حکومەتی خۆجێی کەرکوک و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە!!

عەبدوڵا مەحمود
  2024-08-17     126

 دۆشینی شار و دزی و تاڵانی، بە هیچ رێكەوتنێک نە گەیشتن و سەرئەنجام لە جێگاییدا و بە لۆژیکی پلان و پاش قوڵ لەیەکتر گرتن و بەتەخشان و پەخشان کردنی پارەو بەڵینی پۆست و تاد، بلۆکی شیعەی سیاسی "بابیلۆن و هاوپەیمانەکەی یەکێتی نیشتیمانی" بە هێنانی دوو ئەندامی تر لە لایەنی عەرەبی، توانیان گەمەکە ببنەوە و ڕیکەوتێنك لە دژی نەیارانیان بکەن. بەپێی ئەو ڕیکەوتنە یەکێتی پارێزگاری کەرکوک و شیعەکان سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگایان، لە نێوان خۆیاندا دابەش کرد، کە دیارنییە ئەم ریکەوتنە دەتوانێت بڕ بکات، یان نا. لایەنەکانی بەرامبەر بەتایبەتی بەشیکی زۆر لە عەرەبی سوننە!! و تورکمانەکان و پارتی، نیگەران و ناڕازین لەم ڕیکەوتنەو بە نایاسایی و بە ناتەبا بە خزمەتکردن بە دۆخی کەرکوک!! و پیکەوە ژیانی ئاشتیانە، لە قەڵەمی دەدەن. بەم شیوەیە هێشتا پرسی بەڕێوەبردنی ئەم شارە و حکومەتی!! خۆ جێیی کەرکوک یەکلایی نەبۆتەوە. هۆکاری پیکنەهاتنی حکومەتی خۆجیی کەرکوک و یەکلایی نەبوونەوەی لایەنەکان و نەگەیشتن بە ڕیکەوتنێکی هاوسەنگ لە نیوانیاندا، هۆکارەکەی ئەو لایەنانەن کە دەڵێن کەرکوک پێویستی بە حکومەتێکی خۆجێییە کە خزمەت بەکەرکوکیەکان و پیکەوەژیانی هاوڵاتیانی بکات.

هەر لایەن و کەس و تەنانەت چاودێریکی سیاسی دەزانێت، سەرباری دنەدادن و کارکردن بۆ هەڵخراندنی هەستی نەتەوەیی لەلایەن حزب و لایەنە قەومی و دینیەکان و تەنانەت سیناریۆ سازکردن، کەچی دۆخی بەیەکەوە ژیانی هاوڵاتیانی کەرکوک، واقعیەتێکی بەرچاو حاشا هەڵنەگرە. بەپێچەوانەی گرژی و ئاڵۆزی بەردەوامی نێوان حزب و لایەنە سیاسیەکان، بە قەومی و عەرەبە ناسیونالیست و ئیسلامیەکانەوە، بە هیزە تورکمانەکانەوە، تا دەگات بە پارتی و یەکێتی کە کەرکوک "بەدڵ" و " قودس" پێناسە دەکەن، کەرکوک و پیکەوە ژیانی هاوڵاتیان لە جێگای خۆیەتی و هیشتا هەستی نەتەوەیی زۆر لە خوارتر لە هەستی ئینسانی و ئامانجی بەیەکەوە ژیان و هاوکاری کردن و تیکەڵاوبوونی یەکتری و هاوچارەنووسیانە.

حزب و لایەنە سیاسیەکانی عێراق... بە کردەوە نیشانیان داوە کە نیگەرانی بەیەکەوە ژیانی هاوڵاتیانن لەکەرکوکدا و هیشتا لە هۆکارو پایە سەرەکیەکانی ئەو بەیەکەوە ژیانە حاڵی نین و دەیانەوێت ئەو بەیەکەوە ژیانە لەبار ببەن.

دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەگشتی دەسەڵاتی شۆڤینی بەعس بەتایبەتی لەماوەی چەندین دەهەدا و بەگرتنە بەری سیاسەتی هەڵاواردن و جیاکاری و تەعریب و تەهجیر... نەیتوانی بە ئامانجەکانی بگات و خەڵک و هاوڵاتیانی کەرکوک بەیەکدا بدات. دوای روخاندنی رژیمی بەعسیش کە کەرکوک بە پلەی یەکەم بەدەست یەکێتی و پارتی و دەسەڵاتی کوردییەوە بوو، دوبارە پارتی و یەکێتی نەیانتوانی بە سیاسەتی بە کوردی کردنی" تەکریک" کەرکوک پیکەوە ژیانی هاوڵاتیان بلەوتێنن، بەڵکو بە دابەش کاری دەسەڵات بە پێوەری حزبی، نۆرمی حکومەتداریان لەهەموو بەهاکانی خاڵی کردەوە، بوونە مایەی دابەشکردنی کەرکوک بەسەر دوو دەسەڵات و دوو ئاسیاش و دوو میلیشای و دوو پۆلیس و دوو سەرچاوەی دزی و دوو گوز وەشین دوو جۆر خەڵک لە زۆنی کوردەکاندا و بوونە قارەمانی دابەشکاری نەک تەنها لە ئاستی هاوڵاتیانی گشتی کەرکوکدا، بەڵکو لە ناوچە کوردنشینەکانیشدا ژەهری دابەشکاری حزبی هاوڵاتیانی کوردیان، رشت و ململانێی نیوانیان لە کەرکوک و قودسی کوردستاندا، کردە واقعیەتێک و سەرچاوەیەکیش بۆ دۆران و ریسوا بوون.

