باڤڵ چی کردوە و چی بکات؟

چیا عەباس
  2024-08-25     515

 

لەو ساتەوەی باڤڵ تاڵەبانی دەسەڵاتی یەکێتی کۆنترۆڵ کردوە چەندین دەسکەوتی ئانی بەدەست هێناوە: سەپاندنی کاندیدێکی وەک سەرۆكیک بۆ کۆمار، پەراوێزکردنی ئامۆزاکەی و دەرپەراندنی لە ریزەکانی یەکێتی، بێدەنگ کردنی سەرانی گۆڕان بە برێک پارەی مانگانە، کۆنترۆڵکردنی دەزگا هەستیارەکانی یەکێتی وەک زانیاری و نۆکان و دژە تێرۆر، دورەپەرێز لە ململانێی توند لەگەڵ پارتی، سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکان لە کەرکوک و موسڵ و بەم دواییەش دانانی ئەندامێکی حزبەکەی وەک پارێزگار بۆ کەرکوک بە پشتگیری ئەمریکا و بەغدا و چەند وڵاتێکی ناوچەکە.
هەر چەندە پێم ناخۆشە بیڵێم بەڵام ئەزمونەکانی رابوردو و واقیعی ئێستا سەلماندویانە کە کۆی گشتی ئەم دەسکەوتانە بۆ پرسی کورد لە عێراق و ناوچەکە جێگیر و زامن نین. دروستە لە مەقامی یەکەمدا زۆربەیان گرێدراوی پرسی کوردایەتین لە باشوری کوردستان، بەڵام لە واقیعدا لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی عێراق و ناوچەکە و زلهێزەکان چەق دەبەستن، چونکە لەو ئاڵۆزیەدا راگرتنی هاوسەنگی هێز بنەما بنەرەتیەکەی راگرتنی یەکپارچەیی عێراقە. بۆیە دەبینین ئەو گەمەکەرانە دڵی هێزە کوردیەکان، تایبەت پارتی و یەکێتی، لە رابوردو و ئێستاش، بە دو دڵیش بێت رادەگرن. ئەم هاوکێشەیە لە شکستهێنان بە پرۆسەی ریفراندۆم و کارەساتی ئۆکتۆبەر بریاردەری بنەرەتی بو، 
وێرای ئەوەی چەندین تێبینیم لە رۆڵ و ئەدای باڤڵ تاڵەبانی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا کە تموحێکی گەورەتریشی لە قەبارەی خۆی هەبێت، وەک ئاوێنەی رۆڵی خوالێخۆشبو مام جەلالی باوکی هەڵسەنگاندنی بۆدەکەم. هەرچەندە مام جلال سیاسەتمەدار و سەرکردەیەکی بزێو و بزوێنەر و بوێر بو، بەڵام بەپێی کات و روداو و هاوسەنگی هێز مامەڵەی دەکرد. لە باڤڵ ئەمە زۆر کەم بەدیدەکرێت.
لە سەر ئاستی نەتەوەیی باڤڵ تا ر ادەیەک سەرکەوتو بوە لە راگرتنی هاوسەنگی نێوان پرسی کوردایەتی و بەرژەوەندی و مەرامەکانی هێزە ئیقلیمیەکان. مەخابن ئەم راگرتنە هیچ زامنێک نیە بۆ بەرژەوەندیە بنەرەتیەکانی هێزەکانی ناوچەکە و دنیا، لەم پرسەدا بێ دەسەڵات و گەمارۆ دراوە و دەبێت بە ئاگایەکی زۆر مامەڵە لەگەڵیان بکات. هەڵوێستی توندی تورکیا بەرامبەری سەرمایەی نەتەوەیی باڤڵی توندتر کردوە. نزیکی لە ئێران ئیرسێکی مێژوییە لە مەرحوم باوکیەوە بۆی ماوەتەوە، جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە بەردەوام یەکێتی و سەرکردەکانی ناچار کردوە بۆ مانەوەیان و تا نەبنە پارویەکی ئاسانی ناحەز و رکابەرەکانیان چاوبازی لەگەڵ ئێران بکەن، ئەم ئیرسە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی جەلالی و مەلایی شەست ساڵ لەمەو پێش کە لەو سەردەمەدا سیستەمی حوکمرانی ئێران پاشایەتی بو، تەنانەت دوای کارەساتی ٣١ ئۆگۆست مام جلاک پەنای بۆ مەلاکانی تاران برد تا هاوسەنگی هێز لە هەرێم راست بکرێتەوە، لە واقعیشدا ئەوە رویدا.
