سلێمانی وەكوشارێكی داگیركراو

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2024-07-24     439

شاری سلێمانی یەكێكە لەو[D1]  شارانەی خاوەنی كۆمەڵێك تایبەت مەندی خۆی بووە لە هەموو قۆناغەكاندا لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان لەزۆر بواری جیا جیادا . بۆیە نازناوی شاری هەڵمەت و قوربانی و شاری ڕۆشنبیری پێدراوە . تەنانەت   گەریدە سیاسیە ئەوروپایەكانیش بەتایبەتی ئینگلیزەكان ، حسابی تایبەتیان بۆ شاری سلێمانی كردوەو گرینگی تایبەتی خۆی هەبوە بە لایانەوە .  شاری سلێمانی لە لایەن پاشاكانی بابانەوە دروست كراوەو ماوەیەكی زۆریش كردویانە بە پایتەختی خۆیان. سەردەمانێك شاری سلێمانی پایتەختی  حكومەتەكەی شێخی نەمربوەو ئینگلیزەكان و گەڕیدە سیاسیە ئەوروپایەكان بەردەوان بونیان هەبووە لەم شارەدا .

شاری سلێمانی و دەوروبەری  بەردەوام ناوەندێكی ڕۆشنبیری گەورەبوەو دەیان كەڵەشاعیرو ڕۆشنبیری تێدا هەڵكەوتوە . بەو هۆیەشەوە ئینگلیزەكانیش گرینگی تایبەتیان  پێداوەو هەر زوو چابخانەیان لی داناوە . شاری سلێمانی بەردەوام و لە هەموو قۆناغەكانی خەباتدا ناوەندێكی شۆڕشگێڕی و دینەمۆی شۆڕش بوەو بەردەوام ڕوبەڕوی دوژمنان بۆتەوەو هەرگیز چۆكی بۆ دوژمن دانەناوە .

بەڵام سەد مەخابن هیچ كاتێك ئەم شارە  وەكو ئێستا زەلیل و غەدرلێكراو نەبوەو وەكو ئێستا بێ بایەخ نەكراوەو پەڕاوێز نەخراوە لە سایەی دەسەڵاتی كوردیدا .  ئەو حیزبەی لەم شارەدا لەدایك بوو ، كەوتە سەرقاچ و گەورە بووو ، دەستی كربە خەبات و هوشیاركردنەوەی خەڵك و هیوای بۆ تاكی كورد گێڕایەوە دوای ئاشبەتاڵ و بوو بە خاوەنی هەموو گۆرەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان و ڕۆژگارێك تەقڵەی بە فیل لی دەداو كەس نەبوو لە مەیدانەكەد ڕوبەڕوی ببێتەوە ، ئێستا ئەم شارە گێرۆدەی پاشماوەی بەرپرسە چاوبرسیەكانی  ئەم حیزبەیەو دەستیان خستۆتە بینەقاقایی و ئێستا بخنكێ یان كەمێكیتر .

دوای ئەوەی لە سایەی دەسەڵاتی پارتی و یەكێتیەوە هیچ داهاتێكی  هەرێمی كوردستان لە دەستی هەرێمدا نەماوەو لە ناچاریدا چونەوە بەر دەرگای حكومەتی بەغداو ئەوانیش هێواش هێواش بە بەرنامە خەرێكن وا لە تاكی كورد بكەن هیچ ئینتیمایەكیان بۆ ئەم دەسەڵاتە مافیاییە نەمینێت و هاوڵاتیان وا لێی بكەن خۆیان داوا بكەن بچنەوە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی مەركەزی  لە ڕێگای ئەوەی موچەی هاوڵاتیانی هەرێم و خانەنشینان  هاوتای بەغدا بكەن و هێواش هێواشیش هێزی پێشمەرگە بخەنە سەرسوپای عێراقی و ئەوەتا لە هەنگاوی یەكەمدا خەریكن ئەو باجە زۆرەی لەسەر هاوڵاتیانی هەرێم دانراوە ، هاوتای بەغدای بكەن ، ئەوەش دەبێتە هۆكارێكی زۆر گرنگ كە  حیزبە دەسەڵاتدارەكان كەسیان بەدەورەوە نەمێنێت و بەرەو ئاشبەتال بڕۆن .

