ژن کێیە؟

به‌هار مونزیر
  2019-02-17     4585

کۆمەڵگەی کوردستان، وەك هەریەکێك لە کۆمەڵگەکانی تر، لەڕۆژهەڵاتی ناویندا، سەبارەت بەپرسی ژن، دەکەوێتە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی کە ژن تێیدا لە ئەمن و ئاسایشدا نییە. ژنبوون و دونیای ژن بەڕادەیەکی زۆر کورتکراوەتەوە بۆ جەستەی و نامووسی خێزان و پیاوی پێوە گرێدراوە. کەمترین ژن لە کاردان و کەمترین ژن بڕیاردەرن؛ چ لە خێزان چ لە ناو کۆمەڵگە ، چ لە سیاسەتیشدا و چ لە شوێنی کارو ..هتد.  وڵاتانی وەك پاکستان و ئەفغانسان و هندستان و کۆمەڵێك لە وڵاتانی عەرەبی بە نموونە وەرگرین دەتوانین ئەوە پشت ڕاستبکەینەوە، کە ژن لە کوردستان وەك نزیك لەو وڵاتانە حسابی بۆ دەکرێت.لەژێر پەستانی ئەم پێگەیەی ژن و پیاوسالاری ئەم کۆمەڵەگانە، لەم ووڵاتانە ژن تە نانەت ئازادی لە جل پۆشینیشدا نییە.

پیاوسالاری کۆمەڵگە بە ڕادەیەک ژنی خستۆتە ژێر پەستانەوە کە لە لایەکەوە ژن پاڵ پێوە ئەنێ کە خۆی سەرتاپا داپۆشێت تا ئارەزووی کۆمەڵگا ڕازی بکات نە ک خۆی، لە لایەکی تریشەوە دەم و چاوی ئەکات بە ئایدانتیتی خۆی و ڕۆژ نییە پرسیار لە قەبەرەو شووێنێکی دەم چاوی دروست نەکات . کۆمەڵگەی پاتریارکاڵ ژنی گوێرایەڵ و ژنی ماڵەوەی پێ قەبووڵكراوترە وەک لەژنێک کە خاوەنی بڕیار و کار و ئابووری خۆی بێت.

 

هەر کەس ئەتوانێت ئەمانە و زۆر خاڵی لەیەکچووی تریش بدۆزینەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی لە سەرەوە ناوم هێناون. ئەم نموونانەم بۆ ئەوە هێنایەوە  تاکو تێشک بخەمە سەر ئەوەی کە کۆمەڵگا پاتریارکاڵەکان بە کوردستانێشەوە  ژن لە وێنیەکا کورت ئەکاتەوە کە پیاو بۆی دروست کردوە و ئەمەش ژن و ئینێرژی ژنی لە بنیادنان و گەشەکردنی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوخواز بە ڕادەیەکی یەکجار زۆر پەراوێزکردوە و هەلی بەشداریی لە گەشەکردن و بنیادنانی و بەهای ژن لە کوردستان و ئەو وڵاتانەش دەبەسترێتەوە بەپێناسە كۆنەخوازییەكانەوە كە کۆمەڵگەی پاتریارکاڵ بۆی داتاشیوون. ئەمە هۆكاری سەرەکییە بۆ بەستنەوەی ژنە بە کار ماڵەوە دینیایەکی یەکجار بچوکتر لەوەی کە توانای داهێنەرانەی ژن ئەتوانێت بنایتی بنێت.  هەر ئەم وێنە نا دادوەرەی پیاوسالاری ئەم کۆمەلگەیانە بۆ ژنی دروست کردوە هۆکاری دیارترین و زەقترین و نامرۆڤانەترین دیاردەی ئەم کۆمەلگەیەی ئێمە کە  کوشتن و خۆسوتاندن وهەژاری ئابووری ژنە. 


