کەرکوک و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا!

عەبدوڵا مەحمود
  2023-12-16     258

وا بریارە ١٨ ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاکانی عێراق بەڕێوە بچێت... لەناو ئەم هەڵبژاردنەدا پێگەی کەرکوک جێگای سەرنج و مەیدانێکی ململانێی حزب و لایەنە سیاسیەکان و گۆرەپانێکی کراوەیە بۆ بەخشینەوەی شەپۆلێک لە بەڵێنی ساختە و دەمەزەردکردنەوەی درۆ و فریوکاری.

شاری کەرکوک کە لەلایەن بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی عێراق و کوردستان و حزب و لایەنەکانیانەوە، چەندین ناسنامەی پێبەخشراوە لەوانە "کەرکوک شارێکی عەرەبییە، کەرکوک شارێکی تورکمانییە، کەرکوک شارێکی کوردستانییە، کەرکوک قودسی کوردستانە، کەرکوک دڵی کوردستانە" دیارە لەناو ئەو ناسنامانەدا، جاروبار دروشمی کەرکوک بچوککراوەی عێراقە، کەرکوک شاری کەرکوکیەکانە... وەکو فریوکارییەک بۆ رەوایەتی بەخشین بە ناسنامە قەومییەکان، بەکاردەهێنرێت. هەموو ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسیانە، کە ئەو دروشمانەیان بەدەستەوە گرتووە، بەپێی هەمان ئەو ناسنامانە کەرکوکیان لە هاوڵاتیان سەندۆتەوە و هەوڵیان ئەوە بووە دروشمی خۆیان بدەن لەناوچەوانی شاری کەرکوک و ناسنامەی هاوڵاتی بوونی لە دانیشتوانی کەرکوک بسەنەوە. لەوەش زیاتر کاریان لەسەر دنەدان، درز دروستکردن، لێکدابران، دژایەتی دروستکردن، لەناو دانیشتوانی کەرکوکدا کردووە بە پیشە، ئاکامی ئەم مامەڵەیە کەرکوکی کردۆتە گەورەترین قوربانی لە ئاستی عیراقدا. هاوکات کەرکوک بۆتە سەنتێزی ململانێی نێوان بزوتنەوەی ناسیونایستی عەرەب و کورد و  تورکمان  و جەنگی دەسەڵات و قەڵەمرەوی سیاسی.

