بوژاندنەوە و نوێکردنەوەی هزری گۆرانکاری ئەرکێکی نیشتمانیە

چیا عەباس
  2024-09-06     181

سەرهەڵدان و سەرکەوتن و دواتریش پاشەکشەی بزوتنەوەی گۆڕان بە کەسایەتی دامەزرێنەرەکەی، نەوشیروان مستەفا، و هاوکارەکانیەوە گرێدراوە.
دۆستە دڵسۆزەکانی کاک نەوشیروان لە دوای وەفاتی و داکشانی بەردەوامی بزوتنەوەکە گەلێک پرسیاری گرنگ و هەڵسەنگاندنی واقعیان بۆ ئەو پاشەکشەیە هەیە و جۆرەها هەوڵیان داوە تا رێرەوێکی نوێ بۆ بزوتنەوەکە و هزری گۆرانکاری دارێژنەوە. مەخابن هاوکارە دێرینەکانی کاک نەوشیروان کە دوای وەفاتی جڵەوی بزوتنەوەکەیان گرتە دەست نەک هەر نەبون بەبەشێک لەو پرۆسەیە، بەڵکو زۆر کلاسیک و بێباکانە تێرامانیان بۆ هزری گۆرانکاری و ئایندەی هەبو. ئەوان خوازیاری گۆرانکاریەک بون کە لە ژورەکانی خۆیانەوە لە گردەکە و مەکۆکان جڵەوەکانی بگرن و بۆ هەوادارانیان کار لە پۆستە فەرمیەکانی هەرێم دابین بکەن وهاوسەنگیانە دڵی پاتی و یەکێتی رابگرن و پارەش لێان وەربگرن،
بە کورتی گۆرانکاری مەکتەبیانە. هاوکاتیش کورەکانی کاک نەوشیروان خۆیان نەکرد بەخاوەنی ئەوەی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی بوژاندنەوەی هزری گۆڕان شان بەنە بەری و خۆیان لە چەند کارێک نامۆ بەهزری گۆرانکاری دور رابگرن،  هاوکارە دێرینەکانی کاک نەوشیروان و کورەکانیشی لە ئەرزی واقعدا هۆکاری بنەرەتی پاشەکشەی بزوتنەوەکە و لاوازکردنی هزری گۆرانکاری و چاکسازین.
ئەم واقعە تاڵە کۆتایی بە هزری گۆرانکاری و چاکسازی نەهێنا، لەو ساڵانەدا هەڵسوراو و هەوادارە دڵسۆزەکانی گۆڕان، زۆر تایبەت لەدەرەوەی بزوتنەوەکە، بێ وچان هەوڵیان داوە تا هزری گۆرانکاری و چاکسازی بە بوژاندنەوە و نوێکاریەوە لە پرسی سیاسی باشوری کوردستان پێگەی شایستەی خۆی هەبێت.
دۆخی حوکمرانی و سیاسی هەرێم دەناڵێنێت بەدەست دو هێزی دەسەڵاتدارەوە، هێزە ئیسلامیەکان چاوەروانن و کێشەی ئەوتۆیان لەگەڵ ئەم رەوشە نیە، ئەوەی خەمی سەرەکی لە ناخیدا دەکۆلێت بەرەی نارازی و ئۆپزسیۆنە نەک تەنها لە دسەڵات بەڵکو لە ئەدای گۆڕانێکی پروکراوە لەسەر ئاستی فەرمانرەوایی و سیاسی و جەماوەریشدا،
هزری گۆرانکاری و چاکسازی ئیستاشی لە گەڵدا بێت خاوەنی یەکێک لە گەورەترین پێگەی جەماوەریە، بەرجەستەکردنی ئەو هزرە بە ئاراستەی بوژاندنەوە و نوێکردنەوەی کاریگەری گەورەی ئەرێنی لەسەر دۆخی هەرێم دەبێت.
لەم دۆخە ئاڵۆزەی ئێستادا هەرێم لە بەردەم هەڵبژاردنێکی تەماویدایە بۆ پەرڵەمانی کوردستان، هاوسەنگی هێزی کلاسیکی نێوان دو هێزی دەسەڵاتدار وەک پێشو نەماوە. بەرەی نارازی و ئۆپزسیۆنی جدی بەرفراوانتر بوە، دۆخی سیاسی لە عێراق و پەیوەندیەکان نێوان هەرێم و دەسەڵاتی فیدراڵی بەغدا جێگیر و ئارام نین کە زەمینەی متمانەی سیاسی و فەرمانرەوایی و پرەنسیپەکانی سیستەمی فیدراڵی خستۆتە بەردەم گەڵێک پرسیاری رەوا و جدیەوە. تا ئەم ساتەش ئایندەی ناوچە دابرێنراوەکانی کوردستان بەدەست ململانێی ناوخۆیی کورد و نیەتی نارەوای دەسەڵاتی بەغداوە نادیار و لەرزۆکە، ناشێت هاوکات دۆخی ئاڵۆز و مەترسیداری ناوچەکە و کاریگەریەکانی لەسەر پرسی کوردایەتی بە هەند وەرنەگیرێن.
