لەناو شەپۆلی شێلوودا مەلەی پێچەوانە دەكەین

فوئاد سدیق
  2024-05-31     305

كوردستان بە قۆناخێكی زۆر ئالۆزدا تێدەپەڕێت، قۆناخەكە ئەوەندە ئاڵۆزە، چی جوانی و فیكرو بەهاو نیشتمانپەروەری و ئازادی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی هەبوو، هەر هەموویان بەجۆرێك شێوێندراون، كەس ناتوانێ لەم قۆناخەدا جوانییەكانیان زەق بكاتەوە...

   ئەم قۆناخە، ئەگەر قۆناخێكی راگوێزەریش بێت، دڵنیام ماوەیەكی زۆری دەوێت و چەندین نەوە لەگەڵ خۆی لوول دەدات و دەیخاتە نێو گۆڕی ئەبەدییەتەوە. بۆیە لە ئێستادا هیچ ترووسكاییەك نابینرێ كۆتایی بە قۆناخی راگوێزەر بێت، چونكە ئێستا بازاڕی رەش لەوپەڕی هەڕمێنیدایەو، تا دێت بازاڕەكەی پڕ هەڕمێنتر دەكرێت و، ئەوەی رووبەڕووی ئەو بازاڕە رەشە زەبەلاحەش ببێتەوە، دەبێت قوربانی زۆر بدات. ئەم قوربانیدانە لە هەموو قۆناخ و سەردەمەكاندا هەر هەبووە، بۆنموونە: كاتێك سەدەكانی ناوەڕاست بەهۆی هاتنی رێنیسانس بەرەو كۆتاییپێهێنان رۆیشت، دادگاكانی پشكنین، بە هەزاران كەسی نوێخوازو ئازادیخوازیان سەربڕی و دەیانخستە نێو مەنجەنیقەوە، یەكێك لەو فەیلەسوف و ئازادیخوازانە جیۆردانۆ بڕۆنۆی ئیتالی بوو، كە زمانیان بڕی و سەریان بڕی و ئینجا سووتاندییان.
ئێمە هێشتا پێمان نەناوەتە قۆناخی ئینتیقالی، چونكە هێشتا فیكر نەیتوانیوە بەربەرەكانێی ئەو بەد رەوشتییە هەمەلایەنەی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و رووناكبیریی بكات، هێشتا ئەگەر بە ئاستەم نووزەیەكیش هەبێت، ئەو نووزەیە هێندە لاوازە نەبۆتە شەپۆلی توڕەیی و ناڕەزایی، نەبۆتە ئاوازی بەرخودان، نەبۆتە هەڵسانەوەیەك كە كەمێك لەو تەپ و تۆزەی جەستەو مێشك و تەنانەت جل و بەرگیشمانی داپۆشیوە ، لەخۆمانی بتەكێنین. راستە هەندێكجار وشەی جوان دەخوێنینەوە، بەڵام ئەم وشانە لەنێو ئەم هەموو بەیت و بالۆرە بێ ئەخلاقییەی كە لەوپەڕی برەوو پەرەسەندندایە، هیچ رەواجێكی نییە. كەسیشمان نەبووینەتە ڤۆلتێرێك یان رۆسۆیەك، یان ئەمیل زۆلایەك، تا هەر هیچ نەبێت جارێك بڕیاری دادگاكان هەڵبوەشێنینەوە، یان شەقامی پێ بجوولێنین.
فیكرو فەلسەفە، بە قسەی گەورە نابێت، بە پاشخانێكی پتوی مەعریفەو ئینجا بە بەرنامەو میتۆدو پلانی تۆكمە جێی خۆی دەگرێت، كورد تا ئێستا میتۆدێكی بۆ فیكر نەبووە، بۆیە هێشتا هیچ قۆناخێكی فەلسەفی لە كوردستاندا دروست نەبووە. مەعریفەو فیكریش بە چوونە ناو سۆشیال میدیاو ریكلام دروستكردن دروست نابێت.
كورد لە ئێستادا هیچ فەیلەسووفێكی نییە، بۆیە لەم قۆناخەدا پێویستی بە گرووپپبەندییەكی بەهێز هەیە، كە بەرژەوەندییە لاوەكی و كەسییەكان تێبپەڕێنن و بیر لە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەو نیشتمان بكەنەوە، رەنگە لە ئێستادا ئەوە بكرێت، ئەگەر واز لە خۆهەڵكێشانی میدیایی بهێنین و بە هێمنی پەنجە لەسەر برینە سەختەكان دابنێین و دەرمانی بكەین.بەڵام ئەوەش پێویستی بە لێكتێگەیشتنێكی باش هەیە، كە كارەساتی گەورە ئەوەیە هێشتا ئەو لێكتێگەیشتنەش لەناو نوخبەی رووناكبیریی دروست نەبووە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×