"هەرزەی ئەم سەردەمە، نەک هەر لە زمانی گەورەکان، بەڵکوو لە زمانی خۆشیان تێناگەن و واهەست دەکەن گەردوون هی خۆیانە و بەس." ف. ش.
زەنگێک ئەم بابەتی پێنووسیم.
درەنگانی شەو بوو، زەنگەکەی لێیدا، ناوەکەی ناسیاو و خۆیی بوو. چونکە پتر لە پیرۆزبایی جەژنەکان ئەو زەنگم بۆ لێدەدا، دڵم خەبەری دا، شتێک لە ئارادایە، نە جەژن لە گۆڕێیە و نە جەژن بەڕێوەیە... دیار بوو دڵی زۆر پڕ بوو، بۆیە دوای چاکووخۆشییەکی کورت، هاتە سەر بەیتی مەقسەد و گوتی:
لە دڵێ خۆم، ئیمڕۆ بە خۆم گوت، ئەگەر ئێستا مامۆستا فازیل، ڕابەر و مامۆستای "ژیرۆ"ی کوڕم بووایە، دڵنیام ڕاستە ڕێێ نیشان دەدا و نەیدەهێشت، کوڕەکەمان لە دەست دەرچێ.
یەکسەر پێمگوت:
ئامۆزا، وابزانم ئیمڕۆ نە من ئەو دەسەڵاتەم هەیە و نە "ژیرۆ"ش ئامادەیە ببێتە موردی من و دەست لەسەر سینگ، پەیڕەوی بەرنامە و پەیامەکانی من بێت.
دیار بوو، چاوەڕوانیی ئەم وەڵامە دەستبەستراوە و زمانە لەگۆچووەی من نەبوو، بۆیە گوتم"
ئامۆزا، ئەو ڕۆژگارەی، بەرێزتان خوێندکاری من بوون، ، سەرەڕای قورسی و سەختیی ژیان و گرژیی بارودۆخی سیاسی و سەربازی، هەموو شتەکان بەها و نرخ و پایە و پێگەی خۆیان هەبوو. لە ماوەی ئەو 42 ساڵەدا، هەموو شتەکان گۆڕان، بە داخەوە، کە دەشبینین، گۆڕانکارییەکان، ئەوەندەی ڕووی ناشیرین و دزیۆ و ڕەزاگرانییان هەیە، نیو هێندە جوانی و پیرۆزی و مەزنایەتییان تێدا نابینرێت، بە تایبەتی لە کۆمەڵگا ئێمەدا، کە تازە دێ پێ بگرێ و پێ نەگرێ... .
چونکی دەزانم، هەزاران دایک و باوک ئێستا، لە ناو کوورەی ئەم ئاگرەدان و بەدوای فریادڕەسێکدا دەگەرێن؛ هەر ئەوە شەوە، قەوڵم بەم هاورێیەدا کە بەڵێن بێ، کیشەکانی "ژیرۆ"ی هەرزەکاری کوڕی، بکەم بە بابەتێک، ئێ، بەڵکوو بە هەموومان بتوانین، خزمەتێک بەو توێژە دڵناسک و تەمەن ناسکە بکەین و دەستی دایک و باوک و مامۆستایانیشیان بگرین.
هەرەزکاری جاران:
ئێوەی خوێنەر، پیاو بن یان ژن، سەردەمی هەرزەیی خۆتان لەبیرە بە خۆشی و ناخۆشی، بە جوانی و ڕەزاقورسییەکانیەوە. تا کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، زۆربەی هەرزەکارانی چینی مام ناوەند و چینی هەژار- خۆیشم وەک یەکێک لەم دوو چینە، ڕۆژانی تەمەنمان بەسەر دوو ئەرکدا دابەش ببوون: لە کاتی مەکتەب و خوێندن، بەو پەڕی جددیەت و باوەڕبەخۆبوون، خەریکی دەرس و دەوری خۆمان بووین، بەبێ مامۆستای خسووسی و ژووری تایبەت و سپلیت و نازو فیز؛ لە ڕۆژانی پشوو و دوای دەوامیش، کریکاری، شاگردی، بەردەستیی باوک و برا پیشەوەرەکانی خۆمان بووین. ئەوەی لەو ئیشانەش دەستمان دەکەوت، ئێوارە لە مستی دایک و باوکمان دەکرد، یان هەر نەبووایە بۆ پۆشاک و پێویستییەکانی خوشک و براکانمان خەرجمان دەکرد. لە قوتابخانەشدا، گوێڕایەڵ و موتیعی مامۆستاکانمان بووین و بە شەرمەوە قسەمان لەگەڵ دەکردن. لە هەموو قوتابخانەکانماندا، بە قەد پەنجەی دەستێک، قوتابی جگەرکێشمان تێدا نەبوو. بە ساڵ، نەمان دەبیست شەڕێک یان ئاژاوەیەک ڕووبدا. لە هەمووش گرنگتر، هەرزەکارەکان، بە وەی هەیانبوو ڕازی بوون و ناشوکرییان نەدەکرد. بێگومان هەرزەی چینی دەوڵەمەند و ئاغا و خوداپێداوەکان، نەختێ جیاواتر بوون، لە پۆشاک و سەفەر و گەڕان و تێکەڵبوونیان بە خەڵک؛ ئەلهەقی ئەوانیش، قورس و ڕێزدار و مەند و مەستوور بوون.
هەرزەیی سەردەمی ڕاپەڕێن لە هەرێمدا:
ڕاپەڕێنی ساڵی 1991، تەنها ڕاماڵینی دەسەڵات و تەخت و تاراجی سەتمکار و داگیرکەرانی کوردستانی باشوور نەبوو، بەڵکوو هەرچی بواری ژیان و ژینگە و ژیار بوو، گۆڕی، جا کەم تا زۆر بە چاکی و خراپییەوە.
نابێ هەڵسەنگاندنی واقیع بینییانەی ئێمە، بۆ ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی دوای ڕاپەڕین، بە هەڵە خوێندنەوەی بۆ بکرێ – وەک ئەوەی کە ئێمە ڕژێمی بەعسمان پێ باشتر بوو بێ. نەخێر، وا نییە. بەڵام ئەو خەون و ئاوات و مرازەی ئێمە هەمان بوو کەمی هاتە دێ و دەستکەوت و بەرهەمەکانی، لە چاو ئەو قوربانییە مەزن و گەورەیی کورد لەم سەت ساڵەی دواییدا، زۆر کورتی هێنا.
