خەمی گۆران و خەمی میلەت

عه‌تا قه‌ره‌داغی
  2024-06-24     341

[ به‌خۆڕایی مه‌ترسه‌، خه‌م مه‌خۆ، مه‌گرى له‌ ئێستاوه‌!]

( زه‌ربه‌ى چز له‌ رۆحی پڕ گلاراوى گۆران بۆ مه‌رگی هیواى كوڕى و زه‌ربه‌ى چز له‌ رۆحى پڕ گلاراوى ئێمه‌ی میلەت له‌به‌رده‌م مه‌ترسی تراژیدیاى له‌ناوچووندا، دوو ئازارى هاوشێوه‌ن ). زاراوه‌ى خه‌م لێره‌دا به‌و مانایه‌ به‌كار ده‌هێنرێت ترسێك له‌به‌رامبه‌ر ئێستاو ئاینده‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام گۆرانی شاعیر ئامۆژگارى هیواى كوڕى ده‌كات كه‌ پێویست ناكات ئه‌و وه‌كو ساوا یان منداڵێك خه‌م بخوات كه‌ نازانێت دنیا چیه‌و كه‌سیش نازانێت چاره‌نووسی به‌ره‌و كوێیه‌. مرۆڤ ئه‌فریده‌بوویه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ خوڵقاوه‌ فه‌رماڕه‌واو سه‌روه‌رى زه‌وى بێت و عاقڵ و ده‌ستكراوه‌شه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو نهێنیه‌كانی گه‌ردوون ئاشكرا بكات و ببێته‌ خاوه‌نی راسته‌قینه‌ى ئه‌م گه‌ردوونه‌. گۆرانی شاعیر لێره‌دا هیواى كوڕى ده‌دوێنێت كه‌ له‌ سه‌ره‌مه‌رگدایه‌. ده‌شێ هیوا فرمێسكی كۆتایی ژیان و كوژانه‌وه‌ى ئه‌ستێره‌ى بوونی بڕێژێت. ده‌شێ گۆران وه‌كو باوك ئه‌وه‌ى به‌ هیواى ده‌ڵێت مه‌به‌ستی خۆى بێت و داوا له‌خۆى بكات كه‌ خه‌م نه‌خوات له‌سه‌ره‌مه‌رگی جگه‌ر گۆشه‌كه‌یدا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌م له‌م دێڕه‌ شیعره‌ى گۆراندا خه‌می كۆتاییهاتنی ژیانی ساوایه‌ك بێت له‌ روانگه‌ى باوكیه‌وه‌، ئه‌وه‌ش وه‌كو ساته‌وه‌ختێكی پڕ له‌ نیگه‌رانی سه‌یر بكرێت، ئه‌وا خه‌م رووبه‌رێكی فراوانتر ده‌گرێته‌وه‌و ده‌شێ ده‌لالاتی زیاترى هه‌بێت ئه‌گه‌ر له‌ ئاستی تاكه‌كه‌سه‌وه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ سه‌رئاستی كۆمه‌ڵگه‌. ئێستا خه‌م له‌ روانگه‌ى گۆران و خه‌می ئێمه‌ وه‌كو نه‌ته‌وه‌ چۆن پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستین. بۆ گۆران خه‌م بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ساوایه‌ك كه‌ ئومێدى ئاینده‌ى پێی هه‌یه‌، ئێستا له‌سه‌ره‌ مه‌رگدایه‌. خه‌می ئێمه‌ش وه‌كو بوویه‌ك وه‌كو نه‌ته‌وه‌ یان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێ شووناس، هه‌میشه‌ هاوشێوه‌ى ئه‌و خه‌مه‌ى گۆرانه‌ بۆ مه‌رگی جگه‌رگۆشه‌كه‌ى. گریه‌و هه‌نسكی هیوا به‌ زه‌ربه‌ى چز له‌ رۆحی پڕ له‌ گلاراوى گۆران ده‌دات. پشێوى بارودۆخی كوردستان و كاركردنی نابه‌رپرسیارانه‌ى به‌رپرسانی كوردو ئازاره‌كانی جه‌ماوه‌رى سته‌مدیده‌و برسی و نه‌دارى خه‌ڵكی كوردستان به‌ هه‌مان شێوه‌ رۆحی دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی هه‌ستیار ده‌هاڕێت. مه‌رگى جگه‌رگۆشه‌كه‌ى گۆران له‌سه‌ره‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ى تواناو ده‌سه‌ڵاتی گۆران و هه‌موو مرۆڤایه‌تیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێمه‌ وه‌كو نه‌ته‌وه‌ خه‌می بۆ ده‌خۆین و ده‌ترسین وه‌كو جگه‌رگۆشه‌كه‌ى گۆران له‌ده‌ستمان بچێت له‌ ده‌ستی خۆماندایه‌و ئه‌گه‌ر بتوانین بیربكه‌ینه‌وه‌و عه‌قڵ به‌كاربهێنین و ده‌ستبه‌ردارى رق و كینه‌و گرێكانی ناخمان ببین و وه‌كو مرۆڤی پێگه‌یشتوو، وه‌كو ده‌سته‌و گروپ و حیزب و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتیكه‌رو وه‌كو مرۆڤ و حیزب و پێكهاته‌ى نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی بیربكه‌ینه‌وه‌و نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانمان له‌ رق و كینه‌و گرێ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تیه‌كانمان به‌لاوه‌ گرنگتر بێت و خۆمان له‌و گرێیانه‌و له‌و رق و كینه‌ به‌ربه‌رى و خێڵكیانه‌ و له‌ هه‌ژموونی تاكه‌كه‌س و نوخبه‌ نه‌خۆشه‌ سیاسیه‌ نانه‌ته‌وه‌یی و نانیشتیمانیه‌ى كورد رزگار بكه‌ین، ئه‌وا ساواى هیواو ئاواته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كانمان وه‌كو هیواى جگه‌رگۆشه‌ى گۆران نامرێت و خه‌مه‌كه‌ى ئێمه‌ش وه‌كو نه‌ته‌وه‌ وه‌كو خه‌مه‌كه‌ى گۆران نامێنێته‌وه‌ به‌ڵكو ده‌بێت به‌ پێكه‌نینی هه‌میشه‌یی.

خه‌می سه‌ره‌كی ئێمه‌ خه‌می بوونه‌، مه‌به‌ستمان له‌م قسه‌یه‌ش  ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ وه‌كو پێكهاته‌یه‌كی ئیتنیكی كه‌ له‌ رووى ژماره‌وه‌ هاوشانی زۆرێك له‌و نه‌ته‌وانه‌ین كه‌نه‌ك هه‌ر كێشه‌ى بوونیان نییه‌ به‌ڵكو بووه‌یه‌كی هێند به‌ هێزیشیان هه‌یه‌ له‌ زۆر قۆناغ‌و وێستگه‌ى مێژوودا نه‌ك هه‌ر له‌ رووى كه‌لتوورى‌و عه‌قڵیه‌وه‌ پێش زۆرینه‌ى گه‌ل‌و نه‌ته‌وه‌كانی جیهان كه‌وتوون به‌ڵكو له‌ رووی سیاسی‌و سه‌ربازى‌و ئابووری‌و ئیداریشه‌وه‌ توانیوویانه‌ ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر زۆر به‌شی تری جیهاندا بكه‌ن. هه‌ڵبه‌ت وه‌كو نه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ هه‌رگیز خه‌م یان خواست‌و ویستی كورد نییه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر خه‌ڵكی تردا بكات، به‌ڵام ئێمه‌ كێشه‌یه‌كی چاره‌نووسسازمان هه‌یه‌ ئه‌ویش كێشه‌ یان خه‌می بوونه‌ واته‌ ئه‌م جه‌سته‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ ناوى جه‌سته‌ی كوردییه‌ تاكو ئێستا جه‌سته‌یه‌كی پێناسه‌كراو نییه‌ له‌ رووى سیاسی‌و