لە سەر ئاستی عێراقیش باڤڵ تاڵەبانی ئاوێنەی سیاسەتی مام جلالە کە واقیعبینانە تێگەیشتبو کە کورد لە باشوری کوردستان گەمارۆدراوە و دەرفەتی جموجۆڵی سەربەخۆی زۆر سنوردارە و هێزە گەورەکانی دنیا و ناوچەکە یەکپارچەیی عیراق کرۆکی سیاسەتیانە، لەو هاوکێشەیەدا کورد لە باشور و باکور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا کەم یاخود زۆر پشتگیری لەو سیاسەتە دەکەن.
ئەوەی باڤڵ تاڵەبانی لە هاوکێشەکانی عێراق پەلە و قیرچسمانە و عاتفی رەفتاری کردوە پێداگری بو لە سەرکەوتنی کاندیدێکی وەک سەرۆک کۆمارێک بو بۆ عێراق، چونکە ئەو گرێدانە توندەی بە بەغداوە بواری مانۆری سیاسی زۆر سنوردار و مەرجدار کردوە، چونکە لەناخی سیاسی دەسەڵاتی ئێستای بەغدا بەها و سەروەری و سەربەخۆیی عێراق و مافەکانی کورد مانایەکی جێگیری ئەوتۆیان نیە. 
باڤڵ تاڵەبانی لە سنوری دەسەڵاتی زۆنەکەی روبەروی چەندین رکابەری فرە رەگ و رەنگ و مەرام بۆتەوە، هەرچەندە لە ئێستادا مەترسی بەرچاو نین بەڵام کۆی گشتی هێزی هەمویان لە ئایندەدا نەگۆر نیە.
باڤڵ بە پارە نقەی لە گۆران بریوە، بە هێز و فەرمانرەوایی ئیسلامیەکانی راگرتوە، بە کارئاسانی هەوادارانی پەکەکەی بەلای خۆیدا بردوە، هەڵوێستیشی بەرامبەر کوردی رۆژهەڵات و رۆژئاوا هاوسەنگیەکی بەرچاوی تێدا بەدی دەکرێت.
هەرچۆنێک بێت باڤڵ تاڵەبانی کەم خەڵکی پسپۆر و شارەزا و بیرتیژی لە دەورە، بۆ نمونە وتەبێژەکەی دەڵێت: مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی کێشەمان نیە، گرنگە مام و ئامۆزا رێکبکەون. ئەم وتەبێژە بەتەمەن چوەدا ناهەقی نیە بە حنانێکی خەیاڵاوی ئاور لە سەردەمی تەبایی حزبەکەی و پارتی و پێگەی خۆی تێیدا دەداتەوە، تێنەگەیشتوە ئەو سەردەمە گوزەشت و کێشەکانی ئەم سەردەمە تەنها هەڵقوڵای "مام"  و "برازایەک" نین. هاوکاتیش ئەمرۆ نەوە یاخیبو و گۆرانخوازەکانی کورد گوێ لە چرینەوەی قەوانە سواوەکانی دەیان ساڵی پێشو ناگرن، بەڵکو خوازیارن بۆ ئایندەیەکی گەش بۆ خۆیان و نیشتمان بە ئەقلیەتی کراوە و بەیەک هەڵوێستی مرۆڤە ئازاد و بیگەردەکان کاربکەن.
باڤڵ تاڵەبانی بایەخی پێویستی بەم توێژە گرنگ و هەستیارەی کۆمەڵگا نەداوە، لە دەور و بەری چەند ئۆپۆرچینیست و سەنگەرگۆر و ماستاوچی و تەنانەت گومانلێکراو گرتبونەتەوە، گەر پێویستی بەمانەیە ئەوا پیرۆزی بێت، بەپێچەوانەوە پێویستە کاری جدی لەسەر ئەو بورکانە گەورە پەنگخواردوی نائومێدی و تورەیی کۆمەڵگا بکات.
چاوەروانین

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×