بڕوانامە لە فەلسەفە و دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان شارەزا لە فەلسەفە دروستدەکەن، نەک فەیلەسوف

ئازاد حەمە
  2024-08-07     402

بەشی پێنجەمی ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟

 

کێ بە فەیلەسوف دانانرێت؟

کێ بە فەیلەسوف دانانرێت؟ بە پرسیارێکیتر وەڵامدەدەینەوە، کە بەم جۆرەیە: کێ فەیلەسوفە؟ ئەم پرسیارە هەردەم پرسیارێک بووە و لە سەردەمە جیاوازەکانی بوونی فەلسەفەدا کراوە. فەیلەسوف سەرقاڵی ڕاڤەی جیهانە. جیهان لەوێ ئەو گەردوونەیە ئێمەی ڕاگرتووە. هەر خودی گەردوونناسیش، لە دەمی دەرکەوتنی خودی فەلسەفەوە، شانبەشانی بوونناسی بوارە سەرەکییەکانی فەلسەفەبوونە.

هەر پرسیاری کێ فەیلەسوف نییە؟ دەمانخاتە بەردەم بابەتی جیاکردنەوەی فەلسەفە لە ئایین. باشە ئەوانەی لە بواری ئایینناسی، یەزدانناسی(تێۆلۆجی/ لاهوتناسی) کاردەکەن هەمان ئەو شێوازە کارکردنەیان هەیە، کە فەیلەسوفەکان دەیکەن؟ بێگومان نەخێر.  لێرەدا دەکرێت باسی فەیلەسوفی ئێرانی مەلا سەدرا بکرێت. هاوکات ئەو پرسیارەی لای سەرەوە ئەوانەش دەخاتەژێرپرسیارەوە، کە بەناوی سۆفیزمەوە خۆیان لە فەلسەفە نزیکدەکەنەوە. لێرەدا دەکرێت باس لە ئەزموونی بیرکردنەوەی تر بکرێت کە دەچێتە خانەی سۆفیزمی رۆژهەڵاتیەوە، عیرفانییەکان.

لە پەیوەندی بەوەی لای سەرەوە باسکرا، ئەوەشدەڵێین: ئێمە وەک مرۆڤ ناکرێت هەموو بە فەیلەسوف بژمێردرێن. ڕەنگە زۆربەمان تێگەیشتنی فەلسەفییمان هەبێت بەس ناشێت هەموو فەیلەسوف بین. هاوکات بۆ زۆرێکیش لە ئێمە ئەوە بووەتە بابەتی پرسیار، کە فەیلەسوف کێ نییە؟ ئەو کەسە بە فەیلەسوف دانانرێت، کە کۆڵێنەوە لە شت ناکات، کە فەلسەفەکردنیشی نەکردووە بە کاری بنەڕەتی خۆی.

فەیلەسوف وا حاڵییە لە فەلسەفە، کە وەستانی خۆی هەیە سەبارەت بە هەموو شتێک و هەروەها بوونیشی یەک جار نییە، بەڵکو بوونێکی بەردەوامی هەیە. بوونی بە بوونی مرۆڤەوە گرێدراوە. کەچی کەسی نافەیلەسوف فەلسەفەی لا کاتییە، لا ناکاریگەر و ناچالاکە. چونکە ئەو کەسەی فەیلەسوف نییە ناکارێت چارەسەرکردنی کێشەی ڕەفتاریی بە فەلسەفەوە گرێبدات. ئەمەش لەبەرئەوەی، لەوە حاڵی نییە کە فەلسەفە بەم ئەرکە هەڵدەستێت.

کەسێکی غەیرە فەیلەسوف ئەو کەسەشە، کە دۆستی بیرکردنەوە نییە. هاوکات لەو شوێنەی فەلسەفە کاردەکات عەقڵ ئیشی خۆیدەکات. ئەو کەسەی فەیلەسوف نییە لە دووریی عەقڵ حاڵی نییە، بۆیە مانای فەلسەفەش بە هەندوەرناگرێت. ئەمەش وادەکات کەسی نافەیلەسوف لە پەیوەندیدا نەبێت بە بیرکردنەوەوە. بەمجۆرە ئەو کەسەی دۆستی بیرکردنەوە نییە ئەو کەسەیە گەشە بە سەرچڵییە فەلسەفییەكان نادات و فەلسەفەش دەكات بە جێگایەک بۆ دروستكردنی زۆرانبازیی هزریی، لەوەش حاڵی نییە ئەم کەسە، کە فەلسەفە جێگایەکە بۆ دروستكردنی چركەی ڕووبەڕووبوونەوە بە مەبەستی یەكلاكردنەوەی ڕاستیی و گەیشتن بە وتنی  نەوتراو و یاساغ. ئەڵبەتە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیشە سەرچڵیی لە بیر و بۆچوونە فەلسەفییەكاندا دەسازێنێت و دواتر ئەو سەرچڵییانە هێز بە بەر ڕووبەڕووبوونەوە فەلسەفییەكان دەكەن.