كه‌لتووری‌و عه‌قڵی‌و ئیداریی‌و ئاماده‌بوونه‌وه‌، واته‌ ئه‌م جه‌سته‌یه‌ نه‌بووه‌ته‌ جه‌سته‌یه‌كی خاوه‌ن شووناس، شووناس به‌و مانایه‌ى كه‌ له‌ رووى ده‌ره‌وه‌ى خۆیدا توانای خۆنمایش كردنی هه‌بێت‌و بوونی خۆی رابگه‌یه‌نێت، واته‌ ده‌نگی هه‌بێت‌و ئه‌و ده‌نگه‌ش له‌ لایه‌ن ئه‌وانی تره‌وه‌ ببیسترێت، مه‌به‌ست له‌ بیستنیش ئه‌وه‌یه‌ قورسی‌و هێزى ده‌نگه‌كه‌ گوێی ئه‌وانی تر ناچار بكات بۆ گوێ لێگرتن‌و بیستنی نه‌ك سۆزو به‌زه‌یی هۆكار بن بۆ ئه‌وه‌ى گوێیان بكرێته‌وه‌ تا هاوارو ناڵین‌و كڕوزانه‌وه‌كانی ئێمه‌ ببیستن. بێگومان كه‌ى ده‌نگی راسته‌قینه‌ى جه‌سته‌ى كوردیی گه‌یشته‌ ئاستی به‌ ده‌نگ بوون‌و ئه‌وانی تری ناچاركرد گوێی لێبگرن ئه‌وه‌ جه‌سته‌ى كوردی گه‌یشتۆته‌ ئاستی خۆنمایش كردن كه‌ ئه‌وه‌ش گوزارشت كردنه‌ له‌ بوون‌و شووناس. به‌ڵام ره‌نگه‌ پرسیارێك لای هه‌موومان سه‌رهه‌ڵبدات: باشه‌ كه‌ى كورد ده‌بێته‌ خاوه‌نی ده‌نگ، ده‌نگێك كه‌ ئه‌وانی تر بیبیستن یان ناچاری گوێ لێگرتنی بن؟ ئه‌مه‌ش خه‌می سه‌ره‌كی ئێمه‌یه‌ واته‌ خه‌می شووناس كه‌ ئه‌ویش خه‌می بوونه‌.

بێگومان وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیاره‌ راسته‌خۆ به‌نده‌ به‌ خودی كورد خۆیه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌ ئاستی یه‌كه‌مدا له‌و چركه‌ساته‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ كورد به‌ بێترس چوارچێوه‌ی مافه‌كانی خۆی ئاشكرا بكات‌و رایبگه‌یه‌نێت كه‌ هه‌موو یاسا ئاسمانی‌و زه‌وینییه‌كان هه‌مان ئه‌و مافانه‌ به‌ كورد ره‌واده‌بینن كه‌ به‌ ئه‌وانی تریان رابینیووه‌، بۆیه‌ مافی خۆمانه‌ پێ له‌سه‌ر ئه‌و داوایانه‌مان دابگرین‌و سووریش بین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش له‌به‌ر كۆمه‌ڵی هۆكار نه‌توانین بگه‌ین به‌ ئامانجه‌كانمان ئه‌وه‌ مانای وانیه‌ كه‌ ده‌ستبه‌رداری داواكانمان بووین، نه‌خێر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێ به‌ئاشكرا رایبگه‌یه‌نین كه‌ ئه‌وه‌ ئێمه‌ین له‌ به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت به‌رزكردنه‌وه‌ى داواكانمان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانی تر دواخستووه‌ به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وانی تریش تێبگه‌ن كه‌ ئه‌و دواخستنه‌ بۆ هه‌تا هه‌تا نییه‌و ئێمه‌ سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌بێ ده‌نگی خۆمان هه‌بێت، بۆ ئه‌وى ده‌نگی خۆمان هه‌بێت ده‌بێ ببین به‌ خاوه‌نی بوون‌و شووناسی خۆمان، بوون‌و شووناسیش به‌ بێ سه‌ربه‌خۆیی‌و درووستكردنی ده‌وڵه‌ت نایه‌ته‌ دی. دیاره‌ ئه‌وه‌ش لاى كورد ئاشكرایه‌ كه‌ به‌بێ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رگیز بوونی ته‌واوى نابێت و ناشبێته‌ خاوه‌نی شووناس و هه‌رگیز بوون و ئاماده‌بوونی نابێت له‌ ئاستی ئه‌وانی تردا، به‌ڵكو وه‌كو رابردووى و ئێستاى هه‌ر له‌ په‌راوێزدا ده‌مێنێته‌وه‌و نابێته‌ خاوه‌نی ده‌نگی بیستراو. واته‌ وه‌كو شێركۆ بێكه‌س ده‌ڵێت:ئێمه‌ هه‌ر گوێگر بووین و گوێگر بووین و گوێگر". تاكه‌ رێگاش بۆ ئه‌وه‌ى كورد بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ به‌ گوێگرى نه‌مێنێته‌وه‌و ده‌نگی هه‌بێت و ده‌نگی ببیسترێت، پێویسته‌ پێ له‌سه‌ر داواكانی دابگرێت. ئه‌و پێداگرتنه‌ش ته‌نیا له‌ سایه‌ى یه‌كگرتن‌و یه‌كبووندا فه‌راهه‌م ده‌بێت، واته‌ گه‌یشتن به‌ ئاستی بوون‌و گه‌یشتن به‌ ئاستی ده‌نگ به‌بێ یه‌كگرتن‌و یه‌كبوون نابێت. ئه‌گه‌ر خه‌می ئێمه‌ وه‌كو نه‌ته‌وه‌ خه‌می شووناس بێت ئه‌وا له‌ سه‌ربه‌خۆییدا ده‌گه‌ین به‌ قۆناغی كۆتاییپێهێنانی ئه‌و خه‌مه‌. ته‌نیا یه‌كگرتن و یه‌كترخوێندنه‌وه‌و یه‌كتر قبوڵكردن و پێكه‌وه‌ژیان و چاره‌سه‌ركردنی كۆى كێشه‌كانی ئێستا ده‌مانگه‌یه‌نێت به‌ به‌ده‌ستهێنانی شووناس، واته‌ ره‌واندنه‌وه‌ى خه‌مه‌كان. ب

ێگومان درێژه‌دان به‌م باره‌ ناهه‌موارو نادرووست و پڕ له‌ قه‌یرانه‌ى ئێستا كه‌ به‌ره‌و هه‌وڵوه‌شاندنه‌وه‌و تێكچوونی شیرازه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیمان ده‌بات... زیاتر فراوانبوونی رووبه‌رى خه‌مه‌، له ‌بارێكی وه‌هادا خه‌می ئێمه‌و خه‌می گۆرانی شاعیر هاوشێوه‌ ده‌بن. كه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌و تراژیدیا ترسناكه‌یه‌ كه‌ ئاواته‌خوازى ئه‌وه‌ین ئێمه‌ نه‌یبینین و به‌ لۆجیكی عه‌قڵ رێگا له‌ روودانی بگرین، كه‌ ئه‌ویش ته‌نیا به‌ یه‌كترقبوڵكردن به‌ كاركردن وه‌كو مرۆڤى ته‌واو، حیزبی ته‌واو، مرۆڤى نیشتیمانپه‌روه‌ر، حیزبی نیشتیمانپه‌روه‌ر، ده‌سته‌بژێرو راگه‌یاندنی نیشتیمانپه‌روه‌ر ده‌گاته‌ ئه‌نجام.دیارە ئەوەش دەزانین کە حیزبی نانەتەوەیی و گوێڕایەڵی داگیرکەران و حیزبی کۆمپانیای کارو بازاڕ و دەستەبژێری سیاسی نەخۆش و گرگن و نابەرپرسیارو بارکراو و بارگاوی کراو بە رق و کینەو دەیان گرێی هەستبەکەمی کردن نە باکی بە نەتەوەو نیشتیمان هەیە، نە دەزانێت بەرپرسیاریتی چیەو گاڵتەی بە عەقڵی ئەوانەش دێت کە لە خەمی ئایندەی نەتەوەو نیستیماندان، چونکە ئەو دەستەبژێرە سیاسیە نەخۆشە بە راست و چەپ و مینڕاوەیانەوە لە خەمی گیرفان و پێگە وەهمیەکانیان و رازیکردنی ئاغا عەرەب و فارس و تورکەکانیاندان .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×