بەدیاریکراوی لەدوای روخانی دەسەڵاتی بەعسەوە، هەموو حزب و بزوتنەوە سیاسییە بۆرژوازییەکان، هەوڵیان ئەوە بوو وەکو بەعس مامەڵە لەگەڵ کەرکوک بکەن... ئەگەر رژێمی بەعس وەکو سیستمێکی دیکتاتۆر و دڕندە و یەک دەست و بەوێنەی دەسەڵاتیکی قوتبی و بێ رکەبەر، سیاسەتی" بە عەرەبکردن، راگواستن و بەبەعسی کردن" ی لە کەرکوکدا پەیرەو دەکرد و ئەم سیاسەتە بەشێک بوو لە ستەمی نەتەوایەتی بەسەر خەڵکی کوردستان و کەرکوکدا، ئەوا دەسەڵاتی سیاسی دوای بەعس نەک جیاواز کە سیاسەتی بەعس نەبوو، بەڵکو درێژەپێدەری ئەو سیاسەت و جیاکارییە بوون، بەڵام توانایی ئەم حزب و هێزە سیاسیانە لە ئاستی توانای بەعسدا نەبووە و هاوکاتیش هیچ کام لەو حزب و لایەنە سیاسیانە تاکە دەسەڵات نەبوون و رووبەڕوو لەگەڵ لایەنی سیاسی تر بوون، ئەمە بۆتە رێگر لەوەی بتوانن وەکو بەعس، هەمان رەفتار و مامەڵە بەرەو پیش ببەن. بەڵام ئەوە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت، کە هەموو ئەو لایەنانە هەڵگری مامەڵەیەکی جیاواز لەبەعس لەگەڵ کەرکوک و ناوچە کیشە لەسەرەکان نەبوون. دەسەڵاتی ناسونالیزمی کورد، کەبەدوای روخاندنی بەعسەوە هەژموونیان بەسەر کەرکوکدا هەبوو، نەک هەر مامەڵەیەکی یەکسان و لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون لەگەڵ خەڵکی کەرکوک نەکرد، بەڵکو ئاستی مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکی کورد زمانیش تا رادەی رەفتاری حزبی هێنایە خوارەو و نەک نەیان توانی ماف و داخوازی هاوڵاتیانی عەرەب و تورکمان و...تاد، بەفەرمی بناسن، بەڵکو خەڵکی کورد زمانیانیشیان دابەشی ململانێی حزبی و سەوزو زەرد کرد و "قودس و دڵی کوردستانیان"!!، کردە گۆرەپانیی ململانێییەکی دواکەوتوانە و شارێکی نائارام و قوڵکردنەوەی ناسنامەی قەومی و سەرچاوەیەک بۆ تاڵانی و دزی و زاڵکردنی کەشی میلتاریزە بەسەر هاوڵاتیان و شاری کەرکوکدا، بەم شیوە شکستخواردووترین ئەلگۆی دەسەڵاتدارێتی بزوتنەوەی کوردایەتیان، لە کەرکوکدا نمایش کرد و نەک هیچ هاوڵاتیەکی عەرەب و تورکمان، بەڵکو هیچ هاوڵاتیەکی کورد زمانیش رازی بەو دەسەڵاتە حزبی و میلیشاییە نەبوو. ئاسایشی هیچ کەسێک لەژێر سایەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا زامن نەبوو، خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی نەبوونی و سیاسەتی هەڵاوێرد ئامیز، زاڵ بوو. تەنانەت کاتیك داعش هێرشی کردە سەر کەرکوک، پارتی و یەکێتی توانای بەرگریان نەبوو، بۆیە ئەوەی ڕیگەی لە هێرشی داعش گرت و پلانەکانی تیکشکاند لاوان و خەڵکی کەرکوک خۆیان بوون. دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سەربازی دژی داعش، و کاتێک هێزەکانی دەسەڵاتی ناوەندی بەرەو کەرکوک گەرانەوە دوبارە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی نەک هیچ بەرگریەکیان نەکرد، بەڵکو تێکشکان و باڵێکی یەکیتیش هاوکاری ئەو تێکشکاندنە بوون. لەو کاتەشەوە کە پارتی و یەکێتی لە کەرکوک دەرکران و دەسەڵاتیان لەدەست دەرهات، ئەمجارە دەسەڵاتی ناوەند کە شیعەی سیاسی تیایدا باڵادەستە ئەلگۆیەکی باشتر لەوەی پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی کوردایەتیان نیشان نەداو بوونە دریژە پێدەری جیاکاری و دوبارە ریگەخۆش کردن بۆ سیاسەتی تەعریب و پەراوێزخستنی خەڵکی کورد زمان و تورکمان و عەرەبی سونە!!...تاد.

بەم جۆرە چ ناسیونالیزمی کورد و چ ناسیونالیزمی عەرب و شیعەی سیاسی، لەدوای کەوتنی دەسەڵاتی بەعسەوە کەرکوکیان کردۆتە مەیدانێک بۆ ئەزموونی پڕ نەنگینی دەسەڵاتیان و خستنە رووی جیاکاری و دنەدانی قەومی و هەوڵ خستنە گەڕ بۆ درزخستنە ناو هاوڵاتیانی شاری کەرکوک.

ئێستا کە جاڕی هەڵبژاردنی پارێزگاکان لێدراوەو بریارە ١٨ ی ئەم مانگە هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، هەر کام لەو لایەنانەی بەشدار بوون لەوەی کەرکوک گیرۆدەی دەیان کیشەی ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزاری بکەن و جیاکاری دریژە پێبدەن و مافی هاوڵاتی بوون بکەنە قوربانی ئامانجە حزبی و تاڵانچیتیەکانیان، جاریکی تر دەیانەوێت بە پۆشینی بەرگی فریشتە ئاسا، روخساری دێوئاسای داهاتوویان بشارنەوە و خەڵکی راپیچی دەنگدان بە خۆیان بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش هەر لایەکیان بەپارەی دزراو قوتی هاوڵاتیان و دەسەڵاتی تاڵانچێتیان، ماشێنیکی گەورەی راگەیاندنیان وەرێخستووە و بەڵێنی قەبە قەبە بە هاوڵاتیان دەدەن و وەکو خەمخۆری کەرکوکیەکان و گیرانەوەی ئارامی و خۆشگوزەرانی خۆیان نمایش دەکەن...

