رۆڵی مێدیای(داون) لە کۆمەڵگای پڕ کێشەو قەیراندا

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-09-04     87

ئەرکی مێدیا بە گشت لق و فۆڕم و پێکهاتەکانیەوە گواستنەوەی هەواڵی ڕاست و حەقیقەتی  دۆخی کۆمەڵگاو مکیاج نەکردنی هەڵەو چەوتی و تەنگژەکان و هێنانە کایەی ئاشتی و ئارامی و بەرچاوروونی  و دروست کردنی کۆمەڵگایەکی هوشیارو ئەرکناس و ماف پەروەرە. 

مێدیا وەک یەکێک لە بەهێزترین دامەزراوەکانی دونیای گەیاندن و راگەیاندن و ستراکتۆری کۆمەڵگاو سیستەمێکی بەهێزی هەڵگری زانیاری و سەرچاوەی هەواڵ و بەدواداچوون و گەیاندن و گواستنەوەی هەواڵ،   هەڵگری ئەرکێکی ناوەکی گەورەی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیە. 

مێدیا لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان بەر لەوەی مێدیا بێت، دامودەزگایەکی گەورەو خاوەن هێزو دەسەڵاتی ناو خودی سیستەمی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی وڵاتە. دەزگایەکی گەورەی ئەکادێمی و بەشێکی سەرەکی کۆی ئەو سیستەمە بە دامەزراوەیی کراوە ناوەکیەی دونیای سیاسەت و حوکومڕانی و شەفافیەتە.  

ئەرکی مێدیا لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا تیشک خستنەسەری کۆی ئەو پرس و کێشەو گرفتانەیە کۆمەڵگا رۆژانە لە کارلێکی بەردەوامدا مامەڵەی دەکات و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیان و گوزەران و دۆخی کۆمەڵگاو وڵاتەوە هەیە.

ئامادەیی مێدیا لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان و بەتایبەت ئەوانەی  دەمێکە قۆناغەکانی مۆدێڕنیتەو پۆست مۆدێڕنیتەیان بڕیوە, کەرەستەیەکی بەهێزی گەڵاڵە کردنی شوناس و دیوە هۆشیارەکەی کۆمەڵگایەو لە چەشنی یەکەیەکی سەربەخۆی بەرپرسیارەوە مامەڵەی رووداوەکان دەکات. 

هەر ئەم ئامادەییە رۆڵێکی بەرچاوی لە چاودێریکردن و کۆنترۆڵی دەسەڵاتەوە هەیەو وەک هێزی چوارەم توانای ئەوەی هەیە حکومەت و کۆمەڵگا بخاتە بەردەم بەرپرسیارەتی چەوتی، هەڵەو بریارە ناڕاستەکانەوە. بەڵام هەرگیز ئەو دەسەڵاتەی نیە پێشوەختە حوکمی رەواو نارەوا بەسەر کۆمەڵگاو بکەرانیەوە بدات و ئەم ئەرکە بە پێی دەستوورو یاساوە بۆ دادگاکان و دەسەڵاتی  دادوەری جێ هێڵدراوە. 

 

لە کۆمەڵگا پێشکەوتوو و پێگەیشتووەکان هەر لە رێگەی مێدیای بینراوو بیسراوو گوێزراوەوە تاک لەگەڵ ئەم  بابەت و مەفاهیم و پویوەندی نێوانیانەود ئاشنا دەبیت: 

- شارەزایی لە جۆری سیستەمی سیاسی

- شارەزایی لە ژمارە و چۆنیەتی پارتە سیاسیەکان

- مێژووی ئایدیۆلۆژیە کۆن و باوەکان

- بارودۆخی نێودەوڵەتی

- هاوکێشە سیاسیە نێودەوڵەتیەکان

- دۆخی کۆمەڵگەکانی تر لە ڕووی سیاسی، ئابوری، دیپلۆماسی و کۆمەڵاتیەوە.

- پەیوەندی نێوان سیاسەت، ئابوری و ڕەهەندە کۆمەڵاتیەکان.