پوختە، فەلسەفە کاریگەرە. کێ کاریگەری دەکات؟ ئەو کەسەی فەلسەفەدەکات؛ لەسەر شێوازی ئەم کەسە وەستاوە چۆن فەلسەفەدەکات. کە دەشوترێت فڵان فەیلەسوفە ئەوە بەرزترین پلەی ڕوناکبیرییە دراوەتەپاڵ کەسەکە. فەیلەسوف تاک و تەرایە. لێرەیە و لێرەش نییە. لەوێیە و لەوێش نییە.

 

دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان ناتوانن فەیلەسوف بەرهەمبهێنن

دەقە فەلسەفییە وەرگێڕاوەکان ناتوانن فەیلەسوف دروستکەن، بەڵام توانای دروستکردنی گفتوگۆ، تێگەیشتنی فەلسەفییان هەیە. گومانی ناوێت، وەرگێرانی میراتە فەلسەفییەکان دەمانبەن بەرەو مێژووی فەلسەفە، ئەو مێژووەی بەتەواوەتی ئاشنانیین پێی، بەس ئەمە بەو مانایە نییە پرۆسەی خوێندنەوەی هزری فەلسەفیی ئەویتر فەیلەسوفدروستکەرە. بەمجۆرە، وەرگێڕانی کارە فەلسەفییە گەورەکان نامانکاتە فەیلەسوف، لێ دەمانگەینێتە سەرچاوەکانی فەلسەفە و مێژووەکەیشیمان بۆ واڵادەکات.

وەرگێڕانی دەقە فەلسەفییەکان، رۆژئاواییەکان بن یان رۆژهەڵاتییەکان(عەرەبی، فارسی، و....)، مانادارن بۆ دەوڵەمەندکردنی بیر و تێگەیشتنی فەلسەفییمان، بەڵام پێویستیشە بزانین کێن ئەوانەی وەرگێڕان بۆ میراتە فەلسەفییە گەورەکان دەکەن بۆ زمانی کوردی؟ لە چ زمانێکەوە ئەوە دەکەن؟ ئەوانەی ئەو وەرگێڕانانە دەکەن بۆ زمانی کوردی ئەو زمانانە بە باشی دەزانن؟ ئەو زمانەی لێوەی وەریدەگێڕن ئەو زمانەیە، کە دەقەکەی پێینووسراوە یان لە دووەم و سێهەم زمانەوە وەرگێڕانەکان دەکرێت؟ لەوانەش گرنگتر چەند وەرگێڕ بە فەلسەفە و بەو هزر و هزرەڤانەوە ئاشنایە، کە وەرگێڕانی بۆدەکات.

وەرگێڕی دەقە فەلسەفییە مەزنەکان(ئەفلاتون، دێکارت، سپینوزا، کانت، هێگڵ، هۆسرڵ، ڤێتگنشتێین، و....) داوای ئەوەش لە وەرگێڕ دەکات شارەزانی لێکسیکۆنی فەلسەفیی ئەو بیرمەندە بێت کاری وەرگێڕان بۆ کارەکانی دەکات. ئەمە لەکاتێکدا لە زۆرێک لە کولتورەکان، لە زمانەکان، هەر وەرگێڕێک پسپۆڕ و شارەزایە لە وەرگێڕانی یەک دوو بیرمەند، نەک وەرگێڕانی هەرچی دەستکەوت.

