کێ دەستی ناوەتە بینەقاقای دیموکراسی لەم هەرێمە؟

شاهۆ پاڵانی
  2024-05-28     664

دیموکراسی وەک سیستەمێکی حکومڕانی، لەسەر بنەمای بەها بنەڕەتییەکانی ئازادی، یەکسانی و سەروەری یاسا دامەزراوە. زەمینە بۆ هاوڵاتیان دەڕەخسێنێ بۆئەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشداری بکەن لە داڕشتنی حکومەت و یاسادانان لە ڕێگەی هەڵبژاردن. بۆیە هەر حکومەتێک خۆی بەدیموکراسی بزانێ، ناکرێ لەژێر هیچ پاساوێک خۆی لە پرەنسیپ و بنەماکانی بدزێتەوە.

لەحاڵی حازردا هەرێمی کوردستان جگە لە کێشەی موچە و بودجە و بژێوی ژیانی هاوڵاتیان کە ماوەی دە ساڵە تێیدا چەقیوەو خۆی لێ دەرباز ناکرێ،  بە دۆخێکی هەستیارو مشتومڕاویشدا گوزەردەکات پەیوەست بە ناکۆکیەکانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار، بەهۆی ڕێکنەکەوتنیان لەسەر بەرژەوەندیەکانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کە دەبوایە دوو ساڵ پێش ئێستاو لەکاتی یاسایی خۆیدا بەبێ هیچ مشت و مڕێک  ئەنجام درابا، کەچی بەداخەوە بەدرێژایی ژیانی پەرلەمانیی لە هەرێمی کوردستان هەرگیز ڕووینەداوە. ئەمەش جگە لە بۆشایی یاسایی لە بەڕێوەبردندا لەناوەوەی هەرێم، کارتی بەهێزیشی داوەتە دەست بەغدا بۆ گوشین و لە قاڵبدانی هەرێمی کوردستان و بەنایاسایی لەقەڵەمدانی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و لەکارخستنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ڕێگای دادگای فیدراڵیەوە، هەموو ئەمانە ڕێگا بۆ هەڵوەشاندنەوەشی خۆشدەکەن، کە ئەمە مەترسیەکی جیددیە و ئەگەر لەبەر هەندێک بارو زروفی سیاسی ناوچەکەو چاودێری هاوپەیمانان نەبێ، عێراق هەرگیز سڵ لەوە ناکاتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدرێژایی سی و سێ ساڵ لە پەیڕەوکردنی دەسەڵاتدا، خۆی وەک نمونەی حکومەتێکی دیموکراسی و سیکۆلار لە ناوچەکەدا وێناکردوە، بەتایبەتیش لەدوای ڕوخانی حکومەتی بەعس لە 2003 دا، کە ئەوکات عێراق بە قۆناغێکی ناڕوون و کەس بەکەس نەبوی سیاسی و پڕ لەمەترسی شەڕی ناوەخۆی مەزهەبیدا گوزەری دەکرد.

بۆیە بە هەموو لێکدانەوەیەکی لۆجیکی، دەبوایە ئەزموونی زیاتر لە سێ دەیەی حکومڕانی هەرێمی کوردستان بەتیۆری و پراکتیکیش، دیموکراسی بگەیاندبایە قۆناغێکی ئارام تری سیاسی و حکومڕانی و لانیکەم بنەما سەرەتاییەکانی دیموکراسیەت بە ڕوونی هەستی پێ بکرابا. کە بەداخەوە ئەم چەمکە لەم هەرێمەدا لە مانشێتێکی گەورەی لافلێدان و ناوەرۆک بۆش شتێکی تر نیە، کە لە سێبەریدا کۆمەڵێک بەرژەوەندی حزبی، کەسی، بنەماڵەیی و تەوەریسی سیاسی تێدا حەشاردراوەو خوێندنەوەی هیچ ئامانجێکی نیشتیمانی بۆ داهاتوویێکی باشتر لە کایەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، پەروەردە، تەندروستی، کشتوکاڵ، وەبەرهێنان و ......... تاد تێدا بەدی ناکرێ.