نەوی ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕێن، چاویان لە جیهانێکدا کراوە، کە نایاسای و ناداپەروەری و فەرق و جیاوازیی لە کۆمەڵدا بەزەقی دەبینرا، گوێیان بە دەستەواژەی ئەوتۆ قانگ درا، کە پێشتر لە فەرهەنگ و کەلتووری کورەواریدا بوونیان نەبوو: هێزی ئاڕ ئاڕ، تەپو تۆز، علوج، شەڕە پەڕۆ... تاد. پیرۆز کردنی دۆلار و بەنەفرەتکردنی زانست و ئەدەب؛ لێکترازانی سیلەی ڕەحم و لەبارچوونی گەورە و بچووکیی خێزان؛ کاڵبوونەوی ئینتیمای نیشتیمانی و نەتەوایەتی؛ سووککردنی بەها و پایەی زمان و فەرهەنگ و کەلتوور... تاد.
جا لەگەڵ بە ئەرزدادانی پەیکەری سەددام لە گۆڕەپانی ئەندەلووسی بەغدا، دەرگای میدیای ئازاد و هاتەژوورەوەی تەکنەلۆژیای سەردەم، لە پاڵ ئیغرائاتە بێسنوورەکانی ژیانی مۆدرینی ڕۆژاوایی و کەنداویی و تورکیی، لە ئۆتۆمبیل و زێڕ و ئاڵتوون و مۆبیلاتی ناو ماڵ و کەرەستە گرانبەهاکانی ماڵ، هاندەر بوون و ڕۆلی زۆر خراپیان بینی لە خولقاندنی کەش و هەوایەکی لە بار بۆ ئامادەکردن و بونیاتنانی مۆدێڵیکی نوێ لە هەرزەکاران: بەگشتی؛ بێهۆش و گۆش، هیچ شتێک بە پیرۆز نازانێ؛ دەست و پێ سپی؛ نەخوێندەوار و ناڕۆشنبیر؛ بێباوەڕ و بێورە؛ خۆپەرست و خۆویست؛ هەرزەیەک، کە کەس لە زمانی تێناگات، نە باوک و دایک، نە مامۆستا و ڕابەر، تەنانەت خۆشیان لە خۆیان حاڵی نابن، نازانن داوکاریان چییە و بە دوای چیدا وێڵن و بەرەو کوێ دەڕۆن.
هەیە، دەڵی، جا ئەدی بۆ پێیان دەڵێن "هەرزە و هەرزەکار"، سرووشتی وان هەروایە و هەروا بووە.
ڕەنگبێ، هێندێک لە خوێنەران، وا هەست بکەن، هەرزەکارەکانمان شیاوی ئەو ئاوەڵناوە ناجوورانە نین و نابێ وا پەسن بکرێن. بەڵام ئێمە لێرە دەمانەوێ پەنجە بخەینە سەر برینەکان، بە ئومێدی تیمار کردنیان، نەک چاوی خۆمان ببەستینەوە و دەست بۆ ئاسمان هەڵبڕێن.
ئێمە لێکدانەوە و شتێەڵکاریی وردترمان، بۆ ئەم دیاردانە هەیە.
دەبێ، پرسیارێک بکەین: کە بارودۆخی خێزان و فێرگە و کۆمەڵگا، یارمەتیدەر بێ، بۆ سەرهەڵدان و نشونماکردن و گەورەبوونی ئەم جۆرە "هەرزەکارە" دەبێ ئاکامەکان و لێکەوتووەکانی چی بێ؟
پێش ئەوە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، دەڵێین، باوەڕ ناکەین، بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، بۆ دایک باوک و مامۆستایان، پەروەردەکردن و فیرکردنی هەرزەکار – کوڕ بێ یان کچ، ، قەت هێندێ زەحمەت و قورس و ئاڵۆز و مەترسیدار بوو بێت.
هیچ دایک و باوکێکی دڵسۆز نییە، کە ئیمڕۆ کوڕەکەی یان کچەکەی دەگاتە تەمەنی هەرزەکاریی، هەست نەکات، خەمێکی شاراوەی بە قەد قەندیل، دەنیشێتە سەر دڵی. ناحەقیشی ناگرین.
خەسڵەتە دیارەکانی هەرزەکاری ئەم سەردەمە:
دەکرێ، بە گشتی، خەسڵەتە دیارەکانی هەرزەکاری ئەم سەردەمە لەم 6 خاڵەدا چڕ بکەینەوە:
گوێ لە کەس ناگرن و ئامۆژگاری قبوڵ ناکەن.
دایک و باوک بە پلەی یەک و مامۆستا بە پلەی دوو، بە ناحەزی خۆیان دەزانن.
سەرەڕای ئاستیی نزمی مەعریفی و ڕۆشنبیرییان، خۆیان بە زانا و بلیمەت دەبینن.
لاوازی کەسایەتییان، یارمەتیدەرە بۆ زوو هەڵ خەڵەتاندن.
سۆزداریی دەروونی، بە تایبەتی کچانیان، تەواوی ژیانیانی داگیرکردووە.
خەمە گەورەکەی وان، جوانیی ڕوخسار و شێوەیە.
بۆ وەڵام دانەوەی پرسیارەکەی سەرەوە- دەبێ ئاکام و لێکەوتووەکانی ئەم دیاردەیە لەسەر خودی هەرزکار چی بن؟
پێویستە سەر بە چەندان کتێبی زانستیی هەرزەیی دا بگرین و خۆمان بخزێنینە جیهانە شاراوەکەی ئەوان. لە بیریشمان نەچێ، لە هەرێمی ئێمە و لە ڕۆژهەڵات، بە دەگمەن داتای وردی باوەرپێکراو، دەربارەی کێشە و دەرد و گرێیەکانی هەرزەکار هەیە، خۆ ئەگەر هەش بن، زۆر کەم جێگەی متمانن. من بۆ خۆم شایەتحاڵ بووم، دە ساڵی ڕەبەق، کە پرسیاریان لە بارەی گەنجە ئاڵوودەبووەکانی ماددەی هۆشبەر دەکرد لە لیبیا، یەکسەر موعەمەر قەزافی، بە یەک ڕستە دەم کووتی دەکردن و دەیگوت:"جا... من چی بکەم، ئاڵوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر، دیاردەیەکی جیهانییە."
