ئامانج لە بریاری دادگای فیدرالی عێراق و لێکەوتە سیاسیەکانی!!

عەبدوڵا مەحمود
  2023-06-02     414

کۆتایی ئەم مانگە دادگای فیدرالی عێراق، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نایاسایی و پێچەوانەی دەستور ناساند، بە پێیەش سەرجەم بریاریەکانی پەرلەمانی کوردستان کە لەدوای ٦/١١ وە دراون نایاسایین و ریسی هەموو ئەو یاسایانەی لەو ماوەیەدا دراون دەبنەوە بەخوری.

بەجیا لەناوەرۆکی دادگای فیدرالی عێراق و چۆنیەتی پێکهاتن و باگراوندی ئەم دادگایە، بە نایاسایی ناساندن و نادەستوری بوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، ناتوانرێت تەنها وەکو دۆسیەیەکی یاسایی تەماشابکرێت، بەڵکو چەندە دۆسیەیەکی یاساییە هێندە زیاتریش سیاسییە. میژووی پەرلەمانی کوردستان لەهەر پێنج خولەکەی پێشوودا، جووتە لەگەڵ درێژکردنەوەی پەرلەمان. واتە هەموو خولەکان پەرلەمان بەپاساوی بەرژەوەندی پارتی و یەکێتی درێژکراوەتەوە، دادگای فیدرالیش، کێشەیەکی نەبووەو بۆ جارێکیش ئەو درێژکردنەوانەی بە نایاسایی و نادەستوری نەناساندووە، ئەوەی ئەم جارە دادگای فیدرالی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بە نایاسایی و پێچەوانەی دەستور بڕیار لێدەدات، دەرهاویشتەو ئاکامی گۆرانی هاوسەنگی هێزی نێوان بەغدا و هەرێمە. پێشوتر توانای بەغدا لەبەرامبەر بە هەرێمدا سنوردارتر لە ئێستا بوو، لە ئێستادا بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی لە رێرەوی پاشەکشەیەکی بەردەوامدان و تا دێت لەبەرامبەر بە بەغدا و بزوتنەوەی ناسیونالیستی و ئیسلامی عیراقدا، سەری تەسلیم بوون دادەنەوێنن و دۆسیە بناغەیەکانی هەرێم لەدەستی دەسەڵاتی هەرێمدا دەردەهێنرێن. چۆن دۆسیەی نەوت لە دەستی دەسەڵاتی هەریم دەرهێنراو ئاواش دۆسیەی یاسایی هەرێم، لە پرسە سەرەکیەکاندا، لەدەستی دەسەڵاتی هەرێم دەردەهینریت و گورزی یاسایی وەکو پشتیوانەی هەژموونی سیاسی ناوەند بەسەر هەرێمدا، زۆتر بەدەستەوە دەگیرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی هەرێم چۆن دەرگیری ئەزمەیەکی سیاسی بەردەوامە لەگەڵ بەغدا لەسەر دەیان پرسی دیارکراو، ئەوا بریاری یاساییش وەکو پشتیوانەی بریارە سیاسیەکان زیاتر بەدەستەوە دەگیرێت و ئەزمەی یاسایی و دەستوریش یەخەگری دەسەڵاتی هەولێر دەبێت. پرۆسیسی قوتبی کردنەوەی دەسەڵاتی ناوەند لە ئاستی سەراسەری عێراقدا، بڕگەیەکی تازەیە و لە هاوسەنگیەکی تازەی نیوان دەسەڵاتی هەرێم و بەغدادا دەچێتە پێشەوە.

