هاریسی مارکسی و چەپ و دین، دەیەوێت ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا

غازی حەسەن
  2024-08-07     238

لەجیاتی ئەوەی (جۆ بایدن) ترەمپ ببەزێنێت، کە لەسەرەتاوە ئاماژەی بەوە دەکرد، بەپێچەوانە خۆی بەزیی و بەهۆی تەمەن و لاوازنیشاندانی توانای عەقڵی لەململانێی ڕکابەری سەرۆکایەتی ئەمەریکا چووە دەرەوە. بڕیارەکەی ژیرانە و دڵسۆزانە بوو بۆ حزبی دیموکراتی و ئەمەریکاش، لەهەمان کاتدا نیشانی دەدات لەو شوێنانەی یاسا هەیە و بڕیارەکان ڕێزلێگیراون تاکەکان هەر کێیەک بن و لەهەر دەسەڵات و پێگەیەک بن، ناتوانن، یان نایانەوێت لەچوارچێوەی بەرژەوەندیی و تێفکرین و هەنگاوی گشتی دەربچن، بەڵام پێ ناچێت (ترەمپ) واز لەگوتاری ئاگرین و هێرشبەرانە و تاوانبارکردن و بچووکردنەوە و گومانخستنە سەر توانای بەرانبەرەکەی بهێنێت. ئەم تەکنیک و فۆرمە فرە لایەنە. هەر چەندە دوورنییە بەپێی زانیاریی نێو میدیای ئەمەریکی لەم ڕۆژانەی دادێ دادگا (ترەمپ) سزا بدات بە تۆمەتی (بێدەنگکردنی ئەو ئافرەتەی بە سەماکەر بەنێو بانگە).

 دادگای نیویۆرک پێداگری لەسەر ڕاکەی خۆی دەکات و پێی وایە دەبێت بڕیاری سزادانی ترەمپ دەربکات. ئەو کاتە گریمانەی ئەوە دەکرێت کاندێدی کۆمارییەکانیش بەم هێز و توانا و متمانەیە نەمێنێتەوە. ئەوەی ئێستا دەیبینین کاندێدی کۆمارییەکان بە لەخۆڕازیبوون و متمانەبەخۆبوون و گوتارێکی ڕیسواکەرانە گوزارشت لەپێگەی خۆیان دەکەن، دیموکراتەکانیش هێشتا بڕیاری کۆتاییان بۆ دیارکردنی جێگرەوەی (بایدن) و جێگرەکەی نەداوە. 

هەندێک پێیان وابوو، دوور نییە بەکشانەوەی (بایدن)، وا بکرێت (ترەمپ)یش خۆی بکێشێتەوە، بەڵام هەولی غافلکوژییەکەی مەسەلەکەی لەقازانجی ترەمپ گۆڕی و نەک هەر مایەوە، بەڵکو لەلایەن کۆنگرەی کۆمارییەکان متمانەیەکی بەهێزی پێدرا و ئەویش وەکو قوربانی و نیشانە و هێمای (یەکخستن و یەکبوونی ئەمەریکا) نمایشی کرد.

ترەمپ دەیەوێت هەر چۆنێکە ببێتەوە سەرۆک و لەماوەی چوار ساڵیشدا ئەمەریکا بگۆڕێت. بۆیە دەڵێت خەڵکینە دەنگم پێ بدەن، ئەمە دوا جارە، وڵات دەگۆڕم و بەدڵی ئێوە دەبێت، مەبەستی لەلایەنگرانی بیر و بۆچوونی کۆمارییەکانە. ئەو دەیەوێت جیاواز لەوانی دیکە شتێک بکات هەر لە ترەمپیزم بچێت و کەم وێنە بێت لەناوەخۆی ئەمەریکا و دەرەوەی ئەمەریکا. ئێمە دەزانین ئەم کاندێدە سەرسامە بە (بۆتین و ئەردۆگان) ئایا بیری لەوە کردۆتەوە ئەویش بەهەمان شێوە حووکم بکات.

ئاشکرایە سیاسەتی کۆمارییەکان داکۆکییە لە بۆچوونەکانی کەنیسە لەڕووی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی و پاڵپشتی سیستەمی سەرمایەداریی دەکات، بۆیە وەکو هەنگاوێک بۆ بەدەستهێنانی دەنگ و متمانەی کۆمپانیا مەزنەکان، ڕکابەرەکانی لە دیموکراتەکان بە (چەپخواز و لایەنگری مارکسیەت) تۆمەتبار دەکات. 

ئەو دەیەوێت خۆ نیشان بدات توانای کۆتایی پێهێنانی جەنگی هەیە، لەکاتێکدا ئەم جەنگەی لە ئۆکرەین بەڕێوە دەچێت، جەنگێکی فراوانترە لەجەنگێک تەنیا لەنێوان دوو وڵات قەومابێت. ڕوسیا ڕاشكاوانە دەیەوێت سیستەمی جیهانی بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا کۆتایی پێ بهێنێت. لەکاتێکدا خەریکە بزاڤی ڕاستڕەویی و چەپ لە ئەوروپا گەشە دەکات و دەیانەوێت لە هەڵبژاردنەکان بگەڕێنەوە بۆ دەسەڵات و (ترەمپ)یش لەکردەوەدا سەرچاوەی نیگەرانییە بۆ دواڕۆژی ناتۆ و دۆستە ئەوروپاییەکانی ئەمەریکا.

