گۆیژە و مەلەوانە درۆزنەکە وتیپی کۆڕاڵی زانکۆی سلێمانی

دلێر محەمەد نوری
  2024-06-03     432

ڕووخاندنی گۆیژە:-
مەسەلەی تەختکردن و ڕووخاندنی بەشێکی زنجیرە چیای گۆیژەی سلێمانی، بووە بە سەردێڕی ھەواڵ و ڕاپۆڕت و بابەتی کەمپین و ناڕەزایی. 
پڕۆسەی تەختکردنی بەشێکی گۆیژە و پڕۆژەی خزمەتگوزای و جوانکردنی بەڵێندراو، گەڵێک ناڕۆشن و تەمومژاوی و بێ متمانەیە. ھەر بۆیە مرۆڤ لە دوورەوە ناتوانێ ھەڵوێستێکی جێگیر لە ئاستیدا بکات. بەرەی دەسەڵات و کادیرانی حزبی دەسەڵاتدار و ھەندێکی دیکەش، بە شانازی و چاوەڕوانییەکی ئەرێنییەوە، ئەڕواننە ئەم پڕۆژەیە. بەرەی بەرھەڵستکار و کەمپین و ناڕەزاییش، گەلێ بیانوو و بەڵگەی ژینگەیی و کولتوری، دەھێننەوە بۆ خراپی دەست بردن بۆ گۆیژە و ژینگەی شارەکە. بەرەی دەسەڵات بە بیانووی خزمەت کردن دەست بۆ ڕووخاندنی گۆیژە دەبات و بەرەی بەرھەڵستکاریش دەیگەڕێنێتەوە بۆ چاوچنۆکی دەسەڵات و تەماع کردنە شاخ و چیاکانیش، وەکو پڕۆسەیەکی گەندەڵکاری، نەک خزمەت گوزاری. ھەر بۆیە مرۆڤ ناتوانێ بە ڕوونی ھەڵوێستێکی شیاو وەربگرێ، بەڵام...


دەسەڵات لە وێنەی مەلەوانە درۆزنەکە:-
ھەمووان چیرۆکی مەلەوانە درۆزنەکەتان بیستووە. کورتەی چیرۆکەکەش ئەوەیە کە کەسێک قۆشمە بە ھاوڕێکانی ئەکات، لە کاتی مەلەکردندا. جارێک و دووجار و سێ و...خۆی دەخاتە دۆخی خنکاندنەوە و ھاوار بۆ ھاوڕێکانی دەبات تا بە ھانایەوە بێن، کاتێکیش لێی نزیک ئەبنەوە، دەست دەکات بە مەلەکردن و قاقا لێدان. بەڵام جارێک لە جارەکان، بەڕاستی دەکەوێتە دۆخی خنکاندنەوە و ئیتر بێ باوەڕی وا لە ھاوڕێکانی دەکات نەچن بە ھانایەوە و دەخنکێت.
بە مێژووی دەسەڵاتی کوردیدا شۆڕببیەوە، ھەزار بەڵێن و پڕۆژە و پڕۆسە و بڕیار دەبینی، کە سەرەتا بە گەشبینییەکی زۆرەوە ھاوڵاتیان بە پیرییەوە چوون و ھیوایان پێوە ھەڵواسیوە. بەڵام لە کۆتاییدا، یان بوون بە بڵقی سەر ئاو یاخود بوون بە ژمارەیەک لە ژمارەکانی لیستی گەندەڵی. ئەم دەسەڵاتە ھێندە بێ متمانەیە، تازە خۆر و مانگیش بۆ ھاوڵاتیان بھێنێتە خوارەوە، باوەڕی پێ ناکەن. 


تیپی کۆڕاڵی زانکۆی سلێمانی:-
تیپی کۆڕاڵی زانکۆی سلێمانی (١٩٩٢-٢٠٠١) تیپێکی ھونەری شانۆیی کۆمێدی ڕەخنەگرانە بوو. لە سەر دەستی کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆی سلێمانی و بە سەرپەرشتی (ھونەرمەند دیاری قەرەداغی و فریا مەحمود شەوقی و ھێرش عەبدوڵرەحمانی کلارنێت ژەن) دامەزرا. ڕۆژانێک کە ڕەخنە لە دایک نەبووبوو لە کوردستاندا، ئەم کۆمەڵە گەنجەی زانکۆی سلێمانی قسەی جدییان ھەبوو، بۆ ھەموو ڕووداو و مەسەلەیەک. ساڵانە چەندین نمایشی شانۆیی و ھونەرییان ئەنجام دەدا. بەندە یەکێک بووم لە ئەندامانی ئەو تیپە، کە ھەم بە نمایش و ھەم بە نووسینی دەقی شانۆیی و ھۆنراوەی کۆمێدیش، بەشداریم دەکرد. لە یەکێ لەو ھۆنراوانەی کە لە ژێر ناوی "خەونەکانی کورد و کۆڕاڵ" نووسیم و لە کۆتایی نەوەددەکاندا، لە سەر شانۆی ھۆڵی ھونەرمەندان، لە نمایشێکدا خوێندمەوە. ئەم ھۆنراوەیە باسی خەونێکی کۆڕاڵم تیا کردبوو سەبارەت بە ساڵی ٢٠٢٥ کە لە چاوی پێشبینی منەوە، ئەبێت سلێمانی بگات بە چ ئاستێکی پێشکەوتن. لەو ھۆنراوەیەدا باس لە کۆڵانەکانی قەرەجاوا ئەکەم کە بووە بە کاشی لەماع، بەشی سێیەمی فیلمی خولە پیزە لە سینەما سیروان نمایش ئەکرێ، پاسی ڕیم خراوەتە مۆزەخانە و پێشبڕکێی پەڕەشووتە لە گەڕەکی ئابڵاخ. ئەوەی سەیرە لەم ھۆنراوەیەدا کە پێشبینی ڕووخاندنی شاخی گۆیژەم کردووە بۆ کاری نیشتەجێ و خزمەتگوزای، بە ھۆی قەرەباڵخی شار و نەبوونی جێگەی دیکە بۆ نیشتەجێ بوون. وا ٢٠٢٥ چەند مانگێکی ماوە و پڕۆژەی ڕووخاندنی گۆیژەش چووە قۆناغی جێ بە جێ کردنەوە، بەڵام خۆزگە و ھەزار خۆزگە ئەو خەونە ئەرخەوانییانەی نەوەددەکانی من و کۆڕاڵ ئەھاتنە دی و ئەگەر بۆ جارێکیشە بەڵێنێکی دەسەڵات ببێ بە مایەی خۆشگوزەرانی خەڵکی و نەوەکو ئەم پڕۆسەی ڕووخاندنەش ھەر وەکو خنکانی مەلوانە درۆزنەکە خێری بۆ دەسەڵات و بڵقی سەر ئاوەکەی بۆ ئێمە بێت. 


تێبینی/ لینکی ڤیدیۆی ئەو ھۆنراوەیە:-
https://youtu.be/BCl-ShYOPI٤?si=QJpfU٦Q٤kJyHWIQ٣

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×