گەرەنتیی یەکپێگرتنەوەی ھەرێم..

د. یوسف محەمەد سادق
  2023-06-10     430


لە چەند رۆژەدا بابەتی مامەڵەی راستەوخۆی حکومەتی فیدڕاڵی لەگەڵ ھەر پارێزگایەکی ناڕازیی ناو ھەرێم بوەتە جێی باس و، ھەندێک بە خیانەتی گەورەی ئەزانن و ھەندێکی تر بە ھۆکاری ھەڵوەشانەوەی قەوارەی ھەرێمی ئەزانن!
لە ڕاستیدا پێشتر حکومەتی فیدڕاڵ ھەر لە ڕێی یاساکانی بودجەوە مامەڵەی راستەوخۆی لەگەڵ پارێزگاکانی ھەرێم ئەکرد بۆ سەرف کردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و قەوارەی ھەرێمیش ھەڵنەوەشایەوە! نەک ھەر ئەوە بەڵکو زۆربەی ھەرەزۆری پڕۆژەکانی پارێزگایەکی وەک سلێمانی لەو کاتەدا کە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لە ھەمو قەزاکانیدا جێبەجێ ئەکرا، بە ھۆی ئەو مامەڵە راستەوخۆیەی  بەغدا لەگەڵ پارێزگاکانەوە جێبەجێ کراون.
دانانی مەرجێک بۆ بە دادپەروەرانە دابەش کردنی داھات بەسەر پارێزگاکانی ھەرێم، نەک نابێتە ھۆی دابەش کردنی ھەرێم، بەڵکو ئەبێتە گەرەنتییەک بۆ یەکپێگرتنەوەی راستەقینەی ھەرێم. ئەوانەی بەناوی پاراستنی قەوارەی ھەرێم دژی ئەو بڕگەیەن ئایا لە خۆیان پرسیوە کە ھەر بە راست قەوارەی ھەرێم ئێستا یەکگرتوە یان زیاد لە ھەر کاتێکی تر دابەش بو و دابەش کراوی سەر خێزانە دەستڕۆشتوەکانی ھەرێمە!؟
جا بۆیە تکایە بەناوی دابەش نەکردنی قەوارەی ھەرێم ھێندەی تر بڕیاڕی سیاسیی ھەرێم مەکەنە بارمتەی تەنھا یەک خێزابی سیاسی و، تکام لە ھەمو ئەو پەرلەمانتارانەیە کە خۆیان لە بەرەی خەڵک ئەزانن کە لەڕێی گەڕاندنەوەی ئەو بڕگەیەوە، دەستەبەری یەکپێگرتنەوەی ھەرێم و دابەش کردنی داھاتەکانی بە دادپەروەرانە بکەن. 
کاک نەوشیروان چەند جارێک باسی ئەوەی ئەکرد کە کاتی خۆی لە نوسینی دەستوری عێراق، چەند جارێک کاک مەسعود لە پڕۆژە دەستورەکەدا مافی (ھەر پارێزگایەک بۆ بون بە ھەرێم)ی، سنوردار ئەکرد لەو پارێزگایانەی کە لە چوارچێوەی ھەرێم رێکنەخراون، ئەو (واتە کاک نەوشیروان) ھەمو جارێک ئەو بەربەستەی لابردوە، بۆ ئەوەی مافی ھەر پارێزگایەکی ناو ھەرێمی کوردستان بۆ دروست کردنی ھەرێمێکی سەربەخۆ ببێتە کارتی فشار و گەرەنتی بۆ باش ئیدارەدانی ھەرێمی کوردستان. ھەر بۆیەش کاتێک فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ یەکەم جار پێشنیاری کرد کە ئەگەر دەسەڵاتی ھەرێم پابەند نەبو بە بڕگەکانی یاسای بودجەی فیدڕاڵی، ئەوا مامەڵەی راستەوخۆ بکرێت لەگەڵ ھەر پارێزگایەک کە پابەندی یاساکە بێت، کاک نەوشیروان لەو کاتەی کە ھەموان دژی ئەو پێشنیارە وەستانەوە، ئەو پشتیوانیی لێکرد.
جا ھاوڕێیانی ئازیز، ئەم چەند کاتژمێرە کەمانە ماون ھیممەت بکەن بۆ گەڕاندنەوەی بڕگەی پێدانەوەی پاشەکەوت و مامەڵەی راستەوخۆی پارێزگای ناڕازی بۆ دەستەبەر کردنی یەکگرتویی ھەرێم، وەگەرنا یەکگرتویی بەزۆر ناسەپێنرێ و، بەردەوام بونی بارمتە بونی ھەمو ھەرێم بەدەست ئەم دەسەڵاتەی ئێستایەوە، رەنگە ھەنگاوی تر بێنێتە کایەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×