 

بڕوانامە لە فەلسەفە فەیلەسوفبوون دروستناکات

خوێندنی فەلسەفە نامانکاتە فەیلەسوف، بەڵکو دەمانکاتە توێژەری فەلسەفیی، پسپۆڕ و شارەزا لە فەلسەفە. بۆ زۆرێک ئەوە پرسیارە، کە بۆ بە خوێندنی پزیشکی دەبینە پزیشک یان بە خوێندنی یاسا دەبینە پارێزەر ئەی بۆ بە خوێندنی فەلسەفە نابینە فەیلەسوف؟ گشت ئەوانەش باسکرا پاش وەرگرتنی بەکالۆریۆسێک دەبنە پزیشک و پارێزەر و ئەندازیار ئەی بۆ کەسێک، کە فەلسەفەی خوێندوە نابێتە فەیلەسوف؟ هەریەک لەوانەی باسکرا دواتر پیشەیێکیان هەیە، کە پێیدەوترێت پارێزەری، پزیشکی، ئەندازیاری، ئەی ئەو کەسەی فەلسەفەی خوێندووە؟ پیشەیەک بۆ پسپۆڕ لە فەلسەفە داتاشراوە؟ تایتڵێکی ئەوتۆ هەیە، کە دەرچووی بەشی فەلسەفەی پێبناسرێت؟

ئێمە لە هەرێم دوو بەش (سەڵاحەدین، ڕاپەڕین)و نیو (سلێمانی) فەلسەفەمان هەیە، کە مخابن وا لە هەڵوەرانن، ئەمەش لەبەر خراپ، زۆر خراپ، مامەڵەکردن لەگەڵیاندا. مامەڵەکە هێندەی ناوەکییە(پەیوەندی بە هەیکەلی بەشەکانەوەیە) دەرەکیی نییە (لە دەرەوەی کارگێڕی بەشەکانەوە نییە). ئەم بەشانە لەبەر گرفتی مێتۆدیی و بگرە هزریش نەیانتوانی هزرێکی فەلسەفیی خۆیان بەرهەم بهێنن؛ وتنەوەی فەلسەفەشیان (تاک و تەرا نەبێت) خستە بەردەست کەسانی ناخۆشەویست و ناپسپۆر لە فەلسەفە، ناشارەزا لە مێژووی هزر و هاوکات ناقوڵ لە مێژووی هزری فەلسەفییش.

تەنانەت ئەوەش نەکرا، کە خوێندکارەکانی بەشی فەلسەفە لە داهاتووی خۆیان حاڵیکرێن، هیوایەکیان بدرێتێ، دەبن بە چی و چ کارێک لە بازاڕی کار چاوەڕێیان دەکات. تەنانەت هیچ بۆئەوەش نەکرا، کە ئەم خوێندکارانە پاش تەواوکردنی بەشی فەلسەفە هیچ ناونیشانێکی پیشەییان بۆدانەتاشراوە. ئەمەش رقی ئەوانەی هەڵگرت، کە ئەو بەشەیان خوێندووە و واشیکرد دواتر وردە وردە کەسانی تر ڕوو لەو بەشە نەکەن. ئەمەش بە زیانی بەشی فەلسەفە کەوتەوە و بەئاسانیش بەشی فەلسەفە و هەڵگرانی بڕوانامە لە فەلسەفە لەو زیانە دەربازیاننابێت. 

وەکیتر ئەوەش پیویستە بوترێت، کە وشکبوونی هەندێک بەش لە زانستە مرۆییەکان یان سروشتییەکان لە ئێستادا لە زانکۆکانی جیهان، نەک هەر لە زانکۆکانی کوردستان، دیاردەیەکی ترسناکە و بەرهەمی خراپدابەشبوونی کار و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و گەشەی خێرای تەکنەلۆژیان زانیاریی و هاتنی تەوژمی زیرەکی دەستکردە. بەڵام فەلسەفە لەو جۆرە بەشانەیە، کە گرنگیی خۆی هەیە بۆ گشت بەشە زانستییەکان، بۆیە پاراستنی ئەم بەشە ئەرکێکی مرۆیی و زانستیی خوێندنی باڵایە لە گشت وڵات و کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخدا.

بۆ زۆرێک لە نێوەندی ئەکادێمیی و دەرەوەی ئەم نێوەندە تا ئێستاش ئەوە پرسیارە، دەرچووی فەلسەفە لە زانکۆ دەتوانیت کێ بێت؟ دەتوانێت لە گشت کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیی و پەروەردەییەکان حاڵیبێت و چارەسەری بۆیان هەبێت؟ پاش زانکۆ ئەم دەرچووە کتێب بەدەستەوە دەگرێت؟ دەخوێنێتەوە؟ ئەمانە بەشێکن لەو پرسیارانەی زووزوو ڕووبەڕوماندەبنەوە، کاتێک گفتوگۆی بەشی فەلسەفە (بەشەکانیتری زانستە مرۆییەکان) و دەرچوانی ئەو بەشە دەکەین.