ئایندەی بەرپرسانی هەرێم بەرەو كوێ؟

كار ئاوا بڕوات حكومەتی هەرێم بونی نامێنێت و هەرێمی كوردستان وەكو ناو دەمێنێت و سەرۆكێكی وەكو ناو بۆ دادەنێن و شارەكانی هەرێمیش لەسەر بنەمای پارێزگا مامەلە دەكرێن و بودجەیان بودادەنرێت . بە تێپەڕبونی ڕۆژگاریش هەرچی هێزی چەكدار هەیە تێكەڵ بە دام و دەزگای سەربازی دەكرێنەوە . كورت و كرمانجی هەرێم وەكو ناو دەمێنیت و بەكرداریش حكومەتی مەركەزی ئیدارەی دەدات .

ئەی دوای ئەوبەرپرسانەی ئێستای هەرێم چی دەكەن؟

هەموو ئەوانەی ئێستا خاوەن دەسەڵاتن لە هەردوك زون وەكو میرات ئەم دەسەڵاتەیان بۆ ماوەتەوەوعەرەقیان پیوە نەكردوە . پەندێكی كوردیش هەیە كەدەڵێت : كە مانگ بە ئاسمانەوە بوو، پێویست بە ئەنگوست ناكات . واتە پێویست بەوە ناكات پەنجەی بۆ ڕاكێشی چونكە خۆی دیارە . كەواتە ئەمانەی ئێستا تا ئەوكاتەی بتوانن بمێننەوەوسامان و داهاتی ئەم هەرێمە بەتاڵان بەرن بە هاوكاری كۆمەڵێك دزوو گەندەڵ لە بابەتی خۆیان ، ئەوا دەمێننەوەو وەكو چۆن و سن و كوللە كەدەردەكەون هەرچی سەوزایی دەكەوێتە بەردەمیان حەپەلوشی دەكەن ، ئەوانیش بەهەمان شێوە هەرچی بۆیان بدزرێت و بۆیان تاڵان بكرێت  دریغی ناكەن و گوێ بە قسەی كەسیش نادەن . كەی بۆیان نەلواو ڕێگایان لێ گیرا دزی و تاڵانی نەكەن ، ئەوە بای بای لێ دەكەن و هیچ بەلایانەوە گرنگ نابێت چونكە هەرچی دەستیان كەوتوە لە زیادەبووە .

چ بەڵگەیەك هەیە بۆ پشت ڕاستكردنەوەی ئەم بۆچونە ؟.

ئێمە لەسەرەوە باسی مێژوی شاری سلێمانیمان كرد ، باسی خەبات و تێكۆشانی هاوڵاتیانی سلێمانیمان كرد، لەولاشەوە وەفای بەرپرسانی دەسەڵاتدارانیشنان زانی بۆ شاری سلێمانی  كە كەوتونە داگیركردنی هەرچی زەوی بەنرخە لەم شارەداو بەتاڵانی دەبەن . هەرچی زەوی باش هەیە دەستی بەسەردا دەگرن ، شەقامەكان بچوك دەكرێنەوەو قەراغەكانیان دەكرێنە شوێنی بازرگانی . شوێنی باخچەكان و گۆڕەپانی یاری دەستیان بەسەردا دەگێرێت و دەیانكەنە شوێنی نیشتەجێبون . ئەو دار سنەوبەرانەی  تەمەنیان چەندین ساڵەو سەدان ملیۆن دیناریان بۆ خەرج كراوە تا سەوز بون ، لە ڕەگ و ڕیشە دەردەهێنرێن و  شوێنەكەیان دەكرێنە  باڵەخانەی نیشتەجێبون .

