بزوتنەوەی گۆڕان هەلێكی زێڕینی لە دەست خۆیدا

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2024-09-02     255

هەموو وڵاتێك ، حكومەتێك ، گەلێك ، حیزبێكی سیاسی ،كۆمپانیایەك ، بازرگانێك ،  كەسێك بەتەنها بۆی هەیە  ڕۆژێك لە ڕۆژان توشی كارەساتێك و شكستێك و كێشەیەكی گەورە ببێت . بەڵام ئەوە نابێتە كۆتایی دنیاو ئەگەر باوەڕ بە خۆبون و سەبرگرتن هەبێت جارێكی تر هەڵدەستێتەوەولەسەر قاچی خۆی دەوەستێتەوە ، چونكە ژیانی مرۆژڤایەتی پڕیەتی لە شكست و سەركەوتن .  ئومێد هەیە لە بارودۆخێكی تری گونجاودا ئەگەر بەرنامەی باش هەبێت ، بتوانرێت بەسەر ئەو شكستانەدا  سەركەویت و جارێكیترو بە فۆڕمێكی تر، ڕابوردو بۆ خۆت بگێڕیتەوە . بابەتەكەی من لە سەر بزوتنەوەی گۆرانە بۆیە دەمەوێت نمونەكانیش هەر لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان بهێنمەوە .

بزوتنەوەی گۆرن لە یەكەم هەڵبژاردنی ساڵی 2009 گەورەترین سەركەوتنی بەدەست هێناو بوو بە خاوەنی 25 كورسی پەڕلەمان . یەكێتی و پارتی توشی شۆك بون و ترسیان لە گۆڕان بۆ دروست بوو . بەڵام بە هۆی كۆمەڵێك هەڵەی یەك لە دوای یەك و دوایش وەفاتی كاك نەوشیروان تا ئەمڕو بزوتنەوەكە بەردەوام لە پاشە كشەدایەوموتمانەی هاوڵاتیان لە دەستدەدات . یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكان بەشداری كردنی گۆڕان بوو  لە حكومەتدا لە قۆناغی یەكەمدا . هەڵەی دووەمیش هەر بەشداربونی بوو لە حكومەتدا لە هەلبژاردنی ڕابوردودا . كە تۆنەتوانێت بەرنامەو بڕیارەكانی خۆت بسەپێنی چونكە زۆرینە نیت ، ناتوانێت داواكاریەكانی خەڵكیش جێ بە جێ بكەیت و عەدالەتی كۆمەڵایەتی دەستەبەر بكەیت و یاسا سەروەركەیت و سیستەمی حوكمڕانی بگۆرێت . كە نەتوانی ئەمانە بكەی بەشدار بونت لە حكومەتدا بە شكستی خۆت كۆتایی دێت .

بزوتنەوی  گۆڕان كە جێگەی هیواو ئومێدی جەماوەر بوو بە هۆی بەشدار بونی لە حكومەتدا ونەتوانینی  بۆ جێبەجێكردنی داواكانی خەڵك ، تەنها هاتە سەر ئەوەی پلەو پۆست بۆ هەندێك كەس ورگرن . دواجار ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی دیاردەی بەغیلی و ڕقبونەوە لەناو لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان دروست ببێت ولە بری ئەوەی هەوڵ بدرێت سیستەمی حوكمڕانی بگۆرن ، شەردەستی پێكرد لەسەر وەرگرتنی پۆست و بەرژەوەندی شەخسی .

درێژەی نەدەمی دواجار دیمان لە لە خولی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گۆڕان  یەك كورسی بەدەست نەهێنا . ئێستا كە هەلبژاردن نزیكە و گۆڕانیش بەو بارودۆخە خراپەیەوە خۆی ئامادە كردوە بچێتە كێبڕكێی هەڵبژاردنەوە بڕیارێكی  زر قورسە و بە دووریش دەزانرێت سەركەوتن بەدەست بهێنێت . من تا ئێستا دوو جارپێشنیاری ئەوەم بۆ كردون كە باشترین شتێك بۆ گۆڕان لەم قۆناغەدا ئەوەیە كۆبونەوەیەكی فراوان بكەن و بزوتنەوەكە حەل بكەن زۆر باشترە خەڵك بە شتێكەوە خەرێك بكرێت كە ئەنجامی نابێت .

