دانان و راگرتنی ئەو باجەی ئەمڕۆی حكومەت رایگەیاند، نادەستورییە

سەرتیپ جەوهەر
  2024-07-24     212

ئەمڕۆ وتەبێژی حكومەت رایگەیاند بەفەرمانی سەرۆكی حكومەت باج لەسەر چێشتخانەو نەخۆشخانەو نانەواخانەكان هەڵگیرا.

ئەم لێدوانەی وتەبێژی حكومەت بەڵگەیەكی روونە لەسەر كارە ناقانونیەكانی ئەم حكومەتە. لەماددەی 28ی بڕگەی یەكەم دەستوری عیراقی بەماددەیەكی روون هاتووە ( لا تفرض الضرائب والرسوم ولا تعدل ولا تجبى، ولا يعفى منها، إلا بقانون) واتە (باج ناسەپێنرێت و دەستكاریی ناكرێت، وەرناگیرێت، لێخۆشبوونیش نایگرێتەوە تەنها بە یاسا نەبێت). بەكورتی ئەوەی پەیوەندی بە باج و رسوماتەوە هەیە، بەهیچ شێوەیەك حكومەت بۆی نییە دەستكاریی بكات تەنها بەیاسا نەبێت، بۆیە ئێمە دەپرسین ئەرێ‌ ئەو باجانەی خستبووتانە سەر چێشتخانەو نانەواخانەو نەخۆشخانە، بەكام یاساو كام بڕگەی یاسایی بوو؟ ئێستاش كە لێخۆشبوون یان ئەو باجە لەسەر كاسبكاران و خەڵك هەڵدەگرن، بەكام یاساو كام بڕگەی یاساییە؟

بەدڵنیاییەوە هەموو ئەو باجە زیادانەی حكومەت لەماوەی چەند ساڵی رابردوو خستویەتیە سەر كاسبكاران یان خاوەنكارو هاوڵاتیان هیچ سەنەدێكی قانونیی نییەو پێچەوانەی دەستورو یاساكانە، هەروەك ئێستا حكومەت ئەم باج سەندنانە رادەگیرێت دیسان هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە.

كاتێك ئەو باج و رەسم وەرگرتنە زیادەو ناقانونیانە بەسەر هاوڵاتیان سەپێنراوە ئەوە دەستبردن بووە بۆ گیرفانی هاوڵاتیی و رووتاندنەوەو بەزۆر پارە لێسەندنی كاسبكارو خاوەنكارو هاوڵاتیان بووە لەلایەن حكومەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان، ئێستاش كە هەڵیدەگرن یان رایدەگرن راگرتنی ئەو كارە ناقانونیەی خۆیان بووە نەك بكرێتە موزایەدە بەسەر خەڵكەوە. هاوڵاتیان یان كاسبكارو خاوەن كارەكان دەتوانن سكاڵا لەدژی حكومەتی هەرێم تۆماربكەن چونكە هەرچی پارەی بەو ناوانەوە لێیان وەرگیراوە پارەیەكی حەرام بووە چۆتە گیرفانی حكومەت.

ئەوەی زۆر گرنگە لێرە باسی بكەین، ئەو كارە نادەستوریی و ناقانونییەی حكومەت هەرسێ‌ لایەنەی پێكهێنەری ئەم كابینەیەو كابینەی پێشوو لێی بەرپرسن (پارتی و یەكێتیی و گۆڕان) چونكە سەرۆك و جێگر لەپارتی و یەكێتین و وەزیری داراییش لەبزوتنەوەی گۆڕانە. ئەوەیە كورد دەڵێت (تاساحێب ماڵ دزی گرت، دز ساحێب ماڵی گرت). خۆیان بەناقانونیی باج و رسوماتیان زیادكردووە، ئێستاش دەیانەوێ‌ بیكەن بە منەت و موزایەدە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×