ئەگەر تەمەنی مرۆڤ پلەبەند بکرێت بە ناونیشانی وەک: تەمەنی کۆرپەیی، سەردەمی منداڵی، هەرزەیی، باڵغبوون و پێگەیشتن، قۆناغی خۆناسین، کامڵ بوون و تیگەیشتن؛ ئەوا سەردەمی هەرزەیی تەواو جیاوازە لە گەڵ هەموو قۆناغەکانی دیکەی ژیان و زۆریش توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی فرە جەشنی لەسەر کراوە و بەردەوام زانا و پسپۆڕان پێوەی سەرقاڵن. دوایین لێکۆڵینەوەی دەروونناسانە و بایەلۆژییانەی ئەنجامدروایش، سەردەمی هەرزەیی "وەک نەخۆشییەکی کاتی پێناسە دەکات" کە دەبێ کەسانی دەوروبەر، وەک پزیشک مامەڵەی لە گەڵدا بکەن و هاوکاریی هەرزەکار بن، تا بە سەلامەتی و هێمنی و گەشبینییەوە، ئەو سەردەمە تێپەڕێنن، وا نەکرێت، دەرکەوتەی خراپی لێ دەکەوێتەوە، کە هەمووان تێیدا زەرەرمەند دەبن.
جا بە گوێرەی ئەم لێکۆڵینەوە، هەرزکار، بوونەوەرێکی بێ خەتا و بێ گوناحە. وەک چۆن گەر تۆ، خوانەخواستە تووشی نەخۆشییەک بیت، هیچ خەتا و تاوانێکت نییە، ئەوەیش هەروا.
بەڵام، زۆرجار خەتاکانی لە ڕێدەرچوونی هەرزەکار، دەکەوێتە ئەستۆی خێزان و فێرگە و کۆمەڵ. ئەم سێ کۆڵەگەش، پەیوەستن و لە ژێر ڕەحمەتی کەش و هەوا و ژینگەی سەردەمی خۆیان دان، کە هۆکارە کاریگەرییەکانی سەریان زۆر زۆرن.
پسپۆڕانی هەرزەکاریی، ئەم گۆڕانکارییانە کە لە کەسی هەرزەدا، بە گشتی، دەبینن. ئیمە لێرەدا دەیانخەینە بەر چاو، چونکە زۆربەی دایک و باوک و مامۆستایان پێیان ئاشنا نین. لە دواتریش چەکووشکاری لە چونیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکاندا دەکەین:
لە قۆناغی هەرزەیی ئیمڕۆدا:
خەمۆکی Depression:
خەمۆکی نەخۆشییەکی باوی دەروونیی هەرزەکارە. خەم و پەژارە باری دەروونیی کەسەکە دەشێوێنێت یان وای لێدەکات چێژ یان ئارەزووی چالاکییەکانی ئاسایی ڕۆژانەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەست بدا. ئەمە جیاوازە لەگەڵ ئەو حاڵەتە خەماوییە ئاسایەیی کە هەموومان کاو کاوە تووشی دەبین. خەمۆکیی هەرزەکار کاردەکاتە سەر باری خێزان و برادەرایەتی و خوێندن و کار و ئایندە.
ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی WHO ڕێژەی هەرزەکاری خەمۆک بە لە 13 % دەخەمڵێنێ لە جیهاندا، واتە لە هەر 6 هەرزەکار، یەکێک خەمۆکییە. لە غیابی داتای لۆکاڵی، ئێمە لەبەر زۆری قەیران و کێشە ئاڵۆزەکان، مەزەندە دەکەین ڕێژەکە لە کۆمەڵگەکەماندا بەرزتر بێ.
نیشانەکانی، کە تێکەڵن لەگەڵ دیاردەی دیکە، بریتین لە:
هەستکردن بە دڵتەنگی، دڵپڕیی، دڵەڕواکێ، بێزاری، توڕەیی، لە دەستدانی ئارەزوو و چیژ، بێخەوی، زوو ماندووبوون، کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، دابەزینی کێش، کەبوونەوەی تەرکیز و زەحمەتیی لە بریاردان، هەستکردن بە بێهودەیی ژیان.
گۆڕانکارییە جەستەیی و سۆزداری و کۆمەڵایەتییەکان، لە کچانی هەرزەکار تۆختر دیارن. بۆ هەردوو ڕەگەز، زوو فریایان نەکەون، ئاکامی خراپی چاوەڕوانیان دەکات.
ئالوودەبوون Addiction:
وەک لە ناوەکەی ڕادیارە، ئاڵوودەبوون نەخۆشییەکی درێژخایەن و دووبارەبوونەوەی حاڵەتێکی تایبەتە، کە نەخۆش بەدوایدا دەگەڕێت و بە ناچاری خۆی ڕادەست دەکات و ناتوانێ بە هاسانی دەستبەرداری بێت.
ئاماری تووشبووان لە نێو هەرزەکاراندا، هێندە ترسناکە، زات ناکەین ئاماژەی پێبدەین. ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی بە نزیکەی 9% دەیخەملێنێت، بەڵام ئامارە فەرمی و نافەرمییەکانی بەرپرسانی حکوومەتی عێراقی، کە ناوە ناوە پەخشی دەکەن، خۆی لە 41% دەدا. ئەوەی کە پتر دڵمان دادەخورپێنێ، لەم ساڵدا بە ڕێژەی 61% دا، زیادی کردووە. هۆکارەکان زۆرن.
پاڵنەری سەرەکی بۆ هانابردن بۆ ئەم ژەهرە کوشندەیە، چارەنەکردنی کێشە دەروونییەکانی هەرزەکارە، لە پاڵ چاککردنی باری کۆمەڵایەتی و ئابووری و گوزەران و خوێندن و ... تاد.