ئەو دیموکراسیەتەی کە لەم هەرێمەی ئێمەدا لاف و گەزاف و خۆبادانی پێوەدەکرێ، لە ( ئونیفۆرم ) ێک زیاتر نیە کە پڕ بە باڵای دەسەڵاتداران درووراوەو هیچکات ئامادەنین بەکەسی تری بسپێرن. لە وڵاتێکدا دوو حزبی دەسەڵاتدار کە  هێزی چەکدار و پۆلیس، ئاسایش و هەواڵگری تایبەت بەخۆیان هەبێ و لەژێر فەرمانی خۆیاندابن نەک حکومەت، کوا دیموکراسی دەتوانێ هەناسە بدا؟!! لە هەرێمێک ڕۆژنامەنووس مەترسی لەسەر ژیانی هەبێ، ڕێکخراوی مەدەنی ئازاد نەبێ، خۆپیشاندان ڕێگەپێدراو نەبێ، پانتایی ئازادیەکان هەمیشە لە بەرتەسککردنەوە دابێ، دادوەرو دادگاکان لە ژێر فەرمانی حزبدا ملکەچ بن، کەس بۆی نەبێ بۆ داوای مافەکانی لات و جوم بکات، دەست بۆ قوتی خەڵک و نەوەکانی داهاتووش برابێ، چۆن دەست نەخراوەتە بینەقاقای دیموکراسی؟!!

هەموو ئەم فاکتەرانە وایانکردوە خەڵک بکەوێتە ژێر باری بێ ئومێدی و هیچ متمانەیێکی بە هەڵبژاردنیش نەمێنێت، کە بچوکترین و سەرەتایی ترین ئاماژەی دیموکراسیە لە هەر وڵاتێکدا، چونکە ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو و ئەنجامەکانی ئەوەیان سەلماندوە، کە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگای هەڵبژاردن لە ئەرزی واقیع دوورکەوتۆتەوەو بوەتە ئەستەم. هەر ئەمەشە وایکردوە لە سەدا حەفتای دەنگدەران بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن و نەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. ئەمەش زۆر بە ڕوونی واتای ئەوە دەگەیەنێ کە زۆرینەی لە سەدا حەفتا بەم دەسەڵات و حکومڕانیە ڕازی نین و ڕەتی دەکەنەوە، ئیتر سەیرە دەسەڵاتداران دڵیان بەم حکومڕانیەی خۆیان خۆشە.     

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
پارێزەرانی سلێمانی هۆشداری دەدەن لە بەسەربازگەکردنی دادگا و داوای گەڕاندنەوەی شکۆی سەروەری یاسا دەکەن
یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ: ئاماده‌ین بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن
نه‌تانیاهۆ له‌ سوریاوه‌: زۆر نزیكین له‌ روخاندنی رژێمی ئێران‌
بەغدا ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات
فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان کەشتییەکی هەڵگری دوو ملیۆن لیتر سووتەمەنیی عێراقی کردە ئامانج
وه‌زیری به‌رگریی پاكستان: هێرشی حوسییه‌كان بۆ سه‌ر سعودیه‌ رێككه‌وتنی به‌رگریی هاوبه‌ش كاراده‌كات
رونكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ له‌باره‌ی كردنه‌ ئامانجی كه‌شتییه‌كی هه‌ڵگری نه‌وتی عێراق
پاکستان هەڕەشەى کاراکردنى ڕێککەوتنامەى مەککە دژى حووسییەکان دەکات
ئەمریکا مەرجی نوێ بۆ هاوبەشی لەگەڵ بەغدا دەخاتەڕوو: کۆنترۆڵکردنی چەک و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی
بڕیارێکی نوێ لە سەرۆکایەتیی هەرێمەوە؛ ٥١٩ ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×