- جۆرەکانی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی

- ستراکتۆری کۆمەڵایەتی و سیاسی

- ڕۆڵ و پێگەی سەندیکاکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. 

- ئارگۆمێنت هێنانەوە بۆ ڕاو بۆ چوونە جێگرەکان.

- توانستی قەناعەت پێ هێنانی بەرامبەر بە هۆی ناکۆکیەکانەوە.

- ڕێزگرتن لە ڕاوبۆچوونی جیاواز.

- تێگەیشتن لە چۆنیەتی کاراکردنی چەمک و پڕەنسیپەکانی دیموکراسی و پیادەکردنیان لە کۆمەڵگە بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندیە گشتیەکان.

- توانای بیر کردنەوە لە ئەلتەرناتیڤەکان و گۆڕینی واقعێکی چەقبەستووی نەخوازراوی دواکەوتووانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی  و ئابوری ماڵوێرانکەر.

- پاراستنی بەرژەوەندیە گشتیە نیشتیمانیەکان.

- ڕێزگرتن لە جیاوازیە سیاسیەکان و هەوڵ نەدان بۆ مل شکاندنی یەکتر.

- تواناو بەهەرەی پێشخستنی کۆمەڵگا لە هەموو ڕووێکەوە بە ئاراستەی دابین کردنی خۆشگوزەرانی گشتی نەک تایبەتی.

- بەرز کردنەوەی ئاستی هۆشیاری سیاسی تاکەکان و ئاشنا کردنیان بە مافە مەدەنیەکانیانەوە.

- سەروەرکردنی سیستەمی دادوەری و پاراستنی سەربەخۆیی.

- خۆش کردنی زەمینە و ڕەخساندنی هەلی کاری گونجاو بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە و ڕێگە گرتن لە مۆنۆپۆلی ( قورخ کردن) ی دەرفەتەکان لە لایەن کەرتی تایبەت یا لایەنی سێهەم.

- ژینگەپارێزی

- دابین کردنی لانی کەمی بنەماکانی دادی کۆمەڵایەتی

- پلان دانانی درێژ خایەن بۆ داھاتوو

- پێکھێنان و بەرھەڤکردنی پەوەردەیەکی تۆکمەو ھاوچەرخ و شارستانی

- پاراستنی مافەکانی مرۆڤ

- پاراستنی مافی گشتی

- پاراستنی بنەما یاساییەکانی سیستەمی داد

- بەھێزکردنی برواو متمانە بە پارتەسیاسیەکان

- دیاری کردنی ئەرکە گشتیەکان

- پاراستنی مافی کەمینە ئایینی و ئایینزا و نەتەوەکان

- پاراستنی مافی دامەزراندنی کۆمەڵەو دەستە و گرووپگەلی چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنی

- خستنە خزمەتی داھات لە پێناو بەھێز کردنی کەرتی خزمەتگوزاری گشتی، لەوانە تەندروستی و پەروەردەو ئاوو کارەبا.

- نەھێشتنی جیاکاری

- نەھێشتنی خزم خزمێنە 

- رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و تاوانی ئابوری و دارایی لە رێگەی یاسا. 

دۆخی مێدیا لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکان

مێدیا لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکان خۆی بەشێکە لەو کێشەو گرفتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریانەی  تەنگی بە کۆمەڵگاکان هەڵچنیوەو دەستی خستوەتە بینە قاقایەوە. ئەم مێدیایە نەهەڵگری دونیابینیەکی دیاریکراوە، نەسەر بە چەپە و نە سەر بە ڕاستە، نە هەڵگری شوناسێکی رون و ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراوە و نەش سەر بە قوتابخانەیەکی فکری دیاریکراوەو خاوەنی روئیایەکی مەنتیقی و لۆژیکیە بۆ داهاتوو. 

ئامادەیی ئەم تایپە لە مێدیا لە کۆمەڵگا، لە غیابی هۆشیاری تاک، دۆخێکی پڕ لە بەریەک کەوتن و مقۆمقۆو ڕقاوی بەرهەم دەهێنێ. 