لەم ڕۆژانەدا لە فەیسبوك هەواڵێكم دی كە دەڵێت : بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت دەكشێتەوە . بە بۆچونی من  تازە گۆڕان بكشێتەوە یان نەكشێتەوە وەكو یەكە چونكە حكومەت بە عەمەلی نەماوەو كار بەڕێكەرە و بەدووریش دەزانرێت دوای هەڵبژاردنیش گۆڕان بتوانێت بەشدار بێت لە حكومەتدا .   دواجار سەفینی مەلا قەرە لە لێدوانێكیدا  دەڵێت :ئەو قسانە تەنها  قسەی خەڵكن و بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا لە حكومەت ناكشێتەوەو دوای هەڵبژاردن بڕیاری خۆمان دەدەین . وەكو بۆ هەمومان و بزوتنەوەی گۆڕانیش ڕون و ئاشكرایە كە بەشداریكردن لە حكومەتدا تەنها بە زیان گەڕایەوەو ئێستا  بزوتنەوەی گۆڕان كەوتۆتە بارودۆخێكەوە كە بەشداری كردنی لە حكومەتدا بۆتە بەڵایەكی گەورە بۆیی و نازانێت چۆن لێی دەرباز بێت .

بەڵام زۆر جێگەی داخە كە بزوتنەوەی گۆڕان هەلێكی زر زێڕینی بۆ هاتە پێشەوەو ئەگەر بیانتوانیایە لە بەرژوەندی خۆیان بەكاری بهێنن لە زۆر شت ڕزگاریان دەبوو . كاتێك بەئیمزای سەرۆكی حكومەت  182 دۆنم زەوی ئامادەیی كشتوكاڵ لە بەكرەجۆ درایە  كۆمپانیایەك بۆ دروست كردنی باڵەخانەی نیشتەجێبون ، من ئەو بڕیارە وەكوتەعدایەك دەبینم  بۆ سەر تاك بە تاكی خەڵكی سلێمانی ، چونكە[D1]  ئەو زەویە موڵكی نەوەی نەوەكانی ئەم شارەیە دەست بردن بۆ ئەو زەویە وەك دەست بردن وایە بۆ سەر كەرامەتی خەڵكی سلێمانی . ئەوانەی لە هەوڵی ئەوەدابون ئەو زەویە بدرێتە ئەو كۆمپانیایە ژمارەیان زۆرەو هەر یەكەیان پارویەكی چەوری بەركەوتوە . بەڵام ئەوی ناخۆشە دەبوو بافڵ تاڵەبانی هەرگیز بەوە ڕازی نەبێت كە سوكایەتی بەو شارە بكرێت ، كە هەمیشە پشتیوانی باوكیان بوە .

 بەڵام  بێدەنگی ئەویش نیشانەی ئەوەیە ئەویش بەشی خۆی هەیە . بە بۆچونی من دەبێ هەمومان بەزەییمان بە شاری هەڵمەت و قوربانیدا ، ئەو شارەی  كە سەدام خەوی پێوە دەبینی كە كۆنتڕۆڵی بكات و تا مرد بۆی كۆنتڕۆڵ نەكرا . بەڵام بەداخەوە ئێستا سەركردەكانی كورد خۆیان ئەم شارەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان كۆنتڕۆڵ كردوەووێرانیان كرد  . ئەگەر خەڵكی سڵێمانی خەڵكی سەردەمی بەعس بونایە ، دەبوو هەمویان بڕژێنە سەر شەقام و هەر گیز ڕێگا نەدەن ئاوا سوكایەتی پێ بكەن و پارچە پارچەی  بكەن .

دوا جار ئەوەی وەكو كەسێكی دڵسۆزو خاوەن هەڵوێست هاتە دەنگ بەڕیز مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بوو كە وتی ئەگەر تا بیستی هەشت ئەو بڕیارە هەڵنەوەشێتەوە  من واز لە پۆستەكەم دێنم . دواجار بڕیارەكە هەڵ نەوەشێنرایەوەو ئەویش مەردانە پەیمانەكەی خۆی بردە سەرو وازی لە پۆستەكەی هێناو بەم كارەشی تاجی سەروەری و دڵسۆزی نایە سەری. دوای ئەو بڕیارەی مامۆستا دڵشادیش دەبوو خەڵك بێتە سەرشەقام ، بەڵام بەداخەوە ئەوە ڕوی نەدا . بەڵام  لە بیرمان نەچێت كۆمەڵێك كەسایەتی دەنگی نارەزاییان بەرزكردەوە بەڵام بەداخەوە كەس گوێی بۆ ئەوانیش نەگرت .

ئەوەی كە زۆر ئازاری پێوە دەكێشم و دەبێتە داخێكی گران هەتا دەمرم[D2]  كاتێك گوێبیستی لێدوان خاوەنی كۆمپانیای بەڕێز بوم كە دەیگوت  ئێمە بە پێی یاسا ئەو زەویەمان وەرگرتوە و مامۆستا دڵشاد موزایەدا دەكات . سەیركەن مامۆستا دڵشاد كێیەو شەڕ لە سەر كێ دەكات و خاوەنی كۆمپانیای بەڕێزیش كێیەو قسە بە كێ دەڵێت . دەبوو خەڵكی سلێمای تەنها لە سەر ئەم قسەیە بێنە دەنگ .

ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی بەرنامەو ستراتیج بونایەو لە خەمی خۆیان و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا بونایە ، دەبوو ئەم هەلە زێڕینە لە دەست خۆیان نەدەن و بهاتنایە دەنگ  لە لایەك وەكو پشتێوانی بۆ مامۆستا دڵشاد و لە لایەكی تریشەوە بەرگریكردن لە  هاوڵاتیانی سلێمانی . دەبوو بزوتنەوەی گۆڕان  هۆشداریان بدایا بە حكومەت ئەگەر بڕیارەكە هەڵ نەوەشێننەوە ، ئەوا لە حكومەت دەكشێنەوە .

 ئەگەر حكومەت بڕیارەكەی هەڵوەشاندایەوە ئەوە دەبوو بەسەركەوتنێكی گەورەو موتمانەی خەڵكێكی زۆریان بۆ دەگەڕایەوە . خۆ ئەگەر بڕیارەكەیان هەڵ نەوەشاندایەوە ئەوە بڕیاری كشانەوەیان لە حكومەت دەداو دەیانكردە  بەڵگەیەكی بە هێز  كە ئەوان لە گەڵ خەمەكانی خەڵكن خەڵكیش جارێكی تر سۆزیان بۆ گۆڕان دەجوڵا . بەڵام ئەوەی كە شایانی باسەو هەرگیز چاوەڕوانی نەبوین ئەوەبوو هەر دوای لێدوانەكەی مامۆستا دڵشاد كە دەلێت ئەگەر بڕیارەكە هەڵ نەوەشێننەوە ، من واز لەپۆستەكەم دێنم ، یەكسەر بەرپرسێكی گۆڕان لە لێدوانێكیدا دەڵیت : ئەوە خەڵكمان ئامادە كردوە بۆ شوێنگرەوەی مۆستا دڵشاد .

 لە بری ئەوەی ئەو فرسەتە زێڕینە بۆخۆیان بقۆزنەوەو پشتیوانی لە بڕیارەكەی مامۆستا  دڵشاد بۆ دەست لە كاركێشانەوە بكەنە وەرەقەی زەخت و جەماوەر بەدەست بهێننەوە ، باسی ئەوە دەكەن خەڵكمان ئامادە كردووە بۆ شوێنی مامۆستا دڵشاد. هەر چەندە ئەم قسەیە هی نوسین نییەو كەمێك بازاڕییە بەڵام ناكرێت بەسەرمدا تێپەڕێت و حەقی خۆی پێ نەدەم ، بۆیە دەڵێم : هەی عەمرتان نەمێنێت بۆخۆتان و بڕیارتان وبیركردنەوەتان و  تا لەسەر ئەم جۆرە عەقڵیەتە بن ، دەبێ  بێ شێو سەر بنێنەوە .

 وەكو بە گشتی ژیانی مرۆڤایەتی پڕیەتی لە هەڵكشان و داشكان، سەركەوتن و ژێر كەوتن ، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە كاتێك هەلت بۆ دەرەخسیت ، بە خۆڕایی لەدەستی نەدەیت و ئەو هەلە بە باشترین شێوە بخەیتە خزمەتی خۆتەوە چۆنكە ئەوفرسەتە زێڕینانە دەگمەنن و هەموو رؤژێك نابن .

بەم لێدوانە دەركەوت كە بەشداریكردنی گۆران لە حكومەتدا بۆ مەبەستی پۆست وەرگرتن و ئیمتیازاتی تایبەت بوە بۆ هەندێك كەسی ناو بزوتنەوەكە. دانانی كەسەكانیش بۆ  پۆستەكان  لەسەر بنەمای كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو نەبوە، بەڵكو لەسەر بنەمای مەحسوبیەت و مەنسوبیەت وهەم بۆ ڕازیكردنی تەكەتولەكانی ناو بزوتنەوەكەو هەم بۆ ڕازیكردنی كەسەكان بووە .  ئەوانەی شایانی وەرگرتنی پۆستبون  ژمارەیان لە ژمارەی پەنجەی یەك دەست تێناپەڕن و زوربەی ئەوانیتر بونو نەبونیان وەكو یەكە .

ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بە جدی بڕیاری كشانەوەی لە حكومەت بدایا ، گرینگی و كاریگەری  لەناو جەماوەردا زۆر زیاتر دەبوو لە هەموو ئەو بانگەشەیەی  بۆ هەڵبژاردن ئەیكەن چونكە خەڵك وای لێهاتوە ڕقیان لە ئەندام پەڕلەمان دەبێت و بە ئاشكرا دەڵین : ئەوانە هەر بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەرین .  ئێستا ئەندام پەڕلەمانەكانی پێشوی گۆران وەكو نمونە سەیر بكەن ، دەبینن چۆن لێرەو لەوێ دەگەڕێن بۆ ئەوەی لایەنێك بیان پاڵێوێت بۆ پەڕلەمان . كەواتە گلەیی لە هاوڵاتی ناكرێت ، كە متمانەی نەماوە .

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×