وەفدێكی میت دێتە بەغدا، رەنگە بەرپرسانی ئەمنی یەكێتیش ببینن.

سەرتیپ جەوهەر
  2024-06-28     413

پێدەچێت توركیا ئۆپراسیۆنێكی گەورەو بەرفراوان لەچەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان جێبەجێبكات. ئەم ئۆپراسیۆنە جیاواز لەوانی دیكە رەنگە بیەوێت ناوچەیەكی بەرفراوانی بەقوڵایی دەیان كیلۆمەترو بەدرێژایی دەیان و سەدان كیلیۆمەتر داگیربكات یاخود بەتەواوی بیخاتە ژێر كۆنترۆڵی ئەمنی خۆی.

توركیا لەدوای داگیركارییەكانی سەرێكانی تا گرێ سپی لەرۆژئاوای كوردستان لەكۆتایی 2019، بەردەوام باسی دروستكردنی پشتێنەیەكی ئەمنی بەقوڵایی 30 كیلۆمەتر لەنێوان باكورو باشوری كوردستان دەكات. لەهاوینی 2019 ئۆپراسیۆنێكی گەورەی لەناوچەی حەفتانین كەدەكەوێتە رۆژئاوای مەتینا لەنزیك بامەڕنی دەستپێكرد. ماوەیەكی درێژی خایەند و ئێستا زۆربەی ئەو ناوچەیە لەژێر كۆنترۆڵی جەندرمەی توركە.

دوابەدوای ئەو ئۆپراسیۆنە، ئۆپراسیۆنێكی دیكەی بەناوی جوڵەی چڕنوك لە17ی نیسانی 2022 لەناوچەی مەتینا دەستپێكردەوە، دیسان بەبیانووی دەستپێكردنی ئۆپراسیۆن سەدان سەربازی تورك هێنرانە باشوری كوردستان لەناوچەكانی دەوروبەری مەتیناو بەرواری باڵا جێگیركران، بێئەوەی هیچ سەركەوتنێكی سەربازیی بەدەستبهێنن.

ماوەی دوو مانگێكە سوپای تورك بەردەوام هێز دەگوازێتەوە باشوری كوردستان و ئۆپراسیۆنێكی دیكەیان لەناوچەكە دەستپێكردووە. بەپێی قسەی خەڵكی ئەو ناوچانە، جەندرمەی تورك ژمارەیەكی زۆر چەكی گرانیان هێناوەتە ناوچەكەو بەئاشكرا جموجۆڵ دەكەن. پەلامارەكەی ئەم چەند رۆژە لەرۆژهەڵاتی شاخی مەتینا بەرەو لوتكە دەستی پێكردووە و دەیانەوێ‌ بگەنە رۆژئاوای زنجیرە لوتكەی مەتینا كە شاخێكی زۆر گەورەیە لەسنوری بامەڕنێ. بیانوی ئەو ئۆپراسیۆنە كۆنترۆڵكردنی بنكەو بارەگای هێزەكانی پەكەكەیە لەو ناوچانە.

بەقسەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە، ئەم ئۆپراسیۆنە جیاوازە لەوانی دیكە لەلایەك ژمارەكەیان زۆرترەو لەلایەكی دیكە هەڵسوكەوتیان بەجۆرێكە وەك ئەوەی ئۆپراسیۆنەكە لەناو سنوری توركیا بێت نەك وڵاتێكی دیكە.

بەپێی زانیاریی ناوچەكە، ئەو هێزەی جەندرمەی تورك ئەمجارە لەرێگایەكی دیكە ئۆپراسیۆنەكەیان لەشاخی مەتینا دەستپێكردووەو لە لۆفەكانی بابیرێ كە پێی دەڵێن (بازو بەلیزانا) بەرەو لەوێ‌ (گەلیێ بازێ‌، گەلیێ هەسپان، گەلیێ بشیلێ) لەوێ‌ دەیانەوێ‌ سەربكەون بەرەو رۆژئاوای مەتینا لەسەر روباری خابور. دوو رۆژە ئۆپراسیۆنەكە لە 15 كیلۆمەترێك بەتەواوی چڕبۆتەوە.