مێدیای داون ( پەک کەوتوو و بێ داهێنان)، بە رووکەش لە پێناو چاکەی گشتی و کۆمەڵگا ئیش دەکات. بەشێک لەم مێدیایە یا سەر بە ئەشخاس و حزب و دەستە گرووپێکی دیاریکراوە یا لە لایەن دامەزراوەیەکی دیاریکراوەوە پاڵپشتی و ئاڕاستە دەکرێت. مێدیای ( داون )ئەرکە سەرەکیەکەی خۆی لە بیر خۆی بردۆتەوە. لە بری چاودێری و کۆنترۆڵی سیستەمی حوکومڕانی و کۆمەڵگاو دروست کردنی گوتارێکی کۆمەڵایەتی، مێدیایی یا رامیاری دیاریکراو و دروست کردنی هوشیاری و چاودێریکردنی جڤاک، سەرقاڵی بەرهەم هێنانەوەی ئێستاو رابردوو و جۆرێک لە پاشاگەردانی و دروست کردنی دۆخی چەقبەستوو و درێژەپێدانی گرژی و ئاڵۆزی و گێژەنگە سیاسیەکان و دڕدۆنگیە. 

مێدیای داون بەوە دەناسرێتەوە بەدەرە لەهەر جۆرە هەڵگرتنی بەرپرسیارەتیەک بەرامبەر بە کۆمەڵگاو شکۆو پاراستنی ژیانی تاک و سنوورە ئەخلاقیەکانەوەو داماڵدراوە لەهەر هێزێکی داهێنان و تازەگەری لە پێناو پێشکەوتنی جڤاک و ئاشتی کۆمەڵایەتیدا. 

هیچ جۆرە هەوڵێک لە لایەن ئەم جۆرە مێدیایەوە بۆ گواستنەوەی کۆمەڵگا لە قۆناغی چەقبەستوویی و  قەیرانەوە بۆ رۆشنگەری و هۆشیاری و گەشەو مەعریفە و گۆڕانکاری لە ئارادانیە. ئەم ميدیایە تەنانەت هیچ وەڵامێکی بۆ پرسیارە سادەکانەوە پێ نیە. یەکسانە بە مەکینەیەکی گەورەی  ئیعلامی بەلارێدابردن و دروست کردنی تەنگژەو بەریەک کەوتن و نانەوەی دووبەرەکی و فڕێدانی درۆو درۆسازی و بەشینەوەی تۆمەت و بوختان و بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری و لە خشتەبردن و دروست کردنی گێژەنگێکی ناکۆتاوە. زیاد لەمەش مێدیای لەمجۆرە رۆڵێکی یەجگار ترسناک لە دابەشکاریە سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەگژیەکدا کردنەوەی چینوتوێژەکانی کۆمەڵگا دەگێڕێت. یا  بە شێوەیەکی شاراوە و لە ژێر دەمامکێکی خەڵەتێنەرەوە سەربە پارت و ئاڕاستەیەکی سیاسیە یا بە ئاشکرا کار بۆ کەس و لایەن و تەوژمێکی سیاسیەوە دەکات و باکی بە لێکەوتە خراپەکانەوە نیە. 

بەشێک لە مێدیاکارانی ئەم سیستەمە لە مێدیا، وەک کەسانێکی پەراوێزخراوی کۆمەڵگای پڕلە قەیران،  پڕن لە تووڕەیی و دڕدۆنگیەوەو هەستی تۆڵەکردنەوە لە وانیتر لە ناخی ئەمان پەنگ دەخواتەوەو هەردەم بەدوای دەرفەتێکەوەن تۆڵەی خۆیان لەوانیتر بسەننەوەو داهێنانی نوێ لە جوێن و ناوزڕاندن  بخەنە سەر رووبەری کۆمەڵگاوە. ئەم جۆرە لە مێدیاکارانە هەرگیز بەلای چارەسەرەوە ناچن و پارووی چەورو دەمی چەورکراویان لە لا لە هەر پرۆژەیەکی فکری و چارەسەر، پێ گرینگترەو هەر بەم ئاڕاستەیەشەوە کار دەکەن. ئاکاری کۆمەڵایەتی لائ ئەمان دیوە مادیەکەی ژیان و مسۆگەر کردنی ئێستاو  زامن کردنی ئاییندەیە. 

