ئەو 10 هۆكارەی وادەكەن هەڵبژاردنی داهاتوو تەواو جیاواز بێت

سەرتیپ جەوهەر
  2024-09-05     249

هەڵبژاردنی ئەمجارەی كوردستان قسەوباسی زۆری لەسەر دەكرێت، بەهەموو پێوەرێك، یان خوێندنەوەیەكی واقعیی، هەم ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە جیاواز دەبێت لەهەمووهەڵبژاردنەكانی رابردوو، هەمیش پێكهێنانی كابینەی داهاتوو جیاواز دەبێت.

بەخوێندنەوەی ئەو گۆڕانانەی بەسەر واقعی هەڵبژاردندا هاتوون، پێدەچێت دابەشبوونەوەیەكی نوێ‌ لەنەخشەی سیاسی كوردستان ببێت. حزبە حوكمڕانە تەقلیدیەكان (پارتی و یەكێتیی) رووبەرووی واقعێكی زۆر نوێ‌ دەبنەوە كە لەماوەی 30 ساڵی رابردوو، رووبەرووی نەبوونەتەوە، چونكە دەنگەكانیان وەك پێشبینی دەكرێت زۆر كەم دەكات.

.

بەپێی خوێندنەوەی ئەم واقعەی ئێستا لەبەر ئەم هۆكارانە دەنگی هەردوو حزب كەم دەكات:

.

یەكەم: سەدان هەزار كەس كە پێشتر مافی دەنگدانیان پێدرابوو خەڵكی پارچەكانی دیكەی كوردستان بوون، ئەمجارە ناتوانن دەنگ بدەن. هەروەك پێشتریش باسی جیاوازیی نێوان لیستی دەنگدەران لەكۆمسیۆنی هەرێم و لیستی دەنگدەران لەكۆمسیۆنی عیراق دەكرا. ئەمجارە ئەوانە ناتوانن ئەمجارە دەنگ بدەن.

دووەم: ژمارەی دەنگدەری تایبەت لەنزیكەی 400 هەزار كەس، كەمكرایەوە بۆ 215 هەزارێك. هەموو هەڵبژاردنێك پارتی و یەكێتیی فشاری زۆر دەخەنە سەردەنگدەری تایبە، بەم هەڵبژاردنەشەوە. بەڵام ئەو ژمارەیە كەمكراوەتەوە بۆ ئەمجارە نزیكەی 180 هەزار دەنگدەر فشاری پارتی و یەكێتیان لەسەر لابراوە و ئازادانە دەتوانن دەنگ بدەن.

سێیەم: بۆ ئەم هەڵبژاردنە، زیاتر لە 700 هەزار دەنگدەری نوێی هەن كە یەكەمجارە بەشەداری لەهەڵبژاردنی كوردستان دەكەن. ئەم نەوەیە حەماسی هاتنە سەر سندوقیان زۆرە. یەكەم بەشداریكردنیانە لەهەڵبژاردنی كوردستان بۆیە رێژەیەكی ئێجگار زۆریان دێنە سەر سندوق. بەڵام ئەوەی پێشبینی دەكرێت كەمترینیان دەنگ بەپارتی و یەكێتیی بدەن، چونكە هیچ موشتەرەكات و خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ پارتی و یەكێتیی نییە. هەر ئەم 700 هەزار دەنگدەرە، كاریگەری زۆر گەورەیان لەسەر دەنگی پارتی و یەكێتیی دەبێت.

چوارەم: كوردستان كراوەتە 4 بازنە، ئەمەش كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر دووبارە دابەشبوونەوەی كورسیەكانی پەرلەمان. نرخی كورسی لەپارێزگایەك بۆ پارێزگایەكی دیكە بەپێی رێژەی دەنگدان دەگۆڕێت. لەم هەڵبژاردنە پارتی ناتوانێت بەدەنگی پارێزگای دهۆك كاریگەری لەسەر سلێمانی دروستبكات و یەكێتیش ناتوانێت بەدەنگی سلێمانیی كاریگەری لەسەر هەولێر دروستبكات.

پێنجەم: ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمان لە 111 كورسیەوە كراوەتە 100 كورسی. هەرچەندە 5 كۆتا هەیەو ئەوەی پێشبینی دەكرێت هەر پارتی و یەكێتیی بیبەن چونكە كۆتاكان بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە، بەڵام ئەمجارە كەمتر دەنگی كۆتا كاریگەری لەسەر نەخشەی دابەشبوونی دەنگەكانی ناو پەرلەمان دروستدەكات.