جگەلەوەی باسکرا، پێویستە سەرنجبخرێتەسەر ئەوەش، کە نووسەرە فەلسەفییەکانمان دوو جۆرن گەر نەڵیین سێشن. جۆرێکیان لە بەکالۆریۆسی فەلسەفەوە دەستیانپێکردووە تا پرۆفیسۆری. بەشێکی تری ئەوانەن لە بواری تردا پسپۆڕن، لێ دڵیان بۆ فەلسەفە لێدەدات و دەزانن کە ئەوەی ئەوان ڕاڤەی دەکەن لە بواری پسپۆڕی خۆیان بێ فەلسەفە هزراندنی تیاناکرێت؛ جا ئەوە دەکرێت ئەوانەبن، کە پسپۆرن لە زانستەمرۆییە (کۆمەڵایەتییە سیاسییە زمانەوانییە ئەدەبییە هونەرییە پەروەردەییە)کان تادەگاتە زانستە سروشتییەکان. هەشە لە هیچ پسپۆر نییە و زۆریش قسە لەسەر فەلسەفە دەکات. ئەمەیان هەروەک ئەوانیتر مافی خۆیانە سەرقاڵی فەلسەفەبن و خودی فەلسەفەش، دیارە کە بەشەێکی مرۆییە و بەرهەمی گشت مرۆڤایەتییە. هەشە بەنیوەچڵی فەلسەفەی خوێندووە و کەچی بەردەوام بانگەشەی فەیلەسوفبوونی خۆی دەکات. جاریواشە ئەوانەی بڕوانامەیان لە فەلسەفەدا نییە زۆرتر دەنووسن و قسەدەکەن لەچاو ئەوانەی بڕوانامەی باڵایان لە بواری فەلسەفەدا هەیە.

تاکوتەرایەکیش دەناسم لە سەرەتای دوو هەزارەکانەوە لە هەندەرانەوە گەڕاونەتەوە و بە نەختە خوێندنێک لە فەلسەفە (ماستەر)رۆژانە لێرە و لەوێ بە دکتۆر ناوزەددەکرێن، کە دکتۆریش نیین، کەچی لەوبارەوە، وا بۆ بیست ساڵ دەچێت، بێدەنگن و هەرگیز نەیانوتووە: من دکتۆرام نییە. ئەمانە هەر ئەوانەشن، کە فەلسەفەیان ناشرینکردووە، ئەو وێنەیەیان لەسەر فەلسەفە نەخشاندوە، کە فەلسەفە چەنەبازییە. هەر ئەمانەش فەلسەفە بۆ مەبەستی سیاسیی و کۆمەڵایەتی گڵاویی خۆیان لەم شار و ئەو شار بەکاردەبەن.

کێشەکەی ئێمە ،لە ئێستادا، سەبارەت بە فەلسەفە بەجۆرێکە تەنانەت دکتۆربوونییش لە فەلسەفە چارەسەریناکات و هاوکاریش نابێت لە دۆزینەوەی وەڵامێکی لۆژیکی بۆ ئەو پرسیارە سەرسەختەی نووسینەکەمانمان پێخستووەتە سەرپشت: ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ لەبەرئەوەی لە دیدگای ئەم نووسینەوە ئەوەی مەبەستە بەڕوونی و بێگرێ و گۆڵە ڕوناکیبخرێتەسەر چۆنیەتی بەرهەمهێنانی هزر و ڕەوتە فەلسەفییەکانە، نەک بوون و نەبوونی بڕوانامە و یان کەسەکان چ جۆرە خوێندکارێکی فەلسەفیین.

سەرئەنجام ئەوەش دەڵێین، کە بەدڵنیاییەوە کەسانێکمان هەیە فەلسەفە دەنووسن، بەشێک لەمانە پلەی زانستیی، نەک هەر زانکۆیی بگرە پلەی زانستیی فەلسەفیشیان هەیە، بەڵام ئەو نووسینە فەلسەفییانە جارێ پێمانناڵێن ئەمانە بیریارن.