دایک و باوک و مامۆستا، دەتوانن بە ئاسانی کەسی ئاڵەدەبوو دیاری بکەن، لە بەر زۆری دەرکەوتە و لێکەوتووەکانی.
ڕەنگبێ. ئەم دەردە قورسترین و ترسناکترین کێشەبێ، کە ڕووبەڕووی دایک و باوک و مامۆستایان دەبیتەوە، بە تایبەتی لە لای خۆمان، لەبەر کەمی سەنتەری چارەسەر و توێژەر و بنکەی فریادڕەس و شارەزای متمانەپێکرای کارامە و دڵسۆز.
ئیمڕۆ، ناکرێ، نکۆڵی لە بوونی پەتای ئاڵوودەبوونی گەنجان لە هەرێمی خۆشماندا بکەین و چاوپۆشی لێبکەین، لە ترسی ناوزڕان و ناوبەدکردنی هەرێمەکەمان – گۆڤاری ژیار، یەکەمین دەستپێسخەری میدیایی بوو لە کوردستان کە لە ساڵی 2009 دا لە 3 ژمارەی خۆیدا، بەبێ پسانەوە، ئەم مەترسییە گەورەی وروژاند، بە ناونیشانی:" لافاوێکی بێئامان بەرو ئێرە بەڕێوەیە، ئاگادار بن."
بەداخەوە، ئاگادار نەبوون و کەس، بانگواز و هاوارەکەی بە هەند وەرنەگرت.
خواردنەوەی بادە و شەڕاب Alcohol:
ئەم ناونیشانەمان بە جیا دانا، چونکە جیاوازی هەیە لەگەڵ ئاڵوودەبوون و چارەسەریشی هاسانتر و سووکترە.
بێگومان هەرزەکاری مەشروب خۆریشمان هەیە. هەرچەند هیچ ئامارمان لەبەر دەست دا نییە – کە ئەمەش ئاماژەیە لە بێباکی و خەمساردیی دەسەڵات و بەرپرسانی فەرمانڕەوا. بەگشتی، پاڵنەرەکانی خواردنەوەی کحول دەکەونە 4 پۆلەوە، کە بریتین لە خواردنەوەی کۆمەڵایەتی، خواردنەوە بۆ خۆگونجاندن، خواردنەوە بۆ ورووژاندن ، خواردنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە. ئەم 4 حاڵەتەش لە نێوماندا هەیە، کەواتە دەبێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵودەبوون بە خواردنەوە، کێشەکانی دیکە چارەسەر بکرێن.
مەشروبخۆر بە گشتی، باری دەروونی ناجێگیرە، حوکمدانی نابەجێیە، قسەکردنی شلۆقە، گوتنەوەی کێشەکە کۆنەکانی زۆرە، ئەوا جگە لە بۆنی ناخۆش و جولەی ناهاوسەنگ و ڕۆیشتنی سەرخۆشانەی.
کاتێک کێشە بنەڕەتییەکان چارەسەر نەکراون، ڕەفتارەکانی خواردنەوە خراپتر دەبن و دەبێتە هۆی ئاڵۆزیی زیاتر و خێراتر رادەستی ماددەی هۆشبەری دەکات.
بەداخەوە، زۆری مەیخانە و کۆڕ و گۆبەند و بۆنەی کۆمەڵایەتیی ئەم گرووپانە، هاندەرن بۆ زووتر تەشەنەکردنی ئەم دیاردەیە. وەک خواردنەوەی هەرزەکار لەگەڵ برادەر و لە ناو خێزانی خۆی، بە ئاشکرا، کە خێزانەکە بۆ خۆی مەشروبخۆر بێ.
تەشقەڵەبازی لە قوتابخانە School Bullying:
ئەمە هەر ڕەفتارێکی شەڕانگێزیی نەخوازراو دەگرێتەوە کە لەلایەن گەنجێکی تر یان گروپێکی گەنجەوە دەرحەق بە هەرزەکارێک دەکرێت. جار هەیە لاوازیی هەرزەکارەکە و نەبوونی چاودێریی باش و چالاک لە قوتابخانە و زۆر نازدان بە منداڵ، هانی قوتابی لاسار و شەڕانی و تەشقەڵچی دەدات کە خراپکاری و دەستدرێژی بکاتە سەر هاوپۆلە لاوازەکانی خۆی.
لێکەوتەی ئەم ڕەفتارە دوور نییە ئازاری جەستەیی، شێواندنی دەروونی، ناوزڕاندنی کۆمەڵایەتی، یان پەروەردەیی بەدوا دابێت. جار هەیە تەشقەڵەبازییەکە هەر بە قسەی ناشیرین و پەلار و کاڵتەپێکردن و تیزپێکردنە. جاریش هەیە پەلاماری شتومەکی کەسیی ئەو دەدەن لە جانتا و کتێب و دەفتەرە و لاپتۆپ...تاد. زۆربەیجاریش هەرزەکار، ئەمە لە لای دایک باوک و مامۆستاکانی، نادرکێنێ نەکۆ بە کەسێکی بێدەسەڵاتی سەرکۆنەی بکەن.
برادەرگرتنی هاوتەمەن Peer Pressure:
هەرزەکار، لە خوێندنگە و قوتابخانە، لە یانە و سەنتەر و تیپ، لە کۆڵان و گەڕەک، یان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بە برادەرێک یان گرووپێک موعجیب دەبێ و دەکەوێتە ژێر هەژموونی کەسێتیی ئەو برادەرە یان گرووپە، گەرچی لەگەڵ بیروباوەڕ و تێڕاونین و بیرکردنەوەی ئەو جیاوازیش بن. جا مەترسی ئەو برادەرگرتنەی تەمەنی هەرزەکاری لەوەدایە، گەر ئەو برادەرە یان ئەو کۆمەڵە بەدڕەفتار و لاسار و ئاژاوەچی و بەڕەلا بێ، ئەوا خوو و ڕەووشتی ئەو کەسە وەک خۆی لێدەکات و ملی دەشکێنێ.