ئەو سەربازانە دوو شەو هاتوون 250 تا 300 هاتوون. لەگەڵ ئەوانەی دیكە كەپێشتر لەناوچەكە بوون نزیكەی 600 بۆ 700 سەربازێك دەبن بەشدارن لە ئۆپراسیۆنەكە. لەو ناوچانە شەو و رۆژ درۆن بەئاسمانەوەیە بۆ چاودێریكردنی گوندو دەشت و دۆڵی ناوچەكە. هەروەك لەو ئۆپراسیۆنانەدا فرۆكەی ئیف 16 و ئاپاتچێ بەكاردەهێنرێن بۆ بۆمبارانكردنی گوندو شاخەكان و بۆ گواستنەوەو گەیاندنی كەلوپەل بۆ ئەو بنكەو قەرەقۆلانەی بەرزن و رێگای هاتوچۆیان نییە فرۆكەی شینۆك-ی ئەمریكی بەكاردەهێنرێت كەتوانایەكی زۆری هەیە بۆ گواستنەوەی لۆجستی.

زۆربەی ئەو فرۆكانەی بۆ بۆمباران و پەلاماردانی باشور دێن، كۆپتەرەكان لە بنكەی گرۆملی لە شەرناخ لەسلۆپی دەفڕن و دێن، ئەوانی دیكەش لە بنكە سەربازیەكانی جۆلەمێرگ دێن.

لەسەر شاخی مەتینا تەنیا یەك خالی هێزی پێشمەرگە یان زێرەڤانی لێیە ئەویش لەسەر رێگەی لەگوندی بانكا-یە. بەپێی سەرچاوەكان هێزەكانی پەكەكە لەوناوچەیە دیار نین، پێدەچێت خۆیان تەواو سڕ كردبێت یان دووركەوتبنەوە بەرەو قوڵایی خاكی هەرێم.

خەڵكی ناوچەكە دەڵێن ئەو پراسیۆنەی تورك لە ئۆپراسیۆن و پەلاماردانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو دەچێت، وەك ئەوەی لەناوچەی جولەمێرگ لەباكوری كوردستان بن هەڵسوكەوت لەگەڵ دانیشتوانیی بەرواریی باڵاو دەوروبەری زاخۆ دەكەن. بەخەڵكی گوندەكان دەڵێن ئەگەر ئێوە شەڕی ئێمە نەكەن ئێمە شەڕی ئیوە ناكەین.

لەدوێنێوە، ئەو هێزەی هاتۆتە ناوچەكە لەسەر رێگەی بازی بەلیزانا خاڵی پشكنینیان داناوە داوای ناسنامە لەخەڵك دەكەن، بەخەڵك دەڵێن بێ‌ ناسنامە هاتووچۆ بكەن. ئەوانەیشی داوای ناسنامە دەكەن یان ترجمە دەكەن جاشەكانی هۆزێكی باكوری كوردستانن بەناوەكانی (ژیركی و گوویی)ن و سەرۆك جاشەكەیان ناوی (جەعفەر بەنەك)ەو خەڵكی ناوچەی قلابانە لەباكوری كوردستان. جاشێكی دەستڕۆیشتووەو هەموو شتێك بۆ دەوڵەتی تورك دەكات.

لەو چەند شەوەی رابردوو لەگوندەكانی ناوچەی نهێلێ كە دەكەوێتە نێوان ئامێدیی و دێرەلوك لەگوندەكانی (سەرگەلێ÷ بلاڤا، بەرچێ‌، گوهەرزێ) شەڕو پێكدادان لەنێوان ئەو هێزانەو هێزەكانی پەكەكە هەبووەو جەندرمەی تورك بەردەوام تۆپبارانی ئەو ناوچانەیان كردووە. چەند گوندێكی دیكەش لەناوچەكە وەك كوركۆ، رەشەڤە و چەند گوندێكی دیكە بەهۆی تۆپباران و شەڕو پێكدادانی ناوچەكە دانیشتوانەكەی ناتوانن بچنەوە شوێنی خۆیان. ئەو ناوچانەی بەگشتیی تورك داگیریكردوون روباری هیزل، رووباری كەشانێ‌ و رووباری خابور كە دەكەونە حەفتانین و زاخۆ. هەروەها روباری ئاڤا شین و رووباری زاپ لەناوچەی ئامێدی ئێستا لەلایەن جەندرمەی تورك داگیركراون.