 

گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارابوایە

گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارابوایە ئێستای هزریمان، لە ڕووی ڕوناکبیریی و ئەکادێمیی و ئەدەبییەوە ئاوا دەستکورت و داماو نەدەبوو. ئەو دۆزەی هزری ئێمە لە ئێستادا تیایەتی ئەوەمان پێدەڵێت، کە فەلسەفە لە ژیانی هزرییماندا کارا نییە. بەڵێ، گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارابوایە ئەوەی دەداینێ، کە تامەزرۆیین و هەوێنی ڕوناکبیریشمانی پێکدەهێنا. چونکە فەلسەفە ئەو توخمە، یان ئەو بەشە لە هزری تیایە، کە ڕوناکبیریی دروستدەکات؛ کە ئەوەش زانینە و لەوە بڵندتریش داناییە. چیەتیی فەلسەفە ئەو داناییەیە، کە هەمووان گەرەکمانە و  شتمان تێدا ده‌بزوێنێت و وایشمان لێدەکات، کە کارلێک لەگەڵ دەورووبەرمان دروستبکەین و دووربینانە بڕوانینە ئەوەی وەریدەگرین، فێریدەبین و لەو سەریشەوە ڕاچڵەکان و سەمەرەیی لە دنیابینیی و تێگەیشتنماندا دەهێنێتەکایەوە.

گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارابوایە لە پێگەی فەلسەفە حاڵیدەبووین.  لەوە حاڵیدەبووین، کە خودی پێگەی فەلسەفە واتە پێگەی بیرکردنەوە. نەکرا زوو، لە سەدەکانی رابردووماندا، لەوە حالیبین، کە فەلسەفە بەو ناواخنەی خۆی شتێكی لە خۆیدا شاردووەتەوە؛ شتێک، کە هەموو دەخوازین بزانین چییە. لێرەوە دەپرسین؛ ئەو شتە چییە، کە فەلسەفە لە ناخی خۆیدا شاردوویەتیەوە؟ فەلسەفە، کە شتێکە و شتەکەیش وتنە، دەربرینە لە ڕێگای دروستکردنی دێڕەوە. کۆڵەکەی ئەم شتەیش زمانە؛ چۆنێتیی بەکاربردنی زمانیش واتا بۆ چیەتییەکە دادەڕێژێت، هاوکات کۆڵینکاریی چیەتیی فەلسەفە دەمانگەیەنێتە شوێنێک، کە ماڵی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە. لەوێ، لە ماڵی ڕاستەقینەی فەلسەفەدا، لەوە حاڵیدەبین، کە فەلسەفە چ کرۆک و ناواخنێکی هەیە. ئەم کرۆک و ناواخنە، کە هەڵگری ئاماژەن، دەروازەیشن بۆ تێگەیشتن لە ئەرک و کاریگەرییەکانی فەلسەفە. بەڵام کوا ئێمە بەو جۆرە لە فەلسەفە حاڵیبووینە؟ کوا بەو شێوەیە مامەڵەمان لەتەک فەلسەفەدا کردووە؟

گەر فەلسەفە لە دونیای هزریی ئێمەدا کارابوایە ئەوکات لەوە تێدەگەیشتین، کە گوزارشتکردنەکانی فەلسەفە پەیبردنن بەو شتەی، کە فەلسەفە لە ناخی خۆیدا پەنهانیداوە. پەنهاندراوەکان خەفەکراوەکانیشن؛ ئەوانەیشن، کە هێشتا نەبوون بە دەربڕین؛ گۆنەکراون و دێڕیان نەسازاندووە. ئەو دەمەی شاراوەکانی هەناوی فەلسەفە ڕێچکەی خۆیان بۆ گۆکردن دەدۆزنەوە، پانتاییەک دروستدەکەن، کە هەر ئەوەیش دەکەن بە قەلەمڕەوی خۆیان و لەوێ کۆڵەکە بۆ تێگەیشتنەکانمان دادەنێن.

لە دەرئەنجامی ئەوەی وترا دەڵێین، بۆ ئێمە زۆر پێویست و گرنگ بوو، کە فەلسەفە لە دونیای هزرییماندا کارابوایە. کارابوونەکە نەخشەی هزریمانی دەگۆڕی و ئێستای هزرییشمان ئێستایەکی تر دەبوو.

