سەرنجێک لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی ئەڵمانیا

توانا محەمەد نوری
  2024-09-04     85

پارتی ڕاستڕەوی توندڕەو و فاشیستی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا "AfD" سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ویلایەتی تورینجیای ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا بەدەستهێنا؛ تورینجیا ناوچەیەکی ئابووری لەرزۆک و لاواز کە تیایدا هەقدەست و هەلی کاری کەم بووە. وە هەروەها بووەتە دووەم گەورەترین پارتی سیاسی ویلایەتی ساکسۆنیا، بنکەی نەریتی پارتی دیموکراتی مەسیحی(CDU) .

 
هەڵبژاردنی ویلایەتی براندنبۆرگ لە ٢٢ی ئەیلول بەڕێوەدەچێت. سەرکەوتنی "AfD" لەوێش ئەگەرێکی بەهێزە. پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا هەوڵدەدات ئەم سەرکەوتنە وەک نیشاندەری متمانەی گشتی بە خۆی لە بەرامبەر حکومەتی هاوپەیمانی ئێستای ئەڵمانیا بگۆڕێت بۆ سەکۆیەک بۆ گەشەکردنی ڕاستڕەوی توندڕەو لە وڵاتێک کە خاوەنی گەورەترین ئابووری ئەوروپایە.

هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەورووپا لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا بە ڕوونی نیشانی دا کە بە درێژایی چەندەها ساڵ، وڵامنەدانەوە بە پێداویستییەکانی کۆمەڵگا، ڕووبەڕوو نەبوونەوەی جیاکاری و نایەکسانی، بێ بایەخ کردنی خۆشگوزەرانی گشتی لە سایەی کەڵەکەبوونی سامانی ئەفسانەیی لەسەدا یەکەکان چۆن سەکۆی بۆ سەرهەڵدان و گەشەسەندنی پارتی فاشیست، ڕەگەزپەرست و ڕاستڕەوی توند ئامادە کردووە. گرانی، هەڵاوسانی بێ سنوور، کەمبوونەوەی گەشەی ئابووری، دابەزینی خۆشگوزەرانی گشتی، قەیرانی خانووبەرە، فراوانبوونی جیاکاری و نایەکسانی، دابینکردنی دارایی و تێچووی شەڕی ئۆکرانیا بە دەستبەسەرداگرتنی مێزی بەتاڵی کرێکاران و چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا، ئەوروپای خستۆتە ناو بازنەی ترسناکی حیزبە فاشیستەکان.

 

ڕوون و ئاشکرایە کە ڕەوتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان توانیویانە ناڕەزایی خەڵک لە دۆخی ئێستا بەکاربهێنن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک بۆ سیاسەتە پۆپۆلیستیەکان کە بە ڕواڵەت دژی سیستەمی هەنووکەییە بە پشتبەستن بە بێمتمانەیی بەربڵاوی گشتی بە سیاسەتی پارتە میانڕەوەکان. بە پشت بەستن بە هەڵبژاردن و دیموکراسی پەرلەمانی شەرعیەت بەدەست بهێنن.

دەرئەنجامەکانی بەهێزبوونی دەسەڵاتی پارتە ڕاستڕەو وتوندڕەوەکان لە ئەوروپادا زۆر جددی و مەترسیدارن. تەنیا ئەڵتەرناتیڤێکی چەپ و سۆشالیستی کە نوێنەرایەتی بەها مرۆییەکانی کۆمەڵگا بکات و دژی سیستەمی سەرمایەداریی ڕزیو گردبوونەوە بکات، دەتوانێت و دەبێ ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان بهێنێتە سەر شەقام. کۆتایی بەو قەیرانە بهێنێت کە سیستەمی سەرمایەداری دروستی کردووە بە یەکخستنی کۆمەڵگا لە دەوری داواکاری پێشکەوتنخوازانە و مرۆڤدۆستانە!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×