ئەو ناوچانەی تائێستا ئۆپراسیۆنی لێ‌ دەستپێكراوە دەكەوێتە سنوری پارێزگای دهۆك و ناوچەی نفوزی پارتی دیموكراتی كوردستانن، هێشتا دیار نییە ئۆپراسیۆن و پەلاماردانەكان درێژدەبێتەوە بۆ سنوری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان. بەپێی زانیارییەكان بڕیارە ئەمڕۆ پێنج شەممە وەفدێكی باڵای دەزگای موخابەراتی توركیا بەسەرۆكایەتی (موتلو توكا) جێگری بەرپرسی یەكەمی دەزگای میت بێتە بەغدا بۆ گفتوگۆ لەبارەی پەلاماردان و ئۆپراسیۆنەكانیان و رەنگە بەرپرسانی ئەمنی یەكێتیش ببینن.

ئەو ئۆپراسیۆنەی جەندرمەی تورك لە ئابی 2019 دەستی پێكرد وەك ناوچەی رۆژئاوا كوردستان لەناوچەی حەفتانین كە دەكەوێتە باكوری زاخۆ سەربە ناحیەی باتوفا و دەركارە، ئێستا 50 گوند لەوێ‌ بەتەواوی لەژێر كۆنترۆڵی جەندرمەی توركەو 16 بنكەی سەربازیی تورك لەوناوچەیە هەیە. ئەمە جگە لەبنكەی (گرێ بی) كە لەدوای ساڵی 1995 لەوناوچەیە دایناوە. لەو بنكەیە جگە لەژمارەیەك زرێپۆشی جیاواز، شەش تانكی گەورەی جۆری لیۆباردی ئەڵمانی لێیە.

دوای ناوچەی حەفتانین، گوندەكانی بەرواری باڵا دێت، لەوناوچەیەش بەر لەدوو ساڵێك ئۆپراسیۆن دەستی پێكردووەو ئێستا سوپای تورك لەگوندەكانی (كێستە و هرورێ) هەن. ئەو گوندانەی بەرواری باڵا بەتەواوی لەژێر كۆنترۆڵی تورك دان نزیكەی 75 گوند دەبن. هەرەوەها گوندەكانی رێكانی، دوسكی ژوری و گوندەكانی ناوچەی نێرەویی بەتەواوی لەلایەن جەندرمەی توركەوە داگیركراون، ئەوانیش سەر بەناوچەی زاپن كە 74 گوندی رێكانیی و 28 گوندی نیروەیی و 8 گوندی دوسكی ژوریان دەگرێتەوە 9 گوندی نهێلی كە دەكەوێتە نێوان دێرەلوك و ئامێدی بەتەواوی لەژێر داگیركارین. بنكەی زۆر گەورەی عەسكەری لێ دانراوە. هەموو شەوێك لەوناوچەیە رووبەرووبونەوە لەنێوان جەندرمەی تورك و چەكدارانی پەكەكە دروستدەبێت بەتایبەتیش لەگوندی بەلاڤ لەلای سێبەر یان نزاری شاخی مەتینا.

بەپێی زانیاریی سوپای تورك لەوناوچانە زۆرترین رێگای سەربازیی دروستكردووە. بەپێی ئاماریی ناڕەسمیی نزیكەی 80 بنكەو خاڵی سەربازیی سوپای تورك لەناوچەی مەتیناو كوڕە ژارو حەفتانین هەن. لەكاتێكدا پێشتر 15 بنكەو خاڵی سەربازیی لەوناوچەیە هەبوون كە 5 بنكەی گەورەبوون لەگەڵ 10 خاڵی بچوك، بەڵام دوو سێ‌ ساڵە بەردەوام سوپای تورك بنكەو بارەگای نوێ‌ لەناوچەكە دادەمەزرێنێت و ئێستا ژمارەی جەندرمەی تورك بە 3 هەزار جەندرمە لەوناوچەیە دەخەمڵێنرێت.

هیچ ئامارێكی رەسمیی لەبارەی بوونی سوپای تورك لەباشوری كوردستان بەردەست نییە، ئەوەی باسی لێوەدەكرێت زیاتر لە 120 بنكەو بارەگاو خاڵی سەربازی تورك لەباشور هەیە، هیچ زانیاریەكیش بەردەست نییە لەبارەی ژمارەی ژمارەی جەندرمەی تورك لەباشوری كوردستان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×