 

ئێمە و ڕەچەڵەکی فەلسەفە

ئێمە لەکوێێ ڕەچەڵەکی فەلسەفەداین؟ بۆیشە ئەم پرسیارە دەکەین، لەبەرئەوەی کاتێک لە ڕەچەڵەکی فەلسەفە دەکۆڵینەوە ئەم کۆڵینەوەیە دەمانباتەوە بۆ لای مێژووی فەلسەفە و ئەوەش دەمانباتەوە بۆ یۆنانی كۆن. لەڕێگای ئەو پرسیارەوە شوێنی هاتنی فەلسەفەمان بۆ شیدەبێتەوە.

بۆ هەموان پرسیاری ڕەچەڵەکی فەلسەفە لە كوێوە دێت؟ پرسیارێكە لە شێوەی گەڕان بەدوای بنەچە، شوێن و كاتی لەدایكبوونی فەلسەفە، چونكە بۆ زۆربەمان هەمیشە ئەوە پرسیار بووە، کە فەلسەفە بۆ دەركەوت؟ لە كوێ دەركەوت؟ واتە زێدی یەكەمی فەلسەفە كوێ بووە؟ چۆن فەلسەفە توانیی لەوێوە دەربكەوێت، یان بۆ لە شوێنێك دەركەوت، نەك لە چەند شوێنێك؟

زۆربەی بیریاران، یۆنان بە منداڵدانی فەلسەفە دەزانن و ئەو ژینگە ئاوەزییەش، كە لەوێ هەبووە، كاریگەریی لەسەر دەركەوتنی فەلسەفە دیووە. ئەڵبەتە جگە لە بارودۆخی سیاسیی و ئابووریی ئەو دەمەی یۆنان چەند فاكتەرێكی تر گرنگییان لە نەشونمای بیری فەلسەفیی لەوێدا هەبووە، لەوانە: دەركەوتنی دراو، دەركەوتنی نوسین و كۆتاییهاتنی گوتنی زارەكیی، بیری لۆگۆسLogos، كە جێی میتۆس Mythos ی گرتووەتەوە، دەركەوتنی ماتماتیك، دەركەوتنی شار/ پولیسPolis، واتە دەركەوتنی بازرگانیی و كردەی سیاسیی.

"'شاری میلیتMilet، یان میلتۆس، یش شاری لەدایكبوونی فەلسەفەی ڕۆژئاواییە و یەكەم شاری فەیلەسوفی یۆنانیی، تاڵێس Thales ـە""، ئەی بۆ ئێمە کوێ منداڵدانی فەلسەفەیە؟ چ شار و ناوچەیەک؟ تاڵێسەکەی ئێمە کێیە؟ ئەم لایەنە بۆ ئێمە بە ئاسانی دیاریناکرێت و مێژووی، هیچ نەبێت، دە سەدەی پێش زایینمان لێداوادەکات.

 هاوكات ئەو گۆڕانەی لە سەدەی شەشەمی پێش زایندا، لەڕووی سیاسیی و ئابوورییەوە دێتەسەر كۆمەڵگەی یۆنانیی، كاریگەریی زۆر لەسەر شوێنی تاك لە كۆمەڵگە و ئازادیی ئەم تاكە و دەركەوتنی چەمكی دێموكراسیی دادەنێت. ئەمەیش بەهۆی بەرینبوونی یۆنان، داگیركردنی هەندێك ناوچەی دەورووبەر لەلایەن یۆنانییەکانەوە، بازرگانیكردنی یۆنانییەکان لەڕێگای دەریاوە، چوونە دەرەوەی یۆنانییەكان بۆ دەرەوەی قەڕالستانی خۆیان و ئاشنابوونیان بە كولتووری نەتەوەكانی تر.

ئەمانەی لای سەرەوە باسکرا لەسەرێکی ترەوە وایانكرد، دراو/نەخت دەربكەوێت و جێگای ئاڵوگۆڕی شمەك بە شمەك بگرێتەوە. ئەم لایەنە كاریگەریی لەسەر ژینگەی سیاسیی شار بەجێهێشت و هۆكار بوو بۆ دروستبوونی دەسەڵاتی سیاسیی و دەركەوتنی چین و توێژی كۆمەڵایەتیی (خانەدان/نەجیبزادە، خاوەنپیشە، پاسەوان، بازرگان و ..هتد). لێرەوە فەلسەفە دەردەكەوێت و ئاوەز شوێنی ئەفسانە دەگرێتەوە. بەپێی ئەوە بێت، کە باسکرا، ئێمە، کە بەشێکین لە شارستانی فارسی و مێزۆپۆتامیا روون نییە لە مێژووی هزرییماندا کەی ئەفسانە شوێنی لێژبووە و ئاوەز جێگای گرتووەتەوە.