هەردوو بەربژێر بانگەشەی دیدارێکی ڕاستەوخۆ دەکەن، بەکشانەوەی (بایدن) خەریکە دیموکراتەکان وزە پەیدا دەکەنەوە. گرنگترین ئاماژە ئەوەیە (کامالا هاریس) لەم ماوەیەدا توانیویەتی پارەیەکی زۆر بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن کۆ بکاتەوە. ئەمەش نیشانەیەکی ئەرێنی بەهێزە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی لایەنگر و دەنگدەری دیموکراتەکان.

ململانێی ئەم دوو حزبەی ئەمەریکا پەیوەندی بە فکر و  بەرنامە و  بیروبۆچوون و سیستەمی کاری سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوورەوە هەیە. هەڵبژاردنەکان دەبنە بنەما بۆ بیرکردنەوە لەبەرنامەیەکی چوار ساڵی لەپێناو بەڕێوەبردن. گفتوگۆکان توندن، گوتارەکانیان هێرشبەری تەژی لەزانیاریی و بۆچوون و ڕیسواکردنە.  

(ترەمپ) لەکۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە شاری ئەتلانتای ویڵایەتی جۆرجیا هێرشێکی توندی وەکو گوتارێکی سیاسی کردە سەر (کامالا هاریس) و گوتی: " هاریس بەگشتی بانگەشەی مارکسیەت دەکات و کەسێکی چەپڕەوی دینە و گوتیشی ئەو وەکو فیلمێکی ترسێنەر وایە، وڵاتەکەمان تێکوپێک دەدات".

ئەم هێرشە دەمێکە دژی دیموکراتەکان پیادە دەکرێت، کاتی خۆی (ئۆباما)شیان بەم شتانە تاوانبار دەکرد، دەیانگوت کەسێکی سۆسیالیستییە و دەیەوێت وەکو ئەوروپا  بەرنامەی سۆشیال دیموکرات و بەرنامەی هاوکاری کەم دەرامەتەکان بهێنێتە نێو ئەمەریکا. ئەم گوتارە مەرج نییە گوتارێکی براوە بێت، بەڵام کاریگەریی لەسەر بیرکردنەوە و تێڕوانینی دەنگدەری ئەمەریکی دەبێت، کە لەژینگەیەکی سەرمایەداری پارێزگارخوازی ژێر هەژموونی کەنیسە دەژیت و کۆمارییەکان و پارێزگارەکان و ڕاستڕەوە توندەکان و لایەنگرانی کەنیسە نیمچە لایەنگرێکی ئاشکرای ئەم پێناسە و ناسنامەیەن. سەرباری ئەوەی ئێمە دەزانین ئەمەریکا نوێنەرایەتی سیستەمی سەرمایەداری دەکات، یەکێکە لەو وڵاتانەی بەدرێژایی مێژوو بە شانازییەوە پێداگرە لەسەر مانەوە و زیندوو هێشتنەوە و نوێکردنەوەی سیستەمی سەرمایەداری.

(ترەمپ) لە گوتاری هێرشبەر ناکەوێت، پێی وایە ئەمە تاکە ڕێگایە سەرکەوتنی بۆ ئاسان دەکات، لەکاتێکدا کۆمەڵگەی ئەمەریکی، کە زۆربەیان کرێکاران، ناتوانن مەیلی  مارکسیان هەبێت، بەڵام لەکردەوەدا ڕەفتاری چەپخوازنەی کرێکاری و چەپڕەوانەی کۆمەڵایەتیان هەیە، بەتایبەتی چینی خوارەوە کە دوای یەکسانی و مافی ئافرەت و هەقدەست و دادی کۆمەڵایەتی دەکەن.  

نابێت ئەوە بشارینەوە کۆمارییەکان لەئاکامی ئەم شێوازە گوتارەی (ترەمپ) خۆیان وا دەبینن، کە دەبێت بچنەوە سەنگەری داکۆکی، واتە لەچوارچێوەی ئەم چەشنە گوتارە نایانەوێت قسە لەسەر هەندێک باس و بابەتی کەسی وەکو نەژادی هاریس و چەپڕەویی و ڕەنگ و پاشخانی بکرێت، چونکە پێیان وایە ئەمە وا دەکات بابەتە سەرەکییەکانی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵات و ڕەخنەگرتن لە سیستەمی سیاسی لەبیر بکرێت.

گوتاری هەڵبژاردن لەسەر بنەمای زانستێکی پشت ئەستوور بە (زانین و زانیاریی و تەکنیکی ئاخاوتن و چۆنیەتی بەکارهێنانی وشە و گەیاندنی پەیامە سەرەکییەکان) بەڕێوە دەچێت. ئەمەریکا خاوەنی ئەزموونی زۆری ئەم بوارەن، بەڵام پێ ناچێت (ترەمپ)، کە پشت بە کورتەگوتاری هێرشبەر دەبەستێت، بایەخ بە کێشە و بەرنامە و سیستەمی بەڕێوەبردنی چوار ساڵی ڕابردوو بدات. ئەمەش لەکردەوەدا کۆمارییەکان بەرەو هەڵوێستی بەرگریی دەبات و بەرگریش ئاکامی باشی نابێت.    

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×