مەزن عوسمان
یەکتر مەحوکردنەوە لە ئەدەبیاتی سیاسییەکانداو لە فەلسەفەی فەرمانڕەواییاندا نیرگەیەکی بەهێزی سەقفی مانەوەیە. بەدرێژایی مێژوو، هەڵاوێکردنی ناتەباکانو لە قەڵب دانیان چ بەتیرۆر(assassination) یان مەنفا (Exile) زەوتکراون تا لینگەفرتێی کۆتاییان. لە کۆمەڵگا تەقلیدیەکانو وڵاتانی جیهانی سێیەم، مانەوە لەنوکی هەڕەمی دەسەڵات، دەستێکی خوێناوی گەرەکە. ئەو کەشە فەوزەویەی پانتایی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان داش عێراقیشی گرتووەتەوە، درێژکراوەی ئەو سایکۆلۆژیایەی یەکترلەنێوبردنەیە کەلە ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمەوە تا بەری زەردو بەری سەوز سەری کێشاوە.
کالیگولا*، ئیمپراتۆری ڕۆمان، لەڕاڕەوەکانی کۆشکی فەرمانڕەوایەیکەیدا، شانو شەپیلکی کەسە نزیکەکانی، لەخوێنی خۆی گەوزێنرا. لەدوای ئەوەوە کلۆدیۆسو نیرۆو کۆمۆدۆسوکاراکالاو ئێلاگابالۆسو دۆمیتان، کە هەموویان ئیمپراتۆری یەک لەدوای یەکی ڕۆمەکان بوون، لەناو خودی کۆشکی عەرشیانەوە پیلانی لەبەین بردنیان درا. کەوتنیان لەژوورەکەی خۆیانەوە ڕادەقەنا. ئەوەی براوەبووگەلی خۆشنودی ڕۆمی بوو.
کەوتنی سیاسییەکانی شاخو نەوە ناسکەکانیان، نەخۆپێشاندانی ملیۆنیو نەبایکۆتو نەدەنگدانی مەسنوعی ڕابەڕیەتی دەکات، تەکان بەرەو کەناری ئارام، تەسفیە حسابی گردو تەپلەکانە، کە خوێنی یەکتر لەپێناوی مانەوەیاندا دەخۆنەوە. ئەوەی دەگوزرەێت هەمان ئەو داواکاریەیە، کە خانەنیشینێکی پەککەوتە دەستی بۆ بەرزکردۆتەوە. ئەم جەنگەی دەستی پێکردووە، نە جەنگی ڕۆشنبیرییەو نە جێبەجێکردنی سیکیۆلاریەتو یاسایە. ئەمە مەشهەدەکانی کۆشکی کالیگولایەو بەوێنەیەکی هەزارجار بچوککراوەیی. ئەوانەی بالۆرەی یەک کورسیو سەد کورسیان لێدەداو پێیان وابوو باڵانسی هێز ناگۆڕێت، ئێستا هاواری خنکانی دیموکراسی دەکەن! ئەوەی خاڵی کۆتایی بۆ ئەم ئەزموونە پڕ لەناشیرینییەی باشور دادەنێت، خۆیاننو لەناو کۆشکەکانی خۆیانەوە کۆتایی مەرگییان بەکۆرس دەڵێنەوە. ئەوەی لەپاشەڵیان جێ دەمێنی ئەو خەجاڵەتنامەیەیە، کە دەکەوێتە دەست نەوەکانی داهاتوو وەک وانەی کڵاسەکانی ڕۆماو میلانو تۆرینۆ بەدەنگی بەرز دەڵێن ئەمە مێژووی شۆڕشی ئەم وڵاتەیە.
سەچاوە:
* Barrett, Anthony A. Caligula: The Corruption of Power. Yale University Press, 1990.