ئەم جۆرە لە مێدیایە بەردەوام بەدوای دروست کردنی گرژی و تۆخ کردنەوەی هێڵەکانی ناکۆکی و جیاوازیەکانەوەیە. ئەم مێدیایەو کاراکتەرو بکەرانی ناویەوە هەڵگری خەمەکانی کۆمەڵگا نین. 

مێدیای لەمجۆرە لەو پانتایەی ئیشی تێدادەکا  هەموو مافێک بە خۆی رەوا دەبینێ و سڵ لە هیچ کردارێک  و دروست کردنی کەشی ناجۆرو دڵەراوکێ و بڵاوکردنەوەی ترس و نیگەرانی ناکاتەوە. بەڵکو بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی کۆمەڵگاو قەیران و جەمسەر بەندیەکانەوە بەدوای دابین کردنی گوزەرانی باشە تا هەوڵدان لە پێناو چاکەی گشتی و ئاشتی و ئارامی و سەرخستنی بەرژەوەندیە گشتی و نەتەوەییەکانەوە. 

ئاڕاستەکەران و بکەرانی ناو ئەم سیستەمە لە مێدیا،  زۆر جار بۆ دابین کردنی ژیانێکی باشترو پڕ دەسکەوتتر و رەونەقدارتر زۆر  بەلایەنەوە ئاساییە  پشت بکەنە رابردوویان و لەکوێ با هەڵیکرد لەوێ شەنی خۆیان بکەن. تەنانەت بەشێک لەمان ئامادەن لە پێناو پارەوپوڵ و ئیمتیازاتەوە جوێن بە مێژوو و رابردووی خۆیانەوە بدەن و هەر رۆژەو لە پێناو لەتە نانێکەوە پەلاماری یەکێک بدەن و  بەمو بەو بوەڕن و سووکایەتی بکەن بە نەهجی کارکردنیان لە رووبەری کۆمەڵگاو پانتای مێدیادا. 

ئەم مێدیایە  هیچ جۆرە پرسیاری  گەورەو هەستیار وەڵام ناداتەوەو هەشیبێ هیچ بەهایەکی پێنادات. ئەسلەن خۆی بە بەرپرسیار نازانێ و جۆرێک لە پیرۆزیی رەمزی بەخۆی بەخشیوەو لە فەلەکی بە پیرۆزبوونێکی درۆییندا گینگڵ دەخوات و بۆ خۆی دەخولێتەوە. بە واتایەکی تر  لە ناواخندا هەڵگری ماهیەتێکی خۆڵەمێشی و سەرکێش و  نابەرپرسیارو بارێکی گرانە بەسەر شانی کۆمەڵگاوە. 

ئەم مێدیایە هەرگیز پرسیار لە ماهیەتی بوونی خۆی ناکات. نە جیهانبینی و دیدگایەکی نوێ بە تاک و گرووپ و کۆمەڵگا و دونیا دەبەخشێ و نە زانیاری و زانستی نوێ پێشکەشی کۆمەڵگا دەکات و نە دەیهەوێ بەشێک بێت لە چارەسەری سەرلەبەری ئەو کێشەو ئاستەنگ و گرفتە گەورانەی رووبەرووی کۆمەڵگا بوونەتەوە. 

ئەم تایپە لە مێدیا بە زمانێکی بازاڕی و فڵتەفڵت و نائاکادێمی و گەڕەلاوژێوە  هەوڵدانەکانی لە چوارچێوەی دروست کردنی دۆخە ناخۆشەکان و تێکدانی سایکۆلۆجیای کۆمەڵگاو وێران کردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی  چڕ دەکاتەوەو نانوپیازیش بە کێشەو ناکۆکی و دابەشکاریە جڤاکیەکانەوە دەخوات و دواجار کۆمەڵگا لەهەموو جوانیەک و هارمۆنیایەک و هیوا بە دوارۆژێکی  باشتر و ئاسوودەترەوە دەخات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×