چیرۆکی تەخشانی خوشکی پەخشان!

توانا ئەمین
  2024-07-27     328

سەرۆکایەتی هەرێم

دەزگایەکی تەشریفاتییە، جگە لە ژیانی خۆیان، هیچ گرنگییەکی لە ژیانی خەڵکدا نییە، ئەرکە گرنگەکەی ئەوەیە مەرسومی هەڵبژرادن دەربکات، ئەم لە دوو ساڵدا ٥ مەرسومی دەرکرد و هەڵبژاردنی پێنەکرا.

ئەوەی دەمێنێتەوە لە سەرۆکایەتی هەرێم، پەخشان و تەخشانی پارە، سەفەری سەرۆکانە و فەرشی سوور و تەیارەی شەخسی بۆ نێچیرڤان تا لە گوندێکی بارزانەوە پێی بڕوات بۆ گوندێکی تر... تەمویلی زەبەلاحی ڕووداو، چاوشۆڕکردنی گۆڕان و یەکێتی بە دوو جێگر سەرۆکی بێئیش و کۆڵێ مووچە و نەسرییەکی موفت و خەیاڵی!!

مووچەی یەک مانگی ئەم فەرمانگەیە ١٥٥٥٠٠٠٠٠ (ملیارێک و پێنجسەد و پەنجاوپێنج ملیۆن دینارە)

 

ئەنجومەنی دادوەری هەڕێمی کوردستان

کە بڕیارەکانی نەک لای دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی دادوەری عێراقی ناخوات، بەڵکو تا (پردێ)ش بڕناکات، بزانە چەند پارەی ئەم هەرێمە پەخشان و تەخشان دەکات! بیرتان نەچێ ئەنجومەنی دادوەری جیایە لە وەزارەتی داد.

مووچەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم مانگانە ٣٧٦٩٠٠٠٠٠٠ (سێ ملیار و حەوتسەدوشەست و نۆ ملیۆن دینار)

 

وەزارەتی پلاندانان

سەیرترین شت ئەوەیە مووچەی مانگێکی وەزارەتی پلاندانان بەرامبەرە بە مووچەی مانگێکی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفال!! ئێستا فەرموو جگە لە پەخشان و تەخشان، چوار پلانی ستراتیژی ئەو وەزارەتە بۆ چاککردنی ئاو و کارەبا، بۆ کەرتی تەندروستی، بۆ کەرتی پەروەردە، بۆ کەرتی گەشتیاری، بۆ خەڵک، شار و شارستانی و کۆمەڵگا بژمێرە..

مووچەی مانگێکی وەزارەتی پلاندانان ٨٠٨٠٠٠٠٠٠ (هەشتسەد و هەشت ملیۆن دینارە)

 

دەستەی ژینگە

پرسیارێک: کە وەزارەتی کشتوکاڵ هەیە، کە وەزارەتی شارەوانی هەیە، کە بەڕێوبەرایەتی نەمامگە و باخچەکان و کەشناسی هەیە، ئیدی ئیشی دەستەی ژینگە جگە لە پەخشان و تەخشان چییە؟ کە تورکیا و ئێران هەزاران دۆنمیان لەم کوردستانە سووتاند، ئەم دەستەی ژینگەیە نەک جورئەتی دەرکردنی بەیاننامەیەکی نەبوو، چوار داری ڕواندەوە لە شوێنیان؟!

مووچەی مانگێکی دەستەی ژینگە ٢٩٠٠٠٠٠٠٠ (دووسەد و نەوەد ملیۆن دینارە)

 

دەستەی مافی مرۆڤ

نەک خەڵکی ئاسایی، کە ڕۆژانە کەرامەتی دەشکێندرێت، ماڵوموڵکی داگیردەکرێ، هەفتانە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک ڕۆژنامەنووس دەگیرێت، ئەشکەنجە دەدرێ. بەناحەق لەسەر ڕای جیاواز خەڵک لەم وڵاتەدا حکوم دەدرێ، ڕفاندن هەیە، زیندانی نهێنی هەیە، شەو خەڵک دەگیرێ بەیانی دەڵێن مردووە، ئەم دەستەی مافی مرۆڤەی کوردستانە جگە لە پەخشان و تەخشان، ئەگەر هەیە، لە گوێی کام گادا وەنەوز دەدات؟!

مووچەی مانگێکی ئەم دەستەیە ٢٣٧٠٠٠٠٠٠ (دووسەد و سیوحەوت ملیۆن دینارە)

 

دەستەی نەزاهەی کوردستان

عەیب نییە لەم زەلکاوی فەسادییەی پارەی کێڵگەی یاسایی و نایاسایی نەوت و تەخشان و پەخشانی زەوی و هێنانی قاچاغی سەیارە و هێلکە جگەرە و دوگ و داروبەردەدا. بڵێی من نەزیهم و پەخشان و تەخشان لە وڵاتی مندا نییە و دەستەم هەیە بۆ لێپێچینەوە؟!

مووچەی مانگێکی دەستەی نەزاهەی هەرێم ٢٦٧٠٠٠٠٠٠ (دووسەد و شەست و حەوت ملیۆن دینارە)

 

دەستەی وەبەرهێنان

هەرچی زەوی ئاڵتوونی ئەم وڵاتەیە لە معامەلەی ئەم دەستەیەدایە، مەعقولە باربێت بە سەرگیرفانی خەڵکەوە؟ ئەم پەخشان و تەخشانەی لای ئەوانەوە لەسەر پرۆژە و زەویوزار دەکرێ نمونەی نییە. ئەم دەستەی وەبەرهێنانە، ئەگەر دەستەی وەکاربردن بوایە خۆ ماڵمان بە قوڕ دەگیرا!

مووچەی مانگێکی ئەم دەستەیە ٣٩٢٠٠٠٠٠٠ (سێسەد و نەود و دوو ملیۆن دینارە)

 

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی کوردستان

ئەمایان ئیدی لوتکەی گاڵتەجاڕیی و تەخشانی تەواوە، ئەم هەڵبژاردنەی ی کوردستان کۆمسیۆنی عێراق دەیکات، ئەمانەی خۆمان دواکار کە کردویانە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ بووە، واتا شەش ساڵە ڕەشیان نەخستۆتە سەر سپی.

مووچەی مانگێکی ئەم کۆمسیۆنەی کوردستان ٥٦٨٠٠٠٠٠٠ (پێنجسەد و و هەشت ملیۆن دینارە)

ئەمانە کورتە چیرۆکی تەخشانی خوشکی پەخشانن لە بەفیڕۆدانی پارەی زەبەلاحی ئەم وڵاتە، کە قاچاغ و بندیوار نین و بەشێوەیەکی یاسایی کراون!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×