بەپێی ئامارە فەرمییەكانی حکومەتی هەرێم  لە   سالێ ٢٠١٥ ، ٥٥ ژن کوژراوە ، لە ساڵی ٢٠١٦ ، ٤٦ ژن کوژراوە ، لە سااڵی ٢٠١٧ ،٥٠  ژن کوژاروە وە لە سالێ ٢٠١٨ دا تا نووسینی ئەم ڕاپۆرتە ئاماری کۆتایی ساڵ بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام تەنها شاری سلێمانی لە سالێ ٢٠١٨ دا ١٣ ژن کوژراوە، بەپێ ئاماری ڕیکخراوی ڕاگەیاندن و ڕوناکبیری ژنان ئامارە فەرمیەکانی حکومەت جیاوازی هەیە لەو ئاماری ڕێکخراوی ناوبراو ، واتە بە پەشت بەستن بە ئاماری تر ژمارەی کوشتنەکان زیاترن . چەندین دۆسیەی خۆکوژی هەیە بەداواداچوونی بۆ ناکریت تاکۆ هۆکار بدۆزرێتەوە ، بەداخەوە هەر ئەوەندە دەزانین لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانو میدیاکان گوێبیست دەبیت کە ژنیك خۆی کوشتوە یان خۆی سوتاندەوە .. 
ئایا ئەو ژنانەی کە نامرۆڤانە دەکوژرێن بێجگە لە بەهانەی نامووس چ بەهانەیەکی تر هەیە بۆ کوشتنیان؟ ئەگەر ڕاستتر بلێین کوشتنی نامووس کوشتنێکە وەك کوشتنی ئاسایی نییە، واتە پەیوەندی بە هیچ بابەتێکی یاسایی و تەنانەت مۆرڵیشە وە  نییە جگە لە وێنایە نەبێت کە دونیا، خەون و ژیانی ژن لە جەستەیا کورت ئەکاتەوە و خاوەنداری ئەم جەستەیەش لە خودی ژن خۆی ئەستێنێت و  ئەیدات بە پیاو و وە دەیان بەربەستی کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ ژن دروست ئەکات کە توانای بڕیاری لێ ئەستێنێتەوە و زۆر جار مەحکومی ئەکات کە لە دۆزەخێکدا بژی کە کۆتاییەکەی بۆ نابینرێت  . ئەمەیە کە کوشتنی نامووسی ئەخوڵقێنیت لەم کۆمەڵگایەی ئیمەدا. ئەم جۆرە لە تاوان و کوشتن لە بەرامبەر ژندا جیاوازە لە تاوان و کوشتنەكانی تری ژن لە کۆمەڵگاکانی تردا، بە کورتی کوشتن هەر کوشتن نیە . 


من پێموایە هەندێكجار بە چالاکوانان و میدیاكانیشەوە دەکەوینە هەڵەوە لە مامەڵەکردن لە گەڵ ئەم تاوانانە. نموونەیەکی زۆر دیار کوشتنی سنور کە  نموونەیەکی دیاری تاوانی کوشتنی ناموسیە کە تاکۆ ئێستا بکوژ نەك دەستگیر نەکرا، بەڵكۆ بە پێ زانیاری ڕیکخراوەکان بکوژ ئازادانە دەسوڕێتەوە. بکوژ لەبەر دەم دوو چالاکوانی ژناندا پێش کوشتنەکە باسی لەوە کردەوە لە ژیر ئەرزدا بیت دەیدۆزیتەوە و دەیکوژیت. 

ئەگەر حاڵەتێکی دیاری  تری ئەم کۆتایانە باس بکەین کە هیچ پەیوەندی بە ناموسەوە نەبوو،  کارەساتی سوتانی سێوان و مناڵەکانی بوو. ئەم کارەساتە زۆر کاریگەری لەسەر خەلك دانا، ڕاستە کارەساتەکە زۆر جەرگ بڕو تارژیدیا بوو بەڵام ، پەیوەندی بە وێنای ژن لە ناو کایەی نامووسدا نە بوو،ئەمەش یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە کۆمەڵگەی کوردستان بە گشتی زۆر بەداخ بوون بۆ ئەو کارەساتە .، بەلام لیرەدا یەك پرسیار گرنگە کە لە خۆمانی بکەین: ئەگەر دۆسیەی سێوان پەیوەندی بە ناموسەوە هەبوایە و مندالەکانی لەو کارەساتەکەدا گیانیان لەدەست نەدایە ئایا ئەو هەستیاریەی خێزان ، کۆمەڵگە و میدیاکان وەک ئێستا دەبوو؟ 