لە شارێكی گەورەی وەكو سلێمانی دوو نەخۆشخانەی تێدایە ، بەڵام دەیان نەخۆشخانەی ئەهلی و بەرپرسەكانی تێدایە . دار سنەوبەرەكانی نزیك شەقامەكان دەسوتێنن بۆ ئەوەی شوێنەكانیان بكرێتە  شوێنی بازرگانی . حیزب بە جۆرێك دەستی گرتوە بەسەر دام ودەزگای حكومی ئیداریدا كە هەرچی بەرپرس هەیە كراونە كۆیلەی حیزب و هەرچی بڕیارهەیە دەبێ بۆ بەرژەوەندی بەرپرسانی حیزبی و ئەوانەی شەریكیانن  لە بازرگانیدا .

ئەگەر سەرنج بدەن هەرچی زەوی بەنرخ هەیە  ئەوە لە ڕێگای حیزبەوە دەستیان بەسەردا گیراوەو دەوریان بەلەوح گرتوە . ئەوانەی لەخەمی ئاینەدەی شارن ،ژمارەیان لە ژمارەی پەنجەكانی دەست تێناپەڕن و ئەوانیش كەس گوێیان بۆ ناگرێت .. هەرچی زەوی بەنرخی ئەم شارە هەیە  لە ڕیگای سەرۆكی شارەوانی و بەرپرسی فەرمانگەی بەناو وەبەرهێنانەوە كە هەردوكیان كۆیلەی حیزبن تەخشان و پەخشان دەكرێت بێ ئەوەی گوێ بە بەرژەوەندی گشتی بدەن وهەموو كاری ئەوانە ڕازیكردنی بەرپرسانی  سەرەوەی خۆیانە .  هەرچی قوتابخانە لەناو شاری سلێمانی هەیە  بەدەگمەن یەك دەوامیان تێدایە . ئەوانیتر دوو یان سێ دەوامن . ئەوهەموو زەویانەی ناوشار تەخشان و پەخشان دەكرێن ، شوێنێك بە بەتاڵی دانەنراوە بەیانی كە پارە هەبوو بیكەنە قوتابخانە .

گەورەترین و تازەترین غەدرو تاوان بەرامبەر بە شاری سلێمانی ئەمەیە :

كاتی خۆی بە فەرمانی ئەحمەد حەسەن بەكری سەرۆك كۆماری عێراق  لە ساڵی 1970بڕی 864 دۆنم زەوی زەوی لە بەكرەجۆ تەرخانكراوە بۆ ئامادەیی كشتوكاڵ بە مەبەستی تاقیكردنەوەی كشتوكاڵی لەسەری . ئەم زەویە ئێستا تەنها 182 دۆنمی ماوەو بەردەوام لەملاو ئەولا لێیان قرتاندوە. ئێستاهاتون دەستیان گرتوە بەسەر ئەو باقیەشیدا و بەنیازن بیكەنە شوێنی نیشتەجێبون . یەكەم كەس لەسەر ئەوە كە هاتۆتە دەنگ بەڕیز مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە پشكی گۆڕان.

 هەموو لایەنەكانی ئاگادار كردۆتەوە كە پەیوەندیدارن بەو زەویەوە و بڕیاری داوە ئەگەربڕیارەكە هەڵنەوەشێننەوە  ئەوە دەست لەكار دەكێشێتەوە و بەوە ڕازی نابێت بێ پرس و ڕا بە ئەوان ئەوزەویە داگیر بكەن . ژمارەیەكی زۆری خەڵكی دلسۆزی تریش لە ڕێگای تۆڕە كانی ئینتەر نێتەوە هاتونە سەرخەت و پشتیوانی لە  مامۆستا دڵشادیش دەكەن . لەو لاشەوە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمان بەرانی ناڕازی لە سەر ئەو كەیسە هاتونە دەنگ و بەیان نامەیان دەركردوە كە ئەوە مایەی دڵخۆشیەو زیندویەتی ئەم شارە دەسەلمێنرێت .