لەم کەش و هەوایەدا هەڵمەت و نیەتێکی جدی لە نێو گۆرانخوازان زیاتر پەرەی سەندوە، سەرەداوەکانی ئاشکرا نین و تەم و مژاوین، وەک: هەڵبژاردنی خانەیەکی راپەرین و رێکخەرێکی گشتی نوێ بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و دورکەوتنەوەی زۆربەی بەرپرسانی باڵای گۆڕان لە پۆستەکانیان و دارشتنەوەی پێگەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم. هاوکاتیش دەرگای گۆڕان کراوە بێت بۆ کور و کەس و کاری کاک نەوشیروان وەک هەڵسوراو لە ناو بزوتنەوەکە تا پێگەی شایستە بە توانا و کارکردنیان بەدەست بهێنن.
ئەگەر ئەم پرۆسەیە ببێتە واقع دەبێت سودێکی زۆر لە ئەزمون و هەڵەکانی رابوردو وەربگیرێت ئەویش بە دامەزراندنی دەستەیەکی پێداچونەوە و راوێژی لێهاتو و دڵسۆز کە لەسەرجەم پرسە گرنگەکانی داهاتو بەتەنیشت رێکخەری گشتی و خانەی راپەراندنی نوێ و جڤاتی نیشتمانی دەنگی زوڵالی هەبێت.
لەم پرۆسەیەدا پێویستە گەمەکەرە سەرەکیەکان دەرک بە رۆڵیان بکەن، خانەی راپەراندنی کاربەرێکەر ئامادە نەبێت جارێکی تر تەماعی دەسەڵاتی هەبێت، کورەکانی کاک نەوشیروان واز بهێنن بە ریمۆت کۆنترۆڵی بزوتنەوەکە بکەن، لەدەرەوەی بزوتنەوەکە خۆیان دورراگرن لە کاری رێکخراویی و سیاسی و فەرمانرەوایی گۆڕان. ئەستەم و کێشە بۆ بەرپرس و سەرکردە نوێکانی گۆران دروست نەکەن، راشکاوانە پرسی ئیرسی کاک نەوشیروان و موڵکداریەتی بخەنەرو.
بۆ خۆم لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ لەگەڵ چەندین هەڵسوراوی دێرین و دڵسۆزی بزوتنەوەی گۆڕان پرۆژەیەکمان بۆ گۆرانکاری و چاکسازی ناو گۆڕان پێشکەش بە دەزگا باڵاکان و رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە کرد، ناسراوە بە پرۆگۆڕان.
پاش شەش ساڵ لە پشتگوێخستنی ئەو پرۆژەیە و چەندینی تری دڵسۆزەکان تازە بە تازە بەئاگا هاتونەتەوە و دەرک دەکەن بەوەی کرۆکی پرۆژەکە رێگاپیشاندەرە بۆ بوژاندنەوە و نوێکردنەوەی گۆڕانکاری.
لە ئەگەری سەرهەڵدانی پرۆسەکە پێویستە پەیوەنددارەکان لەسەر رێکخەرێکی گشتی نوێ رێک بکەون تەواوی دەسەڵاتیش بدەنێ تا بکەوێتە باسکردن و گڤتوگۆ لەگەڵ سەرجەم گروپ و ئاراستە و رەوتە نارازیە جدیەکانی دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان تا لەسەر نەخشە رێگایەک رێککەون بۆ بینینی رۆڵیان لە پرۆسەکە، هاوکاتیش مۆڵەتی ساڵێک تا دو ساڵی بدرێتێ تا بەستنی کۆنگرەی گشتی بزوتنەوەکە بەرێوەببات، دوای ئەوە عەرەب وتەنی: " لکل حادث حدیث".

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×