لێرەدا  زۆر دروستە بلێن کە بەداخەوە کۆمەلگەی کوردستان دونیای ژن  لە جەستەیا کورت ئەکاتەوە و ئەم جەستەیەش ەوە گرێدەدات، عەقڵ و کەسایەتی و خەونی ژن هیچ گرنگی نامینیت. ئەم وێنایەی ژن وا ئەکات کە بە شێوەیەکی گشتی ژنی کورد ژنێكی سەربەخۆ نییە ، ژنیكە کە ملکەچە و بیت لەسەر پێ خۆی نا توانێت بە ئاسانی ڕاوەستێت، ژنێكە کە بڕیارە گرنگەکانی ژیانی و خەونەکانی لە دەست خۆیدە ننییە. ئیمە بە هۆی کاری مەیدانی ڕۆژانەمانەوە لە سەرژن نمموونەی  زۆرمان لەبەر دەستدایە کە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە لەم کۆمەلگایەدا ژنان چی دەچیژن چەند گیرۆدەی پێانسەیەکن کە کۆمەڵگا بۆی داناون. ئەم وێنایەی ژن هەر ژنی نەکردوە بە قوربانی بەڵکوو کۆمەڵگاشی بێبەش کردوە لە توانای داهێەنەرانی ژن لە بردنە پێشەوەی کۆمەڵگای کوردی و تەنانەت لە بردنە پێشەوەی ئەم هەرێمە  وەک هەرێمیك زیاتر جیگەی دەستی ژن بەشداری ژنی پێوە دیار بیت. بڕیارو بریاردانی ژنی پێوە دیار بیت ئەوەی هەیە بە ڕیژەیەکی زۆر کەم و کەم کاریگەر هەیە . 


با بپرسین ژن کێیە؟ بۆ ژن وا ژیان دەکات؟
 ئایا ئەگەری کەمکردنەوەی دەسەڵاتی پیاوسالاری و زیادکردنی یەکسانی تا کوێ بە کارێكی مومکین دادەنرێت؟ بۆ ژن ژنە بەو پێناسەیەی لەسەرەوە باسم کرد ؟ سیمۆن دی بۆڤوار-ژنە نووسەرو فەیلەسوفی فەڕەنسی- لە کتێبەکە ناسراوەكەیدا بە ناوی (ڕەگەزی دووهەمەوە)، جەخت لەوە دەکاتەوە ”کە ئێمە خۆمان بێ ڕەگەزی کۆمەڵایەتی لە دایك دەبین، ئەوە کۆمەڵگەیە ئێمە دەستنیشان دەکات نەك خۆمان، كە لە ئەزەلەوە بە ژنی یان بە پیاوی لەدایك ببین بەپێ ئەو وێنایەی کە کۆمەڵگە بۆ ئەم دو ڕەگەزەی ئەکات.” من باوەڕم بەم وتەیە هەیە، کە ئێمە دایك و باوکیشمان بە تەنیا ناتوانن ئێمە بکەن بە ژن یان پیاو، بەڵكو ئەوە کۆمەڵگەیە، کاریگەریی لەسەر دایك و باوکیشمان دادەنێت کە ژنین بە پێی پێناسەی کۆمەڵگە  یان پیاوین. ژن بوونمان، لە سەرەتاوە واتە لە لەدایك بوونمانەوە دەست پێدەکات، دواتر ئیتر ئەوە سیستمی ماڵ و دایک و باوك-ە وەك بەشێك لە کۆمەڵگە گەورەکە، بڕیار لەسەر ئێمە و پەیوەندییەکانمان دەدات. ئەمە بەشێکی گرنگە ئێمە لە کام خێزان و کۆمەڵگەدا گەورە دەبین و ماف و ئەركەکانمان کامانەن؟