مامۆستا دڵشاد هاتوە بەرگری لە مافی خوێندكاران دەكات ، بەرگری لە ئایندەی نەوەكانی ئەم شارە دەكات . مامۆستا دڵشاد لە ڕوانگەی دڵسۆزییەوە و لە پێناوی بەرژوەندی گشتیدا هاتۆتەدەنگ ، نەك بەرژەوەندی خۆی . لە  ڕاستیدا كاتی ئەوەیە هەرچی خەڵكی  دڵسۆزو خەمخۆری شاری سلێمانی هەیە  بێنە بەرەی مامۆستاو داكۆكی لە مافی هاوڵاتیانی شارەكە بكەن چونكەئەو زەویە بۆ هەتا هەتایە دەبێ وەكو موڵكی نەوەی نەوەكانی ئەم شارە بمێنێتەوە ودەستی گڵاوی هیچ تاڵانچییەكی پێ نەگات.  خاوەنی كۆمپانیای بەڕێز كە بەرپرسی زۆر گەورەی لە پشتەوەن تا ئێستا دەیان و سەدان دۆنم زەوی ئەم شارەی پێدراوە. من لێرەوە داوا لە لایەنی بەرپرسیار دەكەم كە بەدواداچون بكەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا ئەو هەموو زەویانە خۆی كردونی بە پڕۆژە یان دوای وەرگرتنی زەویەكان بەناوی پڕۆژەوە ، نەیفرۆشتونەوە . ئەگەر ئەو كارەی كردبێت ئەوە  دزی گەورەتری لەپشتەوەیە و ئەو وەكو كەسی نەمرە دوو زەویەكان ساغ دەكاتەوە  بۆ سەرۆی خۆی  دیارە ئەوەش بە خۆڕایی نییە . ناوبراو لە مەركەزی هێزو قوەتەوە  هاتۆتەدەنگ و زۆر بەبێ ڕێزی و بێ منەتی  بە مامۆستا دڵساد دەڵی : ئەو زەویە شارەوانی پێی داوین و هەموو ڕێكارەكانمان  لە وەبەرهێنان و دادگا تەواوكردوەو زەویەكە دراوە بە ئێمەو مامۆستا دلشاد دۆڕاوەو موزایەدا دەكات .

سەیرەكە لەوەدایە كە سەرۆكی حكومەتیش ئیمزای كردوە لەسەر پێدانی ئەو زەویە بە كۆمپانیای بەڕیز . بەڕاستی جێگەی پرسیارو گومانە . ئایا بەسەریدا تێپەڕیوەو نەیزانێوە ، یان بۆیە ئیمزای كردوە بۆ ئەوەی كێشە  دروست ببێت ، یان واسیتەیان پێ كردوە ؟. لەلایەكی تریشەوە ئەی باشە قوباد تاڵەبانی و بەفڵ تاڵەبانی چۆن ڕازی بون ؟. كەس بڕوای بەوە نییە ئەوان نەیانزانیبێت چونكە ئەگەر ئەوان ڕازی نەبوبن  چۆن هەمو دەوروبەری شەقامی هواری شار دەوری بەلەوح گیراوەو گڕدراوەو داگیر كراوە كە بایی سەدان ملیۆن دۆلارە . باشە چۆن دەبێت ئەمانە بە كارێكی تاوانكاری ئاوا گەورە ڕازیبن كە بەرامبەر بەم شارە دەكرێت ، لە كاتێكدا خۆیان بە خاوەنی شارەكە دەزانن .

باشە ئەی دادگا چۆن ڕازی بوو كە ئەو زەویە بكرێتە شوێنی نیشتەجێبون ؟.باشە ئەی فەرمانگەی داواكری گشتی ئیشی چییەو لە كوێ خەوتوەو بەڕاست بۆچی هەیە ؟.لەكاتێكدا مامۆستا دڵشاد وەكو كەسێكی دلسۆزی ئەم شارە بەئەركی خۆی زانیوە لەسەر ئەمە بێتە دەنگ كە پەیوەندی بە نەوەی نەوەكانی ئەم شارەوە هەیە  لە خەمی شارەكەدایە ، جێگەی پرسیارو سەرسوڕمانە   كە سەرۆكی شارەوانی و سەرۆكی فەرمانگەی وەبەرهێنان و دادگاكان و بەرپرسانی حیزبی ئەم شارەن دەبوو لە پێش هەموانە دژی ئەم داگیركاریە بوەستنەوە چونكە خۆشیان خەڵكی ئەم شارەن . بەڵام زۆر جێگەی داخە ئەوانە هەمویان چونە بەرەی خاوەنی پڕۆژەكەوە .  واتە دژی هاوڵاتیان شاری سلێمانی . 