بۆچی ئەوە ڕوودەدات؟ ڕەنگبێ ئەو هەرزەکارە وا هەست بکات کە کۆمەڵ و دوروبەر بە چاوی ڕێز و قەدرزانییەوە، تەماشای ئەو کەسە یان ئەو گرووپە دەکەن. یان ئەو حەز بە خۆگونجاندن دەکات لەگەڵ دەوروبەر. یان وەک هەڵاتنێک لە واقیعێکی تاڵی خیزانی، ژیاری، گوزەرانی ناتەبا و ناهەمووار. بێکۆمان سەرلێشێوان و دڵەڕاوکێ و نەبوونی متمانە بە خۆی، هاندەرن، بۆ خۆ بەهێزکردن، بە چوونە پاڵ کەسانێک، یان گرووپێک، لە دیدیی ئەودا مەزن و پیرۆز و هێز بن. بەبێ ئەوەی هەست بە لێکەوتەی خراپ و نەرێنیی ئەو ڕەفاقەتکردن بکات یان بزانێ.
شکڵ و شێوەی جەستە Body Image:
پێت سەیر نەبیت گەر بڵێین، هەرزەکار لە بەر چاوی خۆیدا، بەو شکڵ و شێوەیە خۆی نابینێ کە ئێوەی دایک و باوک و مامۆستا دەیبینن. کاتێک دەچیتە بەر ئاوێنە، ڕەنگبێ خۆی بە شێوەیەکی دێ ببینێ یان وێنا بکات، وەک، قارەمان، شێر، مانگ، گورگ، ڕەزاگران، خوێنشیریین، منداڵ، پیاو، ئەستێرە، ... تاد. خەیاڵکردنی ئیمیجی خودی جاران پتر لە ناو کچانی هەرزەکار باو بوو، بەڵام لەم سەردەمەدا کوڕەکانیش خوویان داوەتە لەخۆ خەفتن و بایەخدانی پتر لە پێویست بە شکڵ و شێوەی خۆیان. جا گرێکوێرەکە لێرەدایە، هەر کاتێک هەرزەکار خۆی وا هاتە پێش چاو، ڕووخسار وبەژن و باڵای نافرەجا، نابەدڵ، ئێسکگرانە... ئەوا تووشی نەخۆشی دەروونی خۆ بە کەم زانیین دەبێت. لە پۆل و قوتابخانە و ناو خێزان و کۆمەڵ دوور دەکەوێتە و نایانحوبێنی و هەمیشە هەست دەکات هەموو چاوەکان چاودێری ئەو دەکەن. بە تایبەتی کە شکڵ و شێوەی خۆی لە گەڵ ئەستێرەیەکی میدیایی یان وەرزشی یان ئایدڵی، بەراورد دەکات و لە ناخەوە، حەز دەکات، ئەوەیش لە شێوەی وان بووایە. مەترسییە ترسناکەکەش ئەو کاتەیە کە هەرزەکار شکڵ و شێوەی خۆی پێ قبوڵ نەبێ.
فشار Stress:
لە نێوان فشار و خەمۆکیی هەرزەکار پەردەیەکی تەنک هەیە، دەنا هەر دوو بارە دەروونییەکە زۆر تێکەڵ و ئاوێتەی یەکترن و نیشانەکانیان پێکدەچن. خەمۆکی، هەم بارە دەروونییەکەی قورسترە و هەم درێژخایەنترە لە فشار. کاریگەری فشار لە سەر جەستە و دەروون و باری تەندرووستی کەم خایەن و بە نەمانی هۆکاری فشارەکە، کەسەکە خاو دەبێتەوەو دەچێتەوە باری ئاسایی خۆی.
داتایەکان ئاماژە بە ڕێژەیەکی بەرزی ئەم بارە دەروونییە دەکەن لە نێو هەرزەکاراندا، لە هێندێ کۆمەڵدا دەگاتە 28 %. هۆکارەکان زۆرن کە فشار بۆ هەرزەکار دێنن، وەک ئەرکی قوتابخانە و ماڵ، کێشەی خێزانی، پەیوەندیی و برادەرایەتی، لەدەستدان یان نەبوونی شتێک، چەقین لە کێشەیەکدا یان هاتنە ڕێی کۆسپێک... تاد.
چارەسەری فیشار هاسانتر و سووکترە لە چاو خەمووکی، پزیشک و پسپۆڕی ناوێت، چونکە کەم خایەنە.
خۆناسین و باڵغبوون Human Sexual Activity:
ئەوەندەی من بزانم، تا ئێستا لە ناو خێزان و فێرگەکاندا، قسەکردن لەسەر ئەم ناونیشانە، لە کۆمەڵگای ئێمە و ڕۆژهەڵاتدا، تابۆیە. گۆڕانکارییە بایەلۆژییەکانی جەستەی کۆڕ و کچ تەواو بەرچاو و جیاوازن. هەستکردن بە گۆڕینی پێگە و مەقام، لە بارەی سۆزداری و خۆشەویستییەوە، بەجێهێستنی سەردەمی منداڵی و گەیشتن بە سەردەمی باڵغبوون، شەیتانی بوونی کوڕ و خوێن دیتینی کچ و گۆڕانی مامەڵەی دەروپشت لەگەڵ ئەواندا.
بەداخەوە، ئەو دوو ڕەگەزە لەم قۆناغە ناسکەی تەمەندا، بێکەس و بێ ڕابەر، پشتیان تێدەکرێ، لە وڵاتاندا، بە گۆرانی و نمایش و شانۆ و چیرۆک، ئەم دیاردە فیسۆلۆژی و دەروونییانەیان بۆ ڕاڤە و نمایش دەکرێت. کوڕ و کچی هەرزەکاری ئێمە پتر، لە هاورێ بەتەمەنترەکانی خۆیان بە نهێنییەکانی ئەو گۆڕانکارییانە ئاشنا دەبن.
لە کاتێکدا پێویستە ئەوان زانیاریی زانستیی و کەلتووری و ژینگەیی ڕاست و درووستیان پێ بدرێت. تەندرووستیی سێکسی؛ ناسنامەی سێکسێ؛ ڕەگەزی سێکسی؛ ڕۆڵی سێکس لە ژیان و بوونی مرۆڤدا. پیرۆزیی و قێزەوەنی سێکس؛ سۆزادریی هەرزەکاری و تێگەیشتن لە ژیان؛ هاوسەنگیی ڕاگرتنی بەها بەرزەکانی کەلتوور و ڕەوشت و ئایین و کۆمەڵگا.