ئەم ئاڵوگۆرە لە هاوسەنگی نیوان بەغدا و هەرێم و برەوپەیداکردنی توانا و بریارە یاسایی و دەستوریەکان بەغدا بەسەر هەرێمدا و وەکو پشتیوانە بۆ هەنگاوە سیاسیەکان و کەم کردنەوەی قەڵەمرەوی سیاسی ناسیونالیزمی کورد، ململانیی نێوان هیزەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوای کورد زیاد دەکات و ئاڵوگۆر بەسەر ناکۆکیەکاندا دەهێنێت. ئەم بریارەی دادگای فیدرالێ دۆسیەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە کوردستان و کاراکردنەوە و هەموارکردنەوەی کۆمیسیۆن، پرسی کۆتاکان، تا دەگاتە دۆسیەی سەرژمێری...تاد، لەنێوان پارتی و یەکێتی کۆتایی پێدەهێنیت. هاوکات ئەو بوارە بۆ هەمیشە لەدەستی پارتی و یەکێتی و حزبەکانی تری بزوتنەوەی کوردایەتی دادەخات کە هەمیشە بە مەبەستی سیاسی و بۆ دریژەدان بەقەڵەمرەوی سیاسیان تەمەنی پەرلەمانی دیکۆریان درێژ دەکردەوە و ئۆپۆزیسیۆنی بودەڵەش ئەمەی وەکو کەمپەینێکی راگەیاندنی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، بەدەستەوە دەگرت.

ئەم ئاڵوگۆرە ململانێی نیوان پارتی و لەسەر چەند دۆسیە کۆتایی پێدەهێنێت بەتایبەت ئەو مەسەلانەی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە، بەڵام لەگەڵ خۆیدا دۆسیەی تر دەکاتە سەنتیزی ململانێی نیوان پارتی و یەکێتی.

ئەم بڕیارەی دادگای فیدرالێ هیچ ڕێگایەک بۆ حزب و هێزەکانی کوردستان ناهێڵیتەوە جگە لەوەی بە خیرایی دەست ببەن بۆ هەڵبژاردن. بەڵام پرسیار ئەوەیە پارتی و یەکێتی دەتوانن لانی کەم لەسەر هەڵبژرادن رێک بکەون و لەماوەی ٦ مانگی داهاتوودا لەژێر سەرپەرشتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی بەغدادا، هەڵبژاردن لە هەرێم ئەنجام بدەن؟ ئایا بەو نائامادەییەی کە پارتی و یەکێتی بەگشتی بەتایبەتی یەکێتی هەیەتی، دەتوانێت پارتی و یەکێتی بگەیەنێتە ئەو باوەرەی هەڵبژاردن بکرێت، ئەگەر نەکرێت چی روودەدات؟ بەتایبەتیش لەدۆخی ئیستادا کە چ پارتی و چ یەکێتی هەوڵیان ئەوەبوو کە هەڵبژرادن دوابخرێت تا لانی کەم بتوانن گرفتە سەرەکیەکەی بەردەم هەڵبژاردن، کە بایکۆت و بەشداری نەکرنی جەماوەری و قوڵبوونەوەی بێ متمانەیی جەماوەرییە بە هەڵبژرادنەکان وەڵام بدەنەوە، ئێستا کە ئەم گرفتە بناغەییە ماوەتەوە و لەلایەکی تریشەوە گوشاری ئەمریکا و غەرب لەسەریان بۆ هەڵبژاردن زیادی کردووە، یەکێتی پارتی دەخاتە بەردەم ململانێی تازەوە و ئاسۆی سیاسی ئەم بزوتنەوەیە لە دۆسیەکی بەناو یاساییدا، رووبەڕووی بنبەستێکی چار هەڵنەگر دەکاتەوە.