بەڕاستی دنیا گۆڕاو جاران ڕێوی كەلەشێری دەخوارد ، بەڵام ئێستا كەڵە شێر ڕێوی دەخوات ، جاران دزوو تاڵانچی و فێڵباز هەر لە ڕویان نەدەهات  بێنە  ناو خەڵكەوەو ، ئێستا بە پشتیوانی بەرپرسانی باڵای حكومەت ، دێن و تانە لە كەسە دڵسۆزو خاوەن ڕەوشتەكان دەدەن . ئەگەر ئەم شارە شارەكەی جاران بوایە و خەڵكەكەشی خەڵكی جاران بوایە ، دەبووهەموان بێنە دەنگ لە بەرامبەر ئەو قسە ناشیرینەی  خاوەنی كۆمپانیای بەڕێزدەربارەی مامۆستا دڵشاد كە وتویەتی : ئێمە كەیسەكەمان بردۆتەوەو هەموو ڕیكارە كانمان تەواو كردوە ، مامۆستا دڵشاد دۆڕاندویەتی و تەنها موزایەدە دەكات.

باشە بپرسن ئەم كەیسە چییە ئەو بردویەتەوەو مامۆستا دلشاد دۆرأندویەتی و موزایەدە دەكات . ئەو هاتوە لە ڕێگای كۆمەلێك مافیاو تاڵانچییەوە دەستی گرتوە بەسەر زەوی ئامادەیی كشتوكاڵ لە بەكرەجۆ بۆ ئەنجامدانی وانە لەسەر خوێندن و مامۆستا دڵشادیش هاتوە بەرگری دەكات لەو زەویەی كە موڵكی بەڕێوەبەرایەتیەكەی خۆیانە . بەڕاستی ئەمەیە كە دەڵێت : ماڵ لە خانە خوێ حەرام كراوە .  باشە كامیان لەسەر حەقن . باشە دەپرسم ئەوانەی ئاسانكاریان كردوە بە پێدانی ئەو زەویە بەو وەبەرهێنەرە دەچنە چ خانەیەكەوە ، نیشتمان  پەروەر یان دژ بە نیشتمان ؟. 

لەكۆتایی نوسینەكەمدا جارێكیتر دوو بارەی دەكەمەوە ئەوانەی ئیدارەی ئەم شارە دەكەن و بە حساب خۆیان بە خاوەنی ئەم شارە دەزانن  تا ئەوكاتە لێرەن كە بتوانن زۆرترین پارەیان دست كەویت و كەی ئەوەیان بۆ نەچووە سەر  زۆر ئاسایی دەبێت  بەجێی دێڵن . ئەگەر ئەم قسەیەی من وا نەبێت چۆن خەڵك خۆی بە خاوەنی شارێكی وەكو سلێمانی خاوەن مێژو بزانێت ئاوا سوكایەتی پێ دەكات وەكو لاشەی مەڕێكی مردوو دەیخاتە بەردەستی گورگی برسییەوە .سەیركەن لە شاری سلێمانی چەندكەس خوێنیان لە پێناویدا ڕشتوەو ماڵ وێران بون و زیندانی كراون و لە سێدارە دراون . ئەگەر مرۆڤێك كەمێك وێژدانی هەبێت  دەبێ كزە لە جەرگیەوە بێت كە دەبێنێت كی بەرهەمی خوێنی ئەو هەموو شەهیدانە دەخوات و بەوەشەوە ناوەستێت ، گاڵتە بەخەڵكە دڵسۆزەكەی شار دەكات .

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×