گەیاندنی ئەو زانیارییانە، بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵی، زۆر کۆسپ و بیرۆکە و خەیاڵ، لە زەین و هزری هەرزەکاردا تەخت دەکات و دەبێتە یارمەتیدەریی تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بە سەلامەتی. دایک و باوک و مامۆستا هەمیشە گرنگترین نموونەی هەرزەکارەکانن. دەتوانن یارمەتیان بدەن، دەستیان بگرن بە مۆدێلکردن و بەهێزکردنی بەها و بیروباوەڕەکان سەبارەت بە سەلامەتی، بەرپرسیارێتی، پەیوەندیی ڕاستگۆیانە و ڕێزگرتن لە پەیوەندییەکاندا بە مامەڵەکردن بە باوەڕ بەخۆبوون و پاراستنی کەسێتیی خۆیان. دەبێ لەم بابەتەدا پشت بە پەروەردەی درووست و پاشخانی کولتووریی جوان ببەستن.
تۆڕی کۆمەڵایەتی Social Media:
هەزارەی سییەم، لەگەڵ خۆیدا، تەکنەلۆژیای سەردەم و ئامێری دیجیتەڵی و ئینتەرنێتی خێرای هێنا؛ بەمەش سەرلەبەری ژیان لە هەموو بوارە جیاوزییەکەندا کۆڕانکارییان بەسەر داهات. لە ماوەیەکی کورتدا، ئەوەی پێی دەڵێن "سۆشیال میدیا" خۆی خزاندە هەموو کون و کەلەبڕێکی ژیانی گەورە و کچە. ئەم زاراوە نوێیە ئاماژەیە بۆ ئامرازەکانی کارلێککردن لە نێوان مرۆڤەکاندا، کە تێیدا زانیاری و بیرۆکە لە کۆمەڵگە و تۆڕە مەجازییەکاندا پەخش دەکەن یان ئاڵوگۆڕ دەکەن. یەکتر دەناسن و پەیوەندیی ساز دەکەن، ڕیکلام و کاڵا بەبازاڕدەکەن. ئەکاونتەکانیشی زۆر بوون وەک، بڵۆگ، فەیسبووک، ئێکس/ تویتەر، ئینستاگرام، لینکیدئین و یوتیوب، ڤیمۆ ... تاد.
لێکۆڵینەوەکان هەرزەکار، لە هەموو جیهان، بە بەکاربەرێکی بەردەوام و کارا و دەستگەرمی سۆشیال میدیا دادەنێن. جا چونکێ تەمەن و ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیاریی هەرزەکار، لە قۆناغێکی ناکامڵ و ناسک دایە، زۆرجار، دەبنە قوربانی تەڵە و داو و چاڵی ئەو جۆرە پەیوەندییە مەترسیدارە.
لەبەر نەبوونی توێژەری سۆشیال میدیا و ڕاوێژکاری شارەزا و چاودێری ورد و ڕێسا و ڕێنمایی دایک و باوک و مامۆستا، لە کۆمەڵی ئێمەدا، ژمارەی هەرزەکارە قوربانییەکان لە هەڵکشاندان.
هەررچەندە سۆشیال میدای درووست و پەسند، سوودی زۆری هەیە بەڵام لێکەوتە نەرێنییەکانی هێندە زۆر بووە، کە دادگا و پۆلیسخانە و نەخۆشخانەکانیشیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردووە. بووەتە باعیزی زۆر گرفت کە پێشتر لە کۆمەڵدا بوونیان نەبووە ، لە ئاڵوودەبوونی سایبەری و شەڕەجنێوی سایبەری و خەوزڕان و تەفرەدان و پەکخستنی سایبەری.
ڕەنگبێ، سۆشیاڵ میدیا، یەکێک بێ لە گرفت و گرێ ئاڵۆزەکانی خێزان و فێرگەکانی ئێمە.
کێشەی ئەکادیمی Academic Problems:
ئەم کێشەیە زەقتر لە ناو ئەو خێزانانە هەست پێدەکرێ کە هەرزەکاریان دەگەنە قۆناغی 11 و 12 ی ئامادەیی. شێوەکانی زۆرە، هەم هەرزەکار هەم باوانی هەرزەکار پێوەی دەناڵێین و تووشی سەرئێشە دەبن. دایک و باوک هەیە بە بی ڕیزگرتن لە ئارەزوو و توانستی هەرزەکار، بە زۆری زۆرداری دەیانەوەی بچێتە کۆلێژێکی دیاری کراو. خوێندکارەکان جۆرێک لە ڕکابەریی یەکدی دەکەن لە نێوان خوێندن لە قوتابخانەی حکوومی و قوتابخانەی ناحکوومی. کێشەی مامۆستای خسووسی و دەرچوون و دەرنەچوونی خوێندکار.
ئەمە کێشەیەکی گەورەی هەرزەکارە کە لە ڕووی ئەکادیمییەوە دەبێتە کێشەی کۆمەڵایەتی، بگرە و بەردەی نێو خێزان و هەبوونی و نەبوونی و تووشبوون بە دڵەڕاوکی و خەمۆکی و بێزاری لە ترسی ئایندە و نمرە هێنان و نە هێنان.
بەداخەوە، جار هەیە، گرێیەکە بە بێ چارەسەر دەمینێتەوە و ڕووی داوە، هەرزەکار هانای بۆ خۆکووشتن بردووە.
گۆڕانی ڕەفتار Behavioral Changes:
لە هەموو کۆمەڵگاکاندا، ئەو توێژە هەرزەکارەی کە گۆڕانکاریی زۆر خراپ لە ڕەفتارییان ڕوودەدا، هەمیشە وەک بۆمبێکی مەترسیدار چاودێری دەکرین. پێشتر گوتمان، لێکۆڵینەوەی سەردەم، هەرزەکاریی بە نەخۆشی دادەنێ، بۆیە دەبێ زۆر بە نەرم و نیانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ.