ئەگەرئێمە لە خێزانێكی دەوڵەمەند گەورە بین، بە دڵنیاییەوە ژیان و مەوقعییەتی ئێمە جیاواز دەبێت. لێرەدا ئابووریی ڕۆڵێكی کاریگەر دەگێرێت، کاری ناو ماڵ بوونی ژن لە ناو ماڵ و باوك لە دەرەوە و کاری دەرەوە بۆ باوك و کاری ماڵەوە زۆر گرنگی پیدەدریت تاکو ئەو کەسە بەهێزە کە پیاوە لە دەرەوە بتوانیت بەرهەم هێن بێت.  تەنانەت کاتیك باسەکە دێتە سەر نامووس ئەوا ژن جیادەکرێتەوە لەوەی کە ژنێكی دەوڵەمەندە یان هەژار، هەرچەندە نموونەی دیار هەن لە کوردستان، کە ژنی دەوڵەمەند کوژراوە بە بیانوی ناموسەوە بەلام زۆربەی ئەو دۆسێیانەی تاکو ئێستا من کارم لەسەر کردوون زۆرینەیان لە خێزانە هەژار و مام ناوەندەکانن. ئەمەش ئەوە نیشان ئەدات کاتێك ژن جێگە و ڕێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی لاواز بێت ئەوا بونیادێکی ئاسانترە بۆ کوشتن وە ڕەنگە هەژاری ڕێگەی لە گەشەکردنی کۆمەڵایەتی ئەو پێاوانە گرتبێت کە دەستیان ئەچێتە گیانی کچەکانی خۆیان یان جەرگ و ئازیزیی خۆیان. شێوەی ئەو باوکەم بیر ناچیت کە لە قەفەزی دادگا دا بە ڕەنگی پەڕیوەوە وەستابوو دادوەر باسی لە کوشتنی کچەکەی دەکرت ، ئایا بۆ دەبیت باوکێك دەستی بچێتە گیانی جەرگی خۆی ئەگەر هۆکاری زۆر بەهیزی کۆمەڵگا نەبیت ، ئەو باوکەی من لیرەدا باسی دەکەم  شکم نیە لەوەی کە کەسانی تر هانیانداوە بۆ ئەنجام دانی ئەو تاوانە ، واتە بە تەنها باوکەکان نین تاوان دەکەن ، ئەوە ئەو کۆمەڵگەیە یە بە راستەخۆ یان ناڕاستەوخۆ هانی باوکەکان  یان براکان دەدات کە  کچەکانیان یان خوشکەکانیان بکوژن، ئەگەر کورتکردنەوەی وێنەی ژن نە بێت بۆ نامووسی خێزان، چ لۆژیکێکی عەقڵ قبووڵی ئەکات کە باوک کچی خۆی یان برا خوشکی خۆی بکوژێت. لە ڕاستیدا کارکردن لەسەر دۆسیەکانی کوشتن زۆر  قورس و ئازار بەخشن . ئەگەر ئەم وێنایەی کۆمەڵگا بۆ دوونیای ژن و ژنبوون نەگۆڕێت ئەوە ئەم کارەساتە بەردەوام دەبێت و  هەر کاتێك بیت دەکریت ژنێك خەڵتانی خۆین بکات. 


بۆ چوونە پێشەوە لە مەسەلەی ژندا، پێوستمان بە توێژینەوەی مەیدانی و زانستی هەیە کە ئەبێت لە کوردستان ئەنجام بدرێت. وە کاری پێبکریت . گۆمان لەوەدا نیە  ژنان لەسەرتاسەری دونیادا، کاری ناو ماڵ ڕێگری لێدەکات، لە گەشە و بەشداریی و بەڕێوبردن و ئابوریی و هەموو لایەنە گرنگەکانی ژیان. بۆیە ژن لێرەدا هەمان هەلی وەك پیاو بۆ ناڕەخسێت کە مێشکی سەرقاڵی هەموو ئەو ئەرکانەن کە بێ پارە بەسەر ژندا كەسیستمی سەرمایەداری دەیسەپێنیت. گەشە و ڕوئیای فراوان لە کاری ناوماڵەوە بەرهەم ناهێنرێت، بەڵكو تا ئەو کاتەی ژن تەنها کاری ناو ماڵ بکات لە هەر کوێ و هەر زەمەنێكدا بێت، توانای سنووردار دەبێت، نە هەلی بەڕێوبردنی بۆ دەڕەخسێت نە بوونی وەك کەسایەتی لە ناو کۆمەلگەدا وەك کەسێكی گرنگ و خاوەن پێگە ئەژمار دەکرێت. لێرەدا پێناسەی ئەم ژنە لەگەڵ ژنێكی تر دا جیاوازە. واتە ئەمە پێناسەی ژنێكە كە وابەستە دەبێت بە نێرینەیەکەوە؛ کە هەرچییەکی بێت ئیتر هاوسەر بێت، برا یان باوك بێت، پیاو بە هۆكاری ئەوەی كە خاوەنی ئابوورییە لە دونیا دا، ئاواش خاوەنی پێگەی بەهێزە. لە کۆمەڵگە و سیاسەت و هەموو مەیدانەکاندا هەر خاوەن هێز دەبێت.