هاوڵاتیانی کەرکوک ئەگەر لە سەدا یەکی ئەو ناکۆکیانەی حزب و لایەنە سیاسیەکان لەگەڵ یەکتریدا هەیانە، هەیان بوایە دەمێک بوو کەرکوک دەبووە شانۆی شەری ناوخۆ و کوشتاری نیوان هاوڵاتیانی... بەڵام بەپێچەوانەوە چونکە سیاسەتی ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەو ئاستی ململانیی و پیلان لەیەکگێران و شەڕو جەنگیان، نەیتوانیوە، بەیەکەوە ژیانی ئینسانی و کۆمەڵایەتی و تیکەڵاوبوون و هاوچارەنووسی و میژووی خەڵک کەرکوک تێک بدات، بە پێچەوانەوە ئەوە حزب و لایەنە سیاسیەکانن هیشتا لە ململانێی و جەنگ و شەری دزی و تاڵانیدا بەردەوامن و خەڵکی کەرکوکیش لە پیکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوانیان.

 هەر ئەو لایەنە سیاسیانەشن ڕیگرن لەوەی کەرکوک ئیدارەیەکی بۆ بەڕێوەبردن هەبێت و دۆخی شارەکە ئارام، چونکە بە هەر ئەندازە کەرکوک ئارام بێت و ئاسایش سایە بکات و حکومەت و ئیدارەیەک لە جێگای حزب و بریاری حزب و میلیشا هەبێت، حزبەکان دەستیان لە رادەی دزی و تاڵانی کورتر دەبێتەوە.

جەنگ و ململانێی لایەنەکان تا دەگاتە سازش و سازان و ڕیکەوتنیان، بەگشتی و پارتی و یەكیتی بەتایبەتی لە کەرکوکدا، لە بنەرەتدا لەسەر تاڵانی و دزییە... ئەوان کەرکوک نەک وەکو خۆیان دەڵێن "دڵ" و" قودس" ە، بەڵکو بەوێنەی سەرچاوەیەک بۆ دزی و تاڵانی تەماشات دەکەن، دیارە بۆ ناسیونالیزمی عەرەبیش هەر وایە هۆکارێکی سەرەکی ململانێیان لەسەر کەرکوک سەرچاوەی سروشتی و دەوڵەمەندییەتی بە نەوت و لەوەش زیاتر باڵادەستی خۆیان بەسەریدا بەمانای لاواز راگرتنی پیگەی سیاسی ناسیونالیزمی کورد تەماشا دەکەن. هەر چەندە پارتی و یەکێتی کەرکوک بۆیان قیبلە و سەرچاوەی داهاتە، بەڵام هاوکات وەکو گۆرەپانێکی سیاسیش لە ململانێی خۆیان لەگەڵ ناسیونالیزمی عەرەب و باڵە ئیسلامیەکانییدا، بەدەستیەوە دەگرن.

بەڵام چ پارتی و چ یەکێتی، بۆ زەمانەتی ئەو دزی و تاڵانیەیان و زاڵکردنی پیگەی سیاسیان، هیچ بژاردەو رێگایەک بەدەستەوە ناگرن ئەگەر دەستیان لە نەوت و سامانەکە گیر نەکات. هەر ئەو لۆژیکەش بوو، دوای دەورەیەکی زۆر لە دەسەڵاتدارێتی رەهایان بەسەر کەرکوکدا، نەک نەیان توانی ئیدارەیەکی تەندروست و هاوئاهەنگ و پیکەوەژیان زامن بکەن، بەڵکو دزیوترین دەسەڵاتی حزبی خۆیان لە مێژووی شاری کەرکوکدا تۆمار کرد و ململانیی میژووی نیوان خۆشیان لەسەر دەسەڵات کردە ناشیرین ترین تابلۆ لە بەردەم سەرجەم دانیشتوانی کەرکوکدا.

کەرکوک بەیەکەوە ژیانی ئاشتیانە، لەگەل زامن بوونی ئارامی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی و فەراهەم بوونی ئازادی و مافەکانی ئینسان و شکۆی تاکەکانی، لە گرەوی وەستانەوەی خەڵکی کەرکوکدایە بەدژی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەی کار لەسەر دابەشکاری قەومی و مەزهەبی و تیکدانی بەیەکەوە ژیانی هاوڵاتیان دەکەن و قیبلەیان روو لە دزی و تاڵانی و ژێرپیخستنی ئیرادە و بریاری سیاسی دانیشتوانی کەرکوکدایە.

ئەوەی هێشتا حکومەتی خۆجێی پێکنەهاتووە، ئەوەیە لایەنە سیاسیەکان لەسەر ئاست و بەشی دزی وتاڵانی بە ڕیکەوتن نە گەیشتوون و ریکەوتنیشتان، هیچ ئاییندەیەکی باش و باشبژیویی و ئازادییەکان و مافە زۆر سەرەتاییەکانی هاوڵاتیانی کەرکوک زامن ناکات... شاری کەرکوک، کاتێک بە مانای وشە رزگار دەبێت و ئەمنیەت و ئاسایشی زامن و ماف و خزمەتگوازرییەکانی لە داهاتی خەیاڵی خۆی بەهرەمەند دەبێت و شکۆ بۆ تاکەکان و ئازادییەکان و مافە ئینسانیەکان بی گوێدانە ناسنامە قەومی و دینییەکان فەراهەم دەبێت، دەسەڵاتی سیاسی و بەڕیوەبردنی شارەکە لەدەستی خۆدی خەڵکی کەرکوک و بریاری سەربەخۆی خۆیاندا بێت... ئەوەش بەبێ کەنار خستنی ئەو حزب و لایەنە سیاسیانە، مەیسەر بوونی مەحاڵە. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×