لەو تەمەنەدا، کۆر یان کچ، لەگەڵ گەشەکردنیان، جۆرێ لە هەست و سۆز ئەزموون دەکەن کە دەبێ بە شێوازی جیاواز خۆیان دەردەبڕن. ئاساییە هەرزەکاران مەزاجی بن، هەندێک بێڕێزی و سەرپێچی نیشان بدەن، ئەمەش بە هۆی بە گۆڕانکاریی هۆرمۆنەکان و چونکە ماوەی گەشەکردنی مێشکدا تێدەپەڕن لە کاتی باڵغبووندا. ئەوان بەدوای تایبەتمەندی و سەربەخۆیی دەگەرێن . جار هەیە لەگەڵ دایک و باوک و خوشک و براکانیان ڕەفتاری نەشیاو دەنوێنن و سەرپێچی دەکەن و بە ڕێنمای و ئامۆژگاری کردن ئاگر دەگرن و توڕە دەبن. دوور نییە ببنە کەسێکی شەڕانگێز و توندوتیژیش.
ئەم جۆرە هەرزەکارە ڕەنگە ببنە هۆکاریی درووستبوونی ململانیی خێزانی، بە تایبەتی کە یەکێک لە ئەندامانی خێزان دەبێتە پشتگیر و ئەوی تر دژ.
تێکچوونی باری سۆزداری Emotional Disorders:
هەر دایک و باوک و پەروەردەکارێک، نەتوانی لەم خاڵە تێنگات و نەزانێ لەم ڕووەوە، چۆن مامەڵە لەگەڵ هەرزەکار بکات، ئەوا ئایندەی ئەو هەرزەکارە مەترسیدار دەبێ چونکە هەرزەکاران دەگەنە خاڵێکی فشاری سۆزداری کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی لەنێو نەوەی گەنجی ناو کۆمەڵگادا. تێگەیشتنێکی باش لە هۆکار و کاریگەرییەکانی فشاری سۆزداریی لە نێوان هەرزەکاراندا، یارمەتیدەر بۆ گەشەکردن و پاراستنی سەقامگیریی سۆزداریی ئەوان.
ڕاگرتنی پارسەنگی دەروونی هەرزەکار لەم ڕووە و زۆر بایەخدار، وشەیەکی نەشیاو، پلار و توانجێکم بگرە دڵڕەنجانێکی سووک، ڕەنگە لە دڵ و دەروونی ئەواندا، ببێتە گرێێەکی ئاڵۆز.
باشترە دایکان و پەروەردەکارانی ژن، لە گەڵ کچەکان و و باوک و پەروەردەکاری پیاو، لەگەڵ کوڕەکان، بەیەکەوە ئەقڵمەندانەوە هۆشیارانە، دەست لە ناو دەست ئەم قۆناغە بە هێمنیرین و باشترین شێوە تێپەڕێنن.
توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەست و سۆزە نەرێنییەکان لە تێکچوونی باری دەروونی، کەمخەوی، دڵەڕاوکێ و چەندین نەخۆشی خەمۆکیدا ، دەرهاویشتەیەکی سرووشتی قۆناغی هەرزەکارییە دەبێ پێیان ئاشنابین، تا بزانین چۆن بە جوانی تێیان پەڕێنین.
ململانێی خێزانی Family Conflicts:
هەرزەکار، قۆناغی منداڵی تێپەڕاندووە، دێ خۆی بناسێت و لەسەر پێی خۆی ڕاوەستی، جا بەو دڵە ناسکە و جیهانە خەیاڵاوییەی بۆ خۆی درووست کردوە، زۆر حەز لە ئارامی و هێمنی و مۆزیک و گۆرانی و سەیران و گەڕان و دەرچوون دەکات. ململانیی خێزانیی، بە هەر شێوەیەکی بێ زۆر لێکەوتوی خراپی لەسەر کەسێتیی ئەو دەبێ و دوور نییە تووشی نەخۆشیی دەروونی بکات. ڕەنگبێ هەموو دایک و باوکێک هەست بەم خاڵە نەکەن و بەبایەخی نەزانن.
چۆن هاوکاریی هەرزەکار بین بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەکە بە سەلامەتی؟
هاوڕێیەکەم گێڕایەوە، لە گەڕەکەکەماندا کابرایەکی حافزی نەجیبزادە هەبوو، ڕۆژێ بینم کوڕەکەی دەستی گرتووە و بە پەلە پەلە ڕێ دەکەن؛ کە پرسیام لێکردن، کابرای حافز گوتی، دەچینە خەستەخانە، چاوم دێشێ. جا لە دڵێ خۆمدا گوتم، حەقە دووجار من شوکرانەی خوا بکەم، هەم حافز نیم و هەم چاویشم ژان ناکات.
مەبەستم لەم سەربوردە ئەوەیە، گەر هەرزەناسانی شارەزا، هەرزەیی بە نەخۆشییەکی ئاسایی بزانن، ئەوا هەرزەکار بۆ خۆی چەندان کێشەی دەروونیی ئاڵۆز و پاڵۆزی هەیە.
خوێنەری بەڕێز،
لەو خاڵانەی سەرەوە چەند سەرەقەڵمێکمان دەربارەی کێشە و هزر و تەندرووستیی هەرزەکار باس کرد، کە زۆریشی ماوە باسیان بکەین – نامانەوەی بابەتەکە پتر درێژدادڕ بێ. مەبەستمان ئەوەیە کە ئەوانەی لە دەورەبەری ژینگەی هەرزەکارن، ئاشنان بن بە وردەکاریی بۆچوون و ڕەفتار و بیرکردنەوەی ئەوان و بتوانن لە وان تێبگەن. ڕاستە مامۆستایان پێشتر دەربارەی دەروونزانی و هەرزەییان خوێندوە، بەڵام لەم سەردەمەدا گۆڕانکارییەکان هێندە خێران کە زوو شتی نەبوو، دێتە ئاراوە و چارەسەریان دەوێ.
دەتوانین بڵێین، هەرچی شێوازی تەقلیدی و ڕابەرایەتیی ئاغاسالاریی جاران هەیە، بۆ پەروەردەی ئیمڕۆ ناگونجێ و ڕەنگبێ لە جیاتی کلڕێژی، چاوەکان کوێر کات. سەردەمی ئێمە، ئامۆژگاری وەک وانەیەی پیرۆزی ژیان سەیر دەکرا، ئێستا وەک نووسەری ئەمەریکی " ئەرنۆڵد گلاسکۆ" گوتەنی:"ئامۆژگاریکردنی هەرزەکار، وەک ئەوە وایە ماسی ناو ڕووبار بشۆیتەوە." . خۆ سەردەمی فەلاقە و حەسیرمەیدان کردنیش نەماوە، وەک خاتوو "نۆرا ئیفڕۆن"ی نووسەر دەڵێ" کە منداڵەکانت بوونە هەرزە، وەک فەرخە چۆلەکە هێلانە – ماڵ – بەجێدەهێڵن، جا هەوڵ بدە گیاندارێک بۆ خۆت ماڵی بکە."
بەڕاستی، ناوەڕۆکی ئەم بابەتە دەیسەلمێنێ، کە ئەرکی سەر شانی دایک و باوک و مامۆستا، وەک پەروەردەکار- نەک فێرکەر، چەند پڕ زەحمەت و قورس و ئاڵۆزە. بۆیە هەرزەناسێک دەڵێ، مامەڵەکردن لەگەڵ هەرزەکار "سەبری ئەیوبی دەوێ."
پێشتر گوتمان، هەرزەناسان، پتر گرفتەکانی هەرزەکار، دەخەنە ئەستۆی خێزان و فێرگە و کۆمەڵگا، نەک خودی هەرزەکار. جا کێشەکان فڕە سەرچاوەن:
هەیانە لەماڵەوە سەرهەڵدەدەن و دەگوازرێنەوە بۆ فێرگە.
هەیانە لە فێرگەوە دەهێنرەێنە ماڵ.
هەیانە لە کۆمەڵگا دێتە فێرگە و ماڵ،
هەشیانە بە پێچەوانە.
کەواتە ڕۆڵی مامۆستا، سنووری ناو پۆل و قوتابخانە دەبەزێنێ، لە کاتێکدا – ئیمڕۆ سنووری دیاری کراوی ئەرکی مامۆستا ناو پۆلە؛ لە هەمان کاتیشدا، خێزان، دەستێوەردانی پەروەردەکارانی پێ پەسند نییە.
هەماهەمگی و هاوکاریی نیوان فێرگە و خێزان، جاران زۆر پتەو و تۆکمە بوو، هەردوو بەیەکەوە کاریان دەکرد بۆ دەستگرتن و ڕینمایی کردنی هەرزەکاران. دەبێ لە هەموو ئەو فێرگانەی هەرزەکاریان هەیە، توێژەری کۆمەڵایەتی بە توانا و ڕاوێژپێکراوی لێزان و ئەنجوومەنی دایک و باوکانی چالاک و دڵسۆز هەبن، بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە. ئەرکی گومەڵگاش فڕە لایەنە، لە لایەک دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوا بە یاسا و دەستوور و ڕێنمایی زانستییانە دەبێ هاوکار بن، هاوڵاتی هۆشیار و چاوکراوەبێ، باری قورسیش دەکەویتە سەر شانی میدیا و میدیاکاران – کە بەداخەوە لە هەرێمی ئێمەدا، لەم رووە وە چالاکی و ڕۆڵیان سفرە، گەر ژێر سفریش نەبێ" هەمووجار دەڵێن، خۆزگە، هەرزەکار و گەنجەکانمان، برنجی مەحموود و چای ئەحمەد دەبوون، وا بە جددی کاریان لەبۆ دەکردن.
نابێ ئەوەش فەرامۆش بکەین کە جیاوازی و بۆشای گەورە لە سیاسەتی بەڕێوەبردنی قوتابخانەی حکوومی و قوتابخانەی ئەهلی ڕەنگانەوەی نەرێنیی زۆرە لەسەر ڕەفتاری هەرزەکار، یەکەمیان وەک سوختەخانە و دووەمیان وەک نازخانە، لە ناو کۆمەڵگادا سەیر دەکرێن.
دایک و باوکی هۆشیار و ڕۆشنبیر، لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ هەرزەکارەکان، خۆیان بە دووردەگرن لە دەمەتەقێ و موناقەشی سوواوە؛ بە کەمدووی و مەندو مەستووری منداڵەکانیان پەست و نیگەران نابن؛ هەرگیز زۆری لەوان ناکەن کە دەبێ وەک پیاو و وەک ژنی تەواو و تەکمیل دەرکەون و نابێ کەمایەسیان هەبێ؛ هەمیشە ڕاستگۆن و لەبەر خاتری دڵی ئەوان دڕۆی سپی ناکەن؛ لە جیاتی ئامۆژگاریکردن، خۆیان دەکەن بە مۆدێڵ و هەمیشە باسی تافی لاوی خۆیان و هەرزەیی خۆیان بۆ شۆخی دەگێڕنەوە؛ دایکان هەوڵدەدەن لە کێشە دەروونییەکان و سۆزداریی کچەکانیان تێبگەن و باوکان لەگەڵ هی کوڕە هەرزەکارەکانیان؛ کە هەست دەکەن دێ بکەونە ژێر فشاری برادەر و دەستەخوشکی خراپ، ئاقڵانە دووریان دەخەنەوە، هەرگیز هەرزەکارەکانیان بە کۆت و پێوەندی یاسا و ڕێسای چەسپاوی سەربازیی-ئاسا نەباستنەوە، هەمیشە سنوورێک بۆ ئازادییەکان دەهێڵنەوە؛ وادەکەن منداڵەکانیان متمانەیان بە خۆیان بێ و حکوم بەسەر ڕەفتار و چالاکییەکانیان نادەن بە شێوەک هەستیان برینداربکەن... تاد.
دەبێ هەمووان لەوە تێبگەن، چۆن لە کاتی خۆیدا، ئەوان بە قۆناغی هەرەزەیی دا تێپەڕێون، ئەوا منداڵە هەرزەکارەکانیشیان لە دوای تەمەنی 18 ساڵیدا، شکڵ و شێوە و قالبێکی تۆکمە و جوان و پەسند وەردەگرن، سەردەمی هەرزەیی دەبێتە حیکایەتی گەمژەکان.