەیەکی زال توانای داهێنانی لەدەستداوە و بەزەبری هێز و چاو سورکردنەوە فەرمانڕەوایی دەکەن و دەولەتەکەیان یان سنوری دەسەلاتیان بەرێوە دەبەن .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×