شەشەم: ئەمجارە ساختەكاریی لەناو وێستگەكانی دەنگدان زۆر زەحمەت دەبێت، چونكە پەنجەمۆرو بایۆمەترییە، بۆیە ئەستەمە بۆ پارتی و یەكێتیی بتوانن لەڕێی ساختەكردن لە وێستگەكانی دەنگدان كاریگەری دروستبكەن، بەڵام ساختەكردنیش لەناوەندی زانیاریی یاخود داتا سەنتەر ئەگەرێكی كراوەیە، ئەگەر ئەوە بكرێت، ئیدی هەڵبژاردن هیچ قیمەتێكی نامێنێت! هەروەك ئێستا حزب هەیە لەكۆڕوكۆبونەوەكانی خۆی باسی ئەوە دەكات كە دەرو دراوسێ‌ وەعدی پێداون شتێكیان بۆ بكات!

حەفتەم: جاران لەكۆمسیۆنی باڵای هەرێمی كوردستان دەستەیەكی دادوەریی هەبوو بۆ پێداچوونەوە بەسكاڵای لایەنەكان، ئەو دەستەیە لەچەند دادوەرێكی كوردستان پێكهێنرابوو. ئەو دەستەیە لەژێر كاریگەری پارتی و یەكێتیی بوو، بەڵام ئێستا دەستەی دادوەریی بۆ هەڵبژاردنی كوردستان لەبەغدا دروستكراوەو كەمتر لەژێر كاریگەری پارتی و یەكێتییە، بۆیە پێشبینی دەكرێت پێداچوونەوە بەسكاڵایەكانی سەر هەڵبژاردنیش باشتربێت لەجاران.

.

هەشتەم: بۆ ئەم هەڵبژاردنە لیست و قەوارەی نوێ هاتوونەتە كێبڕكێی پەرلەمانیی و خۆیان وەك بەدیلی ئەم حكومڕانیە خستۆتەڕوو، یەكێك لەوانە لیستی بەرەی گەل رابەرایەتی لاهور شێخ جەنگی. پێشبینی دەكرێت بەرەی گەل جگە لەدەنگی پارتیی، دەنگێكی ئێجگار زۆری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیش ببات.

.

نۆیەم: موچەی فەرمانبەران و خزمەتگوزارییەكان لەهەرێم لەدۆخێكی ئێجگار خراپدایە. ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەندی مەرجەكانی بەغدا نەبێت، ئەوا موچەی مانگی 9 و 10ی داهاتوو لەلایەن بەغدا زۆر بەدرەنگ دەنێردرێت! ئەمەش بێگومان راستەوخۆ كاردەكاتە باری دەروونی هاوڵاتیان، هەموو دەزانن كە ئەم دۆخە خراپەی ئێستای موچەو ژیان لەكوردستان بەهۆی بڕیارە هاوبەشەكانی پارتی و یەكێتیی بووە لەماوەی 10 ساڵی رابردوو. هەر لەسەربەخۆكردنی ئابورییەوە بگرە تا دەگاتە رادەستنەكردنی نەوت و بڕینی موچەو دەستبردن بۆ گیرفانی هاوڵاتیان و ..تد.

دەیەم: خواستێكی نێودەوڵەتیی هەیە كە پارتی و یەكێتیی لاوازبن، چونكە دەیان ساڵە هێزی پێشمەرگەیان یەكنەخستووەو بوونەتە بەشێك لەئەجێندای ئیقلیمیی! ئەمەش نیگەرانیی زۆری لای ئەمریكاو بریتانیاو ئەوروپا دروستكردووە.

هەموو ئەو ئەگەرو فاكتەرانەی باسمانكردوون، كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت پارتی و یەكێتیی رووبەرووی واقعێكی نوێ‌ ببنەوە كە پێشبینی نەكراوە بۆ ئەوان. پارتی بۆخۆی پێشبینی خوار 40 كورسی دەكات، بەڵام بەپێی ئەو راپرسی و پێشبینیانەی هەن، پارتی جگە لە لەدەستدانی 11 كۆتاكە، 10 كورسی دیكەش لەدەستبدات واتە كورسیەكانی پارتی لەنێوان 33 بۆ 35 كورسی بێت. یەكێتیش لەكۆڕو كۆبونەوەكانی ناوخۆی باس لە سەروو 20 كورسی دەكەن، هەندێجاریش باسی كاریگەری و هاوكاریی دەرودراوسێ‌ دەكەن، بەڵام بەپێی ئەو راپرسیانەی ئێستا هەن، زەحمەتە بیگەیننە 20 كورسی.

بۆ حزب و لایەنەكانی دیكە بەرچاو روونیەكی ئەوتۆ نییە، چونكە هەندێكیان یەكەمجارە دێنە هەڵبژاردن و ئەوانەی دەنگیشیان پێدەدەن بێگومان بەشێكیان هەوادارو دەنگدەری خۆیانن، بەڵام بەشێكیش لەوانەی دەنگیان پێدەدەن لەرقی خراپی حوكمڕانیی پارتی و یەكێتییە و دەیانەوێ‌ تۆڵە لەحوكمڕانانی ئێستای هەرێم بكەنەوە.

.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×