 ئەگەر ئێمە باسی هەرێم بکەین ، بە تازەترین ئاماری ساڵی ٢٠١٩ ئەوە پیشاندەدات کە ژنان تەنیا لە ٪١٤ یان، کاردەکەن. ئیتر بە هەموو کارەکانەوە، لەفەرمانبەرێکەوە تاکو ژنیکی کرێکار، هەروەها ژنی وەبەرهێن لە کوردستاندا تەنیا لە ٪١ پێكدێنێت. لێرەدا زیاتر باس لە ژنانی کوردستان دەکەم، باسی وڵاتانی پێشکەوتوو ناکەم؛ کە ژن و بزووتنەوەی ژنان کۆمەڵێك ڕێگرییان وەلاوە ناوە و هەندێك لە مافە یاسایی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەكانیان بەدەستەوەیە کە بەهێزی کردوون. ئێمە باس لێرە دەکەین، کە تا ئیستا ژن بۆی نییە باس لە زۆرێك لە مافەكانی بکات. ئێمە پێناسەی ژنانێكمان دەوێت کە تا ئێستا لێدان دەخوات، لەسەر چوونە دەرەوە، ژنانێك باسدەکەین لە دوو دڵیدا ژیان بەسەر دەبەن، لەبەر ئەوەی لە خەمی کۆمەڵگەیەکی بێ رەحم دایە پێ بلێت" بەد ڕەوشت"! ئەگەر داوای کۆمەلێك مافی ئینسانی خۆی بکات.. هەر لەوێوەیە کە پێم وایە پێناسەی ژنی زەلیل بەدەست کۆمەڵگەیەکی بێ ڕەحمەوە دەکەین، کە پیاو سالاری پیاوی لێکردووین بە توندووتیژ و ژنیش بە میهرەبان. زەرەری ژن لەوەدایە کە  سیفەتی دڵسۆزی بەسەردا بسەپێنرێت و سوود لەو مەوقعییەتە لاوازەی بگیرێت. باس لە کۆمەلگەیەك دەکەین، پێی شەرمە پێناسەی منداڵ ئەگەر بەناوی دایکەوە بێت، نەنگییە و ئەو هەوییەتە دەداتە دایك و منداڵ. هەرچەندە ئێستاو لەمێژووشدا  کۆمەلێك پیاو هەن بە ناوی دایکیانەوە ە بانگکراون بە هەر هۆکارێك بێت و ڕیزیان لێگیراوە. کە ئەمەش لە ناو کلتوری ئەم وولاتەدا جێکەوتووبوە  بەلام،  بە فەرمی تاکۆ ئێستا دایك لەو مافە بێبەریە. 