پارتی و یەکێتی لەشەقامدا رووبەڕوون لەگەڵ نارەزایەتی جەماوەری و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەگیری گوشاری ئەمریکا و غەرب و لە ئاستی یاسایی و دەستوریدا، بەغدا دۆسیەی هەڵبژادنی لەدەست دەرهێنان... ئەوە سێ کوچکەی هەژموونێکە کە دەسەلاتی ناسیونالیزمی کورد بەگشتی و دەسەڵاتی داسەپاوی پارتی و یەکێتی رووبەڕووی دۆخێکی تایبەتی دەکاتەوە و ناکۆکی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد، زۆر زیاتر لەوەی هەیە قوڵ دەکاتەوە، وە بەناچار دەبێ مل بە هەڵبژاردنێکی ناخواستە بدەن... هەڵبژاردنێک لەگەڵ ئەوەدا کە هەڵبژاردن لە دۆخی و هەرێم و ژێر سایەی دەسەڵاتی میلیشیاییدا، ناتوانێت هیچ ئاڵوگۆریکی بناغەیی پێک بهێنێت و وەلام بە پرسە سیاسی و حقوقیەکانی خەڵکی کوردستان بداتەوە، بەڵام گومان لەوەدا نییە پرسی هەڵبژاردنەکان چەکێکی ململانێی نیوان پارتی و یەکێتییە، لانی کەم بۆ فریودانی رای ناوخۆ و بۆ شێواندنی رای فەرمی دنیای دەرەوە. بۆیە دۆسیەیەکی قورس و ئەزموونیکە لەبەردەم پارتی و یەکێتیدا. جەماوەری کوردستان لەگەڵ ئەوەدا دەزانن کە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بەرهەمی هەڵبژاردن و رەوایەتی یاسایی نییە و پەرلەمان دیکۆرێکە، بەڵام هاوکات لە کایەی هەڵبژاردنەکاندا، بە بایکۆت و بەشداری نەکردن، بەرەیەکی تری خەباتی خۆیان لەدژی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی کردۆتەوە و بەکردەوە رەوایەتی هەڵبژاردنیان، لەناو نارەواییی هەڵبژاردندا. نیشان داوە.

لەم دۆخەدایە چ پارتی و یەکیتی و چ هێزەکانی تری بەناو ئۆپۆزیسیۆن، ئامادەبن یان نا... ناچارن کایەی هەڵبژاردن وەکو مەیدانێکی گرنگی ململانێی گەران بەدوای" شەرعیەت" دا، بەدەستەوە بگرن، تا رەوایەتی دەسەڵاتی میلیشیایی و نۆکەر پیشەییان، بەرەوا بەسەر خەڵکی کوردستان و وەکو بژاردەی ئەوان وێنا بکەن.

هەر ئەوەشە وای کردووە کە هەموو حزب و هیزەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد و میدیای وابەستەو ڕێگەپێدراویان، رای بگەیەنن کە ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت "قەوارەی هەرێم" رووبەڕووی بۆشایی یاسایی و مەترسی داروخان دەبێتەوە. دەیانەوێت لەڕیگای ئەم لێدوانانە، لەلایەکەوە خەڵکی کوردستان بەترساندنی هەرەشەی دەرەکی، لەلایەکی تریشەوە بە کۆتایی هاتنی "قەوارەی هەرێم"  بترسێن و ناچار بە دەنگدانیان بکەن.

ئەوە لە کاتێکداتە کە "قەوارەی هەرێم" جگە لە دەربڕینێک بۆ دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و "بۆشایی یاسایی" جگە لەدەستکۆتاکردنی ناسیونالیزمی کورد لە قەڵەمرەوی سیاسیدا زیاتر شتێکی تر نین. جغرافیای سیاسی هەرێم و نادیاری ئاییندەی سیاسی کوردستان و پێگە حقوقیەکەی، کە پەیوەندی راستەوخۆی بە ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستانەوە هەیە، پارتی و یەکێتی و سەرجەم بۆرژوازی کورد، خۆیان کۆسپێکی سەرەکی بەردەم ڕیگاچارەیەکی سیاسی و کارسازن بۆ دیاریکردنی ئایندەی سیاسی کوردستان. خۆبەستنەوەی پارتی و یەکێتی بە سیاسەتەکانی ئەمریکا و غەرب، بەردەوامی دان بە بێئیرادەکردنی سیاسی خەڵکی کوردستان و نەبوونی ئەلتەناتیفێکی بەهێزی سیاسی، کە نەخشە ڕیگایەکی تر بۆ ئایندەی سیاسی کوردسان و نوێنەرایەتی بکات و بۆی تێبکۆشێت، هیشتا گرفتێکی تری بناغەیی و حاشاهەڵنەگری ئەم دۆخەی ئیستایە.   

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×