پێمانوایە، ئەو لایەنەی لایسەرەوە باسکرا، زێدە گرنگە لە باسی کۆڵینەوە لە مێژووی ئێمە و ڕەچەڵەکی فەلسەفە. بۆ شارستانی یۆنانی کۆن دەركەوتنی فەلسەفە هەڵاوگۆڕان بووە لە بیری ئەفسانەییەوە بۆ بیری ئاوەزیی. مێژووکردان پێێانوایە ئەم شێوە دەركەوتنەی فەلسەفە لە یۆنانی كۆن، دیاردەیەكی سەرنجڕاكێشی ڕۆژئاواییە؛ واتە لە دەرەوەی ڕۆژئاوا دەركەوتنەی فەلسەفە بەو شێوازە یۆنانییە نەبووە، کە ئەمە ئێمەش دەگرێتەوە. سەرباری ئەوە، دەركەوتنی فەلسەفە لە یۆنان مۆركێكی ئاینیی بەسەرەوە نەبووە، وەك ئەوەی لە دەرەوەی شارستانیی ڕۆژئاوا (چین، میسر، وڵاتی فارس و هیندستان) ئەو مۆركەی بەسەرەوە بووە. ئەم لایەنە ئێمەش دەگرێتەوە؛ ئێمە، کە سەربە دەڤەری شارستانی فارسی و مێزۆپۆتامیی بووینە.  کەواتە پرسیاری فەلسەفەهەبوون پێویستە بۆ ئێمە گرنگی خۆی هەبێت. ئەم گرنگییەش لە پەیوەندیدایە بە دیرۆکی ڕەچەڵەکی فەلسەفەوە. ئەو دیرۆکە ئەوەمان فێردەکات، کە ئەوەمان لا پرسیاربێت ئایا فەلسەفە لەناو ئێمە پاشخانی هەیە؟ ئەم پاشخانە بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ پێش ئیسلام؟ دوای ئیسلام؟ پێش یان پاش زایین؟

 

بنەمای هزری فەلسەفیی ئێمە چ جۆرە بنەمایەکی هەیە؟

بۆئەوەی دادوەرییەکی لۆژیکییانە لەسەر هەبوونی فەلسەفەیەکی کوردی بکەین پێویستمان بەوەیە دانبەوەدابنێین، کە بوونی فەلسەفە پەیوەستە بە بوونی سیستەمێکی هزرییەوە. ئەمەش داوای ئەو هزرەڤانانەمان لێدەکات، کە ئەم سیستەمە هزرییەیان دامەزراندووە. جا کوا لەناو ئێمە ئەو سیستەمە هزرییە و کواش هزرەڤانەکانی؟ لە جیهانی عەرەبی کەسانێکی وەک ئیبن سینا یان فارابی ئەمەیانکردووە، لە رۆژئاواش کەسانی وەک کانت، دێکارت. بۆیە فەلسەفەهەبوون واتە بوونی سیستەمێکی هزریی، ئەمەش واتە بوونی ئەو کەسانەی هزرێکی سێستەماتیکی یەکانگیر و هەماهەنگییان هەیە. کە ئەمەش هەبوو، یان بوونی فەلسەفە لەم چوارچێوەیەدا بێت، ئەو کات بزاڤ و شەپۆلی فەلسەفیش بوونی دەبێت.

سەرباری ئەوە، با ئەوەشمان لەبەرچاوبێت، کە لە سەردەمی ئێستادا، لەگەڵ هاتنی تەکنەلۆژیای زانیاری و لەم دوایەش زیرەکی دەستکرد، کارێوایکردووە دروستبوونی فەیلەسوف لەسەر شێوازی ئەفلاتون و هێگڵ و سپینوزا و دێکارت خۆی لە ئەستەمی ببینێتەوە. لە ئێستادا، ئەوەندەی خۆمان لەبەردەم بوونی بیرمەند و ڕۆناکبیریی گەورەدا دەبینینەوە هێندە خۆمان لەبەردەم فەیلەسوفی مەزندا (ئەریستۆ، رۆسۆ، ڤۆلتێر) نابینینەوە.

ماویەتی...............

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×