یاسایەك بەرەو ڕووی ژن دەوەستێتەوە نەك هەر مافی یەکسان ناکات بەڵكو ڕۆژانە ئیهانەی پێدەکات بە فەرمی لە ناو یاسادا، بەپێی ماددەی (٢٠) لە یاسای رەگەزنامە بە ڕاشکاوی ئەم جیاکارییە دانراوە کە باوك نەسب یاخود دیاری دەکات ، یان ناوی باوکێكی وەهمی دەنووسن کە لەسەر ئەرز بوونی نیە ! 
پرسیاریكێ تر ئەوەیە بۆ ئەم هەموو جیاکاریە نوسراو و نەنوسراوە هەیە بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان لە کوێ ئەم هەموو نایەکسانی و بە کەم دانانەی ژن وەستاوە ، بۆ نایەتە سەرخەت و  ناچێتە سەر کارە سەرەکییەکەی خۆی کە بەهیز بوونی ژنە، و ڕێکخستنی ژنانی ناڕازییە بەو هەموو ستەمە بەردەوامەی لەم هەرێمە ڕوو بە ڕووی دەبێتەوە، کاری بزووتنەوەی ژنان هۆشیاری و ئازابوونی ژنە بەرامبەر بەو هەموو سوکایەتییەی دەکرێت و کچانی منداڵ لە زمانی کۆنەپاریزانەوە دەکرێت بە (٩) ساڵی بدرێت بە شوو یان بە ناوی شووەوە دەستدرێژی بکرێتە سەر منداڵانی ئەم هەرێمە . 
من پێموایە ئەگەری بەهێزبوونی بزوتنەوەی ژنان، هەمیشە کارێکی کردەیی(عەمەلی)یە. باوەڕم وایە هەر ئەوەی دەنگ لەسەر ئەم توندوتیژییە فەرمیانە هەیە ، مانای وایە تروسکای هەیە بۆ گەشانەوەی بزوتنەوەی ژنان لە کوردستان. 


ئەگەری ڕزگاریی ژنان، بە ژن و پیاوەوەیە. کە بە تاکە ڕیگەی دادەنیم واتە جددی بوون و هاتنە مەیدان و ئیشكردنە بۆ جێخستنی یەكسانی لە نێوان ژن و پیاودا،ئیتر ئەو کاتە هیچ کەس و هیچ مەلا و هیچ بە ناو  دکتۆرێك ناتوانێت بانگی گاڵتەجاڕی بدات، ئیتر ئەو کات حکومەت و پەرلەمان بۆیان نابێت ئەوا  بێدەربەستبن  لەو کوشتن و سوکایاتەیانەی بە ژن دەکریێت ، بێ دەنگ بوون و بێدەربەستبوونی ئەوان، کۆمەلگای وا لێکردنوە زۆر بە ئاسانی ژن بەم جۆرە مامەڵەی لەگەڵ بکریت. ژن بیتە مەیدان گۆڕانکاری دروست دەکات. ناڕازی دەبیت بەو بەشەی بۆی داناتوە لەگەل لەدایك بوونەوە تا مردنی  ، ژن ئازا بیت شەڕی پیاوسالاران دەکات و ناهێلێت و ڕیگە نادات هاوڕەگەزەکانی بە پێانسەی دەرەجەی دوو رازی بن. بە فرەژنی و بە منداڵ بو شودان رازی بن . ئەمانەن عەیبەکانی کۆمەڵگای ئیمە کە بەرەو دواتر دەڕۆین ئەگەر ئەم بێدەنگیە درێژە بکێشیت، کێشەیەکی زەقیتر لەم کۆمەڵگەیە بە کالاکردنی ژنان و سەرقاڵ بوونی ژنانە بە دوای حەزەکانی پیاوانەوە لە کۆمەلگایەکی پیاو سالاردا. 



 بەڵێ من پیموایە ! دەكرێت ژن ببێتە خاوەنی پێانسەیەکی مرۆڤانە تر و شایستە تر هەر ئەمڕۆ لەم هەرێمە، بەلێ  باسەکەم ئەوەیە کە هەر ئێستا ئەگەری ئەوە هەیە ژنان باشتر بژینو  بەهرەمەند بن لەو پیانسەیەی کە ئیمە لەخەمیداین، وە بەهرەمەند بن لە بوونی کەسایەتی بەهێزی خۆیان بە بەهیز بوونی بزوتنەوەی ژنان و پێگەیانندی ژنانی ئازا و ناڕازی. 


سەرچاوەکان : 
- بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان( ژن و کار ) ئاماری ئەمساڵ 
- بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ( ئامارەکان) 
- ڕۆژنامەی فەرمی کۆماری عێراق / ٢٠١٦ / ژمارە ٤٣٩٦ 




زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×