چاو بچکۆلەی هاوڕێم!

هاوژین زیبا
  2023-05-24     423

هاوڕێیەکم چاوەکانی ورد و بچووک بوون. هەموو جارێک بۆ گاڵتە پێم ئەوت تۆ بەو چاوە بچووکانەوە چۆن ئەم دنیا گەورەیە دەبینیت؟
مرۆڤەکان کە باڵایان بەرزە هەموو لەشیان دەبینیت یان لە نیوەوە سەیریان دەکەیت؟ هەر جار وام ئەوت هەموومان پێ ئەکەنین چونکە باسەکە وەکو گاڵتە و خۆشیی بوو.

لەم رۆژانەدا بیرم ئەکردەوە.
نەک بە فیزیکیی بەڵکو بەراستی بینینی بچووک لە رووانیندا چەندە بارگرانییە بۆ خودی ئەو کەسەی بچووک دەبینێت و لە هەمان کاتدا بۆ ئەو کەسەش کە لەم چاوە بچووکەوە دەبیندرێت؟
ئەگەر مرۆڤ بینینێکی بچووکی بۆ دنیا هەبێت لە چی بێبەش دەبێت و لە هەمان کاتدا ئەگەر بینینێکی فراوان یان گەورەی هەبێت تووشی چی دەبێت یان دووچاری چی دەکرێت و بەرامبەر بە چی رادەگیرێت؟

ئەوانەی بچووک دەبینن رەنگ و جوانیی یان خۆشیی و ناخۆشیی کەم بۆ خۆیان دەبینن ئەوکات هەستەکانیان هەمیشە بە برسیەتیی دەمێنێتەوە وەکو ئەو جۆرە نەخۆشییەی کە لە سەردەمی منداڵیماندا باوبوو پێیان دەوت "بەد خۆراکیی".
کاتێک ڤیتامین و خۆراکی پێویست دابین ناکرێت بۆ جەستە ئەو کات جەستەش وزە و توانای کەم دەبەخشێت بەو روح یان ئەقڵەی لە جەستەکەدا هەیە.

ئەمڕۆ دەبینم زۆرێک لە مرۆڤەکان بەدخۆراکن، بە جۆرێکی دیکەی کەمیی ڤیتامین لە هۆشیارییاندا.
وا بیردەکەمەوە سەرچاوەی ئەم بەدخۆراکییە لە بچووکی بینینیانەوە سەرچاوە دەگرێت. (چاو) وەک ئەندامێکی زۆر گرنگی جەستە لە لەشی مرۆڤدا جیاواز لە گواستنەوەی وێنەکان بۆ ناخی مرۆڤ بێگومان دەتوانێت زۆر کاری تریش ئەنجام بدات ئەگەر هۆشیاری و نوێ گەری لە بیر و هزردا رووبدات ئەویش بە دابینکردنی هەموو ئەو شتانەی کە پێویستن لە خوێندنەوە، تێڕامان، سەفەر و بەهێزکردنی توانای ئەقڵییان، بەڵام ئەمانە نەبن چۆن (چاو) مەودای بینینی فراوان دەبێت چۆن دەتوانێت دڵنیابێت لەوەی کەمبوودی بەدخۆراکیی هۆشیاریی نییە؟

خاوەنی ئەم رووانینە بچووکە بۆ ژیان بۆ خودی ئەو کەسە خۆی کێشەیە پێش هەمووان، بەڵام ئەفسوس هەرگیز بە ئەوەندەوە لە سنووری خۆیدا ناوەستێت کە بۆ خۆی کەمی هەبێت، بەڵکو هەموو کار و هەوڵێکی بۆ ئەوەیە ئەوانی دیکەش بچووک ببینێت. لە درێژخایەندا ئامانجی دەبێت بە بچووک بینینی ئەوانی تر.
ئینجا وردەوردە بە پێشینە و کۆڵەکەی ئایین و ئایدۆلۆژیی و کولتوریی و نەریتیی بچووک بینینیەکەیان بە هێز دەکەن و پاسا و بۆ رەوایی نۆرمە کۆن و ژەنگاوییەکانیان ئەهێننەوە.

رەنگە زۆرترین کێشەکان لە نێوان مرۆڤەکاندا لێرەوە دەست پێ بکەن.

گەورەترین پەژارەی مرۆڤی فراوان بین زانینی بچووک رووانینی ئەوانی ترە کە ئازارە بۆی لەگەڵ ئەوەشدا ئەم مرۆڤە ناتوانێت هەوڵ نەدات راستییەکە نیشانی ئەوانیش بدات کە بچووکتر ئەڕووانن لە مرۆڤ و لە ژیان، چونکە ئەوان پشت ئەستورن بە وەهم و دڵخۆشن بە سێبەری خۆیان و هەموو توانای خۆیان بۆ بەرهەم هێنانەوەی جەهل تەرخان دەکەن. ئەوەشی وەکو خۆیان نییە ئەگەر نەیکوژن ئەوا قوربانی مەرگی خۆیانی دەکەن.

لە هەمان کاتدا ئەوەی کە رووانینی بچوک نییە بۆ دنیا بۆ ژیان و بۆ رووداوەکان خودی خۆی بەرەو مرۆڤ بوون هەنگاو هەڵدەگرێت، هەمیشە لە تاقیکردنەوەی هەست و تواناکانیدا دەبێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە مرۆڤە و رێگە بە هەڵە رووانین یان بچووک بینین نادات کە لە هێڵی مرۆڤ بوون دووری بخەنەوە، بەڵام روونە ئەو مرۆڤانە لەناو هەزاران هەزار بچووک بینی لە جەهلا چەقیو تووشی چی کێشە و ئاستەنگێک دەبێتەوە و دەکرێتەوە، چی جۆرە زەلکاوێک لە بەردەمیدا دروست دەکرێت و چەند تەڵەی شوومی لە بەردەمدا دەتەقێنرێتەوە؟

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×