ئەوەی لەم نێوەدا جێگای گاڵتەجارییە، درۆ و فریوکاریەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی" پارتی و یەکێتی" یە. پارتی و یەکێتی کە زیاتر لە دەهەیەک دەسەڵاتی یەکەمی شاری کەرکوک بوون و کەس دەستی نەگرتبوون و ریگرییەک لەبەردەمیان نەبوو تا فەرمانرەوایەکی هاوبەش و یەکسان و تەندروست و بێ جیاکاری و پڕ خزمەتگوزاری پیشکەش بە کەرکوک و ناوچەکانی بکەن، کەچی بەپێچەوانەوە بوونە سەرچاوەی نائارامی و پەرەدان بەدزی و تاڵانی و تیرۆر و جیاکاری و لوشدانی داهاتی خزمەتگوازارییەکان و گواستنەوەی ململانێی حزبیان بۆ ناو شاری کەرکوک و قوتکردنەوە و بەهیزکردنی دوو دەزگای ئاسایش و دوو دەزگای پۆلیس و دوو دەزگای ئەمنی و دوو هیزی پێشمەرگە و دوو دەسەلات و دابەشکارییەکی ئاشکرای حزبی، کەچی ئیستا باسی خزمەتی کەرکوکیەکان و عەرەب و تورکمان و زوڵم لێکراوانی کورد دەکەن!!... سەیر ئەوەیە پارتی و یەکێتی دوای ئەوەی دەسەڵاتیان لەدەست دەرهێنراوە، دەیانەوێت لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە قەڵەمرەوی دەسەڵاتیان بگێرنەوە، کە دیارە ئەوە لە وەهم زیاتر نییە. جیا لەوانە پارتی و یەکێتی لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی... کەکەس دەستی نەگرتوون و ریگرییەکیان نییە، موچەی موچەخۆران نادەن، خزمەتگوازرییەکانیان نابود کردووە، ئاو و کارەبا نییە، دزی و تاڵانیان بێداد دەکات، چەند مانگە مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبیژ لەسەر جادەن بۆ خواستی موچە و ئامادەنین وەڵامیان بدەنەوە، کەچی بەو بێ دەسەڵاتیەیان لە کەرکوکدا بەڵێن بەخەڵکەکەی و ناوچەکانی دەدەن، کە خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانیان بۆ فەراهەم بکەن و ئارامی و ئاسایش و پیکەوە ژیان بۆ خەڵکی کەرکوک بکەنە دیاری. چ دوو رووی و داماڵراویەکن لەهەموو مۆراڵێکی سیاسی.

خەڵکی کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری کە بەکردەوە قوربانی دەستی سەرجەم هیزە بۆرژوازییەکانی عیراق و کوردستان و دەسەڵاتی ئەزموونکراو و شکستخواردووی ئەوانن، نەک نابێ خۆشباوەر بە فریوکاری و بانگەشە پوچەکانیان ببن، بەڵکو دەبێ یەک ریز و هاوچارەنووس، دەست بخەنە ناو دەستی یەکتری و هەڵبژاردنە پوچەکەیان، بە بەشداری نەکردن و بایکۆتی بەبەرنامە بەشکست بکێشن و نەخشەی دوورخستنەوەی سەرجەم بارەگا و هێزی چەکداریان لەشارەکان دابریژن و خۆیان لە ئاستی گەرەک و شوێنەکانی کاردا، هەڵبژاردنی لەخوارەوە و لە کۆبونەوەی گشتیدا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ناسنامەی قەومی و دینی... وەڕێبخەن و کەسانی دڵسۆز و جێگا متمانەی خۆیان هەڵبژێرن بۆ بەڕێوەبردنی گەرەک و کارگەو ناوەندەکان و سەرجەم شاری کەرکوک، واتە لە ئاستی محەلی و سەراسەیدا نوێنەرانی هەڵبژێردراو جیگای دەسەڵاتی ئێستا بگرنەوە. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×