ژیلەمۆی عەشقی کۆن

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-06-21     185

عەشق لوتکەی کاردانەوەی هەستە بەرامبەر بەو کەسەی مرۆڤ لە داڵانی فکرو خەیاڵدانی خەیاڵە پڕپێچ و پەناو نادیاریەکانیەوە پێی دەگات وەک دەسپێکی پرۆسەیەکی پڕلە هەڵبەزودابەزەو سەرلەبەری کایەی ژیانی دەخاتە ژێر کارتێکردن و رکێف و کاریگەریەکانی خۆیەوە. 

 

عەشق حاڵەتێکی  شازی نامەلموسی دونیای هەست و سۆزو سۆزداری و مەیلێکی نادیاری چەکەرەی هەستە بێ سنوورەکانە. 

عەشق سەرسووڕهێنەرترین و  لەهەمان کاتیشدا بە ئازارترین حاڵەتێکی سۆزداریە، ئەشێ مرۆڤ بە درێژایی ژیانی ئەزمونی بکات. ئەشێ درێژخایەن بێت و بۆشی هەیە کورت خایەن بێت. هەم توانای دروست کردنی جوانترین چرکەساتەکانی ژیانی هەیەو هەم دەشتوانێ ببێ بە ئاگرێکی سووتێنەرو وێرانکەرو  گۆڕانکاری بەسەر ئاڕاستەی ژیاندا بهێنێ . 

 

عەشق دەتوانێ لە چەشنی لقەکانی دارێکی چڕوپڕەوە خۆی لە عاشق بئاڵێنێ و  لە جووڵەی بخات و دواجار وشکی بکات و هەناسەی ببڕێ.  

عەشقێک سەرچاوەی لە دەوروونێکی پاک و ناخێکی بێگەردەوە بێت قەت کۆن نابێ، ژەنگ ناگرێ و گەرمی و ساردی رۆژگار کاری تێناکات.

عەشقی کۆن، کۆن نیە...ئایکۆنێکە، ھێمایەکە بۆ دەرخستنی ناخێکی جوان. نیشانەیەکە بۆ زیندوو مانەوەو بەردەوام بوونی تروسکایی ئومێدو ھیواکان. 

عەشقی دوێنێ پێشەکیەکی بە ھێزە بۆ حاڵەتی خۆشویستنی ئێستا، بۆ بەردەوامبوونی ھیواکان و خەون بینین بە خەونە  دورە دەستە بەدی نەھاتووەکانەوە.

 

عەشقی کۆن، ژیلەمۆیەکە لە نێو ئاگردانی گەرمی و ساردی و ھەورازو نشێووەکانی زەمەنێکی پرلە دەردەسەری و نەھامەتی و ھاتونەھاتدا فۆڕمی گرتووەو تلاوەتەوە، بەڵام رووبەری ژیانی چۆڵ نەکردووەو لەو پانتا بەرفراوانەی لەبەردەمیدابووە دەستی بە خۆ بەرنەداوەتەو و تروسکایی ھیواکانی ڕادەستی تاریکی و بکەرە نەناسراوەکانی سەرزەمینی نائومێدیەکان و رووبەری هەڵکشان و داکشانە سۆزداریەکان نەکردووە.

 

عەشقی کۆن ھاوارو دەنگی و فریادێکی بە ھێزە، چاوەروانی فریادرەسێکە و بێتو دەستی ئەوینداری و لاواندنەوەی بۆ درێژ بکات، گەرمیەکەی سووتێنەرە...روئیایەکی شیرین و ھیوابەخشە و  دوای چەکەرەکردنی ئەشێ لە چرکەساتێکی لە ناکاودا خۆی نمایش بکات.

 

ئەڤینی کۆن دونیایەکە لە وتەو وشەو قسە و باس و دەستەواژەی نەدرکاوی جوان و رازاوەی ھەڵقوڵاو لە دەریایەکی بێ بنی تەژی خوشویستن و پاکی و سۆزداریەکی بەهێزو ئاگرینەوە. 

 

عەشقی کۆن، کۆن و ماوەبەسەرچوو نیە، کاڵای سوک و هەرزانی بازاڕی کڕین و فرۆشتن و مەزادخانەی قازانج و سودو چەواشەکاری و درۆو دەلەسەی سیاسی و  هەڵمەتی هەڵبژاردن و مەشغوڵ کردن و قۆڵبڕینی بازرگانی چاوچنۆک نیە. بەڵکو ژیلەمۆیەکی خامۆش نەکراوەو بە ھیچ  ئاوێک و هیچ تاوێک ناکوژێتەوە و کەنار ناکەوێ. 

 

ئەوینی کۆن هەڵگری دەیان بیرەوەری و یادەوەری و بەسەرهاتە…حیکایەتێکە ھەرگیز کۆتایی نایەت، نابڕێتەوە، لەبن نایەیەت. چیرۆکێکە  دواجار پاڵەوانی رووداوەکان  لە ململانێی لەگەڵ زەمەندا کۆڵ نادات و  بەوەی دڵخوای بووە یا دەگات و تا ئاسودەیی مسۆگەر نەکات، ناسڵەمێتەوە، یا شکست دەهێنێ و بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوات. 

 

عەشقی کۆن سێبەرو دێوەزمەیەکی ترسناک و تارماییەکی نەناسراوو و وێرانکەرو هەلپەرەستێکی بێ ویژدان و درۆسازێکی داهێنەرو زمان لوس نیە. هێماو نیشانەو  هەڵگری  کۆمەڵێک تایبەتمەندی ڕەگ داکوتراوو ئایکۆن و شوناسی دوێنێ و ئەمڕۆیەکی هیوابەخشی داهاتوویەکی روناک و تەژی هەست و نەست و سۆزو خۆشویستن و پێکەوە بوونە. نە کرچ و کاڵ دەبێتەوەو رەنگ دەگۆڕێ و نە لە ناو دەچێ. هێزێکی لەبن نەهاتووەو تا بە ئامانج نەگات، لە هیچ بەربەست و ئاستەنگ و فشارێکی دەرەکی